FB_IMG_1498163894944

جیابوونەوەی کورد لەعێراق لە دەخاڵی گرنگدا

سالار مەحمود

پرسی دەوڵەت و حکومەت دوو پرسی جیان لە کوردستاندا، ئەم دوو بابەتە زۆر جار بەمەبەست یان کەم ئاگایی تێکەڵ دەکرێن. خەڵکی کوردستان کێشەیان لەگەڵ حکومەت ھەیەو حەقیانە بێ متمانە بن لەم حوکمڕانیە، بەڵام پرسی دەوڵەت جیاوازەو نابێ بەتەواوی تێکەڵ بکرێ بە حکومەت، ھەبوونی دەوڵەت یان مانەوە لە چوارچێوەی عیراق وەک ھەرێمێک ھێشتا گرنەتی نابێ بۆ حوکمڕانیەکی باشتر، چونکە دواجار ئەو بۆچوونەش راستە کە ئەوە خەڵک خۆیەتی دەتوانێ بڕیار لە جۆری حوکمڕانی بدات، بەڵام کۆمەڵێک پێدراو ھەن وا دەکەن لەم ساتەوەختە گۆڕاوەی ھێزو جۆری ململانێکاندا لەم چەقبەستوویە بەرەو فۆرمێکی باڵاتر ھەنگاو بنێین و بەرەو ئەندامبوون لە کۆمەڵی نێودەوڵەتان.

بەکوردیی و بەکورتی ھۆکار زۆرن بۆ ھەنگاونانی کرداریی بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوەی کوردستان، لەم وڵاتەی لەبنەماوە پایەکانی لەسەر زەبروزەنگ و کوشتن و پێشێلکاری گەورەی مافی دانیشتوانەکەی بەزۆر چەسپێنراوەتەوەو خاکەکەیشی سوتماککراوە.

ھەر ئەو ھۆکارەش بووە دوای سەدساڵ لەحوکمڕانی عیراق جگە لەماڵوێرانی و شەڕی وڵاتان و گەلانی ناوەوەی ھیچی تری لێ سەوز نەبوو. لێرەدا وەک ئەرکێکی نیشتمانی تەنیا دە ھۆکار بۆ پێویستیەکانی جیابوونەوەی باشوری کوردستان لە عیراق دەخەمە روو:_

یەکەم: بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ دابینکردنی مافی یەکسان لە نێوان کۆمەڵی مرۆڤایەتیدا مسۆگەری ئاشتی و ئازادیی و دادپەروەریی دەکات، بەدەستھێنانی مافی چارەنووسی کورد وەک گەلانی تری دونیا بەشێکە لە بەدیھێنانی ئاشتی و دادپەوەریی لە جیھان بەگشتی و ناوچەکەش بەتایبەتی.

دووەم: بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان مادە یەک بڕگە دوو بۆ کۆتایی ھێنان لە ناکۆکی نێوان گەلان مەسەلەی مافی دیاریکردنی چارەنووس رێگایەکی دروستە، پێویستە کۆمەڵی گەلان ھاوکاری بەدیھێنانی ئەو مافە بێ. کەواتە پێویستە ھەم نەتەوە یەکگرتوەکان ھەم عیراقیش وەک ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان ھاوکارو یارمەتیدەری کوردستان بن لە دیاریکردنی چارەنووس بەپێی ئەم پەیمانە.

ئەمە جگە لە ھەردوو عەھدە نێودەوڵەتیەکەی ساڵی ۱۹٦٦ تایبەت بەمافە سیاسی و مەدەنیەکان، مافی چارەنووسی گەلانی وەک مافێکی چەسپاو ناساندوە.

سێیەم: بەپشت بەستن بە مادە (٥٥) لەھەمان پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی چارەنووسی گەلان لەسێ بڕگەدا بەرپرسیارێتی خستۆتە سەر ئەندامانی و خودی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بەدیھێنانی ئۆقرەیی و پابەندبوون و رێزگرتن لە پرەنسیپە چەسپاوەکانی ئەم پەیماننامەیە. ئەمەش لایەنێکی تری حەقی دیاریکردنی چارەنووسی کوردستانە لە ناو وڵاتێکدا کە رێز لەو بنەمایانە ناگرێ و پێشێلیان دەکات.

چوارەم: دەستوری عێراق پەیمانی نێوان کوردستان و بەغدابوو بە پلەی یەکەم وەک لە دیباجەکەیدا ھاتووە بەڵام پرسیاری جەوھەری ئەوەیە دوای سیانزە ساڵ نەک پابەندیە دەستوریەکان لەلایەن عیراقەوە جێبەجێ نەکرا، بەڵکو بەپێچەوانەی حوکمەکانی دەستوور مامەڵە لەگەڵ مافی گەلی کورد دا کرا. لەوانە گەڕانەوەی خاکی زەوتکراو بەپێی میکانیزمێکی دەستوریی و بە چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکان ئەویش مادەی ۱٤٠ کە دوا وادە ۳۱/۱۲/۲٠٠۷ بوو بۆ جێبەجێکردنی ھەرسێ قۆناغە دیاریکراوەکە، بەڵام بەئێستاشەوە قۆناغی یەکەمیش جێبەجێ نەکراوە. ئەم خاڵە وەک نمونەیەکی روونی دەستوری لە چەندان پێشێلکاریی دەستوری تر.

پێنجەم: لەدەستوری ھەمیشەیی عیراقدا باسی مافی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەکراوە ھەر مافێک بە حەسری دیارینەکرابێ لە دەسەڵاتەکانی ئیتحاتیدا ئەوا حەق دەدرێ بەھەرێم ئەمەش مافێکی دەستوریە بۆ ھەرێم لە راپرسی و جاڕدانی سەربەخۆیی.

شەشەم: باڵادەستی بۆ یاسای نێودەوڵەتیە لە بەدیھێنانی چارەنووسدا نەک دەستوری نیشتمانی، ھەرچەندە دەستوری وڵاتانی سەردەستی ناوچەکە خۆی باش نەگونجاندوە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتیەکاندا وەک چۆن لەدەستووری زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپی یاسای نێودەوڵەتی ئیعتباری لەسەرووی یاسای نیشتمانیەوە دانراوە، بەڵام لەدەستوری عیراقدا ئەمە نەچەسپیوە.

حەوتەم: ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەزگایەکە سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەگەر عیراق لە رێگەی ئەم دەزگایەوە کار لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی عیراق دەکات ئەوا دەبێ پێشتر بزانرێ کە پێویستە ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر بنەمای میساقی نەتەوەیەکگرتوەکان کار بکات نەک پێچەوانەکەی. چونکە کەرامەتی مرۆڤ و مافی گەلان لە دابەشبوون و نەبوونی خاک گرنگترە، ئەگینا ئەو ھەموو گۆڕانکاریانەی لەنەخشەی وڵاتان و دروستبوونی دەوڵەتی نوێدا روودەدەن لەسەر چ بنەمایەکن.

ھەشتەم: بۆ ئەوەی کورد بچێتە ناو مێژووەوەو ببێتە ئەندام لە کۆمەڵی نەتەوەکانی جیھان و ناسنامەی سەربەخۆی خۆی ھەبێ و دیوارێکی قانوونی نێودەوڵەتی دروستبکا بۆ رێگرتن لە جینۆسایدی ترو لەناوبردنی ترو ھەوڵی سڕینەوەی تر کە عیراق یەکێکە لەمەترسیەکانی ئەنجامدانی تاوانی جینۆسایدی تر پێویستە کاری نیشتمانی بۆ سەربەخۆیی بکرێ و ئێستا درەنگیشە.

نۆیەم: لە کۆنەستی گەلی کوردستاندا عیراق و عیراقی بوون مانایەکی تاڵ و کارەساتباری ھەیە، عیراق چیتر وڵاتی پێکەوە ژیان نییەو نەبووە، بەتایبەتی دوای تاقیکردنەوەی ھاوبەشی لە حوکمڕانی لەسەربنەمای دەستوور. لەماوەی سەد ساڵدا حکومەتی ئینتداب و مەلەکی و کۆماریی بەھەموو فۆرمەکانیەوە تاقیکرایەوە رژێمێکیان نەبوو مافی گەلی کوردستان بدات. بۆیە پێویستە کورد خۆی بڕیاری بەدەستھێنانی مافی چارەنووس بدات و ئەو مافە بسەنێت.

دەیەم: بنەماکانی دەوڵەت لە کوردستاندا لە خاک و گەل و دەسەڵاتی سیاسی سیماکانی سنورو ئاڵاو ھێزدا ھەن. مەرجی مسۆگەرکردنی ھەموو ئەو دە خاڵانەی پشتیوانمانن، کوشتی دەردە مێژوویەکەی کوردە ( بێ ئیتفاقی) لەبەرامبەردا یەک ھەنگاو بەھێزترین خاڵی بەدیھێنانی چارەنووس (یەکڕیزیی نیشتمانییە).

دەیان ساڵە ئەو یاساو پرەنسیپە نێودەوڵەتیانە ھەن، عیراق ھەر یەک عەقڵیەتی جارانە بەفۆرمێکی تر، کەواتە ئەوەی دەبێ بگۆڕدرێ بۆ بەدیھێنانی دەوڵەتی کوردستان خۆمانین. یەک ھەنگاو لەپێناو بەجێھێنانی ئەو دە خاڵەدا

بابەتی دواتر

received_1635434459811904

لەپێکدادانی ئاییندەی ناوچەکەدا کێ دەدۆڕێ؟

کامیل مەحمود باس و بابەتی ئەگەری پێکدادانێکی گەورە لەناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بووەتە مانشێتی میدیاکان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *