باسک نێت:
ئەمڕۆ پێنج شەممە ١١ـی کانونی ٢٠١٨، بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٥ پلە بە پێوەری ڕێختەر سنوری نێوان ھەرێم و خۆرھەڵاتی کوردستانی ھەژاند.
بەپێی ماڵپەڕەکانی کەشناسی و بومەلەرزەزانی، بومەلەرزەکە کاتژمێر ٩:٥٩ خولەک ڕوویداوە و قوڵاییەکەی ٤٠ کیلۆمەتر بووە.
بوومەلەرزەکە باشووری کوردستانی ھەژاند و لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە ھەستی پێکرا، ھەروەھا لە رۆژھەڵاتی کوردستان و لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و سنە بوومەلەرزە روویداوە، ھەروەھا لە پارێزگاکانی عێراق وەک بەغدا، واست و دیالە ھەستی پێکراوە.
ھاوکات ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٦ پلەی ریختەر لە سنوورەکانی پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان روویداوە و نزیکترین شارەکانیش بە بوومەلەرزەکە سوومار و گیلانی رۆژئاوا بووە لە پارێزگای کرماشان و زەرنە بووە لە پارێزگای ئیلام.
فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: “ناوەندی بوومەلەرزەکە پاریزگای کرماشان بووە لە رۆژھەڵاتی کوردستان و بەگوڕی ٥.٦ پلەی ریختەر بووە، لە باشووری کوردستانیش لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە ھەستی پێکراوە”.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٧وە، زیاتر لە ٥٠٠ بومەلەرزە لە سنورەکانی ھەرێمی کوردستان ڕوویانداوە و پلەی سەرجەم بومەلەرزەکان لەنێوان ٢ بۆ ٤.٥ پلەی ڕێختەر بوون.
ھاوکات بە وتەی کەشناسی ھەرێم، بەھێزترینیان ئەوەی ١٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو بوو کە گیانلەدەستدان و زیانی مادی لێکەوتەوە.
ژ.ک