0000

سیاسه‌ت‌و یاسا و ئه‌خلاق له‌ ده‌وڵه‌تی كوردستاندا

سه‌عد مه‌لا عه‌بدوڵڵا گوڵپی

سیاسییه‌كانی كوردستان، سیاسه‌ت، یاسا، كلتور، ئایین، مێژوو، ئه‌خلاق و سه‌روه‌ری ئه‌م كوردستانه‌یان له‌نێو قوڕی ژێر پێكانیان گه‌وزاندووه‌ و به‌ بێ عه‌قڵی خۆیان یاری به‌ عه‌قڵی گه‌لی كورد ده‌كه‌ن و به‌ بیركردنه‌وه‌ كورته‌ی خۆیان وا لێكی ده‌ده‌نه‌وه‌ وڵاتانی جیهانیان خه‌ڵه‌تاندووه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ خۆیان باش ده‌زانن ئه‌وان نۆكه‌ری بێگانه‌ن و هه‌ندێك له‌ ئێمه‌یان خه‌ڵه‌تاندووه‌ و هه‌ندێكیتریشمان گیرۆده‌ی ده‌ستی ئه‌و بازاڕه‌ین كه‌ ئه‌وان كڕین و فرۆشتمان پێوه‌ ده‌كه‌ن.
له‌م كوردستانه‌ به‌شێوه‌یه‌ك دونیا شێواوه‌ بیركردنه‌وه‌و پێشبینكردن بۆ شته‌كان گۆڕاوه‌ و مرۆڤی ساغ و ساده‌ نازانێت به‌ چ بارێكدا شایه‌تو ئیمان بهێنێت، ده‌ست بۆ سه‌ری هه‌ر دارێك ده‌به‌یت هه‌ر پیسایی پێوه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵات بروای به‌و یاسایه‌ نییه‌ كه‌ خۆی ده‌ریچواندووه‌، ئۆپۆزسیۆن بڕوای به‌ كاره‌كه‌ی خۆی نییه‌، ئاشی نه‌زانه‌و خوا ده‌یگێرێت.
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ له‌م بابه‌ته‌دا بیورژێنم ئه‌و كه‌یسانه‌یه‌ كه‌ قوڕِیان كرد به‌سه‌ر گه‌لی كوردا و ئێستاش هه‌موان چاویان له‌به‌رانه‌ردا نوقاندووه‌!
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وپێش به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كۆبونه‌وه‌و بڕیاریان دا 6-11 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌نجام بدرێت، من باسی ئه‌وه‌ ناكه‌م حزبه‌كان به‌ چ روویه‌ك و له‌ چ روویه‌كه‌وه‌ باسی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن‌و چۆن ده‌یانه‌وێ متمانه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ هاوڵاتیان بگێڕنه‌وه‌، چونكه‌ هه‌موان ده‌زانین ده‌نگی سه‌دان هه‌زار كه‌س به‌ ده‌نگی فیشه‌كێك ده‌سڕێته‌وه‌‌و خامۆش ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ كام یاسا هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت؟ به‌ كامه‌ یاساو له‌ كوێ سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێرێت؟

نزیكه‌ی دوو ساڵ له‌مه‌وپێش چوار لایه‌نی كوردستان به‌ چوار پاكێجی جیاوازه‌وه‌ داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكی هه‌رێمیان كردو داوایان كرد له‌ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت، ئه‌دی ئێستا ئه‌م حزبانه‌ له‌ گوێی كام گادا خه‌وتوون‌و له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ده‌نگیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌دا كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت، ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش له‌ نامه‌كه‌یدا بۆ كۆمسیۆن هیچ ئاماژه‌یه‌كی بۆ ئه‌وه‌ نه‌كردووه‌و داوای هه‌ڵبژاردنی ده‌كات، هه‌موویان ئه‌وه‌یان بیرچوه‌وه‌ كه‌ قه‌یرانی سیاسی و ئابووری كوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو سه‌رۆك له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت كه‌چی ئێستا كه‌س روونكردنه‌وه‌ نادات! جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌وه‌ی تا ئێستا زانراوه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان مه‌سعود بارزانی بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم كاندید ده‌كات، به‌پێی هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ش بێت كه‌ خۆیان ده‌ریان كردووه‌و باوه‌ریان پێی نییه‌ ناوبراو ناتوانێت خۆی كاندید بكات، بابه‌تی سه‌رۆكی ئێستای هه‌رێمیش بابه‌تێكیتره‌ كه‌ ته‌نها خودا سه‌ری لێده‌رده‌كات، لای هه‌ندێك حزب ماوه‌ به‌سه‌ر چووه‌، لای هه‌ندێكیتر سه‌رۆكی راسته‌قینه‌یه‌، لای هه‌ندێكیتر به‌پێی یاسا كێشه‌ی له‌سه‌ره‌و لای جیهانیش سه‌رۆكی هه‌رێمه‌و لای ئێمه‌ رۆژنامه‌نوسیش هه‌موو شتێكه‌ چونكه‌ نازانین چۆن ناوی بهێنین.
له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ به‌پێی زانیارییه‌كان ده‌وترێت هه‌ردوو فراكسیۆنی پارتی‌و یه‌كێتی داوا ده‌كه‌ن هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵ به‌ لیستی داخراو بێت كه‌ ئه‌مه‌ یاسای ده‌وێت‌و په‌رله‌مانیش بوونی نییه‌و تا ئێستا نازانرێت به‌ چ یاسایه‌ك هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت‌و چۆن ده‌كرێت!
مه‌هزه‌له‌یه‌كیتری ئه‌م كوردستانه‌ ئه‌وه‌یه‌ حزبه‌ كوردییه‌كان به‌رده‌وام خورمژیان ده‌وێت، چونكه‌ حزبه‌كانی نێو ده‌سه‌ڵات، به‌شێكی حزبه‌كانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات خورما ده‌خۆن و به‌شه‌كه‌یتریان بۆ خه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك‌و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ مێووژ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌خۆن، ئه‌وانه‌شی كه‌ ئۆپۆزسیۆنن به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌یانه‌وێ خه‌ڵك له‌ خۆیان رازی بكه‌ن، به‌ڵام شه‌رمیش ده‌كه‌ن ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌ت بگرن و به‌ ترسه‌وه‌ باس له‌ گه‌نده‌ڵی‌و داواكاری خه‌ڵك ده‌كه‌ن، به‌خوا ناحه‌قیشیان ناگرم چونكه‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستان بووه‌ته‌ بازارێكی ئابووری به‌هێز و كێ خۆی به‌ پیاو ئه‌زانێت ئه‌سپی خۆی تاو بدات و به‌شی خۆی به‌رێت، ئیتر گرێبه‌ستی نه‌وتی ده‌كات، پێشمه‌رگه‌ خانه‌نشین ده‌كات، لایه‌نگرانی داده‌مه‌زرێنێ، هه‌رچی بێت ئۆخه‌ی ئۆخه‌ی هه‌ر كه‌س بۆ خۆی، به‌ڵام هه‌ندێكیان بێ ویژدانن و ده‌ڵێن به‌شی خۆم ئه‌خۆم و به‌شی تۆش ئه‌خۆم.
به‌ كورتی و به‌ كوردی، پاكێج و پڕۆژه‌ و یاسا و ئه‌م جۆره‌ گاڵته‌جاڕییانه‌ی له‌ كوردستان بوونی هه‌یه‌ هه‌مووی له‌ عه‌قڵی به‌تاڵی حزبه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت بۆ پڕكردنی گیرفانی حزبه‌كانیان و خۆشیان بڕوایان پێی نییه‌و هه‌موو شتێك به‌ روونی دیاره‌و ده‌رده‌كه‌وێت وه‌كو كوردیش ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر په‌له‌ نه‌كه‌ین هه‌موو شتێك به‌ بێ ماندوو بوون دێته‌ سه‌ر به‌ڕه‌كه‌و مێژووش ره‌حم به‌ بابه‌ته‌كه‌ی من‌و بێ به‌زه‌یی‌و بێ ره‌حمی‌و نیشتمان فرۆشی ئه‌وانیش ناكات.

بابەتی دواتر

received_1562251607130190

ڕۆحی شارستانیەت لە قورئاندا ـ سورەی (النمل) بە نمونە

عوسمان زەڵمی دوای سورەی (الشعراء) سورەی (النمل) دێت و کۆتایی یەکەم و سەرەتای دووەم زۆر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *