4564564

كاردانەوەی وڵاتانی جیهان لەسەر هەوڵەكانی ترامپ بۆ ناساندنی قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل

سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

سەرۆك كۆماری ئەمریكا دەڵێت “قودس نەك لە لایەنی سیاسی، بەڵكو لە لایەنی مێژوویی و فەرهەنگیشەوە دەبێتە پایتەختی ئیسڕائیل”.

ئاژانسی ئەسوشەیتد پرێس بڵاویكردەوە، بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا ڕایانگەیاندووە، سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە لەوانەیە دان بنێت بە قودسدا وەكو پایتەختی ئیسڕائیل، لەكاتێكدا گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس بۆ شەش مانگ دوادەخات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی فەرمان بە یاریدەدەرەكانی دەكات بەخێرایی پلانێك دابنێن بۆ هەنگاوێكی لەم جۆرە.

بەپێی زانیارییەكان، ترەمپ لەگەڵ سەرۆكەكانی ئیسرائیل و ئوردن و میسر و سعودیە و فەلەستین گفتوگۆی كردووە و ئاژانسی (ABS) بڵاویكردەوە، كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە پەیوەندییەكانی ترەمپ بەو سەرۆكانەوە تەئكیدی لە ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل كردووەتەوە.

ئەم هەواڵە كاردانەوەیەكی زۆری لێكەوتەوە لە جیهانی عەرەبیداو لای خۆشییەوە مەحمود عەباسی سەرۆكی فەڵەستینی تەواو دژی ئەو ڕێوشوێنەیە كە ئەمەریكا بەنیازە بیگرێتەبەرو دەڵێت، ئەوە گرژییەكان زیاتر دەكات.

ئەبو ڕەدێنە راوێژكای مەحمود عەباس رایگەیاند، مەحمود عەباس پەیوەندییەكی تەلەفونی لەلایەن سەرۆكی ئەمەریكاوە بۆ هاتووەو پێی وتووە بەنیازە باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە تەلئەبیبەوە بگوازێتەوە بۆ قودس.

لای خۆشییەوە، عەباس هۆشیاریداوە لەسەر ئەم جۆرە هەنگاوانەو رایگەیاندووە، ئەم جۆرە بڕیارانە دەبنەهۆی هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاشتی‌و ئاسایش‌و سەقامگیری ناوچەكەو جیهان.

هەروەها دیوانی پاشایی ئوردن رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندی كردووە بە پاشا عەبدوڵڵای دووەمەوە و پێی وتووە بەنیازە باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ئیسڕائیل بگوازێتەوە بۆ قودس.

لای خۆشییەوە پاشای ئوردن رایگەیاندووە، ئەم بڕیارەی ترەمپ دەرەنجامی پێچەوانەی مەترسیداری دەبێت لەسەر ئاسایش‌و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و هەوڵەكانی بەڕێوبەرایەتی ئەمەریكا لەناودەبات بۆ دەستپێكردنەوەی هەوڵە ئاشتییەكان‌و هەستی موسوڵمانەكان‌و مەسیحییەكان بریندار دەكات.

ئۆردن داواشیكردووە، هەرچی زووە كۆبونەوەی بە پەلەی وڵاتانی عەرەبی و رێكخراوی هاوكاری ئیسلامی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بابەتە بكرێت.

لەلایەكیتریشەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی حزبەكەیدا بە ترەمپی راگەیاند، قودس هێڵی سوورە بۆ موسوڵمانەكان.

وتیشی، لەوانەیە ئەمە بگاتە ئەوەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ببڕین، ئاگاداری ئەمەریكا دەكەمەوە كە ئەم جۆرە هەنگاوە نەنێت، چونكە دەبێتە هۆی قووڵكردنەوەی كێشەكانی ناوچەكە.

لەلایەكیترەوە مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، ئەگەر ئەمریكا باڵیۆزخانەكەی بگوازێتەوە بۆ قودس، ئەوا لەبری ئاشتیی پشێوی روو لە ناوچەكە دەكات.

وتیشی، هەنگاوێكی لەو شێوەیە ناتوانێت هاوكاربێت لە چارەسەركردنی كێشەكە، دۆخی ناسكی ناوچەكە ناسكتر دەكات، مەترسیدارتری دەكات.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، تەنها یەك چارەسەر هەیە، ئەویش چارەسەری دوو دەوڵەت، دوو دەوڵەتی سەربەخۆ لەپاڵ یەكدا، دەوڵەتێكی سەربەخۆی فەڵەستین بە پێی سنوورەكانی 1967 كە قودسی خۆرهەڵات پایتەختەكەی بێت‌و دەوڵەتی ئیسرائیل.

هەروەها فیدریكا موگیرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لەو بارەوە رایدەگەیەنێت، هەر كارێك ببێتە هۆی تێكدانی هەوڵە ئاشتییەكان بۆ دامەزراندنی دوو دەوڵەتی جیا بۆ فەڵەستینییەكان‌و ئیسڕائیلییەكان دەبێت بەتەواوەتی خۆیانی لێ بەدووربگرن.

وتیشی، دەبێت لەڕێی دانوستانەكانەوە ڕێگایەك بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەركردنی بابەتی قودس وەكو پایتەختێكی داهاتووی دوو دەوڵەتەكە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، یەكێتی ئەوروپا پشتیوانی لە هەوڵەكانی دانوستانەكانی ئاشتی دەكات.

بزووتنەوەی حەماس كە بەردەوام ناكۆكی لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەیە لە راگەیەندراوێكدا هەڵوێستی خۆی لەسەر بڕیارەكی ترەمپ راگەیاندو داوای لە فەلەستینییەكان كرد رەخنە لە بڕیارەكە بگرن‌و رۆژی هەینی لە خۆپیشاندنێكدا كە بە “هەینی توڕەیی” ناویبردووە شەقامەكان بخرۆشێنن.

ئیسماعیل هەنیە سەركردەی بزووتنەوەكە لە راگەیەندراوەكەدا هۆشداری داوەتە بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی كە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ قودس و ناساندنی ئەو شارە بە پایتەختی ئیسڕائیل بەهەموو شێوەیەك هێڵی سوورە.

لەلایەكیترەوە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆماری میسر كە یەكێكە لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە پەیوەندییە تەلەفونییەكەدیدا لەگەڵ ترەمپ رایگەیاندووە، جێبەجێكردنی ئە بڕیارەهۆكارێك دەبێت بۆ ئاڵۆزكردنی ناوچەكەو مەترسی بۆ رۆژهەڵات ناوەڕاست دروست دەكات.

هەروەها محەمەد شەشم پادشای مەراكیش لە راگەیەندراوێكدا، بە نوێنەرایەتی 57 وڵاتی ئیسلامی داوای كرد هەڵوێستی توندیان لەبەرانبەر بڕیارەكەی ترەمپ هەبێت.

لای خۆشییەو سعودیە لە هەڵوێستی خۆیدا هۆشداری داوەتە ترەمپ لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەیدا.

شا سەلمان پادشای سعودیە لە گفتوگۆیەكی تەلەفونیدا لەگەڵ ترەمپ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی بۆ قودس بە هەنگاوێكی مەترسیدار ناوبردو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی توڕەیی سەرجەم موسڵمانان لە جیهاندا.

لەلایەكیترەوە، ئانتونیو گوترش بەرپرسی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری داوەتە ئەمریكا سەبارەت بە بڕیارە تاكلایەنەكەی و مەترسی تێكدانی دۆخی ناوچەكەی رایگەیاندووە.
00
لەلایەكیترەوە عەلی خامەنەیی رێبەری شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئەوانەی كە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە قودس بكەنە پایتەختی ئیسرائیل، لە كەموكوڕی‌و لاوازی ئەوانەوەیە.

وتیشی، لەپرسی فەلەستیندا دەستی ئەوان بەستراوەو ناتوانن ئامانجەكانیان بهێننەدی، سەركەوتن بۆ گەلی موسڵمانی فەلەستینە و ئەو وڵاتە ئازاد دەبێت و بەرەو سەركەوتنیش دەڕۆن.

ئاشكراشیكرد، بەداخەوە بەرپرسە باڵاكانی ناوچەكە بە موزیكی ئەمریكا دەكەونە سەما كردن بۆ ئەوەی ئاسایشی ئیسرائیل بپارزرێت.

لای خۆشییەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرایكرد، بە هەموو شێوەیەك عێراق پێچەوانەی بڕیارەكەی ترەمپ دەوەستێتەوەو هۆشداری توندیش دەداتە ترەمپ.

ئیسڕائیل كاتسی وەزیری هەواڵگری ئیسڕائیل هەفتەی پێشوو چاوی بە بەرپرسانی ئەمەریكا كەوت‌و لە لێدوانێكیدا بۆ ڕادیۆی سوپای ئیسڕائیل رایگەیاند، پێم وایە سەرۆك دان دەنێت بە قودسدا وەكو پایتەختی هەتا هەتایی گەلی جوولەكە.

وتیشی، ئێمە بۆ هەموو بژاردەیەك ئامادەین، ئەگەر مەحمود عەباس بابەتەكان بەو ئاڕاستەیەدا بەرێت ئەوا هەڵەیەكی زۆر گەورە دەكات.

بابەتی دواتر

kobunawa1

توركمانەكانی كەركوك شەڕ لەسەر پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن دەكەن

وتەبێژی حەشدی توركمانی ئاشكرایدەكات، ئێمە وەكو كوتلەی توركمانی داوای پارێزگاری كەركوك دەكەین. عەلی حوسێنی وتەبێژی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *