26229847_1509656882488756_3316595463548526549_n

بزووتنەوەى ئيسلامى بايكۆتى نمايشە حكومى و حزبييەكانى يادى كيميابارانى هەڵەبجە دەكات

بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان

جارێكيتر دەگەينەوە بەرۆژە تراژيدييەكەى(١٦/٣) كە هەڵەبجە نغرۆى گڕو دوكەڵى ژەهراوى بەعسييەكان كراو لەچەند كاتژمێرێكى كەمدا پێنج هەزار كەس شەهيدو هەزارانيتر بريندارو دووچارى ئاسەوارى درێژخايەن بوون كە دواى٣٠ ساڵ لەو كارەساتە ئەو ئاسەوارانە لەسەر جەستەو ناو هەناوى بەشێك لەهەڵەبجەييەكاندا ماوە، جگە لە زيانى گيانى و مرۆيى شارەكەش وێران كراو ئاسەوارى ئەم وێرانيەش وەك ئاسەوارى سەر جەستە و هەناوى بريندارانى كيميابارانى هەڵەبجە هێشتا ماوەتەوە.
بەداخەوە دواى ٢٧ساڵ لەحوكمڕانى كوردى و گەڕانەوەى ژيان بۆ ئەم ناوچەيە هێشتا مەينەتييەكانى خەڵكى هەڵەبجە و دەوروبەرى كۆتاييان نەهاتووەو پرۆسەى ئاوەدانى و سڕينەوەى سيماى كاولكارى لەئاستى ئەو هەموو قوربانيانەى هەڵەبجەييەكاندا نييە، ژيانى ناهەموارى كەس و كارى قوربانييەكان و گرفتى بريندارەكان و بێ ئومێدى نەوەى دواى كيمياباران و بێكارى گەنج و لاوى هەڵەبجە لەلايەن دەسەڵاتى كوردييەوە ناديدە گيراوە.
لەسەرووى هەموويەوە پرسى بەپارێزگابوونى هەڵەبجەو جێبەجێنەبوونى و ململانێى نامەشروعى حزبەكان لەسەر بەشكردنى ئيمتيازات و پشكە ئيدارييەكان و كورسييەكانى ئەنجومەنێكى وەهمى هەنگاوەكانى پرۆسەى بەپارێزگاكردنى هەڵەبجەى ڕاگرت، بزووتنەوەى ئيسلامى دەستبەردارى بەشێك لەموستەحەقاتى خۆى بوو لەپێناوى سەرخستنى بڕيارى بەپارێزگاكردنى هەڵەبجە و هەموو هەوڵێكى خستەكار بۆ كۆتاييهێنان بەشەڕى ئيمتيازاتى نێوان حزبەكان و چەندين جار داواى كرد بەلاى كەمەوە ئەنجومەنى پارێزگا پێكبهێنرێت و بكرێت بەماڵ بەسەر بەغداو هەولێرەوە، بەڵام هيچ نەكراو حكومەتى ناوەنديش هەڵەبجەى وەك پارێزگا ناديدە گرت و لەبەشە بوجەى ساڵانە هەرێم و پارێزگاكاندا هەڵەبجە بەپارێزگا دانەنا، هەموو ئەمانە حكومەتى هەرێم و دەسەڵاتى كوردى و ئەو حزبانە لێى بەرپرسيارن كە بەرژەوەندى خۆيان خستە پێش بەرژەوەندى هەڵەبجەو خەڵكى ستەمديدى دەڤەرەكە.
ئەمساڵيش لەيادى شانزەى سێدا جارێكيتر و وەك پيشەى ساڵانەيان وتارخوێنەكانى حزب و حكومەت و دەسەڵات دێنەوە لە هەڵەبجە خۆيان نمايش دەكەنەوە، بۆيە ئێمە وەك بزووتنەوەى ئيسلامى بايكۆتى ئەو گاڵتەجاڕيانە دەكەين و ئامادەى هيچ نمايشێكى بێ كەڵكى قسەى بێ سوودى بەرپرسانى هەرێم نابين تا ئەو كاتەى پارێزگاى هەڵەبجە بەكردەيى دەبێتە پارێزگاو بەسيماى شارو ژيانى خەڵكەكەيەوە دەردەكەوێت.
سڵاو بۆ خەبات و قوربانيدانى هەڵەبجەو هەڵەبجەييەكان
سۆزو ميهرى پەروەردگار بۆ شەهيدانى(١٦/٣)

وتەبێژى مەكتەبى سياسى بزووتنەوەى ئيسلامى
٢٠١٨/٣/١٣

ژ.ك

بابەتی دواتر

draw2412015bb

نرخی دراوەکان

نرخی دراوەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 100 دۆلار 120 هەزار و 250 دینار. 100 یۆرۆ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *