5555544444

رابەری گشتی: حكومەتی رزگاری نیشتمانی بە ساوایی لەبار دەچێت
چوار ساڵ لەمەوپێش بە لایەنەكانم راگەیاند با ئێمە ریفراندۆم بكەین بۆ كۆنفیدراڵی نەك بۆ سەربەخۆیی

باسك نێت

رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكومەتی رزگاری نیشتمانی هەر بە ساوایی لەباردەچێت ، چونكە لە دەرەوەی یەكێتی و پارتی هەر هێزێكیتر بێت حكوومەت دروست بكات ناتوانێت.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵ رایگەیاند، پێشتر چەند باسی ریفراندۆمان كردووو داوامان كردووە ریفراندۆم وەك چەكێكی دیپلۆماسی بەكاربێت.

وتیشی، لە دانیشتنەكانی سەرۆكایەتی هەرێم پێش چوار ساڵ كە بە ئامادەبوونی هەموو لایەنەكان ئەنجام دران، لەوێ‌ راوبۆچوونی خۆمان وتووەو ئەوەمان راگەیاند، دەكرێت ئێمە ریفراندۆم یان هەر شتێكیتر بكەین بۆ بابەتی كۆنفیدراڵی سوودی لێوەربگرین نەوەك بۆ بابەتی سەربەخۆیی، چونكە سەربەخۆیی سیستمی ئیقلیمی‌و جیهانی قبووڵی ناكات، دواتر ئەو سیستمەی خۆشمان كە هەمانە سیستمێكی شلەو بەرگەی هیچ قەیرانێك ناگرێت لە قەیرانی ئەمنی و سەربازی و ئابووری، ئەنجامەكەشمان بینی كە وابوو.

رونیشیكردەوە، چەندە دۆخە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكە فشاریان هەبووە لەسەر دۆخی هەرێم، بەڵام خودی سیستمەكەی هەرێم كە هیچ ستراتیجییەتێكی بەرگری نەبوو بۆ خۆی، ئەوە بووە هۆی ئەوەی ئەو شپرزەییە لە ماڵی كورددا دروست ببێت‌و بەو شێوازەمان لێبێت كە لێمان هات.

ئاشكراشیكرد، پێش ریفراندۆم هەموو دنیا ئاگاداری هەرێمی كوردستانیان كرد كە لەم قۆناغەدا ئەوە نابێت، ئەو هۆشدارییەش لە وڵاتانی دراوسێ‌‌و ئەمریكاو ئەورووپا بەتایبەت توركیا دراو وەزیری دەرەوەی توركیاو وەزیرانی تریش هاتن و قسە كرا لەو بارەیەوە، بەڵام بۆ بەم ئاقارەدا رۆشت ئێمە ئاگادار نین، ئێستاش ئەو دۆخە گۆڕاوەو گۆڕانكارییەك بووە لە كوردستان‌و هەرێم ئەوەی قبووڵ كردووە، بابەتی كەركووك یەكێك بوو لە كێشە هەرەگەورەكان لەگەڵ بەغدا، ئێستا كێشەی كەركووك گەڕاوەتەوە بەغدا، حكوومەتی هەرێمیش تاڕادەیەك ئەوەی قبووڵكردووە كە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان حكوومەتی بەغدا سەرپەرشتیان بكات تا دادگا یەكلایان دەكاتەوە، ئێستا ئەم سنوورەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستانی تیادایە حكوومەتێكە ئەمریكا و وڵاتانی دراوسێ‌ هیچ تێبینییەكیان لەسەری نییە، لەسەر خودی هەرێمەكەش تێبینیان نییە، بۆیە دەكرێت هەنگاوەكان بگیرێنەبەرو دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە كە بەرەو ئاساییبوونەوەش هەنگاو دەنێت، ئەوەی ماوە تەنها بەغدایە كە گوشارێكی زۆری لەسەرە لە لایەن حەشدی شەعبی‌و ئەو هێزانەی كە پشتیوانی حەشدی شەعبی دەكەن كە ئەوان حەز ناكەن تەنانەت هەرێمیش هەبێت.

حكومەتی عێراقی بەردەوام داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم دەكات بۆ ئەوەی دانوستانەكان دەست پێ بكات، لەوبارەوە رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، بابەتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان جیاوازە لە بابەتی سڕكردن، حكوومەت خۆی دەتوانێت ئەنجامەكە سڕ بكات، بەڵام بۆ هەڵوەشاندنەوە، مێژوویەكەو رۆشتووە تازە حكوومەت ناتوانێت هەڵی بووەشێنێتەوە، بەڵام دادگای فیدراڵی بەغدا ئەو پڕۆژەیەی وەستاندووە، ئەگەر حكوومەتی بەغدا بیەوێت دەست بە گفتوگۆو دانوستان بكات لەگەڵ هەرێم ئەوا پێناچێت ئەوە كێشە بێت، چونكە ریفراندۆم سڕ كراوەو رەنگە ئەمریكاو دۆستەكانیتریش ئەوەیان بەلاوە باش بێت.

وتیشی، نابێت بەغدا پێی وابێت لەم قۆناغەدا دژایەتیكردنی كورد بۆچوونەكانی لەناو ماڵی خۆی زیاد دەكات، هەروەها ئەوە بۆی دەبێتە سەركەوتنێكی گەورە بۆ خۆی تا لە پڕۆژەی هەڵبژاردنی داهاتوو بە قازانجی خۆی سوودی لێوەربگرێت، ئەو شتانە خراپە و لەماوەی 100 ساڵی رابردوو ناوەند بەو هۆیەوە كارێكی كردووە لەگەڵ هەرێم هیچ متمانەیەك نەمێنێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی توركیا لەسەر گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی هەرێم، رابەری بزووتنەوە رونیكردەوە، ئێمە سوپاسی توركیا دەكەین كە ئەو هیچ هەنگاوێكی عەمەلی نەنا بۆ ئەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان زیانی لێبكات، ئەوەی كراوە تەنها گلەیی بووە لە رێگەی كەناڵەكانی تەلەفیزیۆنەوە، هەقی خۆشیانە كە گلەیی بكەن، چونكە چەند جارێك هەرێمی كوردستانیان ئاگادار كردەوە لەوەی كە ریفراندۆم زیان بە هەرێم دەگەیەنێت.

وتیشی، ئەوان گلەییان كردووە، بەڵام وەك هەنگاوی عەمەلی لەوەی دەروازە سنوورییەكان دابخەن یان فشار بخەنە سەر هەرێم لە رووی سەربازییەوە كە كۆمەڵێك شت بكەن، ئەوانەیان نەكردووە، بۆیە ئێمە لەو رووەوە سوپاسیان دەكەین، خەڵكیتر كردوویەتی بەڵام ئەوان نەیانكردووە‌و ئومێدمان وایە ئەو پەیوەندییانە وەك جارانی لێبێتەوە و بەرەو باشتر بڕوات لە جاران و گەشە بكات.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كێشەكە لەوەدایە حكوومەتی نیشتمانی كێ‌ دروستی دەكات، كێشەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان سیستماتیكە واتە لە رووی سیستمەوە هەرێم سیستمێكی خراپی هەیە، ئەوەش دوو هێز لە هەرێمی كوردستان هەیە و بوونیان هەیە، ئەم دوو هێزە سەربازو ئاسایشیان هەیەو پێگەیەكی خۆشیان هەیە لە سلێمانی‌و هەولێر، حكوومەت هەرچی بێت دەبێت ئەم دوو هێزە دروستی بكەن. لە دەرەوەی ئەو دوو هێزە هەر هێزێكی تر بێت حكوومەت دروست بكات ناتوانێت و ئەو حكوومەتە لە كوێ‌ دادەنێت.

وتیشی، لەبەر ئەوە كێشەی هەرێمی كوردستان كێشەی سیستماتیكەو وەك كێشەی دەوڵەتێكی تر لەوانەش یۆنان نییە كە چەند جار قەیرانی بەسەردا هاتووە، بەڵام لەبەرئەوەی سیستمێكی هەیەو دامەزراوەی خۆی هەیە لە سوپاو ئەوانە كێشەكانی چارەسەر بووە، بەڵام ئێمە نە دامەزراوەیەكمان هەیە بە ناوی سوپاوە نە دامەزراوەیەكمان هەیە بە ناوی ئەمنەوە، بۆیە لە هەرێمی كوردستان ناتوانرێت حكوومەتی رزگاری نیشتمانی دروست بكرێت، لەبەر ئەوەی شوێنێكی نییە تیایدا دابنرێت، هێزێكیش لە دەرەوەی ئەو دوو هێزە ئەگەر ئەو حكوومەتە دروست بكات بە ساوایی لەبار دەچێت، بۆیە ئەو هێزانەی ئێستا هەن ناچارن هەر ئەوان حكوومەت دروست بكەن، بەڵام دەكرێت دەموچاوەكان بگۆڕن و چاكسازی بكرێت، یان هەوڵ بدرێت لەو هەڵانەی كراوە سوود وەربگیرێت، ئەگینا ئەوەی باسی لێوەدەكرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نیشتمانی لە سەرەتاوە لەبار چووە و ئەگەر ئەو دوو هێزە یارمەتی نەدەن شتی وا نابێت.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بوونی هێزی دەرەكی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە زیان بۆ هەرێم ناو دەبات‌و هۆكاری گەشەكردنی ئەو هێزانەش بۆ لاوازی و ململانێی دوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان دەگێڕێتەوە، ئەو دەڵێت، لە عێراقدا لە دوای رووداوەكانی 2003 تا ئەمڕۆ، چەندین هێز لەم وڵاتەدا هەیە، لە هێزی وڵاتانی دراوسێ‌ یان هێزی وڵاتانیتر لە ئەورووپاو ئەمریكا لە عێراق بوونیان هەیە، ئەو هێزانەش زۆرجار نەگبەتیان هێناوە بۆ خەڵكی عێراق.

وتیشی، ئەگەر بۆشایی هێز هەبوو لە شوێنێكدا ئەوكات یەكێكیتر دێت پڕی دەكاتەوە، ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەو ململانێیەی لە نێوان پارتی‌و یەكێتی لەماوەی رابردوودا هەبووە وایكردووە یان پەنا ببەنەبەر هێزێكیتر یان چاوبنوقێنن لە ئاست ئامادەیی هێزێكیتردا بۆ ئەوەی پشتیوانیان بێت دژ بە هێزەكەیتر.

ئاشكراشیكرد، بێهێزی‌و ململانێی ئەم دوو هێزە وایكردووە هێزگەلێكیتر لە كوردستان بوونیان هەبێت كە ئەوەش بە خراپی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی كوردستان دەشكێتەوە.

رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بەرزكردنەوەی ئاڵای ئیسرائیل لە هەرێمی كوردستان لە دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بە شتێكی خراپ ناودەبات و رایگەیاند، حكوومەت بۆ خۆی ئیدانەی ئەو كارەی كردو رایگەیاند هیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵ ئیسرائیل نییە، ئەگەر كەسێك ئەوەی كردبێت مانای وا نییە هەموو خەڵكی كوردستان وای كردبێت‌و خەڵكەكە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوە نییە.

بابەتی دواتر

FB_IMG_1511512730976

ڕابەری گشتی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی کۆماری تورکیا کرد

باسک نێت-ھەولێر ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ـی تشرینی ٢٠١٧، مامۆستا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕابەری گشتی بزووتنەوەی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *