67657567

پانۆڕامای باشووری كوردستان لە شەڕی جیهانی یەكەمەوە تاكو ئێستا

سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی
لە ساڵی 1918 روخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و دەستبەسەرداگرتنی ویلایەتی موسڵ لەلایەن بەریتانیاوە، بەم شێوەیە بەشێكی زۆری ناوچە كوردنشینەكان لەلایەن بەریتانیاوە بەڕێوەدەبرا.

لە ساڵی 1919 ناوچەی موسڵ بووە بەشێك لە دەوڵەتە تازە دروستكراوەكەی عێراق كە لەژێر هەیمەنەی بەریتانیا بەڕێوەدەبرا.

لە ساڵی 1920پەیمانی سورك كە دەوڵەتە شكستخواردووەكەی عوسمانی واژووی كرد، دروستكردنی وڵاتێكی كوردی بە مەرجی رازیبوونی نەتەوە یەكگرتووەكان (كە دواتر پشتگوێ خرا لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە) ئەمەش پێشبینی كراو بوو، بەشێوەیەك كە بەڵێن بە كوردەكانی ویلایەتی موسڵ درابوو لە ئایندەدا دەخرێنەسەر كوردستانێكی سەربەخۆ.

لە ساڵی 1921 ئەمیر فەیسەڵ وەك پاشای عێراق چووە سەر تەختی پاشایەتی.

لە ساڵی 1923 شێخ مەحمودی حەفید لەبەرانبەر دەسەڵاتداری بەریتانیا وەستایەوە و هەستا بە دروستكردنی سیستەمی پاشایەتی لە باكوری عێراق.

لەساڵی 1923 وڵاتێكی كۆماری نوێ لە توركیا بە سەرۆكایەتی كەمال ئەتاتورك راگەیەنراو بەو بۆنەیەوە پەیمانی لیسبون رەزامەندی نێو دەوڵەتی وەرگرت.

لەساڵی 1924 سلێمانی لەدەست هەژموونی هێزەكانی بەریتانیا خۆی رزگار كرد.

لەساڵی 1932 كوردەكانی ناوچەی بارزان لەبەرانبەر دەسەڵاتی عێراق وەستانەوە لەكاتێكدا لە كۆمەڵەی نەتەوەكان قبوڵ كران و ئەوانیش خۆبەڕێوەبەرێتیان بە كورد رەوا نەبینی.

لەساڵی 1943 مەلا موستەفای بارزانی رابەرایەتی جوڵانەوەیەكیتری كرد ناوچەیەكی فراوانی هەولێر و بادینانی كۆنتڕۆڵ كرد.

لەساڵی 1946 فڕۆكەكانی بەریتانیا هەستان بە بۆردومانكردنی كوردەكانی باشوورو دواتر ئەوانیش گەیشتنە رۆژهەڵاتی كوردستان‌و لەگەڵ قازی محەمەد رێككەوتن‌و كۆماری كوردستانیان لە شاری مەهاباد راگەیاند.

لەساڵی 1946 پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەمین كۆنگرەی خۆی لە شاری مەهاباد بەڕێوەبرد.
(كۆماری مەهاباد) بە سەرۆكایەتی قازی محەمەد لەلایەن هێزەكانی حكومەتی ئێرانەوە لەناو براو قازی لەسێدارە دراو بارزانیش رووی لە روسیا كرد.

لەساڵَی 1951 ژمارەیەك گەنجی نوێی كورد پارتی دیموكراتی كوردستانیان زیندوو كردەوەو مەلا موستەفای بارزانیان وەك سەرۆكی حزبەكە دەستنیشان كرد.

لەساڵی 1958 ئۆپۆزسیۆنە كوردەكانی عێراق كە چەندین ساڵ بوو بە نهێنی شۆڕشیان دەكرد، دوای كۆتاییهاتنی رژێمی پاشایەتی عێراق‌و رێكخستنەوەی ئەو حكومەتە لە یاسای بنەڕەتی عێراقدا كوردەكانی بە رەسمی ناساندو بارزانیش لە روسیا گەڕایەوە عێراق.

لە ساڵی 1960 پەیوەندییەكان نێوان حكومەتی عێراق‌و كوردەكان ئاڵۆزی تێكەوت‌و پارتی دیموكراتی كوردستان ناڕەزایەتی لە زۆربونی فشارەكان بۆ سەر كورد دەربڕی.

لە ساڵی 1960 لەبەرانبەر جوڵانەوەی كوردان لە باكوری عێراق، حكومەتی عێراق پارتی دیموكراتی كوردستانی بە نایاسایی ناساندو هێرشی كردە سەریان.

لە ساڵی 1961 و لە یازدەی مانگی ئەیلوولدا شۆڕشی ئەیلول لە باشووری كوردستان بەرپاكرا.
خۆبەڕێوەبەرێتی
لە مانگی ئاداری 1970 حكومەتی عێراق و حزبە كوردستانییەكان رێككەوتن لەسەر خۆبەڕێوەبەرێتی كوردانی باشووری كوردستان‌و رێككەوتنەكەش زمانی كوردی وەك زمانێكی فەرمی وڵات ناساندو لە یاساكانی عێراقدا بەم شێوەیە نوسرابووەوە “گەلی عێراق لە دوو نەتەوە پێك دێت، نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی كورد”.

لە ساڵی 1971 پەیوەندییەكانی نێوان كوردو حكومەتی عێراقی تێكچوو و مەلا موستەفای بارزانی داوای هاوكاری‌و یارمەتی لە ئەمریكا كرد.

لەساڵی 1974 حكومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر خۆبەڕێوەبەرێتی كوردەكان دایە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و دوو هەفتە مۆڵەتی پێدان كە وەڵامیان بداتەوەو لە نوسراوەكەدا ئەوە هاتووە كە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە بەڕێوە دەبرێن، بەڵام بارزانی ئەو پێشنیارەی رەت كردەوە.

لەساڵی 1975 ئێران لە جەزائیر رێكەوتنێكی لەگەڵ عێراق واژو كردو شۆڕشی كوردەكانی كۆتایی پێهێنا، ئەمەش وایكرد شكست بە شۆڕشەكەی بارزانی بێت‌و لە چالاكییە سیاسییەكان كەنارگیر بكرێت.

لە ساڵی 1975 جەلال تاڵەبانی كە یەكێك بوو لە سەركردەكانی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیمەشق یەكێتی نیشتمانی كوردستانی راگەیاند.

لە ساڵی 1976 شۆڕشی نوێی باشووری كوردستان لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بەرپاكرا.
لە ساڵی 1978 پێكدادان لەنێوان هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان روویدا و ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی هەردوو لا كوژران‌و بریندار بوون، دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان شۆڕشی گوڵانی لە دوای شكستی شۆڕشی ئەیلول دەستپێكردەوە.

لە ساڵی 1979 مەلا موستەفای بارزانی كۆچی دوایی كردو مەسعود بارزانی كوڕی بووە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان.

رۆڵی ئێران
لە ساڵی 1980 شەڕی نێوان عێراق و ئێران دەستی پێكرد، هێزەكانی پارتی نزیكییەكیان لەگەڵ ئێران هەبوو، بەڵام هێزەكانی یەكێتی زۆر بە توندی هاوكارییەكانی ئێرانیان رەتكردەوەو دژیان بوون.

لە ساڵی 1983ئێران رەوتێكی نوێی لە باكوری عێراق و ناوچە كوردنیشنەكان دروست كرد، هێزەكانی پارتی بە پشتیوانی هێزەكانی ئێران دەستیان گرت بەسەر ناوچەی حاجی ئومەرانداو رێكخراوی بەرگری لە مافەكانی مرۆڤیش لەو بارەوە دەڵێت، لەبەرانبەر هەڵوێستەكەی پارتی هێزەكانی عێراق لە ناوچەی بارزان 8 هەزار هاووڵاتی سڤیلی ناوچەكەیان شەهید كرد.

لە ساڵی 1983 یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و حكومەتی عێراق لەسەر ئاگربەست رێكەوتن و رێكەوتنێكیان لەسەر خۆبەڕێوەبەرێتی كوردستان كرد.

لە ساڵی 1985 بەهۆی كاریگەری فشارەكانی هێزەكانی عێراق ئاگربەستەكە شكێنراو هێزەكانی عێراق برایەك و دوو برازای جەلال تاڵەبانیان كوشت.

لە ساڵی 1986 حكومەتی ئێران دەستی كرد بە ئاشتكردنەوەی یەكێتی‌و پارتی‌و دواتر هەردوو حزبەكە لەلایەن ئێرانەوە پارێزگارییان لێدەكرا.

لە ساڵی 1987 جەلال تاڵەبانی‌و مەسعود بارزانی لەگەڵ چەند حزبێكیتر بەرەی كوردستانیان دروست كرد.

1988 لە كۆتاییەكانی شەڕی نێوان عێراق‌و ئێراندا، هێزەكانی عێراق (كردەی ئەنفالیان) لەبەرانبەر كوردەكان دەست پێكردو حكومەتی عێراق بۆ شكستپێهێنانی بەرگری كوردەكان دەیان هەزار هاووڵاتی سڤیل‌و پێشمەرگەی كوردی شەهید كردو سەدان هەزار كەسیشی ناچار بە هەڵهاتن كرد.

لە 16ی ئاداری 1988 هەزاران هاووڵاتی سڤیلی كوردستان لە شاری هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە كیمیاباران كران‌و رێكخراوی مافەكانی مرۆڤ و حزبە كوردییەكان حكومەتی عێراقییان بەو هێرشە تۆمەتبار كرد.

هەر لە مانگی ئاداری 1991 لەكاتێكدا هێزەكانی هاوپەیمانان عێراقیان لە كوەیت راوەدوونا، هاووڵاتییە چەكدارەكان كە بەرگریان لە حكومەتی عێراق دەكرد(جاش) هاتنە نێو ریزەكانی پارتی‌و یەكێتی، بەڵام شۆڕشەكەی ئەوان بە ناتەواوی مایەوەو هێزەكانی ئەمریكا رازی نەبوون پارێزگاری لە كوردەكان بكەن‌و بەو بۆنەیەوە زیاتر لە ملیۆن‌و نیوێك هاووڵاتی كورد ئاوارە بوون‌و لەو كاتەشدا حكومەتی توركیا سنورەكانی خۆی لەبەرانبەریان داخست‌و بە سەدان هەزار كەس ناچار بوون لە شاخەكانی كوردستان خۆیان حەشار بدەن.

پەناگەیەكی ئەمن و ئاسایش
لە مانگی نیسانی ساڵی 1991 هێزە هاوپەمانەكانی ئەمریكا ناوچەیەكی ئەمنیان بۆ كوردەكانی باشوور دروست كرد‌و رێكخراوە كۆمەكدۆستەكان هاوكارییەكانی خۆیان گەیاندە پەنابەرە كوردەكان، لەو كاتەشدا تاڵەبانی‌و بارزانی بۆ خۆبەڕێوەبەرێتی كوردستان دەستیان بە گفتوگۆ كرد لەگەڵ سەدام حسێن.

لە مانگی تەموزی ساڵی 1991 لەكاتێكدا گفتوگۆكانی نێوان كوردو بەغدا بەردەوام بوو، بەڵام بەپێچەوانەی دەستوور، هێزەكانی عێَراق‌و هێزەكانی پێشەرگە دەستیان بەسەر شارەكانی هەولێرو سلێمانیدا گرت.

لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 1991 شەڕ لەنێوان هێزەكانی عێراق‌و كوردەكان دەستی پێكردو سەدام حسێن رێگاكانی كوردستانی داخست‌و ناوچەكەی گەمارۆدا.

لە مانگی ئایاری ساڵی 1992 هەڵبژاردن لە ناوچە ئازادكراوەكانی كوردستان دەستی پێكردو كاندیدەكانی پارتی نزیكەی 51% یان بردەوەو كاندیدەكانی یەكێتـیش 49%ی بردەوەو لە مانگی ئەیلولی هەمان ساڵ كۆنگرەی نەتەوەی عێراق كە لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی عێراق پێكهاتبوو بەشداریان كردو لە سەلاحەدین‌و لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی كوردەكان كۆبونەوەكە ئەنجام دراو نوێنەرانی یەكێتی‌و پارتی لەم كۆبونەوەیەدا بەشدارییان كرد.

لە مانگی ئایاری ساڵی 1994 پێكدادان لەنێوان هێزەكانی پارتی‌و یەكێتی دروست بوو، شەڕی ناوخۆ لە باشووری كوردستان دەستی پێكردو یەكێتی شارەكانی شەقڵاوەو چەمچەماڵی لە پارتی كۆنتڕۆڵ كرد.

لە مانگی ئایاری ساڵی 1996 رێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبەرانبەر بڕیاری نەوت بەرانبەر بە خۆراك لەگەڵ حكومەتی عێراق گەیشتنە ئەنجام‌و 13%ی داهاتی نەوت وەك پشك بداتە باكوری عێراق كە لەژێر دەستی كوردەكاندا بەڕێوە دەبرا.

لە مانگی ئابی ساڵی 1996 مەسعود بارزانی داوای لە سەدام حسێن كرد هاوكاری بكات تاكو شكست بە یەكێتی بهێنێت.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1996 هێزەكانی پارتی بە هاوكاری هێزەكانی سەدام حسێن شارەكانی هەولێرو سلێمانی كە بنكەی سەرەكی یەكێتی بوو كۆنتڕۆڵ كرد و پەرلەمان كەوتەوە كار لە هەولێر‌و حكومەتێكی نوێش بە سەرۆكایەتی پارتی راگەیاندرا.

لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 1996 هێزەكانی یەكێتی شاری سلێمانیان كۆنتڕۆڵ كردەوە.

لە ساڵی 1997 یەكێتی نیشتمانی كوردستان حكومەتێكی نوێی لە سلێمانی راگەیاندو لەگەڵ پارتی هەر یەكەیان بەشێك لە هەرێمی كوردستانیان بەڕێوەدەبرد.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1998 جەلال تاڵەبانی‌و مەسعود بارزانی لە واشنتۆن رێكەوتنامەیەكیان واژوو كرد، بەڵام هەرێمی كوردستان نەبووە یەكپارچە.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2000 یەكێتی نیشتمانی لە نامەیەكیدا بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان حكومەتی عێراقی بە دەركردنی خێزانە كوردەكان لە كەركوك تۆمەتبار كرد.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2001 پێكدادان لەنێوان هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و جوندولئیسلام كە دواتر ناوی گۆڕا بۆ ئەنسارولئیسلام روویدا.

جموجوڵەكان بەرووی یەكگرتن
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2002 بەرپرسانی یەكێتی‌و پارتی بەشداریان لە گفتوگۆكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق كردو ئامانجی گفتوگۆكانیش هەماهەنگی بوو لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا بۆ هێرشكردنەسەر عێراق.

لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2002 كۆبونەوەی هاوبەش لە پەرلەمانی كوردستان لە هەولێر ئەنجام دراو نوێنەرانی پارتی‌و یەكێتی رێكەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێ.

لە ساڵی 2003 كۆڵن پاوەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، گروپی ئەنسارولئیسلامی تۆمەتبار كرد بەوەی پەیوەندی‌و نێوەندگیری نێوان ئوسامە بن لادن‌و حكومەتی عێراق دەكەن.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2003 كوردەكان ناڕازی بوون لەوەی سەربازە توركەكان بەشداری دەستگیركردنی سەدام حسێن بكەن‌و بێنە خاكی عێراقەوەو بەو بۆنەیەشەوە خۆپیشاندان لە شارەكانی هەرێم دەستی پێكرد، هەر هەمان مانگ توركیاش رێگری كرد لەوەی سەربازە ئەمریكییەكان لە خاكەكەی بمێننەوە، لەبەرئەوە دانانی هێزێك بۆ دژایەتیكردنی سەدام حسێن لە باكوری عێراق بە بێ ئەنجام مایەوە.

هێرشی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمریكا بۆ عێراق
لە 20 ئاداری ساڵی 2003 هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا هێرشیان بۆسەر عێراق دەستپێكردو شارەكانی عێراقیان بۆمباران كردو شارەكانی موسڵ‌و كەركوكی نزیك لە كوردەكان بە توندی بۆمباران كران.

لە 22ی هەمان مانگ هێزەكانی هاوپەیمانان بە موشەكی كرۆز هێرشیان كردەسەر پێگەكانی ئەنسارولئیسلام‌و یەكێك لە موشەكەكانیش بەر مەكتەبی عەسكەری كۆمەڵی ئیسلامی كەوت كە هیچ پەیوەندییەكان بە ئەنسارەوە نەبوو و بە دەیان كوژراو برینداری لێكەوتەوە.

لە 9ی نیسانی ساڵی 2003 هێزەكانی ئەمریكا چوونە نێو شاری بەغدادەوەو سەدام كۆنتڕۆڵی پایتەختی لەدەستداو هێزە كوردییەكان‌و سەربازەكانی ئەمریكاش شاری موسڵ‌و كەركوكیان بەڕێوەدەبرد.

لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ ئەنجومەنی كاتی بۆ بەڕێوەبردنی عێراق یەكەمین دانیشتنی خۆی ئەنجام داو عودەی‌و قوسەی كوڕانی سەدام حسێنیش لە پێكدادانیان لەگەڵ هێزە ئەمریكییەكان كوژران.

سەرەتای مانگی شوباتی ساڵی 2004 لە هێرشێكی خۆكوژی بۆ هەردوو لقی پارتی‌و مەڵبەندی یەكێتی لە هەولێر لانی كەم 56 كەس كوژران‌و 200 كەسیش بریندار بوون‌و چەندین كەسی پلە باڵای سیاسیش لەنێوانیان بوون.

لە مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2005 لایەنە سیاسییە كوردییەكان بە هاوپەیمانیەتییەك بەشداری هەڵبژاردنەكانی عێراقیان كردو وەك دووەم فراكسیۆن 77 كورسی پەرلەمانیان بەدەست هێنا.

لە مانگی نیسانی ساڵی 2005 نوێنەرانی پەرلەمانی كاتی عێراق، جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتیان وەك سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژارد.

لە مانگی ئایاری ساڵی 2005 بەهۆی تەقینەوەیەك لە هەولێر لانی كەم 50 پۆلیسی شارەكە كوژران.

پەرلەمانی كوردستان
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2005 یەكەمین كۆبونەوە لە پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دراو مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی خۆبەڕێوەبەرێتی هەرێمی كوردستان دیاریكرا.

لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2005 هەواڵی دەرهێنانی نەوت لە بیرە نەوتەكانی كوردستان راگەیەنراو بەو بۆنەوە سەركردە سوننەكانی عێراق نیگەرانی خۆیان لەو بارەوە دەربڕی، ئەمەش لەكاتێكدایە بەرپرسانی هەرێم یەدەگی گەورەی نەوتیان لە هەرێم راگەیاند.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2006 مەسعود بارزانی بڕیاری دا ئاڵای كوردستان لەجیاتی ئاڵای عێراق لە سەرجەم فەرمانگەو شوێنە گشتییەكانی هەرێم دابنرێت، بەڵام نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق وتی، ئاڵای عێراق تاكە ئاڵایە كە دەبێت هەمیشە لە عێراقدا هەڵبكرێت.

بەرنامەی (نبوزنایت)ی كەناڵی BBC بڵاویكردەوە، سەربازەكانی ئیسرائیل بەشێوەیەكی نهێنی مەشق بە هێزە كوردییەكان دەكەن بۆ پارێزگاری لە فڕۆكەخانەیەكی نوێی نێودەوڵەتی‌و كردەوە تیرۆریستییەكان.

لە مانگی نیسانی ساڵی 2007 یەكێكە لە فەرماندە باڵاكانی سوپای توركیا دژی پەكەكە لە شاخەكانی هەرێمی كوردستان هێرشیان دەست پێكردو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پارێزگاری سێ پارێزگاكەی هەرێمی لەو كاتەدا دایە ئەمریكا.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2007 رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی مرۆڤ بەشێك لە ئەشكەنجەو خراپەكارییەكانی لە گرتوخانەكانی هەرێم بڵاوكردەوەو لە مانگی ئەیلولی هەمان ساڵ ئێران پێگەی لایەنە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی لە هەرێمی كوردستان بۆمباران كرد، هەر بەهۆی دەستگیركردنی ئێرانییەك لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا وەك ناڕەزایەتییەك سنورەكانی خۆی لەگەڵ هەرێم داخست.

هێرشەكانی توركیا
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2007 بڕیار بوو ریفراندۆم لە شاری كەركوك ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنرێتەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەنجامی راپرسییەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

لە كانونی یەكەمی ساڵی 2007 توركیا هێرشی توندی كردەسەر بنكەكانی پەكەكە لە باشووری كوردستان‌و لە مانگی شوباتی ساڵی 2008 سوپای توركیا بۆ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی زەمینی بۆ سەر پەكەكە لە خاكی هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد.

لە ئەیلولی ساڵی 2008 پەرلەمانی عێراق یاسای بۆ پارێزگاكان پەسەند كرد، بەڵام شاری كەركوكی نەگرتەوە تا ئەوكاتەی كێشەی ئەو پارێزگایە یەكلادەبێتەوە.

لە ئاداری ساڵی 2009 حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی كرد بە ناردنی نەوت‌و بڕیاری دا رۆژانە 900 بۆ یەك ملیۆن بەرمیل رەوانەی دەرەوە بكات لەرێگای توركیاوە.

لە مانگی حوزیرانی ساڵی 2009 مەسعود بارزانی بۆ جارێكیتر وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرایەوە، هاوپەیمانێتی دوو حزبی دەسەڵاتدار كە زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانیان هێنا، بەڵام پشكەكانیان لەنێو پەرلەمان كەمی كرد، چونكە بزووتنەوەی گۆڕان توانی 25 كورسی لە كۆی 111 كورسی بەدەست بهینێت.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2011 بەهۆی گەندەڵییەكانی پارتی‌و یەكێتی لە شاری سلێمانی خۆپیشاندان دەستی پێكردو بە دەیان كوژراو برینداری لێكەوتەوە.

كێشە نەوتییەكان
لە نیسانی ساڵی 2012 جیاوازی بۆچوون لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی ناوەندی لەسەر نەوت دروست بوو كە بووە هۆی راوەستانی ناردنی نەوتی باكوری عێراق‌و بەرپرسانی هەرێم رایانگەیاند، تاكو ساڵی 2013 نەوتی هەرێم لە رێگەی توركیاوە دەنێرینە دەرەوە.

لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2012 جەلال تاڵەبانی تووشی فشاری مێشك بوو و بەمەبەستی چارەسەركردنی رەوانەی ئەڵمانیا كراو بارودۆخی تەندروستی بەتەواوەتی تێكچوو.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2013 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبونەوەیەكی ئەنجام دا كە تایبەت بوو بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند.

دۆخی پەنابەران
لە مانگی ئاداری ساڵی 2013 بەهۆی هاتنی بەلێشاوی پەنابەرانی سوری وای لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كرد سنورەكانیان دابخەن، ئەمەش لەكاتێكدایە لە مانگی ئاداری ئەو ساڵەدا ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی كۆتایی پێهاتبوو، بەڵام دوو ساڵ نوێ كرایەوە.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2013 هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكردو گۆڕان 24 كورسی بەدەست هێناو یەكێتی پلەی سێهەمی بەركەوت‌و 18 كورسی بەدەست هێناو پارتیش 38 كورسی وەك گەورەترین حزب پلەی یەكەمی بەدەست هێنا.

لە كۆتایی ساڵی 2013 بەهۆی كێشەی نێوانیان‌و بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی ناوەندی، حكومەتی هەرێم بە سەربەخۆیی دەستی بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم كرد.

لە ساڵی 2014 نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بودجە‌و موچەی فەرمانبەرانی عێراقی راگرت‌و بەرپرسانی هەرێمیش لە پێدانی موچەی فەرمانبەران دەستەوسان مانەوە.

لە كانونی یەكەمی ساڵی 2014 حكومەتی عێراق‌و سەركردایەتی سیاسی كورد رێكەوتنامەیەكی بۆ دابەشكردنی داهاتی نەوت واژوو كرد بەو ئومێدەی ئەم رێكەوتنامەیە ئاسایش بگێڕێتەوە بۆ وڵات ئەویش لەبەرانبەر بەگژاچوونەەویان دژی داعش، چونكە دوژمنی هاوبەشی ئەوان بوون، هێزەكانی پێشمەرگەو گەریلاكان لە سوریا شاخی شەنگالیان لە چەكدارانی داعش سەندەوە.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 خەلافەتی ئیسلامی داعش لە عێراق بەشێكی زۆری پارێزگای نەینەوایان كۆنترۆڵ كردو بەرەو بەغدا لە پێشڕەویدا بوون‌و پێشمەرگەش پارێزگای كەركوكی كۆنتڕۆڵ كرد، چونكە كوردەكان ئەم پارێزگایە بەهی خۆیان دەزانن.

پێشنیاری سەربەخۆیی
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 مەسعود بارزانی پێشنیاری ریفراندۆمی راگەیاند كە بڕیار بوو هەمان ساڵ ئەنجام بدرێت‌و سەربەخۆیی بە مافێكی ئاسایی كورد زانی.

لە مانگی ئابی ساڵی 2014 رێكخراوی داعش چەندین شاری كوردستانی كۆنتڕۆڵ كردو هێزەكانی هاوپەیمانان بە بۆردومانكردنی بنكەكانی داعش هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگەی كرد، لای خۆشییانەوە حكومەتی ناوەندی وەك هاوكاری پێشمەرگە چەكیان ئاڕاستەی هێزەكانی پێشمەرگە كرد تاكو لەگەڵ داعش بجەنگن، لەو كاتەشدا نوری مالیكی كە پەیوەندی ئاڵۆزی لەگەڵ كوردەكان هەبوو كورسییەكەی بۆ حەیدەر عەبادی جێهێشت.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2014 سەركردەكانی كورد پێیان وابوو مادام هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕدان دژی داعش پێویستە ریفراندۆم دوابخرێت.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2014 سەركردایەتی كورد رێكەوتن لەسەر ئەوەی ئێستا شەڕكردن لەگەڵ داعش لە ئەولەویەتی كارەكاندایەو لەبەرئەوە ریفراندۆمیان دواخست.

لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان هێزێكی پێشمەرگەی لە رێگای توركیاوە رەوانەی شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان كرد ئەویش بۆ بەرگریكردن لەو شارەو بۆ هاوكاریكردنی هێزە كوردییەكانی ئەوێ لە دژی چەكدارانی داعش.

چاكسازی یاسای بنەڕەتی
لە مانگی ئایاری ساڵی 2015 پەرلەمانی كوردستان كۆمیتەیەكی بۆ چاكسازی یاسایی دیاریكرد، یەكێك لە چاكسازییەكانیش سەبارەت بە خولەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو كە كەسێك بتوانێت ببێتە سەرۆكی هەرێم.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2015 نوسینگەی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 20ی ئۆكتۆبەر واتە رۆژێك دوای كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی دەست پێدەكات، رەخنەگران لەو بارەوە دەڵێن، بارزانی دەیەوێ گۆڕانكاری لە یاسای سەرۆكایەتیدا بكات تاكو بتوانێت بۆ جارێكیتر خۆی كاندید بكاتەوە.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2015 توركیا رۆیشتە نێو هاوپەیمانێتی ئەمریكا دژی داعش، بەڵام مەرجێكی هەبوو كە بۆردمانكردنی بنكەكانی داعش دەبێت لەكاتێكدا بێت كە بنكەكانی گەریلاكانی پەكەكەش بۆردومان بكرێن، بەرپرسانی توركیاش دوای واژووكردنی ئاگربەست لەگەڵ پەكەكە لە ساڵی 2013 بۆ جارێكیتر ئەو ناوچانەیان بۆردمان كردەوە.

لە مانگی ئابی ساڵی 2015 خولی زیادكراوی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆتایی پێهات، بەڵام ئەم خولە بۆ دوو ساڵیتر نوێ كرایەوە، هەرچەندە هەندێك لایەن ئەو زیادكردنەیان بە نایاسایی لە قەڵەم دا.

لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2015 بەهۆی رەخنەگرتن لە بارزانی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم دەركرا.

قەیرانی دارایی
لە مانگی شوباتی ساڵی 2016 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا موچەی فەرمانبەرانی خۆی كەم بكاتەوەو هۆكارەكەشی بۆ كێشەی دارایی گێڕایەوە.

لە مانگی نیسانی ساڵی 2016 حكومەتی ئەمریكا موچەی پێشمەرگەكانی گرتە ئەستۆی خۆی لەكاتێكدا دژی دعش لە جەنگدا بوون.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2016 بەرپرسانی پێشمەرگەو هێزەكانی ئەمریكا رێكەوتنامەیەكان واژوو كرد بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی پیشمەرگە ئەمەش رەخنەی زۆر لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە لێگیرا.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2016 فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی كەمكردنەوەو دواخستنی موچەكانیان دەستیان بە مانگرتن كرد.

لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2016 چەند چەكدارێكی داعش توانیان بەشێكی شاری كەركوك كۆنتڕۆڵ بكەن‌و چەند رۆژێك لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە بە توندی وەڵامیان درایەوە.

بەرزبوونەوەی چالاكییە نەوتییەكان
لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2017 كۆمپانیای نەوتی گازپروم بەهۆی بوونی كێشەی ئەمنییەوە لەلایەن داعشەوە پێشنیارێكی بۆ دەرهێنانی نەوتی هەرێم كرد.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2017 لەكاتی گەشتێكی مەسعود بارزانی بۆ توركیا ئاڵای كوردستانی لە پشت بارزانییەوە دانا.

لە مانگی ئاداری هەمان ساڵ پارێزگاری كەركوك بە فەرمانێك ئاڵای كوردستانی لە سەرجەم فەرمانگەكانی پارێزگاكە كردە فەرمی‌و حكومەتی عێراق‌و توركیاو ئێرانیش زۆر بە توندی وەڵامیان دایەوە.

دیاریكردنی رۆژی ریفراندۆم
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2017 لە دانیشتنێكی سەركردە سیاسییەكانی كوردستان بە سەرپەرشتی بارزانی رۆژی 25-9 بۆ ریفراندۆم دیاریكرا.

لە مانگی ئابی ساڵی 2017 گروپێك لە چالاكانی باشووری كوردستان گروپێكیان بەناونیشانی (نەخێر لە ئێستادا) دروست كردو رەخنەیان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەگرت لەو بەروارەدا، ئەویش بەهۆی نەگونجانی مەرجی ئاسایش‌و ئابووری لە باشووری كوردستان‌و لەو بەروارەشدا ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بڕیاریدا بەشداری ریفراندۆمی باشووری كوردستان بكەن.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2017 پەرلەمانی كوردستان دوای دوو ساڵ لە پەكخستنی كارا كرایەوەو ئەنجامدانی ریفراندۆمی پەسەند كردو ژمارەیەك لە حزبەكانیش دژی ئەو بڕیارە وەستانەوە.

لە 25ی ئەیلولی ساڵی 2017 ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی باشووری كوردستان ئەنجام دراو 92.7% دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆی كوردستان داو لەلایەن وڵاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانەوە بە توندی بەرپەرچ درایەوە.

سەرچاوە: BBC

بابەتی دواتر

5675675675

پەرلەمان دەنگدانی بۆ كاندیدانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كرد

  ئەمڕۆ دوو شەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 9 كاندیدی بۆ ئەندامانی نوێی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *