15181190_1278087912213229_4101032339750498030_n

سه‌رمایه‌ى هزرى ئێمه‌ى مرۆڤ

كاميل مەحمود

مرۆڤ ھەر لەسەرەتای دەستپێکی دەرک و ئاگاییەکانییەوە کلیلەکانی ھزرو بیرکردنەوەی دراوەتە دەستی خۆی و زەمینەی ئەوەشی بۆ رەخسێنراوە لەگەڵ بیرو ئاوەزی خۆیدا دیالۆگ بکات، ئەم کارلێکە مرۆییە لەگەڵ زاتی خۆیدا یەکەم ھەنگاوی کارلێکە بەرفراوانەکەیترە لەگەڵ ئەوانیتردا، ئەگەر ئەم مرۆڤە عاقڵ و خاوەن توانستە بەھەمیشەیی لەدیالۆگ و جەدەلێکی بەرھەمھێنەرانەدا نەبوو لەگەڵ پاشخانە پێشینەکانی ھزری خۆیدا، بەو جێگایە دەگات کە ئیتر ئەو کلیلە خواییەی بزر کردبێت و بەھەمیشەیی لەگەڵ کۆمەڵێ تێگەیشتنی سەرەتاییدا بمێنێتەوەو عەقڵی خۆی گیرۆدەی دۆگمابوون کردبێت.
بنەمای دەرچوون لەمەئلوف و گەیشتن بەپانتایی بەرینی جوگرافیای نوێی تازە کەشفکراو لەھزری ئێمەی مرۆڤدا بەردەوام ئاسۆکانی تێڕامان و بیرکردنەوەو ھزری داھێنەرانەمان ڕووناک و بەرفراوانتر دەکات، ئەوەی دوێنێ عەقڵی زاتیی ئێمەی پێکھێناوە بەگفتوگۆی بەردەوامی ناوەکی خۆمان لەگەڵیدا گەشە دەکات و سەرمایەی مەعریفیمان چەند بەرامبەری تر پەرە پێ دەدات، دەکرێت لەبەردەم سەرمایەی مادی ئەم دنیایەدا سنوورێک ھەبێت و مرۆڤ تا جێگایەکی دیاریکراو بتوانێت ھەڵسوڕاوبێت، یان نەوەکانی دوای خۆی سەرمایەکەی بەزایە بدەن و سنوورەکەی بھێننەوە دواوەو ناوەکەشی لەدیرۆکی خۆیاندا بسڕنەوە، بەلێم لەبەردەم ھەوڵە مەعریفییەکانی مرۆڤ وسەرمایەی ھزری ئەودا سنوورێک نییەو، نەوە لەدوای نەوە ئەو سەرمایەیە کەڵەکە دەبێت و ڕاناوەستێت و گەشە دەکات تا ژیان لەسەر ئەم ھەسارەیە مابێت و ھیچ نەوەیەکیش ناتوانێت سەرمایەی ھزرو بیرکردنەوەی ئەوەی پێش خۆی بسڕێتەوە.
تاکی مرۆڤ لەحیوارو کارلێک لەگەڵ تواناو بەرھەمە ھزرییەکانی خۆیدا دەروازەکانی دیالۆگ بەرووی ھزری ئەوانی تریشدا دەکاتەوە، بەلێم نەبوونی حاڵەتی یەکەمیان لەکۆمەڵگەیەکدا ئەمەی دواتریش ڕادەگرێت و سەرمایەی ھزرو رۆشنبیری ئەو کۆمەڵگەیەی کەتاکەکانی بەم بنبەستە گەیشتبن ڕادەوەستێنێت، بوونی حاڵەتە تەندروستەکەی دیالۆگی زاتی و دەستەجەمعیش کۆمەڵگە لەبارێکی چەقبەستوودا ناھێڵێتەوەو داھاتی ھزرو مەعریفەی دەوڵەمەندتر دەبێت و بناغەکانی شارستانیەتی خۆی بتەوتر دەکات.
ئەم حاڵەتە مرۆییە پڕ لەکارلێک و گفتوگۆیە بەردەوام لەناو ژیاری ئیسلامی و سەردەمی زێڕینی شارستانیەتەکەیدا ھەبووە، بۆیە دەبینین ھزری ئیسلامی بەردەوام لەگەشەکردندا بووەو کارلێکی ناوازەو بەھێزی لەگەڵ ژیارەکانیتردا لەئاستێکدا بووە کە ئەوانیش لەو بارودۆخەدا زیاتر بەھرەمەند ببن و بەھۆی بەخششە فیکری و فەلسەفییەکانی شارستانیەتی ئیسلامییەوە بینای ژیارێکی نوێ بۆ خۆیان دابمەزرێنن کە ئێستا بەویژدانەکانیان دان دەنێن بە فاکتەری ئیسلامی لەھەستانەوەی ژیاری ھاوچەرخی مرۆڤایەتی و بەتایبەتی شارستانیەتی رۆژئاواو ئەوروپادا.
بەخششی عەقڵ و سەرمایەی ھزری ئیسلامی لەسەردەمی غوربەت و نەمانی دەسەلێتی ئیسلامیشدا ڕانەوەستاوەو تاکی مسوڵمان بەردەوام لەبیرکردنەوەو گەڕاندا بووە بەدوای ھۆکارەکانی ھەستانەوەو شکۆداریدا، لەم رووەشەوە بەگەلێک دەرەنجام گەیشتووە کە بەشێکیان بەگەڕخستنەوەی سەرمایەی پێشینی عەقڵی نەتەوەی ئیسلامە و بەشێکیتریشی فاکتەری نوێیە لەسێبەری ژیانی نوێ و توانای گەشەکردووی مرۆڤی ھاوچەرخدا کە بەردەوام بیردەکاتەوەو پەرە بەسەرمایەی ھزری مرۆیانەی خۆی دەدات.

بابەتی دواتر

31749578_2045198535807465_4642171953992433664_n-660x330

وچانێک لەبەردەم زاراوەی (مبارك) دا

عوسمان حمەکریم زەڵمی   (برك): بنچینەی ئەم وشەیە (البرك) بەکاربراوە بۆچەند شت وەک : چەسپاندنی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *