جەستن ترودۆ، سەرۆك وەزيرانى كەنەدا
جەستن ترودۆ، سەرۆك وەزيرانى كەنەدا

ساڵی ٢٠١٧ بۆ سەرۆکەکان چۆن بوو..لەنێوان سەرکەوتن و شکستدا

باسک نێت:

ساڵی ٢٠١٧ بەساڵێکی توڕەو توند بۆ زۆرێک لەسەرکردەکانی جیھان دادەنرێت و بەو ھۆیەشەوە بەشێکی زۆریان توشی شکست و دۆڕانی سیاسیی بون، بەڵام بەشێکی دیکەش لەسەرکردەکانی جیھان ئەوساڵەیان کردە ساڵی سەرکەوتن و دەستکەوتەکانیان.

CNNی ئەمریکی ژمارەیەک لەسەرکردەکانی جیھانی ناوھێناوە کە لە ٢٠١٧دا بەشێکیان توانیویانە سەربکەون و بەشێکی دیکەش توشی شکست و دۆڕانی قورس بون.

ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ـ سەرکەوتن

٢٠١٧ ماکرۆنی دروستکرد، پێشتر وەزیری ئابوری فەرەنسا بوو، بەڵام دواتر توانیی لەھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەدا سەرکەوتن بەدەستبێنێت و ببێتە سەرۆکی فەرەنساو سەرکردەیەکی جیھانی ئازاد.

ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ـ شکست

ساڵێکی قورس بوو بۆ مێرکڵ، ئەو دەبوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی بکردایەتەوە، ھەرچەندە لەھەڵبژاردنەکانی ئەیلولی ئەمساڵ توانیی سەربکەوێت، بەڵام حزبەکەی زیاتر لەیەک ملیۆن دەنگی دۆڕاند.

بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ـ سەرکەوتن

بەشار ئەسەد لە٢٠١٧ توانیی بەشێکی زۆر لەخاکی سوریا یەکبخاتەوەو لەگروپی تیرۆریستی داعشی پاکردەوە، ئەسەد نەک تەنھا لەدەسەڵاتدا مایەوە، بەڵکو توانیی پشتیوانییەکی زیاتریش بەدەستبێنێت.

ئانگ سان سوو کیی ـ بورما ـ شکست

٢٠١٧ بەساڵی کەوتن و دۆڕانی ئانگ سان سوو کیی دادەنرێت وەک سەرکردەیەکی بۆرما، زۆر ھیوا ھەبوو کە ئەو بیھێنێتەدی، بەڵام وەکو CNN نوسیویەتی ((ئەو ھیوایەک بوو بۆ دیموکراسی لەباشوری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا بەتایبەت بۆ داکۆکیکردن لەگروپ و ئایینە جیاوازەکان))، بەڵام نەیتوانی سەرکەوتوبێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ـ سەرۆکی تورکیا ـ سەرکەوتن

سەرباری ناڕەزاییە زۆرەکانی وڵاتەکەی سەبارەت بەشێوازی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان توانیی لەمساڵەدا سیستمی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی بەزۆرینەی دەنگی خەڵکی تورکیا لەپەرلەمانیەوە بگۆڕێت بۆ سەرۆکایەتی، بۆیە ٢٠١٧ بۆ ئەردۆغان واتە ساڵی سەرکەوتن.

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا ـ سەرکەوتن

پوتین ھەوادارێکی زۆری ھەیە تەنانەت ئەگەر لەماڵیشەوە دانیشێت، پێدەچێت بۆ ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ ھەڵبژێردرێتەوە، لە٢٠١٧دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا باشترکردو کۆمەڵێک سەرکەوتنی لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەدەستھێنا.

شی چین پینگ ـ سەرۆکی چین ـ سەرکەوتن

٢٠١٧ ساڵێکی زۆرباشبوو بۆ شی و توانیی سەربکەوێت لەجێبەجێکردنی بڕگەکانی وەکو سەرۆکێکی حزبی کۆمۆنیستەکان و توانایەکی باشتری پیشاندا، ھاوکات ئابوری وڵاتەکەشی بەرەو باشتر برد.

کیم جۆنگ ـ سەرۆکی کۆریای باکور ـ سەرکەوتن

لەسەرەتای ئەمساڵدا کیم ڕایگەیاند، لەکۆتاییەکانی دروستکردنی موشەکی کیشوەر بڕدایەو سەرباری ھەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا، ئەو سەرۆکە گەنجە بەردەوامبوو لەدروستکردنی چەک و لەئێستادا خاوەنی چەکی ئەتۆمیی و موشەکی نایترۆجینیە.

تێرێزا مەی ـ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ـ شکست

دوای ھەڵبژاردنەکان، حزبەکەی تێرێزا مەی دەنگی زۆرینەی دۆڕاند، ئەمەش وایلێکرد ڕێکەوتن لەگەڵ حزبی دیموکراتەکانی باکوری ئێرلەندا بکات بۆ ئەوەی لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەم ھەنگاوە ڕوبەڕوی ڕەخنەیەکی زۆربۆوەو ئاڵۆزیشی خستە ئەو وڵاتەوە.

محەمەد بن سەلمان ـ سعودیە ـ سەرکەوتن

محەمەد بن سەلمان کە جێنشینی پاشای سعودیە بوو، ئەو شازادەیە لەوە دەرچوو تەنھا چاوەڕێی پادشایەتی بێت، بەڵکو کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گەورەی ئەنجامدا وەک ڕێگەدان بەژنان بەشۆفێریکردن، ھاوکات سینەمای لەوڵاتەکەیدا کردەوەو دەسەڵاتە ئاینییەکانیشی سنوردارکرد.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ـ سەرکەوتن

٢٠١٧ ساڵێکی سەرکەوتوبوو بۆ ئەم سەرۆکەو دەنگی گشتیی ئێرانیشی بەدەستھێنا لەسەر ڕێککەوتنەکانی چەکی ئەتۆمی و ئابوری ئێرانیشی گەشەپێدا، ھەروەھا توانیی ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٧ش بباتەوە.

بنامین ناتانیاھۆ سەرۆکی ئیسرائیل ـ سەرکەوتن

سەرباری ئەوەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ناوی ھەبوو لەدوو لێکۆڵینەوەی تاواندا، بەڵام بەگشتیی ٢٠١٧ بۆ ئەو باشبوو بەتایبەت کاتێک ترەمپ قودسی کردە پایتەختی ئیسرائیل، ئەمەش بوە سەرکەوتن بۆ ناتانیاھۆ.

ماریانۆ ڕاجۆ ـ ئیسپانیا ـ شکست

٢٠١٧ ساڵێکە کە ئەم سەرۆک وەزیرانە دەیەوێت لەیادی بکات لەدوای قەیرانە دەستورییەکان و داواکردنی کەتەلۆنیا بۆ سەربەخۆیی، بۆیە ٢٠١٧ بۆ ماریانۆ ساڵێکی پڕ لەشکست بوو.

شینزۆ ئابی ـ ژاپۆن ـ سەرکەوتن

ئەم سەرۆک وەزیرانە باشترین خاڵی سیاسی کۆکردەوە لە ٢٠١٧و یەکەم سەرکردەی جیھان بوو کە بەزیرەکانە خۆی لەدۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا نزیککردەوە، باشترین پەیوەندیشی لەگەڵدا دروستکرد.

ئوھورو کینیاتا ـ کینیا ـ شکست

سەرباری سەرکەوتنی لەھەڵبژاردنەکاندا ٢٠١٧، بەڵام ساڵێکی خراپبوو بۆ کینیاتای سەرۆک بەھۆی سکاڵا تۆمارکردنەکەی ڕالیا ئۆدینگای ڕکابەری کاتێک تۆمەتباریکرد بەساختەکردن لەھەڵبژاردنەکاندا.

جەستن ترۆدیۆ ـ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ـ سەرکەوتن

ئەم سەرۆک وەزیرانە گەنجەی کەنەدا زۆر گریا لە٢٠١٧داو داوای لێبوردنی لەخەڵکە ڕەسەنەکەی کەنەدا کرد، دواتریش ئابوری وڵاتەکەی بەڕێژەی ٣% بوژاندەوەو سیستەمێکی نوێی بۆ باج لەسەر منداڵی خێزانە کەمدەرامەتەکان دانا.

نیکۆلاس مادورۆ ـ ڤەنزوێلا ـ شکست

ڤەنزوێلییەکان ھەرگیز ئەمساڵەیان بیرناچێتەوە کە چەندەھا خۆپیشاندانیان دژی حکومەت ئەنجامداو خەڵکێکی زۆریش کوژران، مادورۆش دۆخەکەی خراپترکرد کاتێک پێشنیازی نوسینەوەی دەستوری کرد.

مالکۆلم تۆرنبول ـ ئوستورالیا ـ سەرکەوتن

تۆرنبول کاتێک باسی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی کرد لەگەڵ ترەمپ کە سەرۆکی ئەمریکا بەخراپترین تەلەفۆنی ڕۆژ وەسفیکردوە، ئەوە بۆ خەڵکی ئوسترالیا ھەنگاوێکی باش بوو، چونکە داواکاریەکانی ترەمپ قبوڵنەکران، دواتریش مالکۆلم ڕەزامەندی نیشاندا بەھاوسەرگیری ھاوڕەگەزەکان، ئەوە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە بڕیارێکی گرنگ بوو.

ئەنریکی پێنا نێتۆ ـ مەکسیک ـ شکست

ئەم سەرۆکە ناچارکرا ڕوبەڕوی پرسیار بکرێتەوە سەبارەت بەڕەزامەندبونی بەزیادکردنی نرخی نەوت و قەیرانەکانی خۆپیشاندانەکان و کێشەکانی لەگەڵ ترەمپ سەبارەت بەدیوارەکەی نێوان ئەمریکاو مەکسیک، ئەوەش شکستێکی گەورەبوو بۆ ئەو سەرۆکە.

جاسیندا ئاردێن ـ نیوزلەندا ـ سەرکەوتن

ئەم خانمە بوو بەیەکەم گەنجترین خانمی سەرکردە لەجیھاندا کە لەتەمەنی ٣٧ ساڵیدا بوە سەرۆک وەزیرانی نیوزلەنداو ٢٠١٧ بۆ ئەو ساڵێکی مێژویی و گەشە.

جایکۆب زوما ـ ئەفریقیای باشور ـ شکست

ئەم سەرۆکە دڵتەنگ و بێدەنگ وەک سەرۆکی حزبەکەی دەرکەوت دوای ئەوەی وەک سەرۆک ھەڵبژێردرا ڕوبەڕوی کۆمەڵێک گەندەڵی و کێشە بۆوە.

 

بابەتی دواتر

images

رێژەی باران بارین و پیشبینی كەش و هەوای ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوكرایەوە

بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ئاشكرایدەكات، پلەكانی گەرما بۆ ئەمڕۆ شەمە بەم شێوەیە دەبێت، شاری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *