93132017_qazemhmad23456

70 ساڵ به‌سه‌ر له‌سێداره‌دانی‌ قازی‌ محه‌مه‌د دا تێپه‌ڕی‌

70 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌به‌ره‌به‌یانێكی‌ زوودا قازی‌ محه‌مه‌د دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆكی‌ كۆماری‌ كوردستان له‌ته‌مه‌نی‌ 47 ساڵیدا و له‌ مه‌یدانی‌ چوارچرای‌ شاری‌ مه‌هاباد له‌سێداره‌درا.

قازی‌ محه‌مه‌د له‌هه‌مان ئه‌و شوێنه‌دا له‌لایه‌ن رژێمی‌ شای‌ ئه‌وكاته‌ی‌ ئێرانه‌وه‌ له‌سێداره‌درا، كه‌ كۆماری‌ كوردستانی‌ تێدا راگه‌یاند.

قازی‌ محه‌مه‌د کوڕی قازی عه‌لی و کوڕه‌زای میرزا قاسمی قازی یه‌، له‌ ساڵی 1900ی زایینی له‌ بانه‌مه‌ڕی، له‌ شاری مه‌هاباد، له‌دایكبووه‌.

قازی محه‌مه‌د له‌ ته‌مه‌نی 7 ساڵیدا نێردراوه‌ته‌ به‌ر خوێندن و پاش خوێندنی زمانی فارسی، له‌گه‌ڵ زانسته‌ جۆراوجۆره‌کانی ئایین، فه‌لسه‌فه‌، وێژه‌ و عه‌ره‌بی، له‌به‌ر ده‌ستی مامۆستایان و زانستڤانانی گه‌وره‌ی شاری مه‌هاباد، ئاشنا ده‌بێت و پله‌کانی خوێندن به‌ خێرایی ده‌بڕێت.

له‌ دوای‌ کۆچی دوایی باوکی، قازی محه‌مه‌د بووه‌ته‌ قازی شاری مه‌هاباد، دواتر له‌ ساڵی 1941 ده‌بێته‌ به‌رپرسی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌وقافی شاری مه‌هاباد و هه‌ر له‌ ماوه‌ی به‌رپرسایه‌تییدا یه‌که‌م قوتابخانه‌ بۆ کچان داده‌مه‌زرێنێت.

دواتر به‌ ناوی نهێنی “بینایی” بووه‌ته‌ ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی “ژ. ک” و پاشان هه‌ر به‌ پێشنیاری ئه‌و، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له‌ 25ی گه‌لاوێژی 1324ی هه‌تاوی له‌لایه‌ن پێشه‌وا قازی محه‌مه‌ده‌وه‌ داده‌مه‌زرێت و له‌ یه‌که‌م کۆنگره‌ی حیزب، به‌رنامه‌ی پێشنیار کراوی قازی په‌سند ده‌بێ و خۆیشی‌ وه‌ک رێبه‌ری حیزب هه‌ڵده‌بژێردرێ.

پاش 5 مانگ و 7 رۆژ، له‌ رێکه‌وتی 2ی رێبه‌ندانی هه‌مان ساڵ ( 22 كانونی‌ دووه‌می‌ ساڵی 1946) یه‌که‌م کۆماری کوردستان به‌به‌شداری‌ نوێنه‌رانی‌ پارچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان، له‌سه‌ر ده‌ستی قازی محه‌مه‌د له‌ مه‌یدانی چوارچرای مه‌هاباد به‌ هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان راگه‌یه‌نرا و قازی بووه‌ سه‌رکۆمار.

دواتر كابینه‌ی‌ حكومه‌ت راگه‌یه‌نراو رایكردنی‌ كاروباری وڵات به‌شێوه‌ی فه‌رمی‌ ده‌ستیپێكردو هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌فه‌رمی‌ دامه‌زرێنرا به‌جلوبه‌رگی‌ سه‌ربازی‌ تایبه‌ته‌وه‌.

قازی‌ محه‌مه‌د وه‌ك له‌ وه‌سیه‌ته‌كه‌یدا هاتووه‌ برایه‌تی‌ و یه‌كگرتویی كوردی‌ به‌ گرنگترین هۆی‌ سه‌ركه‌وتن داناوه‌.

هه‌روه‌ها له‌زۆربه‌ی وتاره‌كانی له‌ رۆژنامه‌ی كوردستان، له‌سه‌ر بابه‌تی یه‌كێتی و برایه‌تی دواوه‌ و به‌ مه‌رجی سه‌ركه‌وتن و كۆڵه‌كه‌ی راگرتنی كۆمار و هۆی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر دوژمنانیدا زانیوه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رده‌وام جه‌ختیده‌كرده‌وه‌ كورد ده‌یه‌وێت به‌ ئاشتی‌ به‌ مافه‌كانی‌ خۆی‌ بگات.

له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ قازی‌ محه‌مه‌د سه‌رۆك كۆماری‌ كوردستان بوو، چه‌ندین جار گفتوگۆی‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئێران ئه‌نجامدا بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان، به‌ڵام گفتوگۆكان نه‌گه‌یشتن به‌ئه‌نجام و دواجار حكومه‌تی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ ئێران له‌ساڵی‌ 1946  هێرشی‌ ده‌ستپێكرد بۆ روخاندنی‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ كۆماری‌ ئازه‌ربایجان و كۆماری‌ كوردستان.

هێزه‌كانی‌ حكومه‌ت پاش شه‌ڕێكی‌ كورت گه‌یشتنه‌ شاری‌ ته‌ورێزو كۆنتڕۆڵیان كرد، پاش هه‌ڵهاتنی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ كۆماری‌ ئازه‌ربایجان بۆ سۆڤیه‌ت و ئه‌و كۆماره‌ روخێنرا. دواتر ئه‌و هێزانه‌ به‌ره‌و ناوچه‌ كوردییه‌كان كشان و ئامانجی‌ سه‌ره‌كیان شاری‌ مه‌هاباد بوو.

قازی‌ محه‌مه‌د ئه‌وكات فه‌رمانیدا خۆیان له‌شه‌ڕ بپارێزن به‌و پێیه‌ی‌ كه‌ نه‌هامه‌تی‌ گه‌وره‌ی‌ پێوه‌یه‌، به‌ڵام هێزه‌كانی‌ رژێمی‌ شا به‌رده‌وام بوون له‌شه‌ڕ.

به‌هاتنی ئه‌و هێزانه‌، بۆ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵای کۆماری کوردستان له‌ رێکه‌وتی 26ی سه‌رماوه‌زی 1325ی هه‌تاوی، کۆتایی به‌ ته‌مه‌نی  کۆماری کوردستان هات و پاش چه‌ند رۆژ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی رێبه‌رانی حیزبی دیموکرات و کۆماری کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رتیپ هومایوونی له‌ شاره‌داریی شاری مه‌هاباد 28 که‌س ــ له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ــ پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د ده‌ستگیركران.

دادگایی کردنی پێشه‌وا قازی و هاوڕێیانی له‌ به‌فرانباری 1325ی هه‌تاوی (1947) به‌شێوه‌ی نهێنی ده‌ستی پێکرد. پێشه‌وا قازی له‌ دادگا به‌ وره‌ی‌ به‌رزه‌وه‌ به‌رگریی له‌ خۆی و کۆماری کوردستان و هه‌روه‌ها مافی نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌له‌که‌ی کرد و ده‌سه‌ڵاتداران هه‌وڵی زۆریان دا که‌ قازی محه‌مه‌د بێننه‌ سه‌ر ئه‌و بـڕوایه‌ که‌ په‌شیمانی خۆی رابگه‌یه‌نێت. به‌ڵام پێشه‌وا ئه‌و داوایانه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌و په‌تی‌ سێداره‌ی‌ هه‌ڵبژارد.

دواتر پێشه‌وا قازی و هاوڕێیانی سزای‌ سێداره‌یان بۆ ده‌ركراو به‌ره‌به‌یانی 31/3/1947، له‌ مه‌یدانی چوارچرای مه‌هاباد، ئه‌و شوێنه‌ی که‌ کۆماری تێدا راگه‌یه‌ندرابوو، له‌سێداره‌درا.

قازی‌ محه‌مه‌د به‌حه‌وت هه‌نگاو رێگه‌ی‌ به‌ره‌و په‌تی‌ سێداره‌ بڕی‌، داوایكرد له‌كاتی‌ له‌سێداره‌دانیدا چاوی‌ نه‌به‌ستن، تا به‌ سه‌ربه‌رزی‌ و چاوكراوه‌ییه‌وه‌ له‌ نیشتیمان بڕوانێت.

بابەتی دواتر

FB_IMG_1498495526600

جەژنە پیرۆزەی ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە شاری ھەولێر

باسک نێت-ھەولێر بەڕێز جەنابی ڕابەری گشتی شێخ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *