n6

فیلمی (The pianist) و غەریزەی بنەرەتی مرۆڤ

ئوسامە كاميل – ئيزمير

پیانۆژەنەکە (The pianist) فیلمێکی پڕ لە تراژیدی و ئۆتۆبیۆگرافیە باس لە چیرۆکی هۆلۆکۆستی یەهودیەکانی پۆلەندا دەکات لەلایەن سوپای ئەلمانیاوە دوای داگیرکردنی ئەو وڵاتە لە جەنگی جیهانی دووەم لە ساڵی (١٩٣٩) لە چاوی پیانۆژەنێکی یەهودی-پۆڵەندی بەناوی (ولیدسلاو شپیلمان) کە هەوڵی پەرەپێدانی هونەرەکەی دەدات، بەڵام هاتنی جەنگی جیهانی دووەم هەموو خەونەکانی لەناو دەبات.

فیلمەکە دەستپێدەکات بە داگیرکردنی پۆڵەندا لەلایەن ئەلمانیاوە، هەر لەسەرەتاکانی جەنگی جیهانی دووەم ساڵی(١٩٣٩).  لێرەوە ژیانی یەکێک لە پیانۆ ژەنە بەناوبانگەکانی پۆڵەندا بەناوی شیپیلمان و خێزانەکەی گۆرانکاری بەسەردا دێت تا کۆتای جەنگ. شپیلمان ژەنیارێکی پیانۆیە لە وێستگەی رادیۆی وارشۆ، لە ساتە وەختی هاتنە ناوەوەی سوپای نازی ئەڵمانیا بۆ وارشۆی پایتەخت پەخشی عەسفی پیانۆ دەکات لە ئێستگەکە، بەوهۆیەوە سەرەرای روخانی دیوار و شکانی پەنجەرەکانی ئاپارتمانی ئێستگەکە بە هۆی بۆردومانەکانی سوپای نازیەوە ئەو هێشتا بە هێمنی لە ژەنینی پیانۆکەی بەردەوام دەبێت تا ئەوەی وەک کۆتا کەس ئاپارتمانەکە جێدەهێڵێت.
بە هاتنی سوپای ئەڵمانیا بۆ شارەکە ژیان و کار و یاسا و دیسپلینی خەلکەکە بتایبەتی یەهودیەکان بە تەواوی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بە جۆرێک لە یەکەم هەنگاوی دوای داگیرکردنەکە یەهودیەکان ئیتر بۆیان نەبوو دانیشن لە کافی و ڕێستۆرانتەکان، بۆیان نە بوو بچنە پارک و بانکەکان، لە ڕێورۆشتنیشدا بۆیان نەبوو لەسەر پلاتفۆرمەکانەوە بڕۆن، بۆیان نە بوو لە ڕێژەيەکی دیاریکراو زیاتر خاوەنی پارە بن، هەروەها بەمەبەستی ناسینەوە دەبوو یەهودیەکان هێمای ئەستێرەی یەهودیەت لە قۆڵیان بئاڵێنن. بە جۆرێک ئەو پلانەی نازیەکان دایان نابوو بۆ سەرشۆڕکردن و لەناوبردنی یەهودیەکان هەر لە سەرەتاوە بەتوندی دەستیان کرد بە جێبەجێکردنی، شپیلمان و خێزانەکەشی نمونەی چیرۆکی هەزاران خێزانە کە هەوڵی هەڵاتن یان مانەوە لە ژیان دەدەن. پاشان بە تێپەربوونی کات یەهودیەکان بەرەو داهاتویەکی تاریک و بێچارە ئاراستە دەکرێن بەوەی لە هەنگاوێکی رەگەزپەرستانەی تردا هەموو یەهودیەکان لە بەشێکی وارشۆ کۆدەکرێنەوە و ناوچەکەیان دیواربەند دەکرێت و ژیانیان لێ قورسدەکرێت بە برسیکردن و کوشتنی لەخۆرا، پاشانیش هەموان بە شپرزەی ڕەوانەی کەمپی یەهودیەکان دەکرێن لە دەرەوەی وارشۆ. بەڵام شپیلمان لە دواساتەکانی سواربونی ترەینی گواستنەوەکە لەلایەن هاورێیەکی پۆلیسی یەهودیەوە ژیانی رزگار دەکرێت، لێرەوە چیرۆکی چاوشارکێ و خۆ شاردنەوەی دەست پێدەکات تا هاتنی سوپای روسیا بۆ ناو پۆڵەندا لە ساڵی (١٩٤٥).

لە روی ریالیستیەوە فیلمەکە بۆ ساتێکیش تەنازول بۆ مێژوو ناکات، بەڵکو هەتا بروات زیاتر پشت ئەستور دەبێت بە بەڵگە مێژووییە ڕاستەقینەکان، هەر لە کەوتنی لاشەی هەزاران یەهودی لە کەمپ و شاخەکان و ژورە گازدارەکان و فرنە ئاگرینەکانی مانمێد تاکو جیاکردنەوەی نزیکەی (٤٠٠)هەزار یەهودی لە کەمپە بە دیوار تەنراوەکان.

هەر لە دەستپێکی فلیمەکەوە چەند سەحنەیەک بە دیاریکراوی سەرنجت رادەکێشێت، بۆ نمونە کاتێک بۆردومانی وارشۆ دەکرێت و دار و دیواری ئاپارتمانی ئێستگەکە بەرەو روخان دەچێت شیپیلمان هەر لە ژەنینی پیانۆکە بەردەوام دەبێت یان لەو ئاپارتمانەی کە خۆی تێداحەشارداوە تاکو کەشف نەبێت پەنجەکانی دەستی لەسەر کلیلەکانی پیانۆکە بەبێ لەمس کردنیان دەگێڕێت و لە زیهنی خۆیدا عەسفی پیانۆکە دەکات، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە لە هەموو زروفێکدا خولیا و ستاتیکا دەکرێت زاڵبێت بەسەر جەنگ و ناشرینیەکاندا.
ئەم فیلمە ئەتوانێت ئەوە نیشان بدات چۆن دەکرێت مرۆڤەکان دابەشببن بۆ دوو بەرەی ڕاوچی و ڕاوکراو کە لەم کاتەشدا ئارەزوی مانەوە وەک غەریزەیەکی بەهێز سەرهەڵدەدات. هەر لەو کاتەشدایە هونەری وێنەگرتن و دەرهێنانی فیلمەکە دەکرێت بە پلانی هێما و دیمەنەکان شوێنێک لە قەراخی هۆشمان داگیر بکات تا ئەوەی ئەم کۆمەڵکوژیەمان بیربکەوێتەوە و بیرمان نەچێت.
هەروەها لەناو ئەم فیلمەدا دەتوانین بچینە ناو غەریزە بنەرەتیەکانی مرۆڤ و ببینین چۆن ژیان لەسەر هێڵێکی باریک وەستاوە، وەک ئەو سەحنەی کە تێیدا شپیلمان دەیەوێت پیانۆ بژەنێت بە بێ لەمسکردنی کلیلەکانی پیانۆکە لە کاتێکدا هونەر گرنگترین چەمکی ژیانی ئەوە، یا خود مانەوەی بە تەنهای و برسێتی و تینوێتی و ئازار کێشانێکی زۆر لەو ئاپارتمانانەی کە خۆی تێدا حەشار دەدات بە درێژای جەنگی جیهانی.

بێگومان ئەگەر ئێمەش وەک کارەکتەرێک خۆمان لە جێگەی ئەو دابنێین بەردەوامی بەو ئازارانە دەدەین کە ئەو چەشتویەتی با داهاتوو چەند قووڵ و تاریک و نادیاریش بێت، ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی خواستی مانەوە و بەردەوام بوون لە ژیان چەند بە‌هێزە. هەربۆیە کاتێک شپیلمان لە پەنجەرەی ئاپارتمانەکەوە سەیری شەڕ و ڕوبەڕوبوونەوەی یەهودیە یاخیبویەکان و ئەڵمانەکان دەکات بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک لە یارمەتیدانیان بریتی نیە لە ترسنۆکی بەڵکو بریتیە لە موجادەلەکردنی مەرگ لەپێناو ژیان و مانەوە یاخود حەزی ژیاندۆستی بەرامبەر مەرگدۆستی.

با لە دەرەوەی فیلمەکەش بڵێم گەلی کورد بە درێژايی سەدەی بیستەم ڕوبەڕوی چەندین ئیبادە و سوکایەتی بووتەوە لەلایەن ئەوانیترەوە بەقەد شانسی ژیان شانسی مەرگیشی بەهێز بووە. بەڵام تا ئێستە نەیتوانیوە ئەو کارەساتانە استغلال بکات و پاشان استنتاجی بکات بۆ مەبەستەکانی خۆی، هەر وەک ئەو تاوانە يتری وەک (ڕواندا، کۆمەنیستەکانی کەمبۆدیا،بوروندی، ناگۆرقەرەباخ….) بیرمان ناکەوێتەوە. بەڵام نمونەی فیلمەکانی وەک (the pianist, life is beautiful , schindler’s list ,the reader) پێمان دەڵێت چۆن یەهودیەکان شارەزایانە توانیویانە لەرێگەی فیلم و شانۆ و سینەماوە موخاتەبەی هەست و ڕای گشتی جیهانی بکەن و مێژوو بە شێوەیەکی دیمەندار بە دیکۆمێنت و ئەرشیف بکات.

خۆشترین وشەکانی فیلمەکە کە گوێم لێبووبێت:-
– شپیلمان: تکایە تەقەم لێمەکەن من پۆڵەندیم.
+ خەڵکەکە: کەواتە ئەو پاڵتۆ نەفرەتیە ئەڵمانیە چیە لەبەرتا؟
– شپیلمان: سەرمامە!

The pianist:
دەرھێنانی ڕۆمان پۆلانسکیییە لە ساڵی (٢٠٠٢)و لە کتێبی ژیاننامەیی پیانۆژەنەکە (The Pianist) کە بیرەوەری شەڕی جیھانی دووەمی پیانۆژەنی پۆڵەندی- یەهودی شپیلمانە وەرگیراوە. براوەی ٣ خەڵاتی ئۆسکار، ٢ خەڵاتی BAFTA بۆ باشترین فیلم ، براوەی خەڵاتی چڵە خورمای زێڕین بۆ فیستیڤاڵەکانی کان، براوەی ٥٢ خەڵاتیتر و کاندید بۆ ٧٠ خەڵاتیتر.

بابەتی دواتر

13669089_102972890147948_2420171106901598441_n

یادی جه نگی به در

یادی جه نگی به در ن. مونيره عه لى عه بدولعه زيز له 17ی ره …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *