hedy

كوردو پاشكۆیەتی بێهودە

هێدی هەولێری
دوای ئەوەی لەكۆتاییەكانی ئەمساڵ و سەر لەئێوارەی 19-12-2018 دۆناڵد تڕەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی دەركرد لەڕۆژئاوای كوردستان- سوریا كاردانەوەو لێدوانی زۆرێك لەبەرپرسانی خۆرئاوا، كە لەساڵی 2015 یشەوە بەشێكی زۆری ڕووداوە سیاسیی و سەربازییەكانی لەخۆگرت و چەندین هاوپەیمانێتی و ڕێككەوتنی سیاسی و سەربازی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دروستبوون ، كە لەبەرەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی (هاوپەیمانی نێودەوڵەتی) بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بەرەیەكی دی پەیدا بوو ئەویش بەرەی ڕوسیاوهاوپەیمانی و ڕێككەوتنەكەی نێوان ڕوسیاو ئێران و هەردوو حكومەتی عێراق و سوریابوون لەوكاتەدا. بڕیارەكەی كۆشكی سپی بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لەڕۆژئاوای كورستاند- سوریا دا، ئەم هەڵوێستە زیاتر لەخۆی كاردانەوەی بەدواداهات و نەخشەی كێشە سیاسیی و سەربازیەكانی لەناوچەكەدا تۆختر دەكاتەوە، كە خەریكە وردە وردە ئەمریكا دەگاتە ئەو باوەڕەی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی دەرباز بكات و بۆ هاوپەیمانەكانی بكشێتەوە، دوای ئەوەی بۆی دەركەوت قوربانی زۆر دەدات لەپێناو بەرژەوەندییەكی كەم و ناگاتە ئەو ئامانجەی لەسەرەتادا بۆی هاتبوو….هەرچەندە كۆمەڵێك ئامانجی خۆی پێكا لەهێنانەدی ئاژاوە لەناوچەكەداو وێرانكردنی چەند وڵاتێك و قایمكردنی كۆمەڵێك بەرژەوەندی بەشێوەیەكی كۆنكرێتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچێت كشانەوەكەی تاكتیكی بێت و كۆمەڵێك هێزو وڵاتی تر بەوەكالەت كارو یڕۆژەكانی ئەمریكا بەڕێوە ببەن.

كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا دووڕوویی سەرانی ڕۆژئاواو دووبارەبوونەوەی ڕووداوەكانی مێژووە بەهەمان سیاسەت و گۆڕانی سەركردەكان و قەیرانێكی دیكەی بۆ وڵاتانی ناوچەكە بەجێهێشت بەئەندازەی ئەو ماوەیەی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لەسوریا كاری لەسەر كردبوو.

ئەمجارە لەدوای سعودیە دۆناڵد تڕەمپ دەیەوێ خۆی لەسوریا دووربخاتەوە بەتایبەتی لەشەڕێكدا، كە ڕەنگە ئەوەندە بۆ ئەو گرینگ نەبێت بەتایبەتی دوورە لە ئەمریكا لەڕووی جوگرافیەوەو هەریەكە لە ئێران و ڕوسیاش دەمێك بوو داوایەكی لەمشێوەیەیان لەئەمریكا كردبوو وێڕای فشارەكانی توركیا، كە نەیانهێشت هێزەكانی لەناوچەكەدا ئاسوودەبن، كە لەلایەن خۆیەوە بەتیرۆریستی ناساندوون.

دۆخی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوگرافیایەكی تێكەڵاوەو جیاكردنەوەی ئەستەم بووە بەتایبەت ئەوەی ئەمریكای دەرخست و بەشێوەیەكی زارەكی بەگوتارەكانی هەڵخەڵەتان لەپەنای ئەوەدا كوردە خۆشباوەڕەكان هەردەم ئەو ئاوازەیان دەژەنیەوە بەنەزانانە وایان دەڕوانی ئەمریكا هاوپەیمانی سەرەكیانە، بەمەش كورد دیسان كەوتە گەمەیەكی سیاسی گۆڕەپانی وڵاتانی دراوسێ دوای ئەوەی ئەمریكا ئەو یارییەی بۆ ئەمان جێهێشت، كە پاشكۆیەتیەكی بێسودە بۆ خۆی و جێ پێی زەبەللاحەكانی دنیای خۆشكردووە، بەڵام لەبنەڕەتدا ڕەنگە ئەوەشیان لەیادچووبێت ڕۆژئاواییەكان سیاسەتكردن و مامەڵەكردنیان لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیە سەربازی(هەواڵگری) و ئابووری و فیكریی و هەندێجاریش ڕواڵەتێكی ئاشكرای ئاینی لەخۆ گرتووە بەوەی پشگیری كۆمەڵێك ڕەوت و ڕێكخراوی تەبشیریی دەكەن بۆ شێواندنی دۆخی سیاسیی و ئەمنی ناوچەكەو وەرگرتنی كۆمەڵێك دەستكەوتی مادیی و كاری جدیشی لەسەر كراوە.
ئەو نەخشەڕێگایەی توركیا دوای ڕۆیشتنی ئەمریكا لەسوریای دایڕشتووە بەشێوەیەكی پەیوەندیەكان دەڕوخێنێت و هیچ بنەمایەك بۆ تاكی كورد بۆ كوردانی ڕۆژئاوا ناهێڵێتەوە وەك ئەوەی پێش شۆڕشی سوریا لەدوای ساڵی 2011 ڕوویدا، لەگەڵ ئەوەشدا لەڕۆژئاوای كوردستان دڵی بەوە خۆشبوو هێزێكی زەبەللاح پشگیریەتی و خۆی لەپەنایدا دەتوانێت كارێك بكات، بەڵام دەكرێت ئەوەش بزانین ڕەنگە كشانەوەی بەڕێككەوتنێكی ژێر بەژێری بێت و ڕادەستی ڕوسیاو ئێران و توركیا بكات و گێمێكی دیكە لەوێ بەڕێوەبچێت لەسەر حیسابی كورد وەك نەتەوە، نەك وەك ئەو هێزە سیاسییە پاشكۆیانەی كاری بازرگانی بەمیللەت و خاك دەكەن هاوشێوەی ئەوەی لە باشوور گوزەرا، بەپێی ئەو گریمانەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لەسوریا لەسەر ئەساسی ڕەچاوكردنی مافی گەلانی ژێردەستە، كە كۆمەڵێك هیوایان لەسەر پاڵپشتی ئەمریكا هەڵچنی بوو، گرەوی سیاسی و ئابووری زۆری لەسەر بوو، كە واشنتۆن لەسەر زاری بەرپرسانی هەردوو ئیدارەی ئۆباما لەكۆندا و ئێستای دۆناڵد تڕەمپ بەردەوام جەختیان لەسەر فیدرالیزم بۆ سوریا دەكردەوە لەو هەموو كێشەو ئاریشەیەی ڕووبەرڕووی بووەتەوە، لەئێستاشدا كاتێك تاڕادەیەك كێشەكان لەسوریا نەماوە سیناریۆیەك بەڕێوەیە بەپاڵپشتی خودی ئیدارەی تڕەمپ لەڕێگەی بالیۆزو كونسولخانەكانی لەڕۆژهەڵانی ناوین و وڵاتانی دەوروبەر بەجارێكی تر پشتگوێخستنی داواكانی كورد هاوشێوەی شۆڕش و تێكۆشانی كورد لەكوردستانی ڕۆژئاوا لەسەدەكانی ڕابردوودا.
ئاماژەكانی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەگشتی لەناوچەكەدا ئەگەری شەڕێكی خوێناوی دەخولقێنێ بەسەرۆكایەتی خۆی و هاوپەیمانەكانی زەنگێكی مەترسیداریشە بۆ ئایندەی ناوچەكەو پشتگرتنی هەندێ هێزو دەوڵەت دژی هەنێدی هێزو دەوڵەتی تر.
هەرچەندە دۆخەكە تەنها بەمەبەست كورد نیە، كە هەندێ كەس وای بۆ دەڕوانن گوایە پیلانەكە بۆ كوردبێت، بەڵێ! ڕەنگە كوردیش تێوەبگلێنن، بەڵام هاوكێشەكە گەورەترە لەوەی هەندێ كوردی خۆشباوەڕ بیری لێدەكەنەوە، بەڵكو هاوكێشەیەكی ئاڵۆزی شیتەڵكردەوە، كە بەردەوام چاودێرانی سیاسی بەدوای ئەنجامەكەیدا دەگەڕان، ئەویش ئەمریكاو بەرژەوەندیە…..واتە: هەركوێیەك بەرژەوەندی لێ بێت ئەمریكا لەوێیە!
چارەنوسی كورد دوای بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا جارێكی دیكە بەنادیارو هەڵدێرێكدا دەڕوات چاوەڕوان كراو بوو، كە كورد بەردەوام چاوی لەڕەحمەتی بێگانە بوو ، نەك سیاسەتێكی خۆماڵی و یەكگرتوویی بێت.
لەباشووری كوردستانیش دەكرێت ئەمریكا هەمان ئەو پڕۆسەیە دووبارە بكاتەوە، كە ئیدی منەتی بەكورد نەما، كە پێشتر داردەستەیی و پاشكۆیەتی زۆری بۆ ئەمریكا و بێگانە كردووە.
دواین ئاگر كە باشووری كوردستانی پێ بسوتێنرێت، ئەو بڕیارانەی سەرانی ئەوروپا بەتایبەت ئەمریكایە لەپرسی دانەمەزراوەیی ناوخۆیی و بوونی گەندەڵیەكی بەرفراوان و دەنگدانەوەی لەناوەندە چاپەمەنیەكانی جیهانی و ڕێكخراوەكانی تایبەت بەپرسی شەفافیەت.
گرینگە كورد جارێكی دی پرسی فۆڕماتكردنەوەی خۆی بخاتە سەرەكیترین كارەكانی لەحكومەت و دامەزراوەكانی، ئەگینا بەدەردی كوردانی ڕۆژئاو ئەوانی تر دەچێت، هەرچەندە ئەمان شۆڕشگێڕبوون لەگەڵ پرەنسیپەكانی خۆیان، بەڵام ئەمانەی لای خۆمان هیچ پرەنسیپێكی گشتیان نیە لەڕووی نەتەوەیی و نیشتمانی و دامەزراوەیی وڵات.

بابەتی دواتر

24991472_1665401200148563_4268510876899529477_n

ئایا شەڕى ئايدۆلۆژى ماوە؟!

كاميل مەحمود من نامەوێ قسە لەسەر ئەوانە بكەم كە لەسەر دكتۆر سەيد ئەحمەد پێنجوێنييان نووسيوە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *