401460_277424655649950_842656691_n

بزووتنەوە، کورسی تەزویری ناوێت!

بزووتنەوە، کورسی تەزویری ناوێت!

ن. ئاری عەبدولەتیف

نەهێنانی کورسی لە لایەن بزووتنەوەی ئیسلامییەوە، لەم پرۆسە گاڵتەجاڕییەی هەڵبژاردندا، شکست نییە و مایەی شانازییە، کە دەسەڵات و هەوڵە موخابەراتیی و ئەجێندا جیاوازەکان، دژ بە ئیسلامی ڕاستەقینە و هێزی هۆشیاریی ئیسلامیی بێ خەوش و بێ مەلەف، ماکینەی خۆیان خستۆتە کار و هەر ئەوەش چاوەڕێ دەکرێت لەوان و لە بزووتنەوەش بچووکبوونەوەی زیاتر.
قورسایی هێز و شکۆ بە دەنگ ناپێورێت و هێنانی ژمارەی کورسی و دەنگ لە لایەن هێزی ترەوە نیشانەی باشی نییە، وەک چۆن نەهێنانی کورسی لە لایەن بزووتنەوەوە خراپی بزووتنەوە دەرناخات، بەڵکو ئەمە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە هەمیشە بەرەی حەق کەمن و غەریب و بەشخوراو و لێدراون.
دەنگۆی داواکاریی و سازشی بزووتنەوە لە هەندێک لایەن بۆ بەخشینی کورسی، پاش نەهێنانەوەی کورسییەکەی، جگە لە بوختان و سوکایەتییەکی تر بەم هێزە بە عیززەتە، هیچی تر نییە و هەرگیز بزووتنەوە و سەرکردایەتییەکەی بە هیچ سازش و سەفقە و ڕێکەوتنێک ڕازی نابن، چونکە ئەگەر بزووتنەوە کورسی بویستایە ئێستا لە پێنج کورسی بانتری دەبوو بەڵام لەژێر هەیمەنە و ئەجێندادا و سوک و خەڵەفاو و بێ هەڵوێست و سەرکز.
باشترین کارنامەی سیاسیی بزووتنەوە، ئەم چوارساڵە لە بەرەی خەڵکبوون و دەنگدلێریی و دووربوونە لە پەرلەمان و حکومەت و پرۆسەی سیاسیی و دەسەڵاتگەریی، بزووتنەوە لە پێناو برایەتیی ئیسلامیی و یەکگوتاریی و خۆکۆکردنەوەی ئیسلامییەکانی کوردستان، ئەم لیستە هاوبەشەی پێکهێنا و پەشیمانیش نییە، مادەم لە پێناوی خوا و پاشان خەڵکدا کردی، ئەوپەڕی عیززەتە و لەدەستدانی تاکە کورسییەکەی بە شەرەف دەزانێت کە لە دۆخێکدا لەدەستی داوە کە شەرعی خوای بەجێ هێناوە، واتە دە کورسی بهێنایە لە مەوقیفێکی سیاسیی دووور لە پرەنسیپە ئاینییەکەدا، بایی پوشێک ئەرزشی نەدەبوو.
دۆست و نەیار دەزانن، تەنیا کورسیەکەی بزووتنەوە لە ماوەی ئەم خولی چوارەمەدا، هێزی دەیان ئەندام پەرلەمان و چەندین فراکسیۆنی قەبەی هەبووە، چەندێتیی گرنگ نییە، چۆنییەتی بەهادار و بەرهەمدارە، بۆیە خەفەتیشی بۆ بخورێت، لەو ڕوانگەوەیە کە چیتر پەرلەمان کورسی و کەسایەتییەکی بەهەڵوێستی دەنگدلێری بێ ئەجێندای دەرەکیی لەدەستدا لەپێناو خوا و پاشان خەڵکی گیرفانبەتاڵ و چەوساوە و گیرخواردوو بە دەست هەژموونی ناعەدالەت و فەوزای جەهلەوە.
گەلەکورسییەکی دانراو و پێشوەختەی یاری پێکراو، کە لەژێر پرۆسەیەکی هەزەلییدا دیاریی کرابێت، هەرگیز مایەی فەخر نییە و هیچ کاتیش بزووتنەوە دڵی پێی خۆش نییە، بۆیە هەم ڕابەر و هەم سەرکردایەتیی بزووتنەوە و ئەندام و جەماوەرەکەشی ڕازیی نابن هیچ کەس و لایەن و حیزبێک وەک گۆشتی خێر پشکێکی بێ خێر ببەخشن بە بزووتنەوەیەکی خاوەن خوێن و خەبات و سەنگی ئەخلاق.
نیشانەی قیامەت دەرکەوتووە و بزووتنەوەیەکی بە بەرامە و عیززەتی پێغەمبەرایەتیی، لە کۆمەڵگەیەکی موسڵماندا، بایی یەک کورسیی دەنگ ناهێنێت و بە کۆنزەرڤەتیڤ و دواکەوتوو لەقەڵەم دەدرێت، (سەرباری ساختەچێتیی و تەزویر و موئامەرەی ئەنتی ئیسلام)، بەڵام ئەمە کۆتایی ڕێگە نییە و چوار ڕۆژی تر چوار ساڵی تەزویر و خەڵەفاویی کۆتایی پێدێت و بزووتنەوە یەتەوە ناو ژمارەی هێز و دەبێتەوە بە فریادڕەسی عەدالەت و پاراستنی شکۆ و ئەخلاق و ژیانی نەتەوەکەی.

ش.ك

بابەتی دواتر

1016778_486779041403625_1221301673_n

کۆنگرەى میانەرەِوى سەرکردە”سەللاحەدینى ئەیوبی” و چەند سەرنجێک

کۆنگرەى میانەرەِوى سەرکردە”سەللاحەدینى ئەیوبی” و چەند سەرنجێک ن. شۆرش کەمال پەیامى کۆنگرەى میانەڕوى سەرکردە سەللاحەدینى …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *