9932F19C-9856-479C-9215-9AE8EA49C8AD_cx0_cy5_cw0_w1023_r1_s

له‌گۆڕنانی خه‌می هه‌ڵه‌بجه‌ له‌نێوان به‌ڵێنه‌كانی هه‌رێم و ناوه‌نددا

باسك نێت

30 ساڵ پاش کیمیاباران کردنی شاری هەڵەبجە، هێشتاش دانیشتوانی ئەم شارەی هەرێمی کوردستان نیگەرانن لەوەی بەشێکی زۆری پێداویستییە هەنوکەییەکانی شارەکەیان بەجێنەگەیەندراوە لەگەڵ ئەوەشدا کە زیاتر لە 26 ساڵە کورد خۆی فەرمانڕەوایە لە هەرێمی کوردستان.

لە پاش ساڵی 1988 ەوە وەک ڕزگاربووان لەو هێرشە کیمیاییە دەڵێن هەموو ساڵێک یاد دەکرێتەوە بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ یەکێک لە داواکانی خەڵک جێبەجێبکرێن و دەشڵێن دووابەدوای ئەو هەموو پەیمان و بەڵێنانەی دەدرێن لە ساڵیادەکاندا دەبێت خەڵک ساڵێکی تریش چاوەڕوان بێتەوە تا بزانن لە ساڵیادی ئایندەدا چ پەیمانێکی تریان پێ دەدرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی شەشی ساڵی 2013 بە پارێزگا کردنی هەڵەبجەی پەسەندکرد و ئەنجومەنەی وەزیرانی عێراقیش لە 31 ی مانگی دوازدەی هەمان ساڵ پـرۆژە بڕیارەکەی پەسەندی کرد و ناردیە پەرلەمانی عێراق.

لە 13 ی مانگی سێی ساڵی 2014 سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ئەو بڕیارەی مۆر کرد کە هەڵەبجە ببێت بە چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان و سێ ڕۆژ پاش ئەوە لە یادی 26 هەمین ساڵی کیمیابارانی شارەکەدا، مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم بڕیارەکەی پەسەند کرد.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە 3 ی مانگی چواری ساڵی 2014 بەیاننامەیەکی دەرکرد و تیایدا هاتووە ئوسامە نوجەیفی سەرۆکی پەرلەمان و عارف تەیفور جیگری سەرۆکی پەرلەمان پـێشوازی لەم بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن بە پـێی ماددەی 115 ی دەستوری عێراق پـێکهێنانی پارێزگای نوێ لە هەرێم لە نێو دەسەڵاتەکانی هەرێمدایە.

لە مانگی دووی ساڵی 2015 پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسەندکرد، بەڵام لەو کاتەوە هەتا ئێستا وەک کاوە عەلی کەریم جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت هەنگاوی زۆر کەم نراون بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکان ” بەنموونە لە پرۆژەیاساکەی پەرلەمانی کوردستان کە کۆمەڵێک مادەیە تەنها بڕگەی دەستبەکاربوونی پارێزگارو دوو جێگر لەیەک مادەیدا جێبەجێکراوە. مادەکانی تر پشتگوێخراون و بەدوواداچوونیش لەلایەن پەرلەمانەوە نییە. ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم فەرمانی پێکهێنانی سەرجەم فەرمانگەکانی بەوەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، بەڵام فەرمانەکە جێبەجێ نەکراوە. لەکۆی سیانزە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەنها هەشتیان پێکهێنراون بەبێ دامەزراندن و بوونی میلاکی پێویست. لەکۆی نزیکەی چل بەڕێوەبەرایەتی نزیکەی بیست و پێنج پێکهێنراون و ئەتوانم بڵێم لەسەدا نەوەدو پێنجی پێش بەپارێزگابوون هەبوون.”

کاوە عەلی کەریم پێی وایە تەنها لە کاتی یادەکاندا هەڵەبجە دەکەوێتە بیری بەرپرسەکان و دەڵێت ” لەوەتەی بڕیاری بەپارێزگابوون بۆ هەڵەبجە دەرچووە سەرۆکی حکومەت بۆ یادەکانیش سەردانی هەڵەبجەی نەکردووەو نازانێت چی دەگوزەرێت و کارەکان چۆن دەبرێن بەڕێوە.”

هەڵەبجەییەکان لەوبڕوایەدان هەموو ئەو تەگەرانەی لەبەردەم تەواوبوونی پرۆسەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەدا هەن، بریتین لە ڕنگدانەوەی قەیرانی سیاسی نێوان کورد و بەغدا. جێگری پارێزگاری هەڵەبجەش هاوڕایە و دەڵێت “حکومەتی عێراق بەهۆی کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا و خەمساردی حکومەتی هەرێم لەم پرسەدا هەنگاوەکانی بەدیاربوونی پارێزگای هەڵەبجەی نەناوە. وەک کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی جنسیە و پاسپۆرت و نفوس و تابلۆی سەیارە ناوی هەڵەبجە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجە وە هەوڵەکان لەپەرلەمانی عێراق و ناوهێنانی وەک پارێزگا لە بودجەدا چوار ساڵ بەردەوامە بەڵام تا ئێستا سەنتێک بە هەڵەبجە نەگەیشتوە.”

کاوە موحەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت وەکو کورد هەوڵێکی زۆریان داوە کە هەڵەبجە وەکو پارێزگا بناسێندرێت. لەو هەوڵەدا سەرکەوتوو بوون بەڵام کورسییەکانی کورد ئەوەندە نییە کە بتوانن هەر یاسایەکی بیانەویت پەسەندی بکەن. و لایەنەکانی تریش ئەو ئامادەییەیان تێدا نەبووە.

کاوە محەمەد بۆ دەنگی ئەمەریاکی راگه‌یاند، ” ئێمە پێش ئەوەی گلەیی لەوان بکەین دەبێت گلەیی لە خۆمان بکەین بەشێکی زۆری کە نەمانتوانیوە ئەو مافانە بەدەست بهێنین پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ماڵی کورد بەڕاستی ماڵێکی شێواوە چ لە ڕووی سیاسییەوە چ لە ڕووی ئابورییەوە. سیاسەتێکی شکستخواردوو گیراوەتە بەر. تۆ ئەگەر ناوماڵی خۆت ڕێکنەخەیت ناتوانیت شەڕێک بکەین و سەرکەوتوو بین تیایدا.”

بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونە سیروان عەبدوڵا سیرینی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ” نەک تەنها هەڵەبجە، خەریکە هەمو هەرێمی کوردستان دەبێتە قوربانی بڕیارە نادەستورییەکانی حکومەتی عێراقی کە هەمان سیاسەتی ڕژێمی پێشووی هەیە بەرامبەر پێکهاتەکان بە تایبەتی کورد.”

ب.هـ

بابەتی دواتر

FB_IMG_1552290786598

كۆنفڕانسی حەوتەمی بزووتنەوەی ئیسلامی بەڕێوەدەچێت.

كۆنفڕانس دوای خوێندنی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز و مارشی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستی بەكارەكانی كرد. …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *