1016778_486779041403625_1221301673_n

چیتر گوێ بە سەگوەڕ مەدەن!!

. شۆڕش کەمال
بەر لە هەمووشتێ زوڵم و ستەم ستالین کردبێتی یان مۆسۆلۆنی و هیتلەر و سەدام يا ئەسەد و ئەتاتورک و ئەردۆگان یان داعش هەر ستەمە، ئەوەی لە عفرین ڕودەدات دووبارەی مێژووی فرۆشتنی بەکۆمەڵە وەک ئەوەی بە شۆڕشی شێخ سەعید و کۆماری مهابادی قازی و ڕێکەوتنی جەزائیر دژی شۆڕشی باشور کراو بەم نزیکانەش لە کەرکوک و خورماتوو ناوچەکانیتر ڕویاندا وا ئێستاش لە رۆژئاوا دەگوزەرێ.
داماوی تاکی کورد لەوەدایە تەنها لە ڕووە عاتفیەکەوە دەڕوانێت بۆ ڕوداوەکان، قوربەسەری لەوەدایە ئێمەی کورد شەڕی بەوەکالەت بۆ دەوڵەتانی ئیقلیمی موخابەراتی و زلهێزانی دونیادەکەین بەبێ بەرامبەر و دواتریش پشتمان تێدەکەن، کڵۆڵیمان لەوەدایە خۆشمان نازانین هێلکە لە سەبەتەی کێ دەکەین ئەم هەموو گەنجە جوانەی کورد بۆ کێ بە کوشت دەدەین!؟ هەر بۆ ئەوەی پێمانبڵێن ئازان ئەی بۆ پێمان نەڵێن کوردان زاناو دانان!؟.
لە هەمووشی سەیرتر خەڵکێکی لادین و چەپ و کۆمۆنیزم لەبری ئەوەی شەڕی ماف و خاک و نەتەوە و چارەنوس بکەن شەڕی ئایدۆلۆژیای ناوخۆیی ئاگردەدەن خڕخڕ شکست و نەزانی و داماوی خۆیان دەگێڕنەوە بۆ ئیسلام و دەیانەوێ گۆزەکە لە سەری ئیسلامیەکانی باشوردا بشکێنن وەک ئەوەی ئیسلامیەکانی باشور وەزیری بەرگری و سوپای مارێنز و کەتیبەی دەبابەو تۆپخانەو فڕۆکەی شەڕکەریان پێ بێ و نەیانەوێ بەرگری لەکوردستان بکەن.. داماوی لەدرۆدا خنکاوی خەسێنراو ئەو تۆمەتە بەرە بۆ بەرپرس و جەنڕاڵە هەڵهاتووە دۆڕاوەکان ئەو پاڵەوانانەی دەستەڵات کردوونی بە گریندایزەر با ئەوان وەڵامت بدەنەوە.
هەر لەسەرەتاوە موسڵمان و ئیسلامیەکانی باشور لە کۆمەکی کوردانی رۆژئاوا درێغیان نەکردووە تەنانەت مزگەوت و بارەگاکانی خۆشیان بۆ خەڵکی رۆژئاوا کردە لانە، ئەوەش منەت نیە مافی خۆیانەو برامانن.. رێکخراوە ئیسلامیەکان هەرچی سواڵ و ساغە بوو کردیان بۆ هاوکاری برا کوردەکانیان، حیزبی ئیسلامی لە باشور لە یەکەم ڕۆژەوە تا ئێستاش هەر دەستیان لە گیرفانیاندایەو خەریکی کەمپین و کۆکردنەوەی یارمەتین،ئەوەندەی ئیسلامیەکانی باشور بە خەم دۆزە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانەوە بوون حیزبەکانی تر نەبوون ئەوەی مێشێ میوانی نەبوەو نیە نەوت فرۆشەکانن.
ئیسلامییەکان نەچوون ڕێکەوتنی نهێنی لەگەڵ دەزگا هەواڵگریەکانی دەوڵەتانی ئیقلیمی و زلهێزان بکەن ئەو پرسیارە لە خۆتان و خەڵکی تر و حیزبەکانی دەستەڵات و دەرەوەی دەستەڵاتیشبکەن.
جنێو و سوکایەتیەکانتان ڕوبەڕوی تۆمەتباران کەنەوە نەوەک خەڵکێک کەبەشێک نەبووە لە گەندەڵی و تاوان، ئەوەی منداڵە وردکەیەکی بێ ئاگاو بێ ئەزموون دەیڵێ و دەیکات ئێوەفێریان دەکەن تا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تۆمەت ببەخشنەوە.. هەمان ئەو ژەهرە ئایدۆلۆژیەیە کە کۆمۆنیزم و سیکۆلارە ڕق ئەستورەکان بەرامبەر ئیسلام چەڵتەچەڵتی لەسەر دەکەن و دەیجونەوە.
هێرشی تورکیا و ئەردۆگان بۆ سەر گەلی رۆژئاوا جگە لەوەی ڕێکەوتنێکی زلهێزان و ئیقلیمیە دژی دۆزی کورد لەناوخۆی تورکیاش بە پشتگیری و فشاری هەموو کۆمۆنیزمە چەپەکان و سیکۆلاریزم و نەتەوەپەرستەکانە ئەو برا سیکۆلارو چەپانەتان کە لەهەمان قوتابخانەی ئێوەن و ئاوازیان بۆ دەچڕن.. ئەگەر ئەردۆگان دین وەک مەرامێک بەکاری دێنێت بۆ سیاسەت ئەوا تاوانی ئیسلام چییە وەک ئاین!؟ گەر ئەردۆگان بەپاڵپشتی سۆفی و ڕەوتەکانی توانییویەتی دەنگ بەدەستبهێنێ و بێتە دەستەڵات خۆ لای خۆشمان حیزبەکانی دەستەڵات هەروادەکەن! چی حیزبی نەتەوەیی بن یان سیکۆلار دونیایەک دەنگدەری نوێژ خوێن و شێخ و مشایەخ و سۆفی و شوێنکەوتەی تەریقەتەکانیان بەدواوەیەو دەنگیان بۆدەدەن، ئەم تێڕوانینە بۆ داعش و هاوشێوەکانیشی هەمان شتە گەر سەیری داعشیش بکەین هەر لەسەرەتاوە دروستکراوی کارخانەی تیرۆریزمی جیهانی ئیسرائیل و ئەمریکایە هەر لە ئەمریکاوە تا ئەوپەڕی ئەورووپا و ڕوسیا و دەوڵەتانی ئیقلیمیش ڕۆڵیان لە دروستبون و فراوانکردنی گەمەکەدا هەبووە هەواڵگری ئەمریکاش بە وتەی “هیلاری کلینتۆن” دروستکەر و کارخانەی ئەو بیرە بووە.
ئامانجیش لێی لەلایەک تۆمەتبارکردن و شێواندنی ڕوی ڕاستی ئیسلام بووە، لە لایەکەی تر هەڵگیرسانی شەڕو ئاژاوە بووە بە قازانجی سیاسەتی دەوڵەتان و کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنان و فرۆشی چەک و چۆڵ، داعش تەنها گورگێکی هەواڵگری نێودەوڵی زیاتر نیەو دەقەکانی ئیسلامی تەنها بۆ بەرژەوەندی و قازانج شکاندوەتەوە بۆ مەرامەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، هەر بۆیەش زاهیر- رواڵەتی دەق و حوکمەکانی قورئانی بەکارهێناوەو نایانەوێ خۆیان لە مقاێد- مەبەستەکانی شەریعەت بدەن..گەرچی کۆمەڵ و خەڵکێکی تریش هەن بە ناوی ئیسلامەوە شتانێک دادەتاشن و بە باتینی دەقەکان یان تێگەیشتنی تایبەتی دادەنێن و ناتوانن مەبەستەکانی شەریعەت بەرجەستەبکەن یان لە بەگی بەناو عەقڵانی و خەوارج دا خۆیان دەبیننەوە و خۆشیان و خەڵکیش تووشی لادان دەکەن.. ئیسلامی ڕەسەن یان ئیسلامی کوردی بێگوناهترین و زەرەرمەندترینی دەستی ئەو ڕێکخراوانەن ئەگەر خەڵکێک کێشەی لەگەڵیان تەنها لەڕوی سیاسیەوە هەبێ ئەوا ئیسلامیەکان دووجار کێشەیان لەگەڵیان هەیە جارێک وەک سیاسەت و جارێکیش وەک هزر- فیکر، بۆیە ستەمێکی گەورەیە ئیسلامی ڕەسەنی کوردی کە لە هاناوی کوردستان پەیدابووە بیهێنی و بە پێوەر و پێوانەو کێشانەی ئەوان لە قەپانی بدەیت و مەحکومیان بکەیت.
من لە ئازاری کۆمۆنیزمەکان تێدەگەم دەزانم چ دوومەڵی گەورە لەشوێنی حەساسی دانیشتنیان هاتووەو ئارامی لێ بڕیون و وەک کەسێکی ئاسایی ناتوانن لە سایەی دیموکراسی ڕاستەقینە دابنیشن یان لەخوێندنەوەو تێگەیشتنی ئاین وەک خۆی تێبگەن ئەوان لەگەڵ پێکەوە ژیان هەڵناکەن دەیانەوێت دونیا بۆ دووبەرەو زیاتر دابەشبکەن چونکە ئەوان هەر لەو ژینگەیەدا دەتوانن ڕاوبکەن و شەڕی ئایدۆلۆژیا بکەن.
پێویستە کۆمۆنیزمەکان چاک لەوە تێبگەن کاتێک تورکیا سورەتی فەتح دەخوێنێت لە مزگەوتەکانەوە بۆ دوعای سەرکەوتن شەڕەڤانانیش دەبوایە سورەری تەوبەی بخویندایە ئەمە دەبوو بەسەرەتای تێگەیشتنێکی نوێ بۆ ئیسلام لای تاکی کورد و حیزبی کوردی نیشتیمانی بە هەموو تێزەکانی.
پێویستە حیزبی ئیسلامی کوردی و تاکی موسڵمانیش ئیتر لەوە تێبگا بەرگری کردن لە ئیسلام و بڕوبیانو هێنانەوە بۆ خەڵکێکی نەخۆش و ڕق ئەستور و چەلەحانە لەگەڵکردنیان تەنیا کات بەفیرۆدان و خۆماندوکردنی پوچە ئەوانە تەنها دەیانەوێ گومان و ڕاڕایی بخەنە نێو خەڵک و کۆمەڵگەی کوردی و دابەشیبکەن بۆ چەند بەرەیەکی لێکترازاوی بێ سەروبەری وەک ئەمڕۆ چونکە ئەوە بە قازانجیانە.
ئیسلامیەکانی کوردستانی باشور ئەمڕۆ ئەگەر واز لە سیاسەتی بێ مانای پاوەنخوازی و غروری حیزبی بهێنن گەورەترین جەماوەریان لەپشتەو ئەمینترین و پاکترینی ئەندام و لایەنگریان هەیە، گەر سەیرێکی ئەندام و نوێنەرو وەزیرە سەرکەوتووەکانی حیزبەکانی تریش بکەین دەبینین سودیان لە کادرەکانی ئەوان بینیوە یاخود کادرەباشەکانیان هەموو ئەوانەن پێشتر لەنێو ئیسلامیەکان بوون و ئێستاش هەر ئەوان بەکارن بۆناو دەزگا شەرعیەکان و پەرلەمان و حکومەت و کۆمەڵگە، لەنێو ئیسلامیەکانی باشور زۆرترین خوێندەوار و قەڵەم بەدەست و بڕوانەمەی بەرز هەیە ئەو خەڵکە ئەکادیمیانەی لە ناو ئەواندان لە نێوهیچ کام لە حیزبەکانی تردانین لە ڕاستەوە تا چەپ.
بۆیە پێویستە ئیسلامیەکان ڕێگری بکەن لە دابەش بوونی کۆمەڵگە بەسەر بەرەی ئیسلامی و عەلمانی، چونکە ئەو دابەش بوونە بەخراپ دەشکێتەوە بۆ کۆمەڵگەو هیچ سودێکیشی بۆدۆزی کورد و چارەسەری کێشە نیشتیمانیەکان نابێت، تەنانەت لە ئێستادا پێویستە پاشگری ئیسلامیش لە حیزب بکرێتەوە چوونکە هیچ پێویست ناکات لە کۆمەڵگەیەکدا زۆرینەی موسڵمانبێ پاشگری ئیسلامی هەبێت تەنانەت هیچ کەسیش ناتوانێ ڕاستەوخۆ نوێنەری ئیسلام بێ و بەناوی ئیسلامەوە کردارو ڕەفتاربکات کارو کاردانەوەکانی ئێمە کاری مرۆڤن جا با باوەڕداریش بین ناکرێ مامەڵەو سیاسەت و هەلسوکەوتی ئادەمی خۆمان هەمووی بدەینە پاڵ ئیسلام کە لەوانەشە زۆر جار ئیسلام وەک شەریعەت ڕازیش نەبێ بە هەندێ لەکردەکانمان و جێگەی تێڕامان و تێگەیشتن و فەتوای نوێبێ بۆ ئەوەی باشتر خوێنەر تێبگات ئەم بابەتە جیاوازە لە سوابت-“نەگۆڕەکان” و عقیدە-“باوەڕ” ئەو دوانە بابەتێکی ترن.
ئیتر کاتی ئەوەیە بە پڕۆژەیەکی نوێ و گشتی بێنەپێشەوەو هەموو ئەو ئەقڵە نوخبانە کۆبکەنەوەو بیانخەنەکار و بیانکەن بە هێزێکی جەماوەری گەورەو بەشداریانپێبکەن لە گۆڕانکاری و جێیان بۆ چۆڵبکەن بۆ خزمەتکردن، چیتر گوێ بە سەگوەڕ و تۆمەتی نەزان و ڕق ئەستورەکان مەدەن و گۆڕەپان بۆ گەندەڵکاران بەجێ مەهێڵن.

بابەتی دواتر

15181190_1278087912213229_4101032339750498030_n

دكتاتۆر لەهەناوى كۆمەڵگەدا

كاميل مەحمود دیموکراسیەت دەنگ وسەدایەکی ئاوازداری خۆشی ھەیە، خولیای سەری ھەموو کەسێکە کەبتوانێت بەو ئاوازە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *