516D621C-877E-4620-979D-490CFADD2529_cx0_cy10_cw0_w1023_r1_s

دادگایەکی چیک ساڵح موسلیم ئازاد دەکات

دادگایەکی چیک بڕیاری ئازادکردنی ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پـێشووی پەیەدەی دا، ئەمەش پاش سێ ڕۆژ لە دەسـتگیرکردنی لەسەر بنەمای سکاڵایەکی تورکیا لە دژی.

دادگاکە ئەمڕۆ سێشەممە لە دانیشتنێکدا کە ڕێگە نەدرا میدیاکان ئامادەی ببن ئەم بڕیارەی دا.

میرۆسلاڤ کروتینا پارێزەری ساڵح موسلیم لە پاش دانیشتنەکە بۆ پەیامنێرانی ڕاگەیاند، دادوەر بڕیاری ئازادکردنی موسلیمی دا و ئەویش لای خۆیەوە بەڵێنی داوە هاوکاری دادگا بکات لە بارەی ئەو سکاڵایەی لەلایەن ئەنکەرەوە لێی کراوە.

دادوەری داگاکە یارۆسلاڤ پایتلون ئامادە نەبوو لەسەر بڕیارەکەی لێدوان بۆ میدیاکان بدات.

مارکیتا پـوسی خانمە گوتەبێژی دادگاکەی شارەوانی براگ گوتی بڕیاری ئازادکردنەکە درا و هیچ کام لە پارێزەری دەوڵەتی چیک و پارێزەری ساڵح موسلیم داوای پـیاداچوونەوەیان بە بڕیارەکەدا نەکردووە. گوتیشی دادگا بەڵێنەکەی ساڵح موسلیمی قبوڵ کردووە بەوەی لە ئەوروپا بمێنێتەوە و لە داهاتوو ئامادەی دانیشتنەکانی دادگا ببێت.

هاوکاتی دادگایی‌کردنەکە بە دەیان کورد لە دەرەوەی دادگاکە گردبوونەوە و لەگەڵ ڕاگەیاند بڕیاری ئازادکردنەکە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی.

لە لایەکی دیکە ئەندرێ بابیش سەرۆک وەزیری چیک ئەمڕۆ سێشەممە لەم بارەیەوە پـرسیاری لێکرا، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بدات و تەنیا گوتی “دادگای چیک بڕیار دەدات و من هیچ لە بارەی کەیسەکە نازانم، وە ناتوانم ڕاوبۆچوونی خۆم بڵێم.”

باڵیۆزی تورکیا لە چیک مەخابەنی خۆی لە بارەی بڕیاری دادگاکە دەربڕی و بە کەناڵی خەبەر تورکی وڵاتەکەی گوت ئەم بڕیارە خزمەتی پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەنکەرە و براگ ناکات.

تورکیا ساڵح موسلیم تۆمەتباردەکات بەو تەقینەوەیەی مانگی دووی ساڵی 2016 لە ئەنکەرە ڕوویدا و بووە هۆی کوژرانی 29 کەس، بۆیە داوای دەسـتگیرکردنی دەکەن و بڕی 4 ملیۆن لیرەی تورکی کە دەکاتە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاریان وەک خەڵات داناوە بۆ هەر کەسێک یارمەتی بدات لە دەسـتگیرکردنی.

ساڵح موسلیم لای خۆیەوە بە توندی ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت تەنیا تۆمەتێکی هەڵبستراوە بە ئامانجی سیاسی.

ژ.ك

بابەتی دواتر

14112017623650_152492017_121511187202222

تا سێ مانگی دیکە تورکیا گەمارۆى سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە

توركیا بڕیارێكی نوێی له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ده‌ركرد و بەگوێرەی ئەو بڕیارەش، گەمارۆکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *