کتێبی رۆژھەڵاتی ناوەراستی نوێی شەمعون پێرێز
کتێبی رۆژھەڵاتی ناوەراستی نوێی شەمعون پێرێز

خوێندنەوە بۆ کتێبی (رۆژھەڵاتی ناوەراستی نوێ)ـی شەمعون پێرێز

ئوسامە کامیل

کتێبی (رۆژھەڵاتی ناوەراستی نوێ) سیاسەتمەداری دیاری ئیسرائیل شەمعون پێرێز نووسیویەتی و ساڵی ١٩٩٣ بڵاو بووەتەوە، کتێبەکە لە(١٤) بەش و پاشکۆیەک پێکھاتووەو ‌بریتییە لەروانگەو روانینی خۆی بۆ میکانیزمی بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەراستدا کەخۆی بەشێوازێکی نوێی بیرکردنەوە وەسفی دەکات بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

شەمعون پێریز جێگری سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بووە لەنەوەدەکانی سەدەی رابردوو، بەرپرسی یەکەمی دانووستانەکانیش بووە لەگەڵ عەرەب، نووسەر کەسێکی گرنگی ناو قۆناغێکی مێژووییە کە راپەرینی گەلی فەلەستین و رێککەوتننامەی ئۆسلۆی تیادا رووی دا.

شەمعون پێرێز ئەم کتێبەی دوای رێککەوتننامەی ئۆسلۆ نووسراوە کە دوای ئەو رێککەوتننامەیە چەندین پێشبینی ھاتە ئاراوە دەربارەی کۆتایی کێشەی فەلەستین یان ململانێی عەرەب و ئیسرائیل و سەرەتای ئاشتی و ئارامی کە ناوچەکە دەخاتە ناو ئاشتی و سەقامگیرییەوە.

کتێبەکەی پێرێز باس لەجەنگ و ئاشتی دەکات لەرۆژھەڵاتی ناوەراستداو پێی وایە جەنگ کێشەکان یەکلا ناکەنەوەو پێویستە سیاسەتێکی نوێ وەک بەدیل بێتە کایەو سیاسەتی بەرگری ئیسرائیلی سوودی نەبووە، ئەو سیاسەتە بەدیلەش خۆی لەرێککەوتننامەی دوو قۆڵی و سیستمێکی ھەرێمایەتیدا دەبینێتەوە.

لەچوار چێوەی رێککەوتننامەیەکی ھەرێمایەتیدا دەبێت رۆژھەڵاتی ناوەراست ژێرخانێکی بەھێزی بۆ پەیوەندیکردن و ھاتوچۆی نێوان وڵاتان بۆ دەستەبەر بکرێت و بەو ھۆیەوە گەشە بە پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاری لەناوچەکەدا بدرێت.

نووسەر لەکتێبەکەیدا ھەموو پرسەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کردووە تەنانەت ھەندێ لەو پرسانەش کە ئەگەری ھەیە لەئاییندەدا دروست ببێت وەک پرسی ئاو لەناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەراستدا.

بۆ ئاییندەی سیاسی ناوچەکەش پێرێز پێی وایە دکتاتۆریەت و ستەمکاری لەئاییندەی ناوچەکەدا جێگای نابێتەوەو بەدیلی ئەو ستەمکاری و دکتاتۆریەتە ھەژموونی زانست و مەعریفەیە کە لەزانکۆو ناوەندەکانی توێژینەوەوە سەرچاوە دەگرێت.

ھەندێ لە وتەکانی پێرێز لەبانگەشەی ھەڵبژاردن دەچێت و بەدیھاتنی نزیکە لەخەیاڵەوە، بەتایبەتی یەکێک لەرێگرەکان لەبەردەم ھاتنەدی ئەم خەونەدا ئیسرائیلە کە شەمعون پێرێز لەکتێبەکەیدا پاساو بۆ رەوایەتی جەنگ و کاولکارییەکانی دەھێنێتەوە.

بیرێز سیاسییەکی شارەزاو لێزانە لەدارشتنەوەی بیرۆکەکانی بەشێوەیەک رواڵەتێکی لۆژیکیانە لەخۆ بگرێت کە زۆرجار کاتێک خوێنەر بەوردی ئەفکارەکانی ناخوێنێتەوە وادەزانێ ئەوەی ئەو دەیڵێت ھەمووی راست و دروستەو نووسەر ھۆگری ئاشتی و خۆشگوزەرانییە بۆ گەلانی ناوچەکە بەعەرەب و غەیری عەرەب و نوسوڵمان و ناموسڵمانەوە.

بەشی یەکەمی کتێبەکە بە باسی دانوستانەکانی ئیسرائیل و عەرەب دەست پێ دەکات و دۆخی گفتوگۆکان دەخاتەروو کە خۆی سەرۆکی وەفدی ئیسرائیلی بووە لەو دانوستانانە، بەشەکانیتر دەچێتە ناو ئیشکالە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکەو دەچێتەناو کرۆکی باسە و مەبەستەکەی کە سیستمە ئەمنییە ھەرێمایەتییە پێشنیارکراوەکەی و پەیوەندییەکانی ئاییندەی نێوان قەوارەکەی و دەوڵەتە عەرەبییەکانی دراوسێی و پاشان وڵاتە عەرەبییەکانیتر، کە ھەموو پرۆژەکانی ئیسائیل بەمەی پێرێزیشەوە کار بۆ ئەو ئاساییکردنەوەیە دەکات.

پیریز لەکتێبەکەیدا وای دەبینێت ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە سیستمێکی ئەمنیی نوێ رێکخستنەوەیەکی ھەرێمایەتی ھاوبەشی بەرفراوانی دەوێت لەگەڵ ھاوپەیمانیەتییەکی گشتگیری ھەموو دەوڵەتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەراست.

شەمعون پێریز ئاماژە بۆ شکستی جەنگەکان دەکات و گرنگی ئاشتی دووپات دەکاتەوە، پاساویش بۆ جەنگەکانی ئیسرائیل دەھێنێتەوە کە لەپێناوی ئاسایش و سەقامگیریدا بووەو دەڵێ ھەرگیز نەمانویستووە دەوڵەتێکی خۆسەپێن بین. بیریز دەڵێ: پێویستە ھەموومان بۆ پێشەوە ھەنگاو ھەڵبگرین بۆ بنیاتنانی چوارچێوەیەک بەختەوەری و خۆشگوزەرانی لەخۆ بگرێت بۆ ھەموو گەلانی ناوچەکە، پرۆژەیەکی تۆکمەیە کە بازاڕێکی رۆژھەڵات ناوەراستی بەسەرماندا دەسەپێنێت، بازاڕێک ھیچ شوناسێکی نەبێت، زەمان و مێژوو نەناسێت، نەعەرەبی بێت و نەئیسلامی، بەڵکو ئینتیمای بۆ جێگایەک ھەبێت بەبێ زەمان و مێژوو، ئەو جێگایەش رۆژھەڵاتی ناوەراستە.. پرۆژەکەو بازاڕە ھاوبەشەکەی وەک خۆی دەڵێ بۆ رووبەرووبوونەوە ئوسولیەتی ئایینی و تیرۆرو بێکارییە. ‌

بایەخی کتێبەکە لەوەدایە کە نووسەرەکەی یەکێکە لەدروستکەرانی بڕیاری سیاسی لەمێژووی ئیسرائیلدا، ئەو ھاوپەیمانییە سیاسی و سیستمە ئەمنی و رێکخستنەوە ھەرێمایەتییەی بێرێز بانگەشەی پرۆژەی بەدیلە بۆ رێکخراوی کۆمکاری عەرەبی(الجامعە العربیە).

کتێبەکەی شەمعون پێرێز بانگەشە بۆ سیستمێکی ھەرێمایەتی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەراست دەکات لەسەر بنەمای ھاریکاری و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان عەرەب و ئیسرائیل لەھەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری و زانستی.

ئەمە دیدگای بێرێزە بۆ رۆژھەڵاتی ناوەراستی نوێ، لای ئەو ھەموو شتێک دەگۆڕێت یان دەبێت بگۆڕێت تەنھا ئیسرائیل نەبێت کە دەبێت ئەو رۆژھەڵاتە ناوەراستە نوێیە ئیسرائیل پێشەنگایەتی بکات، چونکە بەڕای پێرێز مەزنی ئیسرائیل لەمەزنی بازاڕەکانیدایە.‌

ئەوەی شەمعون پێرێز دەیەوێت رۆژھەڵاتێکی ناوەراستی ئارام و سەقامگیری خۆشگوزەرانە بەڵام لەروواڵەتدا، لەناوەرۆکدا ناوچەیەکی پەرتکراوە لەسەر بنەمای ئەتنیک و تایفەو مەزھەب کەھەموویان لە جەنگ و بەریەککەوتندان لەگەڵ یەکتردا کە دواجار ئاشتەوایی دەکەن و لەگەڵ ئیسرائیلیشدا ھاوپەیمانی دەبەستن! ئەمە ستراتیژیەتی نوێی جولەکەیە بۆ بەردەوامی ھەیمەنەو ھەژموونی دەوڵەتی ئیسرائیل بەسەر ناوچەکەوە.‌ ‌

لەپشتی زاراوەی(رۆژھەڵاتی ناوەراست)ەوە مەبەست و ئامانجێکی جولەکە ھەیە کە بریتییە لە ناسین و دانپیانانی ئیسرائیل وەک قەوارەیەکی دینی بۆ جولەکە لەناو جەستەی عەرەبی و ئیسلامیدا، بۆ ئەمەش دارشتنەوەی جوگرافیای سیاسی و ستراتیژی رۆژھەڵاتی ناوەراست جێگایەک دەستەبەر دەبێت لەم ناوچەیەدا وەک دیفاکتۆو پاشان دانپیانراو لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییەوە.

بوونی رۆژھەڵاتی ناوەراست وەک ئەوەی شەمعون پێرێز پێشنیاری دەکات سەرەتایە بۆ پێکەوەژیان لەگەڵ جولەکەدا وەک دراوسێ و یەکێک لەپێکھاتەکانی ناوچەکەو خاوەنی چارەنووسی ھاوبەش، بۆیە داھێنان و رەواجپێدانی زاراوەی رۆژھەڵاتی ناوەراست بیرۆکەیەکی باشە بۆ راھێنانی دەروونی ھاوڵاتی عەرەبی و موسڵمان لەگەڵ بوونی ئاسایی دەوڵەتی عیبری، لەمەشدا ئیسرائیل ھەنگاوی باشی بڕیوە ئەوەی زیاتر بووەتە شوناسی ناوچەکە رۆژھەڵاتی ناوەراستە نەک جیھانی عەرەبی یان ئیسلامی.

بۆ بوونی جولەکەو قەوارەکەی بچەسپێت لەناو (رۆژھەڵاتی ناوەراستی نوێ)دا پێویستە ئەوەی دابەش کراوە جارێکیتر دابەش بکرێنەوە واتە دابەشکردنی دابەشکراوەکان و گۆڕانکاری نوێ لەناوچەکەدا کە ئاسایش بۆ ئیسرائیل دەستەبەر بکات و نەخشەی ناوچەکە بە(سایکس بیکۆ)یەکیتر دابڕێژرێتەوە، بەم پرۆسەیەش دەوترێت دابەشکردنی دابەش کراو.
ئەوەی بیرێز لەپرۆژە نوسینەکەیدا کاری لەسەر کردووە دابەشکردنەوەی ناوچەکەیە لەسەر بنەمای ئەتنیک و مەزھەب و تایفە بەو شێوەیەی قەوارەکان لەچەند دەوڵەتۆلکەیەکی بچووک بچووکدا خۆی دەبینێتەوە، وەک ئەوەی ئێستا لەعێراقدا دەبینرێت.

ئەم دەوڵەتە بچووکانەش ھەمیشە رێژەیەک نائارامی لەنێوانیاندا دەمێنێتەوە بۆ دەستوەردانی بەردەوامی دەوڵەتە بەھەژموونەکان. بەم پرۆسەیەش دەوترێت دابەشکردانی دابەشکراو.
ئەوەی شەمعون پێرێز لەکتێبەکەیدا بەشێوازی خۆی دەیخاتەڕوو بیرۆکەی سرینەوەی شوناسە، پێرێز دەیەوێت گەلانی ناوچەکە مێژووی خۆیان لەیاد بکەن لەکاتێکدا قەوارەو دەوڵەتەکەی خۆی بەپاساوی مێژوویی دروست کراوە، ئەو بۆ لەگۆڕنانی زاکیرەی ژیاری و مێژوویی نەتەوەی ئیسلام پرۆژەکەی نووسیوەو دەیەوێت پەیوەندییەک نەمێنێتەوە تاکەکانی ئەم نەتەوەیە بەیەکەوە ببەستێتەوە.

پیرێز لەکاتێکدا داوای ئەوە دەکات وڵاتانی ناوچەکە دەستبەرداری مێژووی خۆیان ببن و کلتووری دینیی خۆیان بەلاوە بنێن خۆیان کۆمەڵە خورافەیەکی وەک زەوی میعاد بەحەقیقەتی چەسپاو ناو دەبەن کە ئەمە ئیزدیواجیەتە، ئەو نایەوێت جولەکە دەستبەرداری مێژووی رابردووی خۆی بێت بەڵام بۆ ئەوانیتر رۆژھەڵاتێکی ناوەراستی نوێی دەوێ کە کەس باس لەشوناسی ئایینی و مێژوویی خۆی نەکات.

دەتوانین بڵێین لەگرنترین راسپاردەکانی ناو ئەم کتێبە دیموکراتیززەکردنی جیھانی عەرەبییە، لەیادکرنی مێژوویان، دامزراندنی کۆمەڵگەیەکی مەعریفی و ھاوبەشی پێکردنی ئافرەت لەحوکم و بڕیاردا، ئەمانە ھێڵە گشتییەکانە بۆ گەیشتن بە بازاڕی عەرەبی ئیسرائیلی ھاوبەش کە ئیسرائیل بەسەریدا باڵادەست ببێت.

بيۆگرافياى كتێب:

توركى: Yeni Ortadoğu, Shimon peres, Milliyet yayınları, Türkiye, İstanbul, 1995.

كوردى: ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، شەمعون پێرێز، لەبڵاوکراوەی چاپخانەی میلەت، تورکیا، ئەستەمبوڵ، ۱۹۹۵.

بابەتی دواتر

FB_IMG_1507826848105

نالۆژیکی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا

کامیل مەحمود پێداگری لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە(١١/١) جگە لەمزایەدەی دوور لە مەوزوعیەت و نمایشێکی سیاسی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *