51542017_trkya15-4

تورکیا؛ سبەینێ ریفراندۆم بۆ گۆڕینی دەستور ئەنجام دەدرێت

باسک نێت:

بڕیارە سبەینێ ١٦ی نیسانی ٢٠١٧، ڕیفراندۆم بۆ سیستمی سەرۆکایەتی لە تورکیا ئەنجامبدرێت، رکابەری سەخت لە نێوان چوار حیزبی سەرەکی ئەو وڵاتەدا بەڕێوەدەچێت، ھەریەکە لە پارتی جەھەپە و ھەدەپە بە بەرەی “نەخێر” و پارتی ئاکەپە و مەھەپە بە بەرەی “بەڵێ” ناسراون.

پەرلەمانی تورکیا ٢١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، پڕۆژە یاسای گۆڕانکاری لە دەستوری ئەو وڵاتە بۆ جێگیرکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی پەسەندکرد.

یاساکە بەناوی (یاسای گۆڕانکاری دەستوری کۆماری تورکیا) بە ٣٣٩ دەنگی بەڵێ و ١٤٢ دەنگی نەخێر و ٥ دەنگی بەتاڵ و ٢ دەنگی سوتاو پەسەندکرا و پەرلەمانتارانی ئاکەپە پێشوازییان لەپەسەندکردنی یاساکە کرد.

ئەگەر گۆڕانکاری لە دەستوری تورکیادا رووبدات ژمارەی پەرلەمانتاران لە ٥٥٠ پەرلەمانتارەوە دەبێت بە ٦٠٠ پەرلەمانتار و تەمەنی خۆپاڵاوتن بۆ پەرلەمان لە تەمەنی ٢٥ ساڵییەوە دەکرێت بە ١٨ ساڵ.

ھەروەھا ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار پێنج ساڵ جارێک و لەھەمان ڕۆژدا ئەنجام دەدرێت و سەرکۆمار پەیوەندی لەگەڵ پارتەکەی ناپچڕێنێت.

ماوەی ویلایەتی سەرۆک کۆمار بەپێی یاساکە پێنج ساڵەو یەک کەس دەتوانێت تەنھا دوو خول خۆی بۆ سەرۆککۆمار ھەڵبژێرێت، ئەو پارتانەی کە دەیانەوێت پاڵێوراوی سەرکۆماریان ھەبێت، پێویستە لانی کەم لە سەدا پێنجی کۆی دەنگەکانی وڵاتیان بەدەست ھێنابێت، یان ١٠٠ ھەزار دەنگدەر دەنگی پێدابن.

لە یاساکەدا ئەوە ھاتووە، ئەو پاڵێوراوەی لەھەڵبژاردن لەسەرووی سەدا پەنجای دەنگەکان بەدەست بھێنێت بە سەرکۆمار ھەڵدەبژێردرێت و ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی تورکیا و سەرکۆمار بەیەکەوە لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئەنجام دەدرێت.

ھەدەپە و پەکەکە لەو باوەڕەدان ئەگەر دەنگی نەخێر سەربکەوێت، ئەردۆغان ناچارە سیاسەتێک رەچاو بکات و بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکان و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رێگای ئاشتییەوە رێکەوتنیان لەگەڵ مەھەپەی نەتەوە پەرەست تێکدەچێت.

بەرپرسانی ھەدەپە رایدەگەیەنن، نەخێری ئەوان و نەخێری پارتی گەلی کۆماری جیاوازە جەھەپە بەرگری لە سیستمی پەرلەمانی دەکات کە لەلایەن مستەفا ئە تاتورک دامەزرێنەری کۆماری تورکیاوە دانراوە، لە کاتێکدا ھیچ سوودێک بۆ کورد نەبووە لەو سیستەمەدا.

ئاکەپە لە قۆناغی بانگەشەی ھەڵبژاردنی حەوتی حوزیرانی ساڵی ٢٠١٥دا سیستمی سەرۆکایەتی خستە بەرنامەی کارەکانیەوە، کە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە چەندین کۆبوونەوەی جەماوەریدا روونکردنەوەی لەبارەی ئەو سیستمەوە داوە.

پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە کە پارتێکی سەرەکی کوردییە رایدەگەیەنن کە دەنگدان بە “بەڵێ” دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار بەھێزدەکات کە ھەوڵدەدات ئۆپۆزسیۆن لەناو ببات.

ئەردۆغان و ملیۆنان لایەنگرانی ڕایدەگەیەنن کە تورکیا پێویستی بە سەرۆکایەتییەکی بەھێز ھەیە لەبری ئەوحکومەتانەی کە بە ھاوپەیمانێتی پێکھێنرابوون و لاوازبوون لەساڵانی ڕابردوو.

بابەتی دواتر

FB_IMG_1492599393568

بەوێنە؛ ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڤەری چەمچەماڵی بەسەر کردەوە

باسک نێت-چەمچەماڵ سەر لەبەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە ١٩ـی نیسانی ٢٠١٧، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی شاری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *