images

فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی نەخشەكاری هەنووكەیی بۆ پەرلەمان‌و حكومەت رادەگەیەنێت

باسك نێت
فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە نەخشەكارییەكی هەنوكەییدا داوا دەكات، بانگهێشتی سەرۆك و جێگری حكومەت بۆ پەرلەمان و درووستكردنی لیژنەیەكی هاوبەش و بەكاربردنی هەموو توانستێك تا لانی كەم لە (3) سێ‌ مانگی ئایندەدا بە هەر نرخێك بووە، وەك، قەرز لە وڵاتان و پشتبەستن بە خۆ، موچەی فەرمانبەران وەك پێویستی ژیان بدرێت، بەمەش بەشێك لە توڕەیی خەڵك و شەقام ئارام دەبێتەوە، كە مافیانە شەووڕۆژ داكۆكیی بكەن و یەخەی پەرلەمان و حكومەت بگرن.

دەقی نوسراوەكە..

ڕاگەیاندنی نەخشەكاری هەنووكەیی بۆ پەرلەمان و حكومەت
بە پەلە و دەستبەجێ‌…

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
نەخشەكاری هەنووكەیی، فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامیی، بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی هەرێمی كوردستان

دوور لە كاوێژ و موزایەدەی سیاسیی و لە قوڵایی هەستكردنمان بە دۆخی خراپی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی خەڵكی هەرێمی كوردستان، لەو هەموو قەیران و قوڕبەسەرییەی تێی كەوتووە، فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ئەركی ئەخلاقیی و پەرلەمانیی خۆی دەزانێت، بێ‌ پشوو، میكانیزمێكی واقیعیی بە پەلە، لە چوارچێوەی دیفاكتۆ هەرێمخوازییەكەدا بدۆزێتەوە، تا خەڵكی كوردستان، دەرباز بكات لەو ناعەدالەتیی و كۆتوبەندە ستەمكارییەی كە حیزبی كوردیی بە ئەزموونی دوور و نزیكی خولقاندوویەتیی.
لە كاتێكدا ئەم حكومەتەش دەستەنەمامی ئەو حیزبانەیە، بێگومان بەرپرسیاری ئەو دۆخەیە، كە ئیتر بەناچارییەوە دیسانەوە وەك فراكسیۆنی بزووتنەوە دەیخەینەوە بەردەم لێپێچینەوە و دواجاریش پرساندن و سەركۆنەكردنی لە بری دەستەپاچەیی و ناعەدالەتیی و خولقاندنی ئەو بوركانە قەیرانەی، خەریكە كۆی تەنانەت ژیانی ئاسایی و مافی سەرەتاییش دەخاتە بەردەم فەوتان و نغرۆبوونەوە.
فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامیی لەم ساتەوەختەی ناڵەی بێدەنگی خەڵك و خۆخواردنەوەی لە ماڵ و شەقامەكانیاندا، كە هیچ ئەمەلێكیان بە دەسەڵاتەكانی پەرلەمان و حكومەت نەماوە و لە چاوەڕوانیی خوای گەورە و پاشان هێزی ڕزگاریی و هیوای نیشتیمانیدان، بەم حەوت خاڵە ڕای ئەمڕۆی ئاشكرا دەكات:
یەكەم/ وازهێنان و خۆخەریكنەكردنی پەرلەمان، بە هەر پڕۆژە بریار و پڕۆژە یاسایەك كە خزمەت بە ئێستای ڕەوشی خراپی گەلەكەمان ناكات و دەستبەجێ‌ كۆبوونەوەی لەسەر چارەنووسی هەرێم لە چوارچێوەی عێراقدا و بەشەبودجەی جێگیركراوی (%17)و دانیشتن و بەشداریی یان بایكۆت و كشانەوەی كورد و فراكسیۆنەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی ناوەند، كە ئیتر مایەی شەرم و شورەییە ئەو هەموو نەرمینواندن و سازش و چاوەڕوانییە لە عێراقێكی عەرەبیی و بەغدایەكی سەر كەلی شەیتان، بەمەش پەرلەمان دەستی كراوە دەبێت بۆ هەر بڕیار و هەڵبژاردنی ڕێگایەكی تر.
دووەم/ بانگهێشتی سەرۆك و جێگری حكومەت بۆ پەرلەمان و درووستكردنی لیژنەیەكی هاوبەش و بەكاربردنی هەموو توانستێك تا لانی كەم لە (3) سێ‌ مانگی ئایندەدا بە هەر نرخێك بووە، وەك، قەرز لە وڵاتان و پشتبەستن بە خۆ، موچەی فەرمانبەران وەك پێویستی ژیان بدرێت، بەمەش بەشێك لە توڕەیی خەڵك و شەقام ئارام دەبێتەوە، كە مافیانە شەووڕۆژ داكۆكیی بكەن و یەخەی پەرلەمان و حكومەت بگرن.
سێیەم/ دەستبەجێ‌ دانیشتنی پەرلەمان لەسەر نەهێشتن و ڕاستكردنەوەی لیستی خانەنشینان و دەرماڵە و دوو یان سێ‌ موچەیی و بندیوار و بەهەدەردانی بەشێكی زۆر لە داهاتی گشتی بۆیان، كە بێگومان ئەمەش دەبێتە سەرەتای عەدالەت و ڕێگریكردن لە فەساد و تاڵانیكردنی ئەو داهاتە گشتییەی كە مافی هەموو هاوڵاتییەكە.
چوارەم/ جەختكردنەوە لەسەر بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە و ناساندنی بە فەرمیی لە لایەن پەرلەمان و حكومەتی ناوەندەوە، بە دانانی پشكی پارێزگاكە لە بودجەی 2018 و دەنگدان لەسەری، كە ئەمەش دیسان شكۆی نەتەوەیەكە و دەبێت دەسەڵاتی كورد و فراكسیۆنەكانە كوردییەكان لە بەغداد بە هیچ شێوەیەك نەهێڵن ئەم مافەی كورد و هەڵەبجە بفەوتێت،
پێنجەم/ دانان و شەڕكردن لەسەر بەشە بودجەی پێشمەرگە لە بودجەی گشتی 2018ی ناوەند و دیسانەوە تێپەڕاندنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی بەغداد، مایەی شكست و شورەییە بۆ كورد و نوێنەرانی.
شەشەم/ ئەگەر خاڵی یەكەم بە باری نەكشانەوە و بەشداریكردنی كورد دا بوو لە ناوەند، پێویستە خاڵی چوارەم و پێنجەمی ئەم نەخشەكارە بە ئیرادەیەكی بەرپرسیارانەوە كاری لەسەر بكرێت، بەڵام كات لە بەرژەوەندیی كورد نییە و خەمساردیش ئەو پەڕی نابەرپرسیارێتییە و قەبوڵ نەكراوە.
حەوتەم/ لە پێناو هەڵبژاردنێكی تەندروست و دوور لە تەزویر و ساختەكاریی، پێش پاككردنەوەی لیستی دەنگدەران، خودی (كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی) لە دەستی حیزب و لایەنگیریی پاك بكرێتەوە، داواش ئەكەین وەك فراكسیۆنی بزووتنەوە، كۆمسیۆن لە قۆرخكاریی (پێنج حیزبەكە) ڕزگار بكرێت و حیزبەكانی تریش مافی پۆستی كۆمسیاریی و جومگە سەرەكییەكانی كۆمسیۆنیان هەبێت، ئێمە وەك فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە یاداشتی ژمارە (510) ی ڕۆژی 23/1/2016 داوامان ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووە كە ناكرێت لەسەر ئەو پێنج حیزبە كۆمسیۆن وەك خەڵات لەسەر سینی برۆنز بەش بكرێت، ئەگەرنا، وشەی سەربەخۆیی لە ناوەكەیان بكەنەوە، بەڵام هێشتا وەڵامیان نەبووە و ئەمجارە لە ڕێی پەرلەمانەوە هەڵوێستی ترمان دەبێت، ئەمەش دیسانەوە لە پێناو ئەنجامدانی پرۆسەیەكی خاوێنی نیشتیمانیی، تا دەنگدەری كورد، بتوانێت هەم تۆڵەی خۆی هەمیش دڵخوازی خۆی بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە خراپە هەڵبژێرێت.
لە كۆتاییدا فراكسیۆنی بزووتنەوە، بەڵێنی بەردەوامیی دەدات بە خەباتی پەرلەمانیی و یاسایی، لە پێناو بە سەروەركردنی یاسا و ڕێگریی لە ناعەدالەتیی و گەشتن بە ژیانێكی شایستە، بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان.

و السلام علیكم

فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامیی
لە پەرلەمانی كوردستان
سێشەممە
2/1/2018

بابەتی دواتر

2291

سێ هاووڵاتی بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە بوونە قوربانی

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەرین ڕای گەیاند، بەیانی ئەمڕۆ دووشەم سێ‌ كەس بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بوونەتە قوربانی.لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *