received_1635434459811904

لەپێکدادانی ئاییندەی ناوچەکەدا کێ دەدۆڕێ؟

کامیل مەحمود

باس و بابەتی ئەگەری پێکدادانێکی گەورە لەناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بووەتە مانشێتی میدیاکان و مشتومڕی شرۆڤەکارو چاودێران، رووداوەکانی ناو عێراق و سوریاو یەمەن و ھاتنی ترامپ و پاشگەزبوونەوەی تاکلایەنەی لەڕێککەتننامە ئەتۆمییەکەی تایبەت بەئێران، دواجار بارگرژییەکانی ناو لوبنان دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەعد حەریری و دواپێشھاتەکانی جەنگی حوسی و ھاوپەیمانی عەرەبی بەسەرۆکایەتی سعودیە، ھەموو ئەمانە بەلای ھەندێ لەچاودێرانەوە سیناریۆی پلان بۆدانراون بۆ گەیشتن بەدواساتەکانی حەسم و یەکلاکردنەوەی پارسەنگی ھێز لەناوچەکەدا کە لەرووی مەیدانییەوە بەلای کۆماری ئیسلامی ئێراندا کەوتووەتەوە..
خوێندنەوەیەکی بابەتیانەی دابڕاو لەھەر کاریگەرییەکی ئایدۆلۆژی و مەزھەبی بۆ گۆڕەپانە ئاڵۆزەکەی ئەم ناوچەیە بەپێی ئەو پێدراوانەی دەیبینین و دەیبیستین و ھەستی پێ دەکەین بەھەندێ دەرەنجام دەگەین، لەوانە ئاییندەی ململانێکە بەو شێوەیە نابێت کاراکتەرە ھەرێمایەتییەکەی سەر بە بەرەی ئەمریکی پێشبینی دەکەن.
بێگومان ئەوەی لەم ھەموو ململانێ و رکابەرییەدا کراوەتە ئامانج ئێران و توانا گەشەکردووە سیاسی و سەربازییەکەیەتی لەگەڵ نفوزە ھەرێمایەتییەکەی کەئێستا زیاتر لەئەمریکییەکان لەناوچەکەدا باڵادەستە بێ ئەوەی بەئەندازەی ئەمریکا توانای مرۆیی و دارایی خەرج کردبێت، بەشێکی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وجودی ئەمریکا نامۆیە بەژینگەی ناوچەکەو ئێران لەرووی ھەنووکەیی و مێژووییەوە ئەو نامۆیەتییەی نییە.
رێگرتن لەم پێشڕەوییەی ئێرانییەکان و ھەڵکشانی توانا سەربازییەکانی لەئێستادا ئامانجی گەورەی ئەمریکاو رۆژئاوایە لەپێناوی پارێزگاری لە(ئاسایشی ئیسرائیل و ئاسایشی وزە)، لەم پێناوەدا ئەمریکاو ھاوپەیمانە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتییەکانی گەیشتوونەتە دوا بڕیاری رووبەڕووبوونەوەی ئەم ھێزە عیملاقەی ناوچەکە، بەڵام ئایا چۆن و بەکام سیناریۆ پلانەکەیان جێبەجێ دەکەن؟ ئەمەیان ھێشتا دیارنییەو چاودێرانی بارودۆخەکە ڕای جیاوازیان ھەیە، ئایا رووبەڕووبوونەوەکە بەشداری سەربازی مەیدانی ھەمەلایەنەی ئەمریکای تیا دەبێت؟ یان جەنگی نوێنەرایەتییەو وڵاتانی پاشکۆی رۆژئاوا لەناوچەکەدا ئەدای دەکەن و زەمینەی رووبەڕووبوونەوەکە دەرەوەی ئێرانە؟ یان تەنھا جەنگێکی ساردەو لەبارگرژی پەیوەندییە دبلۆماسییەکان و گوتاری میدیاییدا کورت دەبێتەوە لەنێوان ئەو دوو بەرەیەدا؟
ئەگەری ھێرشکردنە سەر ئێران و بەشداری مەیدانی راستەوخۆی سوپاو سەربازی ئەمریکی وەک ئەوەی لەعێراق و ئەفغانستاندا رووی دا لەمەحاڵەوە لەبەر چەند ھۆکارێک:
یەکەمیان: بەو ھۆیەوە کە ئەو دوو وڵاتە(عێراق و ئەفغانستان) وەک ئێرانێکی بەھێزی خاوەن پاشخانێکی گەورەی سەربازی و مرۆیی نین کە خەڵکەکەی بەعاتیفەیەکی ئایینی ومەزھەبی سازو ئامادە کراون بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوەی خۆیان پێی دەڵێن شەیتانی گەورە.
دووەم: ھەلومەرجی نێودەوڵەتی ئێستاش ئەو ھەلوومەرجەی نەوەدەکانی دوای شکستی بلۆکی سۆشیالیزم نییە، ئێستا رووسیا کاراکتەرێکی بەھێزی سەرگۆڕەپانی ناوچەکەو جیھانیشە کە لەگەڵ ئێراندا بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان تێکەڵە.
سێیەم: ئەمریکییەکان ھێزو توانایەکی زۆری سەربازی و مرۆیی و داراییان لەجەنگەکانی عێراق و ئەفغانستاندا سەرف کردووەو گەلی ئەمریکی بەچوونە ناو جەنگێکی سەربازی راستەوخۆو مەیدانی مەترسیدارتر لەوانەی پێشوو رازی نابن، ئەوان لەتوانای بەرگری ئێرانییەکانیش بێ ئاگا نین.
کەواتە ئەوەی چاوەڕوان کراوەو لەبەرژەوەندی ئەمریکاوە نزیکە نانەوەی فەوزاو ئاژاوەیەکیترە لەناوچەکەدا بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی خۆی و لاوازترکردنی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی لەبەردەم قەوارەی زایۆنیدا، ئەم فەوزایەش بەخوڵقاندنی جەنگێک لەم ناوچەیەدا دێتەدی لەڕێگای دروستکردنی ھاوپەیمانیەتییەکەوە کەھەندێ دەوڵەتی ھاوپەیمانی ئەمریکاو کۆمەڵێک رەوت و رێکخراوی پاشکۆو حسابکراو لەسەر سووننە لەخۆ دەگرێت و سعودیە پێشەنگایەتییان دەکات کە لەحەقیقەتدا مەزھەبگەرایی ئەوان ڕواڵەتییەو زۆربەی ئەو لایەنانە لەرووی عەقائیدییەوە لائیک و تەنانەت ھەندێکیشیان دژی بیروباوەڕی ئایینی و ئیسلامین، ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانیشی بەھەندێ چالاکی مەیدانی سنووردار بەشداری دەکەن، بەڵام ئەگەری چالاکی بەھێزی ھێرشی موشەکی و ئاسمانییان لەئارادا دەبێت، ھەرچەندە بێگومانین کە ئەمریکاو ئیسرائیل ھاوپەیمانە رۆژئاواییەکانیان ھەموو پاڵپشتییەکی لۆجستی لەپشتەوە بۆ ھاوپەیمانەکانیان لەجەنگەکەدا ئامادە دەکەن. گۆڕەپانی جەنگەکەش بەرفراوان دەبێت بەپێی نفوزو بوونی کاراکتەرە مەیدانییەکانی سەر بەھەردوو بەرەی ئێرانی و ئەمریکی لەناوچەکەو سنوورە جیاوازەکانی وەک لوبنان و یەمەن و ناوچەی کەنداو، لوبنان و پەلاماری حزبوڵاش پاڵێوراوە بۆ زەبری سەرەتا، ئەمە سیناریۆکانی ئەو جەنگ و بشێوییەیە کە ھەندێ لە شرۆڤەکاران و چاودێران پێشبینی دەکەن.
پرسیارەکە ئەوەیە کێ لەم جەنگە چاوەڕوانکراوە سوودمەند دەبێت و بەشکستی کام بەرەی رووبەڕووبوونەوە کۆتایی دێت؟ ئایا ئەو گەلەکۆمە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتییە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگای لێدانی ھاوپەیمانەکانی و ئەوەی پێی دەڵێن بەرەی مقاوەمە ھێزو نفوزی ئەو وڵاتە ھەرەس پێ دەھێنێت یان لاوازی دەکات، یاخود بەپێچەوانەوە پێی بەھێزتر دەبێت؟
ئێران دەوڵەتێکی بەھێزی ناوچەکەیە لەھەموو ڕوویەکەوە، ئەم دەوڵەتە بەھەموو واتایەک لەدەوڵەتەکانیتر جیاوازەو ھەر ئەم جیاوازییەش لەشکست و داڕووخان و مەترسییە دەرەکییەکان دەیپارێزێت، بردنەوەیەتی، گرنگترین جیاوازییەکانی ئێران لەگەڵ دەوڵەتانیتری دەوروبەرو نەیاریدا:
١) ئێران لەھەموو ڕوویەکەوە دەوڵەتێکی سەربەخۆیەو پاشکۆو موستەعمەرەو ئەنجامدەری بڕیاری ھیچ دەوڵەت و کوتلەیەکی سیاسی و سەربازی و ئابووری نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی نییەو خۆی خاوەنی ھەموو شتێکی خۆیەتی و چۆنی پێ گونجاوبێت بڕیار دەدات و چۆنی بوێت جێبەجێی دەکات، ئەمە گەورەترین خاڵی بەھێزی ئەم وڵاتەیە کە لەسەر زەمینەی خۆی دەجوڵێ و پلان دادەنێ و بڕیار دەدات، کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ھیچ لایەکیتر ناکات و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی.
٢) دەوڵەتی ئێران خاوەنی سەرکردایەتییەکی خۆمەڵی ناوازەیە کە بەعەقڵیەتی ئێرانیانە بیردەکاتەوەو بڕیار دەدات، لەسیاسەتی ناوخۆو دەرەوەیدا کاریگەری دەرەکی لەسەر نییە.
٣) کار لەسەر دنیابینی و فەلسەفەی خۆی دەکات و پاشکۆی فیکری ھیچ لایەک نییەو ژینگەیەکی ئایینی و نەتەوەیی بۆ خۆی خوڵقاندووە کە ھێز بەخۆڕاگری و ئاسایشی نەتەوەیی ئەم وڵاتە دەدات، ئەو دروشمە ئێرانییەی کە دەڵێت(نەشەرقی نەغەربی) تاڕادەیەکی کاریگەر کاری پێکراوە لەسەربەخۆیی ھزرو دنیابینی و بڕیاری سیاسیدا.
٤) ھاوپەیمانیەتییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی بەھێزی ناوچەکەو جیھان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆیەتی و نابێتە لایەنێکی بەکارھێنراو بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای لایەکیتر، وەک نزیکبوونەوەکانی لەڕوسیاو چین و وڵاتانی تر.
٥) لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە ئێستا ئێران خاوەنی ھەژموونی سیاسی و کاریگەری مەیدانییە لەزۆربەی وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی لەعێراق و سوریاو یەمەن و لوبنان و ناوچەی کەنداو. لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی تری عەرەبی و ئیسلامیشدا پەیوەندی ئاسایی ھەیە.
٦) ئێران زیاتر لەوڵاتانی پاشکۆی ئەمریکاو خودی وڵاتە یەکگرتووەکانیش خاوەنی دۆزێکی رەواو گوتارێکە نزیک لەویژدان و سۆزی گەلانی ناوچەکەوە، چونکە ئەو ململانێیەی ئەمریکاو بەشێک لەوڵاتانی ناوچەکە خوڵقاندوویانە بۆ پارێزگاری لەئاسایشی ئیسرائیلەو کرۆکی کێشەکە پەیوەندی بەئیسرائیلەوە ھەیە، جەنگی سعودیەو ھاوپەیمانە ھەرێمایەتییەکانی لەپێناوی ئیسرائیلدایە نەک بەرگری لەئەھلی سوونەو ھەژموونی شیعە بەپاڵپشتی ئێران.
ئەگەر ئەو خاڵانە بۆ سعودیەو ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا پێچەوانە بکەینەوە بەو شێوەیە دەردەچێت کە ھیچ یەکێک لەوڵاتانی نەیاری ئێران خاوەنی خۆیان نین و بڕیارو کارو ھەنگاویان لەدەستی خۆیاندا نییەو جەنگ و ئاشتیان لەواشنتۆنەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.
فەلسەفەو دنیابینی ئەوان ھەمان دنیابینی و فەلسەفەی رۆژئاواییەو دەسەڵاتە پاشکۆکانی ناوچەکە سەدەیەکە کار لەسەر بەپاشکۆکردنی عەقڵ و ھزری گەلەکانیان دەکەن بۆ فیکرو جیھانبینی ئەوروپی و رۆژئاوایی، ئەمەش وەک بەشێک لەپاشکۆیەتی سیاسی خۆیان بۆ ئەمریکاو رۆژئاوا.
وڵاتانی نەیاری ئێران ھەموو ھاوپەیمانیەتییەکیان لەگەڵ ئەمریکاو ھاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی لەسەر بنەمای پارێزگاریکردنە لەبەرژەوەندییەکانی ئەوان نەک بەرژەوەندی گەل و وڵاتانی خۆیان یان بەرژەوەندی ھاوبەش، ناتوانین ئەوەی ئەوان دەیکەن ناوی بنێین ھاوپەیمانیەتی راستەقینە، بەڵکو پرۆسەیەکی پاشکۆیەتییە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەجێندای ئەوان لەناوچەکەدا.
قیادەی عەرەبی بەپێچەوانەی قیادەی ئێرانییەوە جوڵێنراوی دەستی ئەمریکاو رۆژئاوان و بەعەقڵیەتی غەیری خۆیان بیردەکەنەوە، ئەوەی ڕایدەگەیەنن و نمایشی دەکەن جیایە لەئامانجە راستەقینە شاراوەکانیان، بۆ نموونە لەم پرسە ئاڵۆزەی ناوچەکەدا عاتیفەی مەزھەبی دەوروژێنن مۆرکێکی تایفەگەری بە ململانێکەیان دەدەن، خۆیان وا وێنا دەکەن کە نوێنەری تایفەی سووننەو نەتەوەی عەرەبن لەبەرامبەر ھەژموون و نفوزی ئێرانی شیعی و سەفەویدا، کە لەراستیدا ئامانجەکە ئەوە نییەو حەقیقەتەکەی جێبەجێکردنی پلانی ئیسرائیلی و ئەمریکییە لەپێناوی دوورخستنەوەی ھەڕەشەو مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل و پاراستنی ئاسایشی بەتاڵانبردنی پەترۆڵی کەنداو لەلایەن ھێزە کۆلۆنیالیست و ئیمپریالییەکانەوە بەسەرکردایەتی ئەمریکا.
کەواتە ئەم روبەڕووبوونەوە پێشبینیکراوە لەنێوان ئێران نەیارەکانی لەم ناوچەیەدا جەنگی نوێنەرایەتییە کە سعودیەو وڵاتانیتر بەنوێنەرایەتی ئەمریکاو ئیسرائیل دەیکەن و ھیچ پەیوەندییەکی بەجەنگی سووننەو شیعەوە نییە، ئێران و تەنانەت ھێزە ھاوپەیمانەکانیشی بەدۆڕاوی لەم جەنگە نایەنە دەرەوە ئەگەرچی ئەوانیش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا زیانی زۆریان بەردەکەوێت، ئەوەی مایەپووچ دەبێت رۆبۆتەکانی ئەمریکایە لەناوچەکەدا بەسەرکردایەتی دەوڵەتی سعودیە، چونکە راستە ئەو دەوڵەتانە دەبنە کاراکتەری سەرەکی جەنگەکە، بەڵام کۆتاییەکەی و دورینەوەی بەرھەمی جەنگ و بەریەککەوتنەکان بۆ ئەوان نابێت، چونکە ئەمریکا لەزۆربەی ئەم حاڵەتانەدا ھاوپەیمان و جگەرگۆشەی خۆی لە سەفقەو دانوستانەکانی دوای جەنگدا کردووەتە قوربانیی لەپێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا.

بابەتی دواتر

received_1635434459811904

سەدەی بێداری و گەڕانەوەی رۆڵی ئایین

کامیل مەحمود ئایین پێکھێنەری سەرەکی شوناسی تاک و کۆمەڵگەیە، بگرە خودی خۆی شوناسەو لەسەرەتاوە جگە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *