FB_IMG_1515525188846

دیدگای بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ جوڵانەوەی نەوەی نوێ

باسک نێت:

دیدگای بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان بۆ جوڵانەوەی نەوەی نوێ:

لەکۆمەڵگەی فرە حزبی و پلۆرالدا ئاساییە ھەر خاوەن دیدگاو ئایدیایەک حزب و رێکخراوێکی سیاسی بۆ خۆی ھەبێت و لەو ڕوانگەیەوە مەبەستی خزمەتکردن و باشترکردنی ژیانی خەڵک بێت، کۆمەڵگەی کوردستانیش لەئێستادا نغرۆی دەیان قەیرانی لەسەر یەک کەڵەکەبووی چەندین ساڵەیە کە ھۆکارەکەی بۆ حوکمڕانی و ھەژموونی سیاسی و سەربازی دوو حزبی کوردی دەگەڕێتەوە کە ئێستا ئاستە جەماوەرییەکەیان لەپاشەکشەی بەردەوامدایە، بەڵام بەپارەو چەکی قۆرخکراوی ئەم وڵاتە لەدەستیاندا درێژە بەئەزموونێکی شکستخواردووی خۆیان دەدەن و ھیچ مانایەکیان بۆ رکابەری سیاسی و پلۆرالیزم و فرەیی و ھەڵبژاردن نەھێشتووەتەوە، بۆیە لەئێستادا زۆر ئاساییترە چەندین رەوتی سیاسی و حزب و ڕێکخراو سەرھەڵبدەن و دروشمی گۆڕانکاری و رزگارکردنی وڵات لەھەژموونی میلیتاری ئەو دوو حزبە بەرز بکەنەوە، جووڵانەوەی نەخێریش لەسەرەتاوە بەم نەفەسە سیاسییەوە ھاتە پێش و ئێستاش وەک حزبێک یان جوڵانەوەیەکی سیاسی خۆیان ڕاگەیاندووەو یەکەم کۆنگرەی دامەزراندنی خۆیان بەناوی (جوڵانەوەی نەوەی نوێ)وە ئەنجام داوە.

ئێمە لەبزووتنەوەی ئیسلامی وێڕای پیرۆزبایی خۆمان لەسەرکردایەتی و بنکەی جەماوەریی ئەو جوڵانەوەیە ئەمە دیدگامانە بۆ ھاتنە مەیدان و دامەزراندن و خۆڕاگەیاندنیان وەک جوڵانەوەیەکی سیاسی:

یەکەم: وەک ھەر حزبێکیتر مافی ڕەوای خۆیانە لەگۆڕەپانەکەدا رکابەری و ململانێی سیاسی خۆیان بکەن و بەدیدی خۆیان واقیعەکە بخوێننەوەو ھەوڵی گۆرانکاری و چاکسازی بدەن.

دووەم: ئەوان و ھەر حزبێکیتری سیاسی کە لەم گۆڕەپانەدا کار دەکەن دەبێت واقیعیانە کۆمەڵگەی خۆیان ببیننەوەو رەچاوی جیھانبینی و فەلسەفەی ژیانی زۆرینەی خەڵک و پیرۆزییەکانی گەلەکەیان بکەن و لەسەنگەری خەڵک و جەماوەرەوە بەرامبەر ستەمکاری و گەندەڵی و ناعەدالەتی ڕابووەستن.

سێیەم: ئێمە رووی ئیجابی ھەر حزب و رێکخراوێکی سیاسی وەک خۆی دەبینین و ستایشی دەکەین و مزایەدەو گەمەی سیاسی لەگەڵ خەڵکدا بەلامانەوە قیزەونەو ئاکامی نابێت، لەم رووەوە ھەڵوێستی جوڵانەوەی (نەخێر لەئێستادا) کە ئێستا بوونەتەوە (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) لەکاتی خۆیداو تا ئێستاش لەبەرامبەر ریفراندۆمدا ھەڵوێستی مەبدەئیانەو ڕوون بوو کە تا دوا ساتەکان و لەکاتی دەنگدان و دوای ریفراندووەمیش لەسەر نەخێری خۆیان سووربوون، سەرەڕای جیاوازی بۆچوونمان ھەڵوێستی نەگۆڕو چەسپاویان جێگای ستایشە.

چوارەم: بەشداری مەیدانی جوڵانەوەکەو شەخسی بەڕێز شاسوار عەبدولواحید لە گردبوونەوەو چالاکییە جەماوەرییەکانی شەقامدا بەجێھێنانی وەزیفەی سەرەکی حزبی سیاسی و سەرکردەکانی و بەتایپەتی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنە کە ئێمە لەچوار چێوەی پرۆژەی دروستکردنی بەرەیەک بۆ ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لەکوردستاندا لەو رووەوە پرۆژەیەکمان دایە حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن لەھەرێمی کوردستان.

پێنجەم: گوتاری سیاسی نەوەی نوێ بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی لەھەرێمی کوردستاندا گوتارێکی بابەتییەو ھەموو لایەکمان کار بۆ کوردستانێکی ئازادو دوور لەھەیمەنەی ھێزو تۆقاندن و قۆرخکاری دەکەین، دەبێت ھەردوو حزبی چەکداری کوردستان چەک و داھاتی کوردستان بەنیشتمانی و نەتەوەیی بکەنەوەو ڕادەستی دامەزراوە فەرمییەکانی بکەن، ناوەرۆکی ئەم جۆرە گوتارانە بەقۆناغەکە دەخواو ھاوباوەڕین تیایدا.

شەشەم: جوڵانەوەی نەوەی نوێ حزبێکی سیاسی نوێیە لەکوردستان و ئەندام و لایەنگری خۆی ھەیەو تا ئەو جێگایەی کار بۆ چاکسازی و ھێنانەدی حوکمێکی دادپەروەرانە بکات ھاوکارو ھاوھەڵوێستین لەگەڵیان، لەڕۆژانی ئاییندەشدا بەمەبەستی پیرۆزبایی و گفتوگۆی دۆستانە وەک سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی سەردانی سەرکردایەتی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەکەین.

کامیل مەحموود
وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان

بابەتی دواتر

03a86a846b8aeaffafbf7f91ba175bad_L

لەسەر فرۆشتنی گۆشتی گوێدرێژ لەسلێمانی ڕونكردنەوە دەدرێت

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت رەدی دەكاتەوە لە شاری سلێمانی گۆشتی گوێدرێژ فرۆشرابێت و رایدەگەیەنێت: دەزگایەكی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *