received_1729449547077061

ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی: حیزبەکان بۆ دەست ماچکردنی عەبادی واستە دەکەن

باسک نێت:

لەدیمانەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی باس لەباردوخی کوردستان و پرۆژەی ھاریکاری ئیسلامی و پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێرو بەغدا دەکات.

بەڕێز جەنابی رابەری گشتی مامۆستا عیرفان عەلی عبدالعزیز لە ژمارە ٤٩٣ ی رۆژنامەی ئەمرۆ ڕوداو ١٢/٢/٢٠١٨ لە ھەڤپەیڤینێکی تایبەتدا ئاماژەی بە کاری ئیسلامی لە کوردستان کردوە، جەنابیان لە چەند تەوەرێکدا باسی لە ئەگەرەکانی یەک لیستی لایەنە ئیسلامیەکان و پرۆژەی کاری ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لیژنەی ھاریکاری و پەیوەندی ھەریم و بەغدا و رەوشی ئالۆزی ئیستای کردوە.

مامۆستا عیرفان پێی وایە شاری کەرکوک لە ئاستی دا کەمتەرخەمی و بێ خەمی بەرامبەر کراوە بۆیە ئەم ھەلەی کە لە بەردەست بو بۆ کوردستان جاریکی تر بە ئەستەم دروست دەبیتەوە و ئەمریکاش ھیچ کات دۆستی کورد نەبوە، بەڵکو ھەمیشە لە بەرژەوەندی خۆی گەڕاوە.

جەنابی رابەری گشتی لە ناوەرۆکی ئەم دیدارەدا باس لە چەندین پرسی تر دەکات و وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەی روداو دەداتەوە

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: حیزبەکان بۆ دەستماچکردنی عەبادی واستە دەکەن

رووداو- سلێمانی

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لەم ھەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) رەخنە لەو حیزبانە دەگرێ کە دەچنە بەغدا و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە. ئەو دەڵێت کە ئەوە “بێ شەھامەتییە عەبادی شارێکت لێ داگیر بکات و خەڵکت لێ بکوژێ، تۆش بچی دەستی ماچ بکەی”.

رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت چەندین جار داوایان لێکردوون بچنە بەغدا، بەڵام سەرەڕای ئاشنایەتییان لەگەڵ عەبادی، ئەو دیدارانەیان رەتکردووەتەوە. سەبارەت بە دروستکردنی لیستی ئیسلامی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، کۆمەڵی ئیسلامی بۆ عێراق بێھیوای کردوون، بەڵام ھێشتا ئومێدیان ماوە بۆ ھەڵبژاردنی کوردستان لەگەڵیان بێ.

رووداو: ھەندێک گفتوگۆتان دەستپێکردووە، ئێوە وەکو نێوەندگیرێک دەردەکەون بۆ نزیکبوونەوەی ئیسلامییەکان لە یەکدی. گەیشتوونەتە ھیچ رێککەوتنێک بۆ ئەوەی لیستێکی ھاوبەشتان ھەبێ بۆ ھەڵبژاردن؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئێمە پێشتر بە ھەموومان بڕیارێکمان داوە کە جیا لەو سێ ھێزە سیاسییە، ھێزەکانی دیکەش بەشدار بکەین. وەکو رەوتی سەلەفی و رەوتی سۆفی، ھەوڵیشمان لەگەڵ داون. ئەوەی ئێمە و برایانی یەکگرتوو لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە چەند جارێک لە کۆبوونەوەکانمان باسمان کردووە ئەگەر ئەو سێ ھێزە لە دروستکردنی لیستێک سەرکەوتوو بوون، ئەوە زۆر چاکە. ئەگەر دوو ھێزیش بن زۆر ئاساییە.

رووداو: ئێوە لەو باوەڕەدا نین کۆمەڵ لەگەڵ ئێوە نییە و کات دەکوژێ؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئێمە دوو جۆر ھاوکاریمان لەگەڵ یەکدی ھەیە، ھاوکارییەک لە لێژنەی ھاریکاری ئیسلامی تاوەکو ئێستا بەردەوامە و ھەفتەی رابردوو من سەردانی مامۆستا عەلی باپیرم کرد. ئەویش پێی باش بوو ئەو لێژنەیە ھەر بەردەوام بێ، بەڵام مەسەلەی لیستەکە، برایانی کۆمەڵ دەڵێن ئێمە پێشتر ھەوڵمانداوە سەری نەگرتووە. بۆیە سەربەخۆ دەبن.

رووداو: لە کۆمەڵ بێھیوا بوون؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: تاوەکو ئێستاش بۆ مەسەلەی کوردستان سەد لە سەد بێھیوایان نەکردووین، بەڵام بۆ عێراق ئەوان بە جیا دادەبەزن.

رووداو: ئەوان قازانج دەکەن یان زەرەر ئەگەر نەیەنە نێو ئەو بەرەیە؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئەو پەرتەوازەییە بە قازانجی کەسمان نابێ. لە دوو رووەوە. یەکەم: ئەوەی کە خەڵک ناحەقی نییە دەڵێن ئەو ئیسلامیانە لە کوردستان بوونیان چییە کە خۆیان ھیچ پرۆژەیەکیان نەبێ و ھەر لە پەراوێزی ئەم حیزب و ئەو حیزب بن، ئەی خۆیان چین؟! بۆیە زۆر گرنگە ئیسلامییەکان بۆ خۆیان پرۆژەیەکی سیاسییان ھەبێ. ھەمیش بێدەنگ نەبن لەو وەزعە سیاسییەی لە کوردستان ھەیە. چونکە ئەو وەزعە ھەم لە رووە دینییەکەیەوە ھیچ میللەتێک نییە لەسەر رووی زەوی بەو جۆرە ئیھانە بە دینەکەی خۆی بکات. ٩٥%ی ئەو گەلە موسوڵمانە و سوننەشە، ئایا دەکرێ لەسەر ئینتەرنێت ئەوھا جنێو بە ئیسلام و قورئان و موقەدەساتی تۆ بدرێ. تۆش ھەر دانیشی و بێدەنگ بی! دەکرێ ئیجازە بەو ھەموو رێکخراوە گومانلێکراوە بدەی! لەدوای ٢٠٠٣ بە لێشاو رێکخراوی گومانلێکراو ھاتوونەتە کوردستان. قوتابخانە دروست دەکەن، فکر و ئەخڵاقی منداڵانمان تێکدەدەن، زانیاریمان ھەیە رۆژنامە ھەیە لەم وڵاتە پارەی باشی دراوەتێ بۆ ئەوەی دژایەتیی دین و ئەخلاقی ئەو میللەتە بکات.

رووداو: کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت بەھۆی ئۆپۆزیسیۆنبوونەوە دەنگیان زیاد دەبێ، تەنانەت دەنگی ئێوە و یەکگرتووش دەبەن، پێتوایە ئەو لێکدانەوەیە راست بێ؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ھێشتا ھەڵبژاردن دەستی پێنەکردووە تا بزانین لێکدانەوەکەیان راستە یان نا. بە داخەوە لە کوردستانیش راپرسی نییە، بەڵام ئەوەی کە روویدا و بینیمان ئەو خۆپیشاندانانە کران رەحمیان بە کەس نەکرد.

رووداو: کۆمەڵ لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیابووەوە، ساڵ بە ساڵ دەنگەکەیان لە ئێوە زیاتر دەبێ، ھۆکارەکەی چییە؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: لە دوای ٢٠٠١ کە ئەوان ئیعلانی خۆیان کرد، ئێمە بەھۆی ئەو کێشەیەی لەگەڵ یەکێتی ھەمانبوو، لە گۆڕەپانەکە نەماین و چووینە دەرەوە. بۆیە گۆڕەپانەکە بۆ برایانی کۆمەڵ یەکلابووەوە، تا ساڵی ٢٠٠٨ گەڕاینەوە و دووبارە بزووتنەوەی ئیسلامیمان رێکخستەوە.

رووداو: پەیوەندی مامۆستا عەلی باپیر لەگەڵ باوکی رەحمەتیتان باش نەبوو، لەگەڵ ئێوە پەیوەندی چۆنە؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئێمە ئێستا پەیوەندیمان زۆر باش و زۆر ئاساییە، چەند جارێک لەگەڵ یەکدی دانیشتووین. ئێستا ھیچ کێشەیەک لە نێوانماندا نییە.

رووداو: لەبارەی دەنگەکانی بزووتنەوە ئێوە ھیچ داتایەکتان ھەیە کە دەنگەکانتان چی بەسەردێ؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: مانگی ئایندە رەنگە راپرسییەک بکەین، ئەوکات بۆمان دەردەکەوێ قورسایی حیزبەکان چەندە؟

رووداو: دەمێکە یەک کورسیتان ھەیە، ئەمجارە کورسیی تێدەپەڕێنن؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئێمە کە بزووتنەوەمان رێکخستەوە بەبێ تەلەفزیۆن و بەبێ ھیچ شتێک لە پەرلەمانی کوردستان دوو کورسیمان ھێنا، بەڵام لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەھۆی ئەو ھەڵە ستراتیژییەی کرا، کە چوونە نێو لیستی ھاوپەیمانی، من ئەوکات رابەر نەبووم، بەیاننامەم دەرکرد و خۆشم دەنگم نەدا. بۆ ھەڵبژاردنی سێیەم خەڵک متمانەی بە بزووتنەوە نەمابوو، بۆیە کورسییەکمان ھێنا.

رووداو: ئێوە پێتانوایە نابێ ببنە ھاوپەیمانی پارتێکی نائیسلامی؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئێمە باوەڕمان بەوە ھەیە ھەماھەنگی و ھاوکاری لەگەڵ ھەموو حیزبەکان ھەبێ، بەڵام ئێمە تەسەرواتی خۆمان جیایە. تەسەوراتی ئێمە دوو بەشە، بەشە دینییەکەی، ھەم بەشە سیاسییەکەی. بەشە سیاسییەکەی دەکرێ تۆ ھاوکاری لەگەڵ ھەموو ھێزێکی سیاسی بکەی، بەڵام بە مەرجێک ئەویش رێز لە ئاینەکەی تۆ بگرێ.

رووداو: بۆچی بڕیارتان دا بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەکەن. پێتانوایە کورسی ناھێنن؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نەخێر مەسەلە کورسی نییە. ئێمە لە بەغدا وەکو حیزب ناوی خۆمان تۆمار کردووە، بەڵام مەسەلەی عێراق زۆر ئاڵۆزە. دواتریش تۆ بەو شپرزەییە بچیتە بەغدا ھیچ کاریگەرییەکت نییە، بۆیە وەکو بێزارییەک لەو بارودۆخەی لە کوردستان ھەیە، وەکو بێزارییەک کە لە ئایندەدا رەنگە وا باش بێ کورد ھەر بەشداری نەکات.

رووداو: واتە دەتانەوێ ئەو وزەیەی لە عێراق سەرفی دەکەن، لە کوردستان سەرفی بکەن؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: رەنگە ئەوەش ھەبێ. بەڵام ئێمە لەو وەزعەی عێراق بێزارین. ئێمە دوو ساڵ لەمەوبەر گوتوومانە جیاوازی مالیکی و عەبادی و جەعفەری نییە. ئەوان بە یەک شێواز کار دەکەن. ئەوە ئێمەین خۆمان دەخەڵەتێنین کە وادەزانین جیاوازن. ئەوەی عەبادی ئێستا دەیکات، لەوە دەچێ کە مالیکی مامەڵەی لەگەڵ کورد باشتر بووبێ. بۆیە ئێمە پێمانوایە ئەگەر لە بەغدا ٧٠ کورسیشمان ھەبێ، ھەر وادەبێ.

رووداو: لە عێراق تەوژمە ئیسلامییە شیعییەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. ئێوە وەکو لایەنێکی ئیسلامی دەنگتان زۆر بیستراو نەبووە بەرامبەر خروقاتەکانی بەغدا، بۆچی؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر تەنیا حیزبێک بەبێ ھیچ ریعایەتکردنێکی دیبلۆماسی، رەخنەی لەو بارودۆخە گرتبێ، ئێمە بووین. پێمانوایە ئەمریکا خۆی ئەو بارودۆخەی لە بەغدا دروست کردووە، ھەر خۆی ئەو حاڵەتە تایفیەی دروستکردووە. بۆ مەرامێکی سیاسی خۆی.

رووداو: ئەوان ھەر بە سزادانی ھەرێمی کوردستان نەوەستاون، ماوەیەکە ھەڵمەتێکی قووڵی بە عەرەبکردن و دەرکردنی کورد دەستی پێکردووە، ھەڵوێستی ئێوە چی بووە؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئەوە پەیوەندی بە دوژمنەکانەوە نییە، ئەوە پلانی بەریتانیایە کە کاتی خۆی ئەو عێراقەی دروستکردووە، ھەر خۆی بەرنامەی داناوە کە چۆن کورد نەھێڵێ. دەیەوێ وەکو سکۆتلەندای لێبکات، وەکو چۆن سکۆتلەندا ھیچ وجودێکی نەماوە. نە دینی ماوە، نە زمانی. بە عێراق دەڵێ تۆش وا لە کورد بکە، سوود لە ئەزموونی ئێمە وەربگرە. ئەو عەقڵییەتە خێڵەکییەی لە نێو کورد ھەیە، بە عەقڵییەتی ئەخلاقی سەیری دوژمنەکانی دەکات. پێیوایە دوژمنەکانی رەحمی پێدەکەن، دەبێ ئەو عەقڵیەتە فڕێبدەی.

رووداو: واتە تۆ پێتوایە یارمەتیدەری دوژمن بووە؟

عیرفان عەبدولعەزیز: خۆی لەو جۆرە عەقڵە بەڵێ. چونکە دەبێ خۆت مرۆڤ بی. خۆت ئیش بۆ خۆت بکەی، خۆت ستراتیژت ھەبێ بۆ پاراستنی ئەمنی نەتەوەکەت، نەک بە تەما بی دوژمنەکەت رەحمەت پێ بکات.

رووداو: پێشبینی دەکەی دۆخی عێراق بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە یان چاوەڕێ دەکرێ ئاڵۆزتر بێ؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئاڵۆزتر دەبێ. ئەو عەقڵییەتەی لە بەغدا ھەیە ناتوانێ بەو شێوازە حوکم بکات. ئێستا عەقڵیەتێکی تایفی لە بەغدا ھەیە. ئەوە سوننەی بەلاوە خستووە، خەڵکێک لەوێ تەمسیلی سوننە دەکات لەنێو سوننەدا ئەو مەشروعیەتەیان نییە، بەڵام ناچارن. ئەوەتا کوردیشی پەراوێز خستووە.

رووداو: لەو باوەڕەدای پەراوێزخستنی کورد درێژە بکێشێ؟ کەی کۆتایی دێ؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ھەر کاتێک کورد ستراتیژێکی ھەبێ بۆ خۆی. سەیری ئەمریکا بکە، لەو رۆژەوەی ھەیە ستراتیژێکی رۆشنی ھەیە، شەرم لە کەس ناکات و دەڵێت من دەوڵەتێکی مەسیحی پرۆتستانتم، تەبشیر دەکەم لە ھەموو جیھاندا. بەس ئەمانەی خۆمان چەند جار ھاوارمان کرد کە ستراتیژێکی رۆشنیان نییە، نازانین کورد چییە. دواتریش ئەو بارودۆخەی لە کوردستان ھەیە، ئەم مەسەلەی دوو حیزبی و دوو ئیدارەییە، چەکی پێیە و ئاسایشی ھەیە. دوو جۆر قسەی ھەیە. تۆ بینیوتە لە جیھاندا شتی وا ھەبێ. شارێکی وەکو کەرکووک وەکو ماراسۆن بە سەعاتێک چۆڵ بکرێ.

رووداو: ھۆکاری ئەمە چی بوو؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ھۆکاری ئەوەیە کە ئەوان باش ئێمە دەناسن. ستراتیژێکی قیتالیمان نییە. عەقیدەی سەربازیمان نییە. لەوە دەچێ ئەگەر بێن بتوانن ھەموو شارەکانی کوردستان بگرن.

رووداو: ئێوە پارتێکن وجودتان نەبووە لە کەرکووک، ھیچ پلانێکتان بۆ ئەو شارە ھەیە؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: وجودمان ھەیە، من لە کاتی راپەڕین لە کەرکووک بووم. زۆربەی شوێنە ستراتیژییەکان بە دەستی ئێمەوە بوو. لە دوای ٢٠٠٣ بارەگامان ھەبوو، بەڵام بۆ ئەوەی بەریەککەوتنمان لەگەڵ ئەمریکییەکان نەبێ، خۆمان باش پیشان نەدەدا. ئێستاش مەڵبەندمان لەوێ ھەیە و جێمان نەھێشتووە.

رووداو: بۆچی لە کەرکووک مانەوە، کەرکووک بە شارێکی داگیرکراو نازانن؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: سەرەتا دوو سێ رۆژ بەجێمانھێشت. بەڵام تۆ ناکرێ ئەو خەڵکەی خۆت بەجێبێڵی. بەڵێ وەکو پرسەیەک وابوو کە ئەو شارە لەلایەن ھێزێکەوە داگیرکراوە. ئەو ھێزە ھێزی حکومەتی عێراق نەبووە بە رێککەوتن بێت، بەڵکو بە فێڵ ھاتووە. بەڵام خۆشمان ھیچ بەرگرییەکمان لەو شارە نەکرد، ھەتا ئەوەی کەوا ھیچ نەبێ پیشانی بدەی بۆ جیھان بەرگری دەکەی. بۆچی دوو رۆژ بەرگرییان نەکرد. ئێمە رامانگەیاند کە خۆشم ئامادەم بچم بۆ کەرکووک.

رووداو: ئێوە ھێزی چەکدارتان لە کەرکووک ھەیە؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ھەر کاتێک بمانەوێ پەیدا دەبێ.

رووداو: لە بەرنامەتاندا ھەیە جارێکی دیکە ھێزی چەکدارتان ھەبێ؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نەخێر، دەبووایە کاک نەوشیروان لە یاداشتەکانی خۆیدا ئەوەی بنووسیبایە کە لە ساڵی ١٩٩٥ من وەکو بزووتنەوە و ئەویش وەکو یەکێتی بە یەکەوە دانیشتین، گوتمان سێ چەک دژی بەعس شەڕمان کردووە با ئەو سێ چەکە بکەین بە یەک چەک، یەک لەشکر دروست بکەین بۆ کوردستان. ئێمە ئەوکات ئامادەبووین چەکمان نەبێ. بەڵام بە داخەوە نەکرا. ئێستاش پێمانوایە دەبێ یەک چەک و یەک لەشکر لە کوردستان ھەبێ، چونکە لە ھەر شوێنێک بوو بە دوو چەک سەرکەوتوو نابین.

رووداو: پێتوایە ئەوەی لە کەرکووک روویدا ھۆکارەکەی ئەو دوو چەکییە بوو؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: سەد لە سەد، ئەوە قاعیدەیەکی سەربازییە لە ھەر شوێنێک دوو ئاراستە ھەبوو. با ھێزەکەش گەورە بێ، فەشەل دێنێ.

رووداو: بزووتنەوە پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ وڵاتە سوننەکانی ناوچەکەدا ھەیە، بۆچی لەکاتی ئەو بارودۆخەی بەسەر کوردستان ھات، ئەو پەیوەندیانەی نەخستە خزمەتی کوردستانەوە؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: خراوەتە خزمەتی کوردستانەوە. بەڵام دەوڵەتداری ئەوھا ناکرێ. تۆ کە کیانێکت ھەبوو دەبێ ستراتیژت ھەبێ بۆ پاراستنی ئەو خەڵکەی لە نێو ئەو کیانەدا دەژی. پاراستنی نەتەوەکەت لەڕووی ئەمنی، ئابووری، سیاسی، فەرھەنگی. جا ئەو کیانەی ئێمە ئەو ستراتیژییەی نەبوو. کە تۆ ستراتیژ دانانێی، من بەشدار ناکەی لەو ستراتیژە. من نازانم تۆ چی دەکەی، تۆ چ بەڵێنێکت پێدراوە. ھەر لە خۆمەوە بەرگری چیت لێ بکەم.

رووداو: ئەوەت پێ باشە کە لایەنەکانی باشووری کوردستان بە جیا لەگەڵ ئەم لایەن و ئەم دەوڵەت دادەنیشن؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نەک ھەر باش نییە، ئەوە کارەساتە. تۆ باسی شارێک دەکەی و دەڵێی دڵ و قودسی کوردستانە. کێ داگیری کردووە؟ بە فەرمانی عەبادی بووە. باشە بە قسەی خۆیان ١٠٠ پێشمەرگە نەکوژراوە؟ کێ کوشتوونی؟ باشە ئێستا خەڵک چۆن تەماشای ئێمە دەکات کە حیزبەکانی باشووری کوردستان ھەموویان واستە دەکەن بچن دەستی عەبادی ماچ بکەن.

رووداو: ھەموویان یان ھەندێکیان؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: بینیمان گشتیان رۆیشتن، تەنیا ئێمە نەچووین.

رووداو: ئێوە ناچن؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئەبەدەن. با بزانن ئێمە لەگەڵ عەبادی ئاشنایەتیشمان ھەیە، لەگەڵ مالیکی و جەعفەریش ھەمانبووە.

رووداو: ئێستا ئەگەر عەبادی داوای دیدارتان لێ بکات ناچن؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: چەند جارێک داوایان لێکردووین نەچووین، چونکە ئێمە وەکو پرەنسیپ ئەو وەزعەی بەغدامان پێ قبوڵ نەبووە. دووەم پێم بێ شەھامەتییە ئەو شارێکی داگیرکردووی و ئەو ھەموو خەڵکەی لێ کوشتووی، ئێستا بچی دەستی ماچ بکەی. ئەو عەقڵە خێڵەکییە ئەوەی باشە کە شەھامەتێکی ھەیە، ئەوان ئەوەشیان نەکردووە.

رووداو: پێشبینیت چییە بۆ داھاتووی ئەو پەیوەندییە، بە کوێ دەگەن، ئەگەر عێراق بەو شێوەیە بەردەوام بێ لەسەر نەناردنی مووچە و ئەو ئابڵوقەیەی خراوەتە سەر ھەرێمی کوردستان، دۆخی کوردستان و عێراق چی لێدێ؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: بۆ بەغدا تا سەر وا ناڕوات. کوردستانیش ئەگەر ھەر بەو عەقڵییەتە بەردەوام بێ رەنگە قازانجیش بکات. رەنگە ئەو ھێزە رۆژئاواییانە بۆیان دەربکەوێ کە خەتای کوردستان نییە حەز دەکات لە عێراق جیاببێتەوە، ئەوە عێراقە تۆی ناوێ، ئەوە عێراقە درۆت لەگەڵ دەکات. ئەوە عێراقە چەند مانگە دەڵێ مووچە دەنێرم و راست ناکات.

رووداو: پێتوایە یاری بە کات دەکەن؟

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: بەڵێ یاری بە کات دەکات ھەتا ھەڵبژاردن. بە قسەکانیان دیارە دەیانەوێ ھەتا ھەڵبژاردن ئەو بارودۆخە وا بڕوات، ھەموویان گرەو لەسەر ھەڵبژاردن دەکەن، گرەو لەسەر ئەوە دەکەن کامیان زیاتر دژایەتی کورد بکات بۆ ئەوەی لەوێ دەنگی زیاتر بھێنێ.

بابەتی دواتر

42521850_1822294657891642_7400355687550681088_n

ڕابەری گشتی: پێشوازی لە ئایەتوڵا محمد جواد الخالصی کەسایەتی ناوداری عیراق كرد

ڕۆزى سێ شەممە 25/9/2018ڕێزدار مامۆستا عرفان علی عبدالعزیز ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی لەبارەگای تایبەتی خۆی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *