بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕیفراندۆم و وتوێژکردن لەگەڵ بەغدایە
بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕیفراندۆم و وتوێژکردن لەگەڵ بەغدایە

دوو لیژنە لە نوێنەرانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێکدێت

باسک نێت-ھەولێر

دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ سێشەممەی ھەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، ھەردوولا راگەیاندراوێکی ھاوبەشیان بڵاو کردەوە و رایانگەیاند، بڕیاری پێکھێنانی دوو لیژنەی باڵایان داوە بە ئەندامیەتی سەرجەم نوێنەرانی پێکھاتە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردستان.

لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە کە لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەو لیژنەیەی سەردانی بەغدای کردبوو، پوختەی سەردانەکەیان و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیران و ھێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق خستەڕوو.

لە ئەکامدا بڕیار درا لیژنەیەکی باڵا بە ڕاوێژکردن لە ھەموو لایەنە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردستان پێک بھێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ھێزە نیشتمانییە عێراقییەکان سەبارەت بە داخوازی و کێشەکان، بەتایبەتی لەم ھەلومەرجەی کە خەڵکی کوردستان ھەنگاو دەنێ بەرەو ریفراندۆم.

لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەشدا، ئەو لیژنەیەی کە تایبەت بە بابەتی ریفراندۆم راسپێردرابوو بۆ پەیوەندی و سەردانی حزب و لایەنە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردستان، ناوەرۆکی کۆبوونەوە و راو بۆچوونی لایەنەکانیان گەیاندە کۆبوونەوە، دوای شرۆڤە و لێکدانەوەی ھەمەلایەنەی بیروبۆچوونەکانی کە لەو سەردان و دیدارانەدا گەڵاڵە بووبوون، کۆبوونەوە بڕیاری دا ھەنگاوی پێویست بنێ بۆ پێکھێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە ھەموو لایەنەکان بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ریفراندۆم و زەمینەسازی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پرۆسەکە بەشێوەیەکی گشتی.

ھەروەھا لە تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکەدا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەو لیژنەیەی کە راسپێردرابوو بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کۆنسوڵ و نوێنەری دەوڵەتان لە کوردستان بۆ ئاگادارکردنەوەیان لەو ھەوڵانەی لە ئارادایە بۆ پرۆسەی ریفراندۆم، خرایە بەر باس و گفتوگۆی لە بارەوە کرا و بە باش ھەڵسەنگێندرا کە بەسوپاسەوە ھەموویان بەشداری کۆبوونەوەی لیژنەکە بووبوون.

بە گوێرەی راگەیەندراوە ھاوبەشەکە، لە تەوەری چوارەمی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر کۆی کێشە و گرفتە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستان کرا و تەئکید کرایەوە لەسەر چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیان و بە ھاوبەشی خستنەگەڕی ھەموو وزە و تواناکانیان بۆ دۆزینەوەی رێگاچارە و پاڵپشتی رێکارە یاسایی و ھەنگاوەکانی دامودەزگا فەرمییەکان.

لە تەوەری کۆتاییشدا، کۆبوونەوە داوایەکی ئاراستەی کەسوکاری شەھیدان و پێشمەرگەکان و ھەموو ھێز و لایەنە سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیاکاران و تەواوی گەلی کوردستان کرد، کە لەم پرۆسە گرنگ و نەتەوەیی و نیشتمانییەدا ھاوکار و پاڵپشت بن.

ھەر لەم کۆبوونەیەدا ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەو نەخشەڕێگایەی ئامادەیان کردبوو، پێشکەشی مەکتەبی سیاسیی پارتییان کرد، لە کۆتایشدا بڕیار درا کۆبوونەوە ھاوبەشەکان بەردەوام بن.

بابەتی دواتر

news

ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕاگەیەنراوێكی 7 خاڵی بڵاوكردەوە

ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی 7 خاڵی لەسەر كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بڵاوكردەوە و جەختی لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *