received_1730737020281647

وردەکاری ھەوڵەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ پەرەپێدان بە نەوتی کەرکوک

باسک نێت:

وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی نەوتی کەرکوک و تا ئێستا گرێبەستی لەگەڵ چەندین کۆمپانیادا واژوو کردووە، لەکاتێکدا لەدوای ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە ھەناردنەدەرەوەی نەوتی ئەو پارێزگایە لەرێگەی بۆریەوە راگیراوە.

پێشتر بیرە نەوتیەکانی بای حەسەن و ھاڤانا لەرۆژئاوای کەرکوک لەژێر کۆنترۆڵی ھەرێمدا بوون و ھەرێم نەوتەکەیانی ھەناردەی دەرەوە دەکرد، بەڵام لەدوای ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە ھەموو بیرە نەوتیەکانی ئەو پارێزگایە کەوتنە دەست عێراق.

راگرتنی ھەناردنە دەرەوەی نەوتی کەرکوک پەیوەندی بە خراپی پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێم و بەغداوە ھەیە، بەو پێیەی پێشتر لەرێگەی بۆری نەوتی ھەرێمەوە نەوتی ئەو پارێزگایە ھەناردەی تورکیا دەکات و ئێستا ھەرێم رێگەنادات.

نەجات حسێن فەرماندەی حەشدی شەعبی و ئەندامی کوتلەی تورکمانی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئاماژەی بەوەکرد عێراق ماوەی چەند مانگێکە نەوتی ھەناردەی تورکیا نەکردووە، بەڵام دەیەوێت لەسەری ئەم مانگەوە نەوتی کەرکوک بۆ ئێران بنێرێت.

نەجات حسێن بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند”عێراق لەپلانیدایە لەسەری ئەم مانگەوە رۆژانە ٦٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەتانکەر بۆ ئێران بنێرێت.”

رۆژی ١٨ ی مانگی رابردوو جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق لەشاری کەرکوک، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای (BP) ی بەریتانی دا واژۆ کرد، کە ئامانج لەگرێبەستەکە پەرەپێدانی نەوتی کەرکوک بوو.

ئەوکات جەبار لعێبی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوەکرد دەیانەوێت نەوتی کەرکوک بخەنەوە سەر توانا و ئاستێکی باش.

وەزیری نەوتی عێراق، خواستی وڵاتەکەشی بۆ دەستکردنەوە بەھەناردنە دەرەوەی نەوتی کەرکوک لەرێگەی تورکیاوە ئاشکرا کرد، وتی”بۆ ئەو مەبەستە دەچمە تورکیا.”

لای خۆیەوە محەمەد عوسمان ئەندامی پەرلەمان عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند”عێراق دەستی بەسەر ھەموو بیرە نەوتیەکانی کەرکوکدا گرتووە .”

وتیشی”عێراق بەرنامەرێژی دەکات بۆ پەرەدان بە نەوتی کەرکوک و دەیەوێت نیزامی ناردنە دەرەوەی نەوتی کەرکوک رێکبخاتەوە.”

ھەروەھا لە رۆژی ٨ ی ئەم مانگە، وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێکی تری لەگەڵ کۆمپانیای رانیەی نێودەوڵەتی واژۆ کرد، بەمەبەستی دروستکردنی پاڵاوگەیەک لەکەرکوک ، کەتوانای پاڵاوتنی ٧٠ ھەزار بەرمیل نەوتی دەبێت لەرۆژێکدا.

سەرچاوەیەک لەئیدارەی کەرکوک کە ئاگادار لە کاروباری نەوت، بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند”لەدوای ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، نەوتی ھیچکام لە کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک لەرێگەی بۆری نەوتەوە ھەناردەی دەرەوە نەکراوە.”

وتیشی”ئەو کۆمپانیانەش کە دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق دا کردووە، ھێشتا دەست بەکارنەبوون.”

بەڵام جوان حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی برایەتی، ئاماژەی بەوەکرد وەزارەتی نەوتی عێراق لەدوای ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە، ئەنجومەنی پارێزگای لەھیچ گرێبەستێکی نەوتی ئاگادار نەکردۆتەوە.
ناوبراو وتی”رۆژانە دەبینین بەتانکەر نەوت لەکەرکوکەوە دەبرێت، بەڵام نازانین کێ و چۆن دەبرێت.”

پێش ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو کاتێک بیرە نەوتیەکانی کەرکوک لەژێر کۆنترۆڵی کورددا بوون، ھەرێم نەوتی ئەو پارێزگایەی لەرێگەی تورکیاوە ھەناردەی دەرەوە دەکرد، بەڵام لەئێستادا عێراق کە تەواوی بیرە نەوتیەکانی کۆنترۆڵ کردۆتەوە، دەیەوێت ئێران بکاتە بەدیلی تورکیا.

ژ.ک

بابەتی دواتر

221

کۆبوونەوەی بینالی یڵدرم و حەیدەر عەبادی

لە پەراوێزی ٥٤ھەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *