5420171743800_syria

حکومەتی سووریا بۆچی خان شیخۆنی کیمیاباران کرد؟

باسک نێت:

ڕۆژی چوارشەممە ٥ـی نیسانی ٢٠١٧، فڕۆکە سەربازییەکانی حکوومەتی سوریا بۆردومانی ناوچەی خان شیخۆنی پارێزگای ئیدلبیان لە باکوری ئەو وڵاتە بە بەکارھێنانی گازی ژەھراوی کرد، کە بەو ھۆیەوە ١٠٠ کەس کوژران و نزیکەی ٥٠٠ی تریش بریندار بوون، لە یەکێک لە تاوانە گەورەکان لەدژی ھاووڵاتییانی سووریا، رۆژنامەیەکی بەریتانی ئاماژە بۆ ھۆکارەکانی بۆردمانکردنی شیخۆن دەکات.

رۆژنامەی “تایمز″ی بەریتانیایی لەو بارەوە دەڵێت کە ئەو بۆردمانەی سووریا وەڵامی حکوومەتی ئەو وڵاتەیە لە بەرامبەر گۆڕانی ھەڵوێستی ئەمەریکا لەبارەی سووریاوە، رۆژنامەکە لە شرۆڤەکارییەک روونی کردوەتەوە کە ئەو ھێرشە کیمیاییە کە حکوومەتی سووریا کردییە سەر خان شیخۆن لە دوای گۆڕانی ھەڵوێستی حکوومەتی نوێی ئەمەریکا دێت بەوەی لادانی ئەسەد لە دەسەڵات لەو ولاتە چیتر کاری لەپێشینەی ئەو نییە لە بەرامبەر سەرکەوتن بەسەر داعشدا.

ئەو رۆژنامە ئاماژە دەکات کە بازنەی خاوەن بڕیار لە دەورەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا ئەو ھەڵوێستە نوێیەی ئەمەریکایان وەک پەیامێکی دڵنیاکەرەوە بۆ دەربازبوونی لە سزاکان وەرگرت، بۆیە ئەوان بڕیاری ھێرشکردنیان بە گازی ژەھراوی دا بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە دەشتی پارێزگای ئیدلب.

بەپێی رۆژنامەکە حکوومەتی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لەوەی ئێستە باشتر نەبوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە وەک ئەو ھێرشەی لە ٢٠١٣ بە گازی ژەھراوی کرایە سەر ناوچەی غوتەی دیمەشق و بەو ھۆیەوە ١٣٠٠ کەس بوونە قوربانی.

رۆژنامەکە ئاماژە دەکات کە ئەو کات ئەمەریکا بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە بە ھێڵی سوور دانا کە ناکرێت ببەزێندرێت، بەڵام ئەسەد بەزاندی بەبێ سزادانی تەنیا بڕێک سزای سووک نەبێت، ھەروەھا سووربوونی ئۆباما بە نەمانەوەی ئەسەد لە دەسەڵات ھیچی لە بابەتەکە نەگۆڕی.

رۆژنامەکە رووی رەخنەکان ئاراستەی تڕەمپ دەکات لە مامەڵەکردنی لەگەڵ فایلی سووریا و دەڵێ کە ئەو دەسەڵاتە کە دان بە ئەنجامدانی تاوان لەلایەن ئەسەدەوە دەنێت و پێشنیازیش دەکات کە پڕۆسەی لادانی لە دەسەڵات لەلایەن قوربانیانەوە بێت، بەتەنیا خۆی لە ئەمری واقیع لا نادات، بەڵکو ھەوڵی دروستکردنی واقیعەکی تر دەدات کە رەنگە ئەنجامی پێچەوانەی بۆسەر رۆژئاوا ھەبێت بەمنێزیکانە.

بەپێی ئامارەکان ژمارەی قوربانیانی بۆردمانەکەی حکوومەتی سووریا بۆسەر ناوچەی خان شیخۆن لە ئیدلب گەیشتوەتە زیاتر لە ١٠٠ کوژراو کە زۆرینەیان منداڵ و ئافرەتن و ئەوان شوێنەواری بەکارھێنانی چەکی کیمیاییان بە ئاشکرا پێوە دیارە.

ھەر ھەمان ڕۆژی کیمیابارانی خان شیخۆن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بەھۆی ھێرشەکە ساز کرد، لای خۆیەوە ئیگۆڕ کۆناشینکۆڤ گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، کە ھێزەکانی سووریا بۆردومانی ئەمبارێکی چەکی تیرۆریستانیان لە خان شیخۆن کردووە کە چەکی کیمیایی تیادا بووە کە لە عێراقەوە ھاتووە، لەو کاتەی حکوومەتی سووریا رەتی دەکاتەوە کە چەکی کیمیایی بەکار ھێنابێت.

لە ئەنجوومەنی ئاسایش پڕۆژە بڕیارێکی ئەمەریکی بەریتانیایی و فڕەنسایی دەخرێتە روو بۆ سەرکۆنەکردنی ھێرشەکەی ئیدلب بە گازی ژەھراوی لەلایەن حکوومەتی سووریاوە، ھەروەھا داوا لە رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دەکرێ بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێکی بەپەلە لەبارەی راستی ھێرشەکە و ژمارەی قوربانیانی.

پڕۆژەکە بەسەر حکوومەتی سووریای دەسەپێنێت بۆ پێشکەشکردنی وردەکاری جموجۆڵی فڕۆکەکانی لەسەر خاکی سووریا لە رۆژی بۆردمانەکە و ناوی ھەموو بەرپرسانی لە جموجۆڵی ئاسمانی لەو رۆژەدا، بێجگە لە رێکخستنی دیدارێک لەگەڵ بەرپرس و فەرماندە سەربازییەکانی سووریا لە ماوەی پێنج رۆژدا و داواش لە ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ ئاگەدارکردنەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی ئەنجامی کاری لیژنەکە لە ماویە ٣٠ رۆژ بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی سزایی لەژێر بەندی حەوتی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

لای خۆیەوە سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لبنان رای گەیاند کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو بوێری و ئازایەتییەی نییە بۆ لێپرسینەوەکردن لەگەڵ حکوومەتی سووریا بەھۆی تاوانەکانییەوە لەوانە بۆردمانە کیمیاییەکەی خان شیخۆن.

لەلایەکی تر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکانی سووریا ناوی ئەو فڕۆکەوانە سووریاییەیان بڵاو کردەوە کە ھێرشەکەی بۆسەر خان شیخۆن لە ئیدلب و کیمیابارنکردنی شارۆکەکە ئەنجام داوە کە ناوی عەقید محەمەد یوسف حاسوورییە و فەرماندەی پۆلێکی فڕۆکەی سیخۆی رووسیاییە و لە فڕۆکەخانەی شعێرات ھەستاوە و بە مووشەکی کیمیایی خان شیخۆنی بۆردمان کردووە و ئەوان ئاماژەیان بۆ شوێنی لەدایکبوون و نیشتەجێبوونی کرد لە پارێزگای حمس کە ئەو شیعەیەکی عەلەوییە و لە ھەمان تایفەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریایە.

ئاڵۆزییەکانی سووریا پێی نایە حەوتەم ساڵ و سەرەڕای بوونی ئاگربەست و وتوێژەکانی ئاشتی لە جنێڤ، تا ئێستە یەکلا نەبووەتەوە، بەپێی ئامارەکانیش تا ئێستە نزیکەی ٣٠٠ ھەزار کەس کوژراون و ملیۆنانیش ئاوارەی ناوەخۆیی و دەرەکی ئەو وڵاتە بوونە.

سەرچاوە: سەنتەری رۆژنامەوانی سووریا

بابەتی دواتر

thumb

بۆ بەریگریكردن لە قودس ماليزيا ئامادەیی رەوانەكردنی هێزی سەربازی راگەیاند

  وەزیری بەرگری مالیزیا ئامادەیی هێزەكانی بۆ بەرگری كردن لە شاری قودس ئاشكرا كرد. تۆڕی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *