15181190_1278087912213229_4101032339750498030_n

دكتاتۆر لەهەناوى كۆمەڵگەدا

كاميل مەحمود

دیموکراسیەت دەنگ وسەدایەکی ئاوازداری خۆشی ھەیە، خولیای سەری ھەموو کەسێکە کەبتوانێت بەو ئاوازە ژیارییەوە ژیان بەرێ بکات ولەژینگەیەکدا بژی پێش ئەوەی ئاو وھەواکەی پاک وبێگەرد رابگیرێت، بارودۆخە سیاسی وکۆمەڵایەتییەکەی خاوێن بکرێتەوەو بەو ئاراستەیەدا ببرێت کە کۆمەڵگەیەکی ئازادی بۆ فەراھەم دێنێت و نەزعەى خۆسەپێنى و قۆرخكارى و دكتاتۆريەت بوونى نەبێت.
زاراوەى ديموكراسيەت و گەلێکیتر لەزاراوە ھاوتاو نزیکەکانیتر لێیەوە لەم سەردەمەدا بوونەتە ویردی بەردەوامی سەرزاری ھەموو لایەک و ھەریەکە بەشێوەیەک خۆی دەکاتە ھۆگرو ھەواداری، دکتاتۆرترین کەسی سەر ئەم ھەسارەیە بێنەو بیخە ژێر پرسیاری شەرعییەت و سەرچاوەی حوکم و دەسەڵاتەکەیەوە، خێرا دەست بۆ گەل و شەرعییەتی دیموکراسیانە دەبات ومۆدیلە سەرکوتکەرەکەی حوکمی خۆی دەباتەوە سەر عەقدە کۆمەڵایەتییەکەی جان جاک رۆسۆو دیموکراسیەتێکت بۆ نمایش دەکات کەمەگەر ھەر لەخەیاڵی خۆی ولەخەونی گەلەکەیدا بوونی ھەبێت.
بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین کەزاراوە بەکار ھێنان ودروشم بەرز کردنەوەو خۆشەویستی و ھۆگری وپەیوەستبوونیش پێیانەوە بەتەنھا زەمینەسازی ناکات بۆ پراکتیزەکردنی ئەو چەمک وزاراوانەو بەو حاڵەتە عاتیفی وخواستە غەریزەییەی مرۆڤ بۆ کەماڵ و بەختەوەری دنیا نابێتە شامی شەریف وکەشتی کۆمەڵگە لەکاناری ئەماندا ناگیرسێتەوە.
مامەڵەکردن لەگەڵ چەمک وزاراوە ژیارییەکان بەیاریکردن بەوشەو مزایەدەی بێ کردەوە بەسەر یەکەوە دەرەنجامێک ناھێنێتەدی وشتێک بەباری پۆزەتیڤدا لەواقیعی کۆمەڵگە ناگۆرێت، تا ئەو کاتەی ئیرادەی گۆرانکاری وچاکسازی دەبێتە خەمی گشتی وعەقڵی دەستە جەمعی لەچواچێوەی بەرژەوەندی کۆمەڵگەدا بیر دەکاتەوەو واقیعبینانە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی خۆیدا دەکات، نەک زاتیانە رەفتار بکات و بەخۆدانە دەست چەند ھەنگاوێکی ئانی وکاتی دەسەڵاتێک لەخشتە ببرێت، چونکە واھاتووە دەسەڵاتە سیاسییەکان لەسەرەتای کاریانەوە بەکاری باش دەست پێ دەکەن و لەناوەراست و کۆتاییدا خراپی دەکەن، لەزۆربەی حاڵەتەکانیشدا فاکتەری خراپبوونەکەش لەخۆیانەوە سەرچاوەی نەگرتووەو گەلەکانیان ئەو شەرعییەتەی لەو سەرەتایەوە پێداون و دوای کار لەکار ترازان وپەشیمانبوونەوەش ئەو شەرعییەتە بەئاسانی وەرناگیرێتەوەو ئەو دەسەڵاتانە دەیکەنە چەکی دەستیان وشەری نەیارانی ناوخۆو رای گشتی جیھانی ونێودەوڵەتیشی پێ دەکەن.
یەکێک لەکێشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم ناوچەیەی ئێمە کەمەبەستم وڵاتانی دواکەوتووی دەڤەرەکەیە ئەوەیە: ھەمیشە لەشۆرش و خەبات و قوربانیداندانی بێ پسانەوەدان بۆ بەدیھێنانی ژیانێکی ئازادو بەختیارو دوور لەئیستیبدادو دکتاتۆریەت و لەگشت بزاڤ و راپەرینێکیشیاندا دیموکراسیەت دەکەنە ئامانج بۆ خۆیان، کاتێک بەم ھەوڵ وخەباتەیان قۆناغێک تێدەپەرێنن وگۆرانێکی سیاسی دەخوڵقێنن وبارودۆخێکی لەبار بۆ پراکتیزەکردنی دروشم و زاراوە مەحبوبەکانیان دەرەخسێنن، جارێکیتر بازێک بەسەر دۆخە مەوزوعییەکەدا دەدەن و زاتێک دەکەنەوە بەقیبلەی خۆیان و مامەڵە کۆنەکەیان لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەکەدا دەست پێ دەکەنەوە.
وتمان زۆربەی ئەو دەسەڵاتانە، بەتایبەتی ئەوانەیان کە دەرەنجامی شۆرش وخەباتی گەلەکانیانن، بەسەرەتایەکی باش بۆ خۆیان وگەلەکەیان دەستبەکار دەبن ونایانەوێ ھەڵەکانی رابردووی رژێمە پێشووەکان دووبارە بکەنەوە، بەڵام ئەوەی جارێکی تر میلی کاتژمێرەکانیان پێ دەباتەوە دوواوە گەلەکانیانەو ئەو مامەڵە کلاسیکییەی ئەوانە لەگەڵیاندا، ئەوەی دەیانگۆرێت دووبارەکردنەوەی ھەڵە پێشینەکانی جەماوەرەکانیانەو دەستکردنەوەی ئەوانە بەپیادەکردنی ئەو مامەڵە دەروونی و رۆحییەیان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتانەدا، ئەوان دێنەوە گۆرەپانەکەو لەسەر شێوازە پیادەکراوەکەی رابردوویان دەگەرێنەوە بەدوای سیمبولێکدا کەبیکەنە خاوەنی دەستکەوتە نوێیەکانی گەل وشۆرش و فاکتەری ئارامبەخش بە ژیانیان.
چونکە لەھەناویاندا دەقیان لەگەڵ کاریزمایەکی بێ وێنەدا گرتووە کە بەخەیاڵی خۆیان مێژووی ئەوان بەخۆیەوە نەیدیبێت، لەناخیاندا فەراغێک دروست دەبێت کەتەنھا بەو سیمبولە بەھەژموونە پر دەبێتەوە، ئالێرەوە گوریسەکە دەکەنەوە بەخوری و دوایی کەکردیانەوە بەگوریسیش، ئەو دەسەڵاتە بەشێوەیەک دەگۆرێت ملی خۆیانی پێوە دەکات، ئەوان خۆیان رەوشە لەبارەکە دەشێوێنن و لەناوەراستی رێگادا ئاراستەی رەوتە سیاسییەکەی وڵاتەکەیان دەگۆرن و خۆیان ودەسەڵاتەکەش دەبەنەوە سەر ئەو کلتوورە سیاسییە باوەی ناوچەکەو بارودۆخەکە بەجۆرێک دەگۆرن، کەپاشان ھەر خۆیان رەحمەت بۆ کفن دزی پێشوو بنێرن.
کۆمەڵگە مرۆییەکانی ئەم ناوچەیە دەستکەوتە باش وگۆرانە سیاسییە پۆزەتیڤەکان لەکەسێک یان نوخبەیەکدا دەبیننەوەو ھەموو جوڵە و رۆڵێکی دەوڵەت ودامەزراوە رەسمییەکان لەخۆیان ون دەکەن، بگرە بوون وکارایی ئەوانیش دەکەنە بەشێک لەکەسایەتی یەکەمی وڵات، کەکراوە بەسەرکردەی نموونەو کاریزمایەکی بەھەیبەت.
لەیەکەم ھەنگاوی ئەو سەرکردەیەدا کەرەچاوکاری بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی دەکاتە رێرەو بۆ کارو شێوەی بەرێوەبردنی وڵاتەکەی، گەلەکەی دەوری دەدەن و کاتێک لەخۆی دەروانێت، خۆی لەسەر شانی ئەواندا دەبینێتەوە کەلەناو ئاپۆرایەکی گەورەدا ھیتاف بۆ ژیانی دەکێشن و لەسەرشانی خۆیان باڵاتر لەپۆستەکەی رایدەگرن، لەوانەیە ئەو سەرکردە سیاسییە وەکو ئەرک وبەرپرسیاریەتی مێژوویی مامەڵە لەگەڵ پۆستە رەسمییەکەی خۆیدا بکات و ئەوەی تیادا نەبینێتەوە کەرەعیەتەکەی دواتر بۆی نمایش دەکەن، بەڵام کەواقیعە جەماوەرییە نوێیەکەی بۆ دێتە پێش و لەسەر شانی ئەوان باڵاتر لەپۆستەکەی خۆی دێتە پێش چاو، نغرۆی غرورو تاکرەوی دەبێت.
بۆیە حاڵەتی کۆمەڵایەتی وپێشھاتە سیاسییە بەردەوامەکانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە وامان لێ دەکات کەبڵێین ئەو دیدگایە زۆر ھەڵەیە کەدەڵێت بێدەنگی دکتاتۆر دروست دەکات، خۆ ئەگەر راستیش بێت بۆ ئەم جوگرافیا کۆمەڵایەتییەی دەڤەرەکەی ئێمەو دەوروبەرەکەمان راست دەرناچێت، چونکە زۆربەی دکتاتۆرەکانی ئەم ناوچەیە لەناو دەنگ وھاوار و ژاوەژاوی جەماوەرەکانیاندا درووست بوون و لەھەناوی ئەوانەوە ھاتوونەتە دەرەوەو لەسەر شانی ئەوان جاڕی دکتاتۆریەت دەدرێتەوە. لەسەر شانی ئەو جەماوەرەدا سەرکردە مەرگی ھەموو دەزگاو دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکاتە دیاری بۆ راگەیاندنی دەسەڵاتی تاکرەوانەی خۆی و لەوێوە سەرەتای تراژیدیکان دەس پێ دەکاتەوە.
ھەرگیز ئەو مەشھەدە ناشارستانی ودواکەوتووەی چەند مانگی دوای روخاندنی رژێمی دتاتۆری سەدامم بیرناچێتەوە، کاتێک زوبەیدی ناوێک کرایە ئەمینداری بەغداد بۆ راپەراندنی کاروبارەکانی بەغدای دوای فەوزاو فەرھوودەکە، تا ئەو کاتەی رێوشوێنێک بۆ بەرێوەبردنی وڵات دیاری دەکرێت، زوبەیدی ھەستا بەکۆمەڵێک کاری ئاسایی وەک گەران بەناو خەڵک و بەسەرکردنەوەی ھەندێ گەرەک و رێکخستنی کاروبارەکانی ھاتوچۆی ناو رێگاوبانەکان، لەناو ئەم فەوزایەی چەند رۆژی رابردوویدا ئەم کارانە بۆ جەماوەرێک کە ھەمیشە بۆ چاکەیەکی ناو دەیان خراپەی دەسەڵات دەگەرێت بۆ ئەوەی لەسەر شانی خۆی بەرزی بکاتەوە زۆر گرنگ وسەرنجراکێش بوون، بۆیە کاتێکی زانی خۆی لەسەر شانی جەماوەرێک لەخەڵک بینییەوەو لەناو ھاوارو دروشمی پر لەناوی خۆیدا سەرسامیان کردبوو، لەکاتێکدا ئەو کابرایە شایستە نەبوو بکرێتە بەرێوەبەری ناحیەیەک نەک ئەمینداری پایتەخت و بارودۆخ وپێشھاتە ناوازەکەی عێراق ئەوەی بۆ رەخساند، دواتریش بەو شێوەیە ئەو خەڵکە ھەژارە لەخۆیان کردە شاھی شاھان، ئەوەی سەرنجی راکێشام بێباکی ئەو بوو لەو مەشھەدەو رەفتارە سەدامییەکانی بوو کەبەھەر دوو دەستی سڵاوی لەو جەماوەرە ناھۆشیارو گێلەی دەوروبەری دەکردو بەسەر شانیانەوە پێدەکەنی، ئەوەبوو ئەو جەماوەرە بەجۆرێک چەواشەیان کرد کەلەفەرمانبەرێکی دەوڵەتەوە خۆی لێ بگۆرێت بۆ سیاسییەکی موحەننەک و واتێبگات لەجێگاکەی سەدام دانراوە، بەڵام خۆشبەختانە پێوەرە سیاسییە نوێیەکانی عێراق لەھیچ شوێنێکەوە ئەوی نەدەخوێندەوە، کەپاشان بارودۆخەکە کرییەوە بەو مەجھولەی کەئێستا نووسەری ئەم چەند دێرە تەنھا کونییەکەیم لەبیرماوەو ناوەکەیم لەیاد چووەتەوە.
کەواتە بۆ چەسپاندن وقوڵکردنەوەی ئەو چەمک وزاراوە ژیاریانەی سەردەم، سەرەتا پێویستمان بە گۆران و وەرچەرخان ھەیە لەدیدگاو بیرکردنەوەی کۆمەڵگەداو چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاریی و ئاگایی تاکەکانی، زەمینەی گۆران و دووبارە نەبوونەوەی ئەزموونە تاڵەکان و سەرکەوتنمان لەدروستکردنی بەربەست لەبەردەم نەگەرانەوەی دکتاتۆریەت و نەھاتنەوەی دەسەڵاتی ئیستیبدادی، لە کارکردن لەسەر جەماوەرو رۆشنبیرکرنیانەوە دەست پێ دەکات، چونکە بەئەزموون دیومانەو لەئێستاشدا شوێنەواری ئەو نەریتە کۆمەڵایەتییە سیاسییە ھەر ماوە، ھێشتا کلتوورێک لەناخیاندا چەسپاوە کەکلتوورێکی تاکرەھەندی تەسکبینانەیەو ھەمیشە دەروونی بەبوونی سیمبولێک دەحەسێتەوە، ھەرئەمەشە دەیکاتە بنەما بۆ جۆری ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ دەسەڵاتدا پیادەی دەکات و دواتر ئەو جەماوەرە وەک لەزۆربەی قۆناغە سیاسییەکانی ژیانیدا بینراوە، خۆی زەمینە بۆ دەسەڵات دەرەخسێنێت ببێت بەو دکتاتۆرەی دواتر نەوەیەک لەپێناو کۆتایی پێھێنانیدا تەمەنی سەرف بکات.

بابەتی دواتر

1016778_486779041403625_1221301673_n

ئێستا ئێوە پێمبڵێن حیزب دینە یان نا !؟

ئێستا ئێوە پێمبڵێن حیزب دینە یان نا !؟ ن. شۆرش کەمال ئەوەى دەڵێ وانییە با …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *