received_1726745184014164

حەشدی شەعبی لە خورماتو ژمارەیەک بیرە نەوت و گوندی کوردنیشین کۆنترۆڵ‌دەکات

باسک نێت:

ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە میانەی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکەیاندا، بڵاوبوونەتەوە بە گوندە کوردنیشینەکانی پشت شاخی ھەنجیرەی باکوری رۆژھەڵاتی خورماتو، ھۆکاری ئەمەش دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی پێشتر چەکدارە کوردە”خۆبەخشەکان” لەو ناوچانەوە خورماتویان ھاوەنباران کردووە.

عەلی حسێنی وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند”ھێزەکانی حەشد و سوپای عێراق لە ناوچە کوردنیشینەکانی پشت شاخی ھەنجیرەی باکوری رۆژھەڵاتی خورماتو ماونەتەوە، چونکە پێشتر چەکدارە کوردە خۆبەخشەکان لەو ناوچانەوە خورماتویان ھاوەنباران دەکرد.”

وتیشی”پرۆسەی سەربازی بە رۆژ و دوو رۆژ تەواو نابێت، بەڵکو دوای دڵنیابوون لە گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە ئینجا دەکشێنەوە.”

پێشتر ژمارەیەک چەکداری کورد کە بە چەکداری “خۆبەخش” دەناسرێن و سەرجەمیان خەڵکی قەزای خورماتون، بەھۆی نیگەرانبوونیان لە تەقاندنەوەی ماڵەکانیان ناوبەناو قەزاکەیان ھاوەنباران دەکرد، حەشد بە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی پشت شاخی ھەنجیرە مەترسی ئەو چەکدارانەی لە خورماتو دوورخستەوە.

کەریم شکور بەرپرسی بازنەی حەمرین ی یەکێتی، رەتیکردەوە ھێزەکانی حەشد لە گوندە کوردنیشینەکانی باکوری رۆژھەڵاتی خورماتو مابێتنەوە، وتی”لە ناوچەکە کشاونەتەوە.”

پاساوی حەشدی شەعبی بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی رۆژی چوارشەمە بوونی ھێزە ئاڵا سپیە سونیەکە بوو لەناوچەی پەڵکانە، بەڵام لەئۆپەراسیۆنەکەدا تەنھا یەک چەکداری سەربە ھێزەش نەبینرا، ئەمەش گومانی ئەوەی دروستکردووە ھێزێکی لەو شێوە بوونی نەبێت.

بەڵام مەلا کەریم شکور جەختی لەبوونی ئەو ھێزە و کشانەوەیان بەرەو ناوچەکانی حەمرین کردەوە، پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەی حەشد، ھاوکات عەلی حسێنی وتەبێژی حەشدیش ئاماژەی بەوەکرد کاتێک ناوچەی پەڵکانەیان کۆنترۆڵکردووە گۆڕی بە کۆمەڵ و کۆمپیوتەر و شوێنەواری چەکدارەکانیان دەستکەوتووە.

ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنەکەی رۆژی چوارشەممەدا چەند بیرە نەوتێکیان لە ناوچەی پەڵکانەی رۆژھەڵاتی خورماتو کۆنترۆڵکرد، کە پێشتر ھێزەکانی پۆلیسی نەوت و گازی ھەرێم بەبیانوی بوونی ھێزە ئاڵا سپیەکەوە لێی کشابوونەوە.

ژ.ک

بابەتی دواتر

221

کۆبوونەوەی بینالی یڵدرم و حەیدەر عەبادی

لە پەراوێزی ٥٤ھەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *