27868056_1597957200271937_7462330894687456188_n

ئیسلامییەکان لەنێوان خۆهەڵخەڵەتاندن و بێ ئاگایی لە “حەبلەکە”ی خودا

سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی
لە ئێستادا بەرەو دوو هەڵبژاردنى یەکلەدوایەکی عێراقی و کوردستانیدا هەنگاو دەنێین و لایەنە سیاسییەکانیش کەوتونەتە تۆمەتبارکردن و کڕین و فرۆشتن بە تاوانەکانی یەکترەوە، کە بەدڵنیاییەوە بە گەورە و بچوکەوە هێندەى قورساسی سیاسی خۆیان لە نێو ساحەى سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێم و عێراق پشکی تاوان و گەندەڵییان بەردەکەوێت و هاووڵاتیش زۆر لەوە ووریاترە کە لایەنە سیاسییەکان خۆیان لەو قوڕاوە دەرباز بکەن کە بۆ گەلەکەیان دروست کردووە.

هەرچەندە لایەنەکان بەتایبەت لایەنە کوردییەکان پێیان باش بوو هەڵبژاردنەکان بەهۆی ئەو دۆخەى بەسەر کورددا هات دوابخرێت، بەڵام بەهۆی بڕیارەکەى دادگا دەستەمۆکەى عێراقەوە بۆ یەکەمجار بڕیارێکی بوێرانەى داو بڕیاری ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى دا و هەر لایەنەو بەپێی ستراتیژ و بەرژەوەندی حزبی خۆی “نەک بەرژەوەندی هاووڵاتی” بە سەربەخۆ یان بە دروستکردنی هاوپەیمانێتی بەشداری هەڵبژاردنەکانى دەوڵەتی عێراقی کرد و شەڕ لەسەر بردنەوەى کورسییەکان دەکەن “ئەمەش دواى شکستی بە دەوڵەتکردنی کوردستان!”.

بەهەرحاڵ ئەوەى مەبەستمە لەسەری رابوەستم ئەو گەمە سیاسییەى ئیسلامییەکانى کوردستانە کە دواى دوو ساڵ لە پێکهێنانی لیستی ئیسلامی شکستیان هێنا و هۆکارەکەشی دیارە و بەهۆی ئەنانیەتی هەندێک لایەن و نەهاتنە پێشەوەیان ئەو دەنگۆیە شکستەکەی راگەیەندراو بۆ هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەو خەونە لەبار برا، بەڵام لێرەوە داوا لەو لایەنە ئیسلامییانە دەکەم بۆ هەڵبژاردنەکانى کوردستان هێلکەکانیان بخەنە سەبەتەکەى خۆیان و کرانەوەى دەرەکی و حیلە و فێڵی کۆمەڵێک خەڵک نەیانخەڵەتێنن بەناوی “کاڵبوونەوەى ئایدۆلۆژیا” و “کوردستان پێویستی بە کرانەوە هەیە”، چونکە هەڵە ستراتیژییەکە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە و دەگرێت، ئەو فیلمە پێشتر لە سەردەمی هەڵکردنی ئاڵاى بزووتنەوەی گۆڕان بینیمان کە پێش هەموو شتێک بەناوی ئایەتەکانی خوداوە دەستیان پێکرد و دواتریش بینیمان دژى ئایەتەکانى خودا دەنگیان دەدا، هەرچەندە بەهۆی دەمکوتکردنی دەنگی نوێنەری هاووڵاتیانى هەرێم لەلایەن دیموکرات خوازەکانەوە وایکرد رووی راستەقینەى نوێنەرى حزبەکان باشتر دەرنەکەون، بەڵام دواجار لە دوو خولی پێشوودا ئەوە بە روونى دەرکەوت ئەگەر کەسی هۆشیار بیەوێ دەرکی پێدەکات، هەربۆیە تکایە ئیسلامییەکانى کوردستان هێلکەکانتان بۆ جارێکیتر مەخەنەوە سەبەتەى بێگانەکان، چونکە دووجار زیانتان بەردەکەوێت، لەلایەکەوە دەنگی موسڵمانان لە پەرلەمان دژى دین بەکاردەهێنرێتەوە و دەنگی نایاسایی دژ بە یاساکانى ئایینی پیرۆزی کوردەواری پێدەدرێت.

لەلایەکیتریشەوە شکستى هەڵبژاردنەکانتان وەبیردەهێنمەوە کە لە هەڵبژاردنەکانى رابردوودا کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووى ئیسلامی لیستی چاکسازییان پێکهێنا و دەنگەکانیان بە خۆڕایی درانە سۆسیالیست و زەحمەتکێشان کە لەم هەڵبژاردنەدا سۆسیالیست بە نیوە قیمەت کورسییەکی پێ فرۆشرا و زەحمەتکێشانیش چاوی پێی نەکەوت، کەواتە ئەوەى رابردوو شکستی ئێوەی ئیسلامی بوو.
هەرچی بزووتنەوەى ئیسلامیشە بەهۆی بەشداریکردنی لە لیستی کوردستانى یەکێتی و پارتى و جەماعەتەکەیان تووشی شکستێکی ستراتیژى گەورە بوو بەشێوەیەک وەک خۆی ئاماژەى بۆ دەکات، رابەری گشتى بزووتنەوەکە دەنگی بە لیستەکەی خۆیان نەداوە، ئەمە هۆکار بوو بۆ شکستى ئەو حزبە لەو هەڵبژاردنەو دواتریش..

حزبە کوردییەکان هەمیشە دەستى براکانیان شکاندووە لەبەر بەرژەوەندی بێگانەکانی دەرەوە، منیش دەڵێم ئێوەش لە رابردوودا دەستى یەکترتان شکاندووە لە پێناو بەرژەوندی تاک حزبی خۆتان و دژەکانتان و دەستى براکانتان شکاندووەو دواجار خۆتان زیانمەند بوون، ئەوەى جێی تێبینییە لێرەو لەوێ هەندێ کادیری لایەنە ئیسلامییەکان لە نووسینەکانیاندا هێندە رەقەوە دەنووسن گومان لەوە دەکەیت ئەم کەسانە لەلایەن عەلمانییەکان و چەپەکانەوە رێنمویی نەکرابن، بەشێوەیەک دژى ئایەتەکانى خودا دەنووسن و ئاگاشیان لە خۆیان نییە و گوێ بە “حەبلەکەی” خودا نادەن و ئامادەن بۆ بەرژەوەندی سیاسی و حزبی تەسکی خۆیان عەلمانی و مارکسەکان لە خۆیان رازی بکەن!.

بە کوردی و بە کورتی ئەوەى مەبەستەکەیە لێرەدا ئەوەیە ئیسلامییەکانى کوردستان “یەکگرتوو، بزووتنەوە، کۆمەڵ، سۆفی، سەلەفی، تۆراو و دانیشتوو”، ئەگەر بڕواتان بە “حەبلەکەی” خودا هەیە و راست دەکەن و بە دەستى خۆتان چاڵ بۆ خۆتان و براکانتان و ئایینەکەتان هەڵناکەنن، بۆ جارێکیش بێت هێلکە سیاسییەکانتان لەبەر بەرژەوەندی ئایینەکەتان و وەلانانى بەرژەوەندی کەسی و دەرەکی و نێوخۆیی بخەنە سەبەتە ئەساسییەکەی خۆتان “ئەگەر راست دەکەن” ئەوکات چاوەڕێی سەرکەوتنى خودا بن کە بە کەمترین کورسیش چۆن سەرکەوتنى گەورە بەدەست دەهێنن و پشت بە خودا ببەستن و یەک لەدواى یەکە سەرکەوتنەکانیش، “بەڵام دەبێ دڵەکانتان ئاوێنەیی بن بۆ یەکتر نەک وەک ئەوەى دەیبینین قاچتان بۆ پاشقول لە یەکتردان درێژ کردوەتەوە”.

بابەتی دواتر

13669089_102972890147948_2420171106901598441_n

یادی جه نگی به در

یادی جه نگی به در ن. مونيره عه لى عه بدولعه زيز له 17ی ره …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *