كۆبوونەوەى كانديدانى لايەنە سياسيەكانى هەڵەبجە
كۆبوونەوەى كانديدانى لايەنە سياسيەكانى هەڵەبجە

جارێکی تر کاندیدانی لایەنە سیاسیەکانی ھەڵەبجە کۆبونەوە

باسک نێت-ھەڵەبجە

بۆجارێکی تر کاندیدانی لایەنە سیاسیەکان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵەبجە بەبێ بەشداری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەگای مەڵبەندی ھەڵەبجەی کۆمەڵی ئیسلامی کۆبونەوە، لە کۆبونەوەکەشدا چەند ڕێوشوێنێک تاوتوێ کراوە بۆئەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیراندا بیخەنەڕوو بۆ دەستبەکاربونی ئەنجومەنی پارێزگا.

ڕۆژی ١٢ـی ئازاری ٢٠١٧ لە کۆبونەوەی کەسی یەکەمی لایەنە سیاسیەکاندا بەئامادەبونی نوێنەری پارتی واژۆ لەسەر ڕێکەوتنێکی نوێ کرا لەنێوان لایەنە سیاسیەکانی ھەڵەبجە بۆ دابەشکردنی کورسیەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و پۆستی بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان، ھەر لەو کۆبونەوەیەدا بزوتنەوەی ئیسلامی لە پۆستێکی خۆی خۆشبوو بەخشییە پارتی، بەڵام تائێستا پارتی پابەندی ئەو ڕێکەوتنە نەبوە و ناوی کاندیدەکانی نەناردوەتە وەزارەتی ناوخۆ.

م.سەلام کەریم، کاندیدی پێشنیازکراو بۆ سەرۆکی لیستی بزوتنەوەی ئیسلامی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵەبجە، لە لێدوانێکدا بۆ باسک نێت ڕایگەیاند:”کۆبونەوەکە بەبێ ئاگاداری کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەڕێوەچوو ئەوەش بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی چەند میکانیزمێک بۆ چۆنیەتی دەستبەکار بونی ئەنجومەنی پارێزگا و دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ لەوبارەیەوە”.

ڕاشیگەیاند:”بەھۆی ئەوەی کە تائێستا پارتی دیموکراتی کوردستان ناوی کاندیدەکانی نەناردوەتە وەزارەتی ناوخۆ ھاوکات ھیچ ناوێکیشی دیارینەکردووە بۆیە ئەمڕۆ بانگھێشتی کۆبونەوەکە نەکراون و نوێنەریشیان ئامادە نەبووە”.

سەرۆکی لیستی بزووتنەوەی ئیسلامی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵەبجە ووتیشی:”ئەوەندەی ئێمە زانیاریمان پێگەیشتبێت پارتی دیموکراتی کوردستان لەوە نیگەرانە کە وشەی (بەخشین) بەرامبەر بەپارتی بەکارھێنراوە کە بزوتنەوەی ئیسلامی پۆستێکی خۆی بەخشیوەتە پارتی، بەڵام ئێمە وەک بزوتنەوەی ئیسلامی جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئێمە پۆستەکەی خۆمان نەبەخشیوەتە پارتی بەڵکو بە خەڵکی ھەڵەبجەمان بەخشیوە”.

م.سەلام کەریم وتیشی:”لە چەند ڕۆژی داھاتودا کۆبونەوەیەکی تری کاندیدی لایەنە سیاسیەکان دەکرێت و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دواین ڕێگاچارەکانی دەستبەکاربونی ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵەبجە بۆ ڕای گشتی دەخەینەڕوو”.

ھاوکات دوای نزیکەی مانگێکیش لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی لایەنەکانی ھەڵەبجە ھێشتا ئەنجومەنی پارێزگا دەستبەکار نەبووە و کاندیدەکانی ئەنجومەنیش لە کۆبونەوەکانیان بەردەوامن و ئەمڕۆش کۆبونەوەیەکی تریان سازکرد و بە پێی زانیاریەکانی باسک نێت-یش، کۆبونەوەکە بۆ دیاری کردنی گرتنەبەری ڕێگا چارەیەکە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی ڕێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ۱۲ مانگی ڕابردوو کە لە بارەگای مەڵبەندی یەکی ھەڵەبجەی بزووتنەوەی ئیسلامی دا ئەنجامدرا.

بابەتی دواتر

IMK

ڤیدیۆ: بۆیەکەمجار دیدارێکی مێژووی نێوان مامۆستا مەلا عوسمان و نەوشیروان مستەفا ببینە

باسک نێت: بۆیەکەم جار دیدارێکی مێژووی لە ساڵی ١٩٩١ـی پێش یەکەم ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *