thumbs_b_c_c3dc441dd430c22853fc8d07c0a3e3b8

رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی: رێگا بە بوونی لیستی ئیسلامی و سەركەوتنی ئیسلامییەكان نادرێت

رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هۆكاری كەمبوونەوەی دەنگی لایەنە ئیسلامییەكانی كوردستان، رێوشوێنی ئەو حزبە بەرامبەر كەمبوونەوەی دەنگەكانیان لە هەڵبژاردندا، دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان دوای هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكوومەت دەكات.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز سەرەتا لە بارەی تێبینییەكانیان لەسەر چۆنێتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە كرد و گوتی: “ئێمە پێمان باش بوو ئەگەر پڕۆسەكە زوتریش بكرێت تاوەكو كوردستان لەو قەیرانە دەربچێت، بەڵام بەداخەوە بەردەوام ئەو پڕۆسانە لەكاتی جێبەجێ‌ بوونیاندا كۆمەڵێك قەیرانی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت كە ئەویش هی ئەوەیە كە ئەو سیستمە سیاسییە تەحەمولی ئەوە ناكات كە گورزی گەورە بخوات لەلایەن خەڵكەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام هەوڵی پاراستنی پێگەی خۆی دەدات “.

ئەو گوتی: “تاوەكو دەوڵەتانی ئیقلیمی و ئەمریكا بەو شێوازە نفوزیان هەبێت لە عێراقدا بەگشتی، ئەوا هەرگیز دەرناكەوێت كە هەر لایەنێك چەند دەنگی هێناوە و لایەنەكانی تر چەندیان هێناوە، لەبەر ئەوە پڕۆسەكە لە بنەمادا بە نفوزی دەوڵەتان و ئەو هێزانەی كە لەدەسەڵاتدان و دەیانەوێت دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن، دەكەوێتە ژێر پرسیاری گەورەوە”.

لەهەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو، هەروەها پەرلەمانی كوردستان لە 30 ی ئەیلولی رابردوو، بزووتنەوەی ئیسلامی بە هاوبەشی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێكەوە بەشداری هەڵبژاردنیان كرد، بەڵام لە هەردوو هەڵبژاردنەكەدا رووبەڕووی شكستی گەورە بوونەتەوە و رێژەی دەنگەكانیان بۆ نیوە زیاتر دابەزیووە.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز باس لە هۆكاری دابەزینی گەورەی دەنگی ئیسلامییەكان لەم دوو هەڵبژاردنەدا دەكات و دەڵێت: “لیستی بەرەو ئیصڵاح حاڵەتێكی دینی خۆی هەیە، ئەوەی لەماوەی چەند ساڵی رابردوو لەگەڵ حزبی ئیسلامی لە عێراق كراوە هەمان كاریان بەسەر ئێمەش هێناوە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا، بەجۆرێك حزبی ئیسلامی عێراقی سەرەتا زیاتر لە 40 كورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا هەر نەیانهێشتووە و كورسییەكانیان بۆ كەمتر لە پێنج كورسی دابەزی و دواتر ئەوەشیان نەهێشت، ئەوە دۆخێكە و لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراقدا هەموو سەرۆك لیستەكان لە مەزهەبێكی دیاری كراون كە دەرچوون”.

ئەو هەروەها گوتی: “لە هەرێمی كوردستانیش هەمان دۆخی عێراقیان دووبارە كردووەتەوە و رێگامان نادەن، ئێمە لەسەر داخوازی موسڵمانان هەستاین بە دروستكردنی لیستێكی هاوبەش، بەڵام ئەوەتا كە لیست دروست دەكەیت لێت دەدا و ناهێڵێت لیستەكەت هەناسە بدات، ئەوەش بە ئاشكرا دیارە و دەستێك هەیە كە نایەوێت لەو قەبارەیە زیاتر بچیتە سەرەوە، ئەگەر چویتە سەرەوە دەتهێنێتەوە خوارەوە”.

رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی ئەوەشی گوت: “كەمبوونەوەی دەنگی بەرەو ئیصڵاح هۆكاری بابەتی و خودی هەیە، بەنموونە لە شاری هەڵەبجە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی زیاتر لە 20 هەزار دەنگمان بەدەستهێنا بەڵام لێدرا و كەمكرایەوە بۆ سێ‌ هەزار دەنگ و 23 هەزار دەنگیان بۆ لایەنێكی تر نوسیبوو، بەوەش خەڵكەكەیان بێ ئومێد كرد، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا بەدەنگدانی دەستی ساختەكاری كراوە و فریای ساختەكاری گەورە نەكەوتوون و ئەو هێزە حەوت هەزار دەنگی هێناوە، بۆیە بە ئاشكرا لە رێگای دەنگدانی ئەلیكترۆنی و دەستیشەوە لە ئێمەیان داوە . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هۆكاری ناوخۆیی هەیە و ئەو شێوازە لە رێكخستن و كاركردن كە ئەم حزبە ئیسلامیانە لەسەری دەرۆن كۆن بووە و پێویست دەكات بیر بكرێتەوە لەوەی بەشێوازێكی تر خۆمان دابڕێژینەوە”.

لە بارەی پەشیمان بونەوەیان لەسەر هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن و بڕیاریان لەسەر شێوازی كاركردنیان بۆ داهاتوو، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە وەڵامدا گوتی: “ئەو هێزەی كە ساختەكاری و دەستی هەبووە لە كەوتنی ئێمەدا دەیەوێت ئەوە بە ئێمە بسەلمێنێت كە پەشیمانمان بكاتەوە و پێت بڵێت كە هەڵەت كردووە بە دروستكردنی ئەو لیستە و ئەگەر ئەوەت نەكردایە رەنگە دەنگی باشترت بەدەستبهێنابایە، بەڵام پێویستە بۆ خۆشمان چاوخشاندنەوە بكەین. دۆخەكە ئاوەهایە و ئەوەی كە پێمان كرابێت بۆ یەكخستنی موسڵمانان كردوومانە، بەڵام كە ناهێڵن چی بكەین”.

رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی جارێكی تر وڵاتانی دەرەكی تۆمەتبار دەكات بە یاری كردنیان بە دۆخەكە و دەڵێت: “هێزە دەرەكییەكان نایانەوێت گۆڕانكاری رووبدات و بەردەوام قوربانی ئەو دۆخەین كە لە عێراقدا هەیە، ئەو دۆخەی لە عێراق و ململانێی نێوان هەردوو حزب كارێكی كردووە كە هەموو ئەو ساختەكارییانەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكرێت دەچێتە سەر بە بیانووی ئەوەی كە دۆخی عێراق ناسەقامگیرە و ئەو هێزانەی كە هەن دەبێت هەر هەبن لە ئایندەشدا تاوەكو نەخشەكە نەگۆڕێت و دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز نەبێت”.

بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان كە لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی یەك كورسی پەرلەمان بووە و وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی كابینەی حكوومەت كاری كردووە، لە كاتێكدا لە كابینەی پێشووتری حكوومەتی هەرێم بەشدار بووە لە حكوومەت و پۆستی وەزارەتی ئەوقافی بەدەستەوە بووە.

رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری ناكەن ئەگەر بەشێوەیەكی فەرمیی داوایەكی لەو شێوەیەشیان لێبكرێت.

بابەتی دواتر

11102018840600_ARDOGGAN172017

سه‌رۆك كۆماری توركیا رۆژی سێشه‌ممه‌ ورده‌كاری پرسی كوژرانی خاشقچی ئاشكراده كات

 سه‌رۆك كۆماری توركیا  رۆژی سێشه‌ممه‌ ورده‌كاری پرسی كوژرانی  خاشقچی ئاشكراده كات  ئه‌ردوغان له‌ لێدوانێكدا له‌ شاری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *