ali haji zalme

عەلمانییەت لە کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟

عەلمانییەکان دەیانەوێت عەلمانیەت وەک ڕێگەیەک بۆ خۆسەپاندن و دەستوەردان لەکاروباری ئاین و مامۆستایانی ئاینی بەکاری بھێنن.

دەمێکە وتراوە کە عەلمانییەت فیکرەیەکە لەدەرەوە وەرگیراوە بێ ڕەچاوکردنی باروودۆخی تایبەتی کۆمەڵگە موسڵمانەکان.

ھێنانی عەلمانییەت وەک ھێنانی ڕووەکێکە لە کەش و ھەوایەکی جیاوازەوە بۆ کەشوھەوای خۆمان، لە حاڵەتی وا چی دەکەین؟ پێویستە ئەو ڕووەکە لە خانووی پلاستیکی دابنێین بۆ ئەوەی بژی، عەلمانییەتی کوردستان ‌و عەلمانییەتی باقیی وڵاتە موسڵمانەکانیش ھەر وایە: عەلمانییەتی خانووی پلاستیکی، ھەر بۆیەش دەبینین عەلمانییەت باوەڕی تاقمێکەو ناتوانێت ببێتە باوەڕی سەرجەم کۆمەڵگە، ئەو کەسانەش کە بانگەشەی بۆ دەکەن لەناو وەھمێک دەژین کە ئەوان قسەکەرن بەناوی جەماوەری پانوبەرین. ئەم وەھمەش تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە عەلمانییەت دەبێتە تەرحێک بۆ جەماوەر‌و لەڕێگەیەکەوە، ئەم حاڵەتە لەو وڵاتانە بینراوە کە ھەڵبژاردن‌و پەرلەمانیان ھەیە ئەگەرچیش ھەڵبژاردنی ساختە بێت. لە کوردستانیش لەبەر ئەوەی جارێ ماوە ئەو ئیختیارە بدرێتە خەڵک: یان عەلمانییەت یان شەریعەت، عەلمانییەکان ھێشتا ماویانە وەکو ھاوڕێکانیان لە وڵاتە عەرەبییەکان بڵێن: زۆریی دەنگدەران مەرج نییە چونکە جەماوەر ناکامڵە.

بەڵام داماویی عەلمانییەتی کوردستان بەوە ناوەستێت کە لەناو خانوویەکی پلاستیکیی دوور لە کەشوھەوای کۆمەڵگە قەتیس بووە. داماویی عەلمانییەتی کوردستان ئەوەیە کە عەلمانییەت لە ئەورووپا چارەسەرێک بوو دژی خۆسەپاندن بەڵام ئەمان یان بەشێک لە عەلمانییەکان دەیکەنە ڕێگەیەک بۆ خۆسەپاندن‌و دەستوەردان لەکاروباری ئاین‌و پیاوانی ئاینی. داواماییەکی تری عەلمانییەتی کوردستان ئەوەیە عەلمانییەتی رۆژئاوا کاتێک سەرکەوت کە بایەخی تاکی ڕۆژئاوا بە ئاین وەکو جاران نەبوو. وەنەبێت ئەو کاتەش بەرگریی کەنیسە نەبووبێت بەڵام سەردەمەکە بەڕەوتێکی تر دەڕۆشت.

تا ئێستاش بایەخی ئاین بەتەواوەتی لەدەست نەچووە بەڵام کاتێک بایەخ بە ئاین کەمبێتەوە تەرحی عەلمانی زیاتر جێگەی قبووڵە.

لە کوردستان‌و باقیی وڵاتانی موسڵمانان ئاین ھێشتا بایەخێکی گەورەی ھەیە ھەر بۆیە کاتێک دەسەڵاتدارێک بیەوێت ئاینی زۆربەی خەڵک کە ئیسلامە یەکسان بکات بە ئاینێکی تر ئەوە جێگەی قبووڵ نابێت. ئەوەش جێگەی قبووڵ نابێت دەسەڵاتدار بڵێت بەلامەوە گرنگ نییە مرۆڤ ئاینی ھەبێت یان نا، بشڵێت ئیسلام بەلامەوە گرنگ نییە. ئەوەتا دەسەڵاتداران ناچارن جاروبار بەدرۆش بێت بایەخی خۆیان بە ئیسلام پێشان بدەن. ئایا ئەمە کەشوھەوای گونجاوی عەلمانییەتە؟ بێگومان نەخێر چونکە ڕەشەبا لەم حاڵەتە لە دەسەڵاتەوە ھەڵدەکات.

داماوییەکی تری عەلمانییەتی کوردستان ئەوەیە ئەوان کار بۆ عەلمانییەت دەکەن لەو کاتەی کەسانی زۆرن ھەن بەڵکو حزبیش ھەن کار بۆ پێچەوانەکەی دەکەن، واتە بەرەی دژە عەلمانییەت بەھێزەو وەکو ئەورووپای سەردەمی سەپاندنی قۆناغی نوێی عەلمانییەت نییە کە دەورو کاری پیاوانی ئاینی لاواز ببوو.

بابەتی دواتر

FB_IMG_1507826848105

نالۆژیکی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا

کامیل مەحمود پێداگری لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە(١١/١) جگە لەمزایەدەی دوور لە مەوزوعیەت و نمایشێکی سیاسی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *