breaking news basknet

حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی بەغدا دەداتەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بریارەكانی پەرلەمانی عیراق سزادانی بە كۆمەڵی گەلی كوردستانە و نادەستووری و نایاسایین و ڕێك ڕەنگدانەوەی ئەو بیركردنەوە و ئەو عەقڵیەتەن كە لە بنەمادا هەرێمی كوردستان مەترسی و كێشەی لەگەڵ ئەو بیركردنەوە و عەقڵیەتەدا هەیە .

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاند، ئەم بڕیارانەی ئەنجومەنی نوێنەران بوونەتە هۆكاری لەكارخستن و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو بابەتانە لە دەرەوەی دەسەڵاتە فیدراڵییەكانی هاتوو لە ماددەی (110)ی دەستوورن.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە :

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەمە 29/9/2017 بە سەرۆكایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و بە ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
ئەنجومەنی وەزیران دەستخۆشی و پیرۆزباییی سەركەوتنی ڕیفراندۆمی لە گەلی كوردستان كرد كە لە پرۆسەیەكی دیموكراسیی و مەدەنیدا خواستی خۆی بۆ جیهان نیشان دا و پرۆسەكەش‌ لەگەڵ دەستووری عیراق و یاسا نێودەوڵەتییەكان و جاڕی گەردوونیی مافەكانی مرۆڤدا كۆكە. دووپاتیشی كردەوە كە بۆ قۆناغی داهاتوو و چارەسەركردنی هەموو كێشەكان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی دانوستان و گفتوگۆیه.
ئەنجومەنی وەزیران وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكەی دڵینا كردەوە كە ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی هیچ وڵاتێك هەڕەشە نییە و وەك چۆن لە زیاتر لە بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا سەلماندوویەتی كە گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە مایەی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە بووە، بۆ هەمیشەش هەروا دەمێنێتەوە، پابەندیی خۆیشی بە بەردەوامیی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و جیهان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەكتری و بەرژوەندیی هاوبەش دووپات كردەوە.
ئەنجومەنی وەزیران تەواوی ئەو بڕیارانەی ڕەت كردەوە كە دوێنێ لە لایەن پەرلەمان و حكوومەتی عیراقەوە دژ بە هەرێمی كوردستان دەرچوون و ئەو بڕیاریانەی بە سزادانی بەكۆمەڵی گەلی كوردستان لە قەڵەم دا، دووپاتیشی كردەوە كە بڕیارەكان نادەستووری و نایاسایین و ڕێك ڕەنگدانەوەی ئەو بیركردنەوە و ئەو عەقڵیەتەن كە لە بنەمادا هەرێمی كوردستان مەترسی وكێشەی لەگەڵ ئەو بیركردنەوە و عەقڵیەتەدا هەیە و به هیچ شێوەیەك شەراكەتی قبووڵ نەكردووە و ئامادە نەبووە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بدات. وێڕای ئەوەش ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە لەگەڵ عیراق بكەوێتە دانوستان و گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. لە هەمان كاتدا ئەنجومەنی جەختی لەوە كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكاری یاسایی بۆ تانەدان لە نادەستووری و نایاساییبوونی ئەو بڕیارانە دەگرێتە بەر.
دەربارەی بڕیاری داخستنی جووڵەی فڕۆكەوانی بەسەر هەرێمی كوردستاندا و قەدەغەكردنی گەشتی فڕۆكەوانی لە فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان‌، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە كە ئەو بڕیارە بە تەواوی نایاسایی و نادەستوورییە و پێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەكان و پەیمانی شیكاگۆی نێودەوڵەتیی فڕۆكەوانیشە كە بە هیچ شێوەیەك نابێت فڕۆكەخانەكان لە كێشە سیاسییەكاندا بۆ ستەملێكردن و ڕێگەگرتن لە گەشتی هاووڵاتیان بەكار بهێنرێن.
بۆ ئەم مەبەستە ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاسپارد كە لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی بەغدا بكەوێتە گفتوكۆ، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش كار بكرێت بۆ ئەوەی نایاساییبوون و نادەستووریبونی ئەو بڕیارە چ بەپێی یاساكان و دەستووری عیراق و چ بەپێی ڕێككەوتن و یاسا نێودەوڵەتییەكان ڕوون بكرێتەوە و ڕیكاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتە بەر.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە كردەوە وێڕای دۆخی دارایی و ئابووریی سەختی هەرێمی كوردستان، وەك هەمیشە هەموو كۆمەك و هاوكاریكردنێكی بۆ پەنابەران و ئاوارەكانی ناوخۆی عیراق بەردەوام دەبێت و ئەم بڕیارە ناڕەوایانەی پەرلەمان و حكوومەتی عیراقیش هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر مامەڵەی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پەنابەران و ئاوارەكاندا نابێت.

هاوپێچ دەقی سەرەنج و تێبینییە یاساییەكان لەسەر بڕیارەكانی پەر‌لەمان و حكوومەتی عیراق:
أ- سەبارەت بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ لە كۆبوونەوەی ژمارە (23)ی ڕێكەوتی 27/9/2017 كە تایبەت بوو بە كاردانەوەی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ناو هەرێم و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەم ڕاگەیاندراوەدا هەڵوێستی خۆی بەم شێوەیە خستەڕوو:
سەرەتا لەبەر ڕۆشنایی بڕگەی (دووەم) لە ماددەی (121) لە دەستووری عێراقی فیدراڵ، بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران شایەنی جێبەجێكردن نین لە هەرێمی كوردستان بە ڕەهایی تاوەكو لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری جێبەجێكردنیان پێ دەردەچێت و لە دوای جێبەجێكردنی دەستووری نوێی عێراقیشەوە ئەمە بووە بە نەریتێكی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە پەرلەمانی كوردستان دەكات كە بە زووترین كات بڕیاری یەكلاییكەرەوە لەسەر ئەم بڕیارانە بدات كە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە ناڕەوا و نادەستوورییانەی دەزانێت وەك لەم خاڵانەی خوارەوەدا ڕوونی دەكەینەوە:
1. ئەوەی لە پێشەكی و بڕگەی (1)ی بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەراندا هاتووە بە تەواوی پێچەوانەی بنەمای دیموكراتییە كە لە ماددەی (1)ی دەستوور چەسپێنراوە وەك بنچینەی دامەزراندنی حكوومەتی فیدراڵی، ڕیفراندۆمیش جێبەجێكردنێكی فیعلیی بنەمای دیموكراتییە، لەسەر ئەو بنەمایەی ئیرادەی گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەكانە، سەرەڕای ئەوەی كە لە بڕگەی (1) لە ماددەی (38) لە دەستووردا هاتووە مافی ڕادەربڕین چەسپێندراوە و ڕیفراندۆمیش ئامرازێكە بۆ زانینی ڕای هاووڵاتییان و هیچ دەقێكی یاساییش نییە لە دەستوور كە ڕێگر بێت لە پیادەكردنی ئەم مافەدا، چ جای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق مافی پیادەكردنی ڕیفراندۆم لەلایەن هاووڵاتیانی كوردستانەوە بە تاوان لەقەڵەم بدات و داوای بەدواداچوونی قەزایی بكات بۆ ئەوانەی لە پرۆسەكەدا بەشدار بوون.
2. ئەنجومەنی نوێنەران ناڕەوایی لە پیادەكردنی دەسەڵاتەكانیدا كردووە وەك كاردانەوەی نەرێنی و سزادانی بەكۆمەڵی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و زێدەڕۆییشی كردووە لە دەركردنی ئەو بڕیارانە كە ئەركی ئەو نین.
3. سەبارەت بە پابەندكردنی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بۆ بڵاوەپێكردنی هێزە فیدراڵییەكان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، پێچەوانەی بڕگەی (1) لە ماددەی (9)ی دەستوورە كە ناكرێت هێزە چەكدارەكانی عێراق و هێزەكانی ئاسایش بەكار بهێنرێن دژی پێكهاتەكانی گەلی عێراق.
4. ئەم بڕیارانەی ئەنجومەنی نوێنەران بوونەتە هۆكاری لەكارخستن و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو بابەتانە لە دەرەوەی دەسەڵاتە فیدراڵییەكانی هاتوو لە ماددەی (110)ی دەستوورن. بەپێی بڕگەی (4)یش لە ماددەی (26)ی دەستوور، دەسەڵاتی فیدراڵی بۆی نییە هیچ كام لە دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان كەم بكاتەوە.
5. بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزاریی ئەنجومەنی ئاسایشی عێراقی فیدراڵ كە لە بڕگەی (3)ی بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی پێدراوە، هیچ پابەندییەكیان نییە لەسەر هەرێمی كوردستان و لە دەرەوەی دەسەڵاتە ڕەهاكانی حكوومەتی فیدراڵییە، لە هەمان كاتیشدا هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای خۆی ژمارە (4) ساڵی 2011 خاوەنی ئەنجومەنی ئاسایشی خۆیەتی‌.
6. بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییەكان لە دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵی نییە و بە هیچ جۆرێك لە ماددەی (110)ی دەستووردا ئاماژەی پێنەدراوە و بەپێی ماددەی (115) لە دەستوور هەر بابەتێك كە لە چوارچێوەی دەسەڵاتە ڕەهاكانی حكومەتی فیدراڵییدا نەهاتبێت، دەسەڵاتی هەرێمەكانە.
7. سەبارەت بە كێڵگە نەوتییەكان كە دەكەوێتە چوارچێوەی سیاسەتی نەوت و گاز، ئەویش لە ماددەی (110)ی دەستووری عێراقی فیدراڵدا نەهاتووە بەڵكو لە چوارچێوەی ماددەی (112)دا چارەسەر كراوە، بۆیە ئەمەش دەسەڵاتی ڕەهای حكوومەتی فیدراڵی نییە.
8. سەبارەت بە داخستنی نوێنەرایەتی و نووسینگە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان، مافێكی بەدەستهاتووە بۆ هەرێمی كوردستان و هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی كردنەوەی ئەو نوێنەرایەتی و نووسینگە نێودەوڵەتییانە بەبێ ئەوەی هەرێمی كوردستان كەموكوڕی هەبووبێت لە پێوەر و ڕێنماییەكانی كاركردنی ئەم نوێنەرایەتی و نووسینگانە بە ناڕەواییكردن لە دەسەڵاتدا ئەژمار دەكرێت، سەرەڕای ئەوەی كە ئەم بابەتە دەكەوێتە چوارچێوەی یاسای گشتیی نێودەوڵەتی و بەپێی ڕێككەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسی و كونسلگەرییەكانی ساڵی 1963، كاری كونسول و دیپلۆماتكاران ڕێكخراوە.

ب- سەبارەت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی عێراقی فیدراڵی لە بەغدا لە كۆبوونەوەی ئاسایی لە ڕێكەوتی 26/9/2017 تایبەت بە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی و بابەتی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی عێراقی فیدراڵی بە نایاسایی و نەگونجاو دەزانێت پشتبەست بەم خاڵانەی خوارەوە:
1. لە پێشەكی بڕیارەكەدا ئەنجومەنی وەزیران پشتی بەستووە بە بڕگەكانی (یەكەم) و (دووەم) و (سێیەم) لە ماددەی (110) لە دەستووری عێراقی فیدراڵ كە هیچ كام لەم بڕگانە دەسەڵاتی لەو شێوەیەی بە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی نەداوە، بەڵكو ئەو بڕگانە باس لە دانان و داڕشتنی سیاسەت دەكات، نەك پێدانی دەسەڵات و داخستنی دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەی مەدەنی و جێگرتنەوەی فەرمانبەر و كارمەندی دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ بەڕێوەبردنیان لە بری هەرێمی كوردستان.
2. بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان لە هەرێمی كوردستان پشتی بە یاسای دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی ژمارە (148)ی ساڵی 1974 بەستووە كە یاسایەكی مەركەزیی سەردەمی ڕژێمی بەعسە و لەگەڵ بنەماكانی دەوڵەتی فیدراڵی هاتوو لە دەستووری عێراقی فیدراڵدا ناگونجێت، كە ئەمەش پێچەوانەی حوكمی ماددەی (13)ە لە دەستوور كە تیایدا هاتووە كار بە هیچ دەقێكی یاسایی ناكرێت كە دژ بە ئەحكامەكانی دەستوور بێت، سەرەڕای ئەوەش هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی لە سەرەتای دەستبەكاربوونیانەوە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی فیدراڵی بوون بە جۆرێك هاوشێوەی فڕۆكەخانەكانی دیكەی عیراق هەمان ڕێنمایی و مەرج و پێوەرە تەكنیكی و یاساییەكانی كارپێكراوی ئەو دەسەڵاتەی جێبەجێ كردووە، بەردەوامیش تیمەكانی چاودێری و سەرپەرشتیی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی فیدراڵی سەردانی دەورییان كردووە بۆ دڵنیابوون لە هەبوونی ئەو مەرج و پێوەر و پێداویستییانە بە شاهێدیی بەڕێز وەزیری گواستنەوەی عێراقی فیدراڵ دڵنیایی دراوە كە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی پابەندی مەرج و پێوەرەكانی دەسەڵاتی ناوبراون.
بەم شێوەیە، فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان هیچ ڕێكارێكی نایاساییان ئەنجام نەداوە تاوەكو ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی فیدراڵ ناچار بكات بڕیاری لەم شێوەیە دەربكات بۆ ڕاگراتنی گەشتە ئاسمانییەكانیان. ئەمە وێڕای ئەوەی كە هەرێمی كوردستان خاوەنی یاسای دەزگای فڕۆكەخانەكانی شارستانیی هەرێمی كوردستان ژمارە 18)ی ساڵی 2008ـە، بەپێی ماددەی (121)ی دەستووریش لە كاتی هەبوونی ناكۆكی، كار بە یاساكانی هەرێم دەكرێت.
3. یاسای (فڕۆكەوانیی مەدەنیی فیدراڵی) كە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بۆ ڕاگرتنی گەشتەكانی فڕۆكاخانەكانی هەرێم پێشتی پێ بەستووە، لە ماددەی (3)یدا هاتووە كە بەڵگەنامە و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە فڕۆكەوانیی مەدەنی بەشێكی دانەبڕاون لە یاساكە و حكوومەتی فیدراڵی پابەندە بە جێبەجێكردنیان بە تایبەتیش (ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتیی شیكاگۆ بۆ فڕۆكەوانیی نێودەوڵەتیی ساڵی 1944) كە (54) پەنجا و چوار دەوڵەت ئەندامن تیایدا و بە ئاشكرا لە ماددەی (4)ی ئەم ڕێككەوتننامەیەدا هاتووە كە نابێت فڕۆكەخانە مەدەنییەكان بۆ مەبەستی نەخوازراو بەكاربهێنن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە بەپێی ماددەی (13) لە جاڕنامەی جیهانیی بۆ مافەكانی مرۆڤ و ماددەی (12) لە ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافی مەدەنی و سیاسی، مافی گەشتكردن بۆ هەموو كەس پارێزراوە و نابێ كۆتی بخرێتە سەر.
4. سەبارەت بە یاسای (قانون هیئە المنافژ الحدودیە) ژمارە (30)ی ساڵی 2016، ئەم یاسایە بەركار نییە لە هەرێمی كوردستان تاوەكو بڕیاری ئینفازكردنی پێدەرنەچێت لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، لەبەر ڕۆشنایی بڕگەی (2) لە ماددەی (121) لە دەستووری عێراقی،و بە تایبەتیش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ بنەمای زۆرینەی پەرلەمانی بەكارهێنا بۆ تێپەڕكردنی ئەم یاسایە و جێبەجێكردنی ئەم یاسایەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێم چونكە ئەنجومەنی ئەم دەستەیە زۆرینەی لە نوێنەری وەزارەتە فیدراڵییەكانە.
5. ڕاستە كە كردنەوەی دەروازەی سنووری و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی پێویستی بە ڕەزامەندیی حكوومەتی فیدراڵی هەیە چونكە لایەنی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەمە بەم مانایە نییە كە بەكارخستن و بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكان بە تەنها لە دەسەڵاتی فیدراڵی بێت.

بابەتی دواتر

kobunawa1

توركمانەكانی كەركوك شەڕ لەسەر پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن دەكەن

وتەبێژی حەشدی توركمانی ئاشكرایدەكات، ئێمە وەكو كوتلەی توركمانی داوای پارێزگاری كەركوك دەكەین. عەلی حوسێنی وتەبێژی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *