received_1394198407268845

کورد و گۆڕانکارییە دەستوورییەکەی تورکیا

کامیل مەحمود

دوای سەدەیەک لەجێبەجێکردن زۆرینەی گەلی تورکیا لەپرۆسەیەکی دیموکراسیانەی ئازاددا دەنگی بۆ کۆتایی سیستمی پەرلەمانی داو (بەڵێ) بۆ سیستمی سەرۆکایەتی کرا کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا پارتی دادو گەشەپێدان بەسەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان کاری بۆ کردووە، ئەم گۆڕانکارییە یەکەم زەبری کاریگەرە لەو سیستمەی پێش سەدەیەک کەمال ئەتاتورک بڕیاری لەسەرداو ئەمڕۆ کۆتایی پێھێنرا، ئەم جۆرە گۆڕانکارییە دەستووریانە حاڵەتێکی ئاساییەو تورکیا یەکەمین دەوڵەت نییە دەستوورەکەی ھەموار دەکاتەوە، بگرە لەخودی ئەم دەوڵەتەدا چەند جارێک دەستوور ھەموار کراوەتەوە، بەڵام ئەمجارەیان گۆڕانکارییە دەستوورییەکە دەنگدانەوەی زیاتری ھەیەو بەوەرچەرخان دادەنرێت لەمێژووی سیاسی دەوڵەتی تورکیادا.

لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا (چاودێرە) سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەپەنای شەڕی ئایدۆلۆژی خۆیاندا تەفسیری سەیرو سەمەرەیان بۆ ئەم پێشھاتەی ناو تورکیا کردووەو بەئارەزووی دڵی خۆیان و ئایدۆلۆژییەکەیان سیستمی سەرۆکایەتیان وەک جاڕی قیامەتی کورد وێنا کردووە لەکاتێکدا کورد لەسەر زەمینەی واقیع خاوەنی پرس و دۆزێکە ئیتر سیستم سەرۆکایەتی بێت یان پەرلەمانی، مەگەر سەدەیەکە سیستم پەرلەمانی نییە؟ ئەدی بۆچی کێشەی کورد وەک خۆی ماوەتەوە؟! بۆیە چارەسەری پرسی کورد پەیوەستە بەئیرادە و ئیدارەی دوو لایەنەوە نەک بەجۆری دەستوورەوە، ئیرادەی دەسەڵاتدارانی تورکیاو ئیدارەی ململانێ سیاسییەکە لەلایەن ھێزە کوردییەکانەوە.

بەداخەوە پرسی نەتەوەیی کوردو کوردایەتی کراوەتە ئامڕازی شەڕێکی ئایدۆلۆژی کە کورد ھیچ سوودێکی لێ نابینێت جگە لەزیان، لەپێناوی ئایدۆلۆژیای داخراوی ئەم برادەرانەو رق و کینەی دەروونی خۆیان بەرامبەر بەوانیتر زۆر دەرفەتیان لەدەست کورد داوە، ئەمانە کوردیان خستووەتە ناو جەنگێکی نابەرامبەرەوە کەجەنگی ئەو نییەو جەنگی راستەقینەی ئێمە لەپێناوی شوناسی نەتەوەیی و مافی رەوای سیاسی و کلتووری خۆمانە، دەکرێت لەم جەنگەدا ھەمان ئەو ئایدۆلۆژیایەی بەرامبەر تەوزیف بکەین بۆ خزمەتی دۆزە رەواکەمان بەتایبەتی ئایدۆلۆژیای تورکەکانیش نامۆ نییە بەکورد ئەگەر وەک ئەوانیش خاوەنی نەبین.

تورکیا لەبەردەم گۆڕان وەرچەرخانێکی مێژوویی و گەورەدایەو ئەردۆغان لەمڕۆدا توانی بنەمای سیستمە ئەتاتورکییەکەی وڵاتەکەی ھەڵتەکێنێت کەئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیەو پێویستە کورد واقیعبینانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بەڵام بەداخەوە ھێشتا زۆرێک لەبرادەرانی خۆمان دەیانەوێت کورد سەری بەناو لمەکەدا بکات و جەستەی ماندووی بەدەرەوەبێت، وا دەزانێت ئەگەر ئەو گۆڕانکارییەکان نەبینێت ئیتر دنیا بەو شێوەیە دەمێنێتەوە کەئەوان دەیانەوێت، بەڵام بێگومان ئەوان جەستەی کورد وەک قەڵغان بۆ شەڕی ئایدۆلۆژی خۆیان بەکاردەھێنن، بۆیە ھەرچی ڕم و تیرە بەر ئەو جەستە ماندووە دەکەوێت!.‌

بابەتی دواتر

FB_IMG_1507826848105

نالۆژیکی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا

کامیل مەحمود پێداگری لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە(١١/١) جگە لەمزایەدەی دوور لە مەوزوعیەت و نمایشێکی سیاسی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *