2555

د.شوان قەڵادزێی : قه‌یرانی دارایی بۆلایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان نیه‌، بۆبزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی هه‌یه‌ ئه‌وه‌تا كه‌ناڵ داده‌خات

دیدار : زانیار مه‌لاعابد جاف

 

 

به‌شی دووه‌م و كۆتایی دیداری تایبه‌ت له‌گه‌ڵ دكتۆر شوان قه‌ڵادزه‌یی سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌په‌رله‌مانی كوردستان …

باسك نێت : ئایا قه‌یرانی دارایی به‌واقیعی له‌كوردستاندا بونی هه‌یه‌ ؟  ………..    پێتوایه‌ 30 حوزه‌یران دوباره‌ ببیته‌وه‌ ؟

ئێوه‌ گله‌یی له‌ئۆپۆزسیۆنی پێشوی په‌رله‌مانده‌كه‌ن بۆچی پێشوتر پشتگیریتان نه‌كردن؟

دكتۆر شوان قه‌ڵادزه‌یی: وه‌الله ئه‌و وته‌یه‌ی تۆ زۆر جوانه‌ ئێمه‌ ئه‌بێ ڕه‌خنه‌ له‌خۆمان بگرین…..

قه‌یرانی دارایی بۆهاوڵاتی هه‌یه‌ ، بۆفه‌رمانبه‌ران هه‌یه‌ ، بۆپیشمه‌رگه‌ هه‌یه‌….

باسك نێت: پێت وانیه‌ په‌راوێزخستنی هه‌ندێك لایه‌ن نمونه‌ وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كه‌خاوه‌نی مێژوویه‌كی پڕ سه‌روه‌ری و خه‌باتی شاخ و شاری هه‌یه‌ و بۆگه‌یشتن به‌م ئازادی و ئه‌زمونه‌ی كوردستان ده‌ریایه‌ك خوێنی به‌خشیوه‌ ، جۆرێك نیه‌ له‌بێویژدانی یان ده‌یانه‌وێت بزووتنه‌وه‌ په‌راوێز بخه‌ن ، زۆر له‌م قسانه‌تان كردوه‌ به‌ڵام پێمباشه‌ به‌ڕونی بزووتنه‌وه‌ له‌لایه‌ك و كۆی سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌لایه‌كی تر، ئایا ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ بێ ویژدانی نیه‌؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی: من وه‌ك وتومه‌ ئه‌بو ئه‌و كورسیه‌ی ئێمه‌ پێشی فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كان ده‌ست نیشان بكرابایه‌ من ئێستا ئه‌ندامی لیژنه‌ی هه‌مواری په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستانم ، له‌ناو ماده‌یه‌كی په‌یره‌و شوێنی ئۆپۆزسیۆنمان كردۆته‌وه‌ ، من به‌رگریم له‌و مافانه‌ كردوه‌ داكۆكیم كردوه‌ ، مافی ئۆپۆزسیۆن ، پێناسه‌ی ئۆپۆزسیۆن ، پێگه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌په‌رله‌ماندا پێگه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌لیژنه‌كاندا ، ته‌نانه‌ت گه‌یاندومانه‌ته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ ئۆپۆزسیۆن جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی هه‌بێت سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ست پاكیبیت ، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی بێت سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤبێت ، هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به‌هواڵاتییه‌وه‌ له‌ژیر ده‌ستی ئۆپۆزسیۆندابێت ، ئیمه‌ ده‌بێ هه‌بین به‌بێ بونی ئێمه‌ بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ دروست ئه‌بیت ، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بزانین ئه‌م رۆ نان و مێژوو ناخورێت ئه‌م باسانه‌ بۆ ماسته‌ر و بۆ دكتۆرا و بنوسینه‌وه باشن‌ تانه‌وه‌كانی داهاتوو سودی لێ وه‌رگرن ئیستا زۆری و كه‌می ته‌عامولی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت .

باسك نێت: ئه‌گه‌ر باسی ته‌نها ئه‌و چوار لایه‌نه‌بكه‌ین كه‌ كورسیه‌كه‌یان بۆدانراوه‌ ته‌نها بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌ده‌نگی خۆی كورسی به‌ده‌ست هێناوه‌ و به‌سیستمی كۆتا نه‌بوه‌ ، مافی به‌بزووتنه‌وه‌نیه‌ كه‌ به‌بێ بیرلێكردنه‌وه‌ كورسیه‌كه‌ی ڕاده‌ست بكریت؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی: ئه‌مه‌ ڕاستیه‌كه‌‌ ، هه‌مولایه‌ك دانی پێداناوه‌ ، له‌ناو دانیشتنه‌كاندا ده‌ڵێن چۆنده‌بێ لایه‌نێك به‌مافی خۆی له‌كورسیه‌ك زیاتر ده‌نگی هیناوه‌ ئه‌ندامی نه‌بێت به‌ڵام لایه‌نێك به‌كۆتا و به‌ 7هه‌زار و كه‌متر و زیاتر ده‌نگی هیناوه‌ ئه‌ندامی هه‌بێت ، ئه‌مه‌ ڕاستیه‌كه‌ ناشاردرێته‌وه‌ بۆیه‌ سه‌نگ و قورسایی گرنگه‌ ئه‌گه‌ر ئیمه‌ به‌ده‌نگ و حه‌قی خۆمان نه‌چوباینه‌ په‌رله‌مان ئێسته‌ لیدوانه‌كانی منیش هه‌ڵوێسته‌كانی منیش لاوازی پێوه‌دیارده‌بوو ، ئه‌و ده‌نگه‌ بوێره‌ی كه‌ئێمه‌ هه‌مانه‌ له‌په‌رله‌ماندا ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌  زانیاری كاك مه‌لاعابده‌وه‌ هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌كاك ئاراس محمده‌وه‌ هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌نگه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ورمان و گه‌رمیان و كوێستان و قه‌ڵادزێ و ڕانیه‌ و سلیمانی و ژاراوه‌ و ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری كوردستانه‌وه‌هه‌یه‌ كه‌وای له‌من كردوه‌ قسه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بكه‌م سه‌رۆكی په‌رله‌مان بێته‌ سه‌رخه‌ت ، فراكسیۆنه‌كان بێنه‌ سه‌رخه‌ت ، ڕاگه‌یاندنی پێكهێنانی لیژنه‌كه‌ دوابخرێت ، فراكسیۆنه‌كان پرۆتۆكۆله‌كه‌ واژۆنه‌كه‌ن .

باسك نێت: واته‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كان نه‌هێنراوه‌ ؟ واژۆی كۆتایی نه‌كراوه‌ ؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی : نه‌خێر كۆتایی نه‌هاتوه‌ نامه‌كان گه‌شتوه‌ته‌ده‌ستی سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان به‌ڵام فراكسیۆنه‌كان وتویانه‌ واژۆی ناكه‌ین ، هێشتا ماویه‌تی ، له‌به‌رئه‌وه‌ی قرتاندنی ئێمه‌ ئاسان نیه‌ ، به‌س من مه‌خابن بۆئه‌وه‌ ده‌خۆم كه‌به‌خۆماندا نایه‌ینه‌وه‌ ، ئێمه‌ هه‌رخه‌ریكی خواردنی نان و مێژوین ، ئێمه‌ ده‌بێ بزانین له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌ چه‌ند شوینمان داگیركردوه‌ ، ڕاسته‌ خاوه‌نی هه‌زار شه‌هیدین ، خاوه‌نی گیراوی بێسه‌ر و شوینكراوین ، كۆمه‌ڵێك تێكۆشه‌رمان دیار نیه‌ ، به‌ناحه‌ق بیسه‌رو شوین كراون ، كه‌مئه‌نداممان هه‌یه‌ هه‌مویمان هه‌یه‌ به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌ی زه‌ویه‌ ئه‌وه‌ی كه‌په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ده‌نگدانه‌وه‌ ‌ په‌یوه‌ندی به‌ جه‌ماوه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ ، ئه‌بێ كارێك بكه‌ین كه‌ موشته‌ریه‌كانمان زیاتربێت ئه‌وه‌ی كه‌ئێستا هه‌یه‌ خه‌ڵكی تر هه‌ڵده‌بژێردرێن ئێمه‌ هه‌ڵنابژێردرێین پێویسته‌ به‌خۆماندا بچینه‌وه‌ .

باسك نێت: لیدوان و چاوپیكه‌وتنه‌كانی تۆ كاری گه‌ری هه‌بوو یان هه‌وڵه‌كانی تۆ كاری گه‌رییان هه‌بوو ، یان فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌خۆیاندا چونه‌وه‌ و به‌وه‌یان زانی كه‌نادادپه‌روه‌رییان كردوه‌ به‌رامبه‌ربه‌ بزووتنه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت بزووتنه‌وه‌ ئه‌ندامی هه‌بێت ؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی : ئه‌وڕۆژه‌ی كه‌ كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری گیرا و سازانه‌كه‌ ڕاگه‌یه‌ندرا ، به‌ڵام پرۆتۆكۆله‌كه‌یان واژۆنه‌كرد ، سوپاسی خوائه‌كه‌م من له‌هه‌موو ویستگه‌كان هه‌م له‌هه‌مووكۆبونه‌وه‌كان هه‌م هیچ كۆبونه‌وه‌یك نیه‌ من تێیدا نه‌بم ، شه‌رم و شكۆیه‌ك هه‌یه‌ به‌رامبه‌رمان ، حسابمان بۆده‌كرێت ، بۆپێگه‌ی سیاسیمان بۆڕابردومان بۆئێستامان هه‌م بۆ حیزبه‌كه‌مان هه‌میش بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كه‌، هه‌میش بۆهه‌ڵویسته‌كانمان ، ئێستا هه‌موو په‌رله‌مانتار و فراكسیۆنانه‌ی كه‌ ڕه‌خنه‌یان له‌وه‌زیری سامانه‌ سورشتیه‌كان ده‌گرت له‌م خوله‌دا ده‌نگیان پێداوه‌ ، ئێمه‌ ده‌نگمان پێی نه‌داوه‌ ، هینانی سه‌دان هه‌زرا ده‌نگ به‌و ڕاگه‌یاندنه‌بوو كه‌ده‌یانوت ئه‌و پیاوه‌ سه‌رسپیه‌ سامانی ئه‌م وڵاتی به‌ده‌سته‌ و كه‌س نازنێ چی به‌سه‌ردێنێ ، ئێمه‌ ئه‌زانین ئه‌م پیاوه‌ سه‌رسپیه‌ باشه‌ و خراپه‌شی هه‌یه‌ باشه‌كانی ئه‌وه‌یه‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی گه‌یاندۆته‌ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌نگمان نه‌داوه‌تێتێ .

باسك نێت: ئه‌و ته‌نكه‌رانه‌ی كه‌له‌سه‌ر شاشه‌ی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو ون بوون ئێوه‌ هه‌وڵتان نه‌داوه‌ كاری له‌سه‌ر بكه‌ن پیشانی خه‌ڵكی بده‌نه‌وه‌؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی : ئێمه‌ باسمان كردوه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری په‌یوه‌ندیدار ڕاسته‌وخۆ به‌وته‌نكه‌رانه‌ به‌داهاته‌كه‌ی كه‌وه‌زیری داراییه‌ ، پرسیومانه‌ به‌ڕێزت به‌به‌ڵێ و به‌نه‌خێر وه‌ڵاممان بده‌ره‌وه‌ ، ئاگاداری داهاتی ئه‌و ته‌نكه‌رانه‌ی؟به‌ڵێ یان نه‌خێر هه‌ڵبژێره‌ ، ئه‌ڵێ نه‌خیر، ئه‌و نه‌خیره‌ باڕۆژنامه‌نوسانی سه‌ربه‌ ئۆپۆزسیۆن ڕۆژنامه‌نوسانی سه‌ربه‌خۆ كاری له‌سه‌ر بكه‌ن چونكه‌ من به‌ته‌نها چیبكه‌م ؟ من ئه‌وه‌نده‌ی پێم بكرێ له‌ناو په‌رله‌مان له‌ناو كۆبونه‌وه‌كان ده‌یكه‌م به‌ڵام ده‌بێ خه‌ڵكی خۆمان كاری له‌سه‌ر بكات و بیوروژینێت ، له‌هه‌ریمی كوردستان ، ئێمه‌ پێویستمان به‌ خۆدا چونه‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌ .

باسك نێت: سانتلی گۆ به‌یاسایی كردنی دیكتاتۆریه‌ت نیه‌؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی: ئه‌زانی چۆنه‌ كاكه‌ به‌نمونه‌ فراكسیۆنی یه‌كگرتوو 10كورسی له‌په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه‌ به‌ده‌كورسییه‌وه‌ 2ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌ی پیدراوه‌ ، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی 1كورسی په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌یه‌ و داوای ئه‌ندامێكی لیژنكه‌یش ئه‌كه‌ین سانتلیگۆ دادپه‌روه‌ری تێدایه‌ به‌ڵام كیشه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌م ناخوێنێته‌وه‌ ، بۆیه‌ ئه‌مه‌ باشترین وێستگه‌یه‌ كه‌وا ئیمه‌ له‌هه‌ه‌بجه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین به‌خۆماندا بێینه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ناوچه‌كانی ترله‌مڕۆدا كه‌سێك لایه‌نیك كه‌ جه‌ماوه‌ر پشتگیری نه‌كات نابێته‌ ڕاستی و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ناكرێت .

باسك نێت: پێتوانیه‌ كه‌ جاران ته‌نها دوولایه‌نی سیاسی ده‌سه‌ڵاتیان قۆرخ كردبوو به‌ڵام ئێسته‌ بوه‌ته‌ پێنج؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی : پێنج لایه‌ن حكومه‌تیان پێكهێناوه‌ حكومه‌تیان دروست كردوه‌ ، خۆیان ده‌ڵێن ئێمه‌ به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات ده‌چین ، ئه‌وان سیاسه‌تی حیزبه‌كه‌ی خۆیان جیبه‌جی ده‌كه‌ن .

باسك نێت: پرسیارێك هه‌یه‌ كه‌ده‌ڵێ ئێوه‌ خۆتان خۆتانتان بچوك كردوه‌ته‌وه‌ ، ئیتر بۆچی ڕه‌خنه‌ له‌پێنج حیزبه‌كه‌ ئه‌گرن كه‌ به‌بچوكی حسابتان ئه‌كه‌ن،به‌ومانایه‌ی كه‌ئیوه‌ هه‌تا ئیستا ڕاگه‌یاندنێكتان نیه‌ كه‌له‌ئاستی پێویستا بێت ، كه‌ناڵیكی ئاسمانیتان نیه‌ كه‌ناڵێكی محه‌لیتان نیه‌ ڕۆژنامه‌یه‌كه‌تان نیه‌ وێبسایتێكی به‌هێزتان نیه‌؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی :  وه‌الله ئه‌و وته‌یه‌ی تۆ زۆر جوانه‌ ئێمه‌ ئه‌بێ ڕه‌خنه‌ له‌خۆمان بگرین ، ڕه‌خنه‌ له‌كه‌سی تر نه‌گرین،  ئێمه‌ به‌خۆماندا بچینه‌وه‌ ، كاره‌كانمان شه‌فاف بێت ، خه‌ڵكیشمان هه‌بوو به‌رده‌وام خه‌ریكی گله‌یی و گازنده‌بوو به‌ڕاستی حه‌قیش نیه‌ ، هه‌روه‌ها قه‌یرانی داراییشمان هه‌یه‌ ، ئه‌وه‌ش هه‌رنیشانه‌ی هه‌ڵه‌ی سیاسه‌تی دارایی خۆمانبوه‌ له‌ماوه‌كانی ڕابردوودا ، حه‌قیشه‌ كه‌ده‌ڵیی بۆكه‌ناڵمان نیه‌ جاری واهه‌یه‌ كه‌سێك بۆخۆی كه‌ناڵی ئاسمانی هه‌یه‌ مامۆستایه‌كی ئاینیه‌ كه‌ناڵی ئاسمانی هه‌یه‌ ئێمه‌ حیزبیكین و به‌رده‌وام ده‌ڵێین ئێمه‌ وامان كرد و ئه‌مه‌مان كرد، ئه‌مانه‌ هه‌مویان قسه‌ن نابێته‌ ڕاستی ، ئیوه‌ مافی خۆتانه‌ داوابكه‌ن.

باسك نێت: ئێوه‌ گله‌یی له‌ئۆپۆزسیۆنی پێشوی په‌رله‌مانده‌كه‌ن بۆچی پێشوتر پشتگیریتان نه‌كردن؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی : من وه‌ك خۆم له‌خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا جه‌نابی مامۆستای وه‌زیر ئاگاداره‌ مه‌به‌ست له‌ (مامۆستا محمد عمر عبدالعزیز)له‌كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی وتم ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌دۆڵی هاوڵاتی بین باشه‌ ، له‌دۆڵی سته‌م و زوڵم نه‌بین ، زۆربه‌ی گۆڕانكاریه‌كانی كوردستان په‌یوه‌ندی به‌جه‌ماوه‌ری شاری سلێمانییه‌وه‌هه‌یه‌ ، شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانیه‌ ، هه‌مومان ده‌بێ دانی پێدا بنێین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بوم به‌شداری مه‌یدانه‌كانی ئازادی بكه‌ین ، من خۆم به‌شداریم كردوه‌ و لیدوانیشم داوه‌ ، ئیدانه‌ی كوشتنی خۆپیشانده‌رانم كردوه‌ ئیدانه‌ی به‌زۆرچۆڵكردنی مه‌یدانه‌كانی ئازادیم كردوه‌ ، به‌شێك له‌ڕیكخراوه‌كانی ئێمه‌ له‌وانه‌ په‌یوه‌ندی ئیسلامی خوێنكارانی كوردستان له‌زۆر شوێندا به‌شداری كردوه‌ ئێمه‌ له‌زۆر بابه‌تدا پشتیوان بووین ، پشتیوانی كردن به‌ڕێژه‌ ده‌كرێت ، بۆنمونه‌ دوو په‌رله‌مانتاری كوردستان چ ڕۆڵیك ده‌بینێ ، ئێمه‌ به‌ته‌نهایش زۆر لاوازین به‌ته‌نها زۆركه‌ ڕۆڵمان ده‌بێت كاری گه‌ریمان ده‌بێت لیسته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بۆچی بردویه‌تیه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی سیاسه‌تێكی به‌رته‌سكی نیه‌ وه‌خه‌ڵكێكی زۆری له‌گه‌ڵه‌ پێش ئه‌وه‌ی مسوڵمانه‌كان ده‌نگی پێ بده‌ن ئه‌رمه‌نه‌كان و مه‌سیحیه‌كان ده‌نگی پێ ده‌ده‌ن .ده‌بێ به‌خۆماندا بچینه‌وه‌ ده‌نا به‌م شێوه‌ی كاركردنی ئێمه‌ جگه‌ له‌نه‌خۆشی و عوقده‌ دروست كردن بۆئه‌ندامان هیچی لێ چاوه‌ڕوان ناكرێ.

باسك نێت: گره‌نتی چیه‌ كورسی كه‌مه‌ئاین و كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێك به‌كار نه‌هێنرێت ؟ پێشتر ئه‌وه‌ بینرا به‌نمونه‌ له‌پێكهێنانی حكومه‌ته‌ مه‌ركه‌زیه‌كه‌ی هه‌ولێر.

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی : ئه‌وه‌ش تێبینیه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك فراكسیۆنه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێك به‌كار نه‌هێنرێن ، كۆتا خۆی پێویسته‌ ده‌بێ كریستیان و توركمانه‌كان كورسیان هه‌بێت به‌ڵام گرنگه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ سه‌ربه‌خۆ بن سه‌رنجی خۆی هه‌بێت نه‌ك وه‌ك ئه‌شكه‌وت ده‌نگ بداته‌وه‌ .

باسك نێت: به‌ڵام حكومه‌تی مه‌ركه‌زی هه‌ولێر پیك هینرا ته‌نها به‌به‌شداری لیستیك و ئه‌ندامانی كه‌مه‌ ئاین و نه‌ته‌وه‌كان ، هه‌رچه‌نده‌ فراكسیۆنه‌كانی سه‌وز و نیلی و خزمه‌ت ڕه‌خنه‌یان هه‌یه‌ و نزیكه‌ له‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی :  به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مرۆ هه‌رچۆن ڕۆژنامه‌ی سیبه‌ر هه‌یه‌ ئاوایش لیستی سێبه‌ر هه‌یه‌ كه‌ هاوپه‌یمانی به‌هیزی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی سیاسی ، دیاره‌ ئه‌و لایه‌نه‌سیاسیه‌ش به‌رنامه‌ی بۆ هه‌یه‌ له‌ئه‌نجامی به‌رنامه‌ و كاركردن وای كردوه‌ كه‌ كۆمه‌ڵیك لایه‌ن به‌لای لایه‌نێكدا بشكێنه‌وه‌ ، به‌ڵام بۆمیژوو ئه‌مه‌ زۆر خراپه‌ ، چ وه‌ك ده‌سه‌ڵات چ وه‌ك ئه‌وانه‌ی كه‌ خۆیان به‌نوینه‌ری پیكهاته‌كان ده‌زانن .

باسك نێت: بۆڕێك كه‌وتن له‌سه‌ر ده‌ستور ده‌بێ بۆدواجار بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆلایه‌نه‌سیاسیه‌كان ؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی :  ئه‌و لیژنه‌ 21كه‌سیه‌ كاری ئاماده‌كردنی ڕه‌شنوسی ده‌ستوره‌ ، نوێنه‌ری ئه‌و لایه‌نه‌سیاسیانه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕۆژانه‌ له‌كاتی گفت و گۆكردن له‌سه‌ر ماده‌كان ڕۆژ به‌ڕۆژ وه‌ك چۆن مامۆستا ئه‌رك ئه‌دات به‌سه‌ر ته‌له‌به‌كانیدا سه‌رۆكی ئه‌و لیژنه‌یه‌ش ئه‌رك ئه‌دات به‌سه‌ر ئه‌ندامه‌كانیدا كه‌ ئه‌و مادانه‌ بخوێننه‌وه‌ ئه‌وانه‌ دیراسه‌ بكه‌ن ، به‌دڵنیاییه‌وه‌ نوێنه‌ری ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ ڕاویژ ده‌كه‌ن به‌حیزبه‌كه‌یان .

باسك نێت: سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ كێیه‌؟له‌لیستی زۆرینه‌ ده‌بێت ؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی :  ئه‌و لیژنه‌ 21كه‌سیه‌ دیاری ده‌كات به‌دلنیاییه‌وه‌ هه‌رواده‌بێت به‌ڵام لیژنه‌كه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌بێت ( سه‌رۆك و جێگر و بڕیارده‌ر ) .

باسك نێت: ئه‌گه‌ر لایه‌نێك بكشێته‌وه‌ له‌لیژنه‌كه‌ چی ده‌كرێت ئه‌وكات ؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی : كشانه‌وه‌ نیه‌ لیژنه‌كه‌ به‌سازان بڕیار ده‌ده‌ن هیچ ماده‌یه‌ك ناڕوات تا هه‌موان سازانی له‌سه‌ر نه‌كه‌ن .

باسك نێت: بۆنمونه‌ ئه‌گه‌ر بڕگه‌یه‌ك له ده‌ستور خرایه‌ به‌رباس و گفتوگۆ كردن و كۆی لایه‌نه‌كان گه‌شتنه‌ سازان ته‌نها به‌نمونه‌ یه‌كگرتوی ئیسلامی پێی ڕازی نه‌بوو؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی : هه‌موار ده‌كریته‌وه‌ و هه‌وڵ ده‌درێت ڕه‌زامه‌ندی یه‌كگرتوی ئیسلامی له‌سه‌ر وه‌ربگیرێت ، به‌سازان ده‌كریت بۆئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ستوره‌ هیی هه‌موان بێت ، نه‌ك هیی لایه‌نێكبێت یان ئه‌جێندای لایه‌نێكی تێدا جێ بكرێته‌وه‌ .

باسك نێت: پێتوایه‌ 30 حوزه‌یران دوباره‌ ببیته‌وه‌ ؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی :  به‌و پێیه‌ی ئێستا هه‌یه‌ ده‌ستور فریای ئه‌وه‌ناكه‌ویت بخرێته‌ ڕاپرسییه‌وه‌ و ڕه‌شنوسه‌كه‌ ئاماده‌بكرێت و جه‌ماوه‌ر ده‌نگی پێ بدات و ببینه‌ خاوه‌نی ده‌ستور ، ده‌بێ یاسای سه‌رۆكایه‌تی كوردستان هه‌موار بكرێته‌وه‌ ، یان ده‌سكاری بكرێ ، به‌پێی یاساكه‌ی 30 حوزه‌یرانیش له‌بڕگه‌یه‌كیدا هاتوه‌ له‌دوای ته‌واو بونی ئه‌و دوو ساڵه‌ به‌هیچ شیوه‌یه‌ك ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم درێژ ناكریته‌وه‌ .

باسك نێت: دوباره‌ نابێته‌وه‌ ؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی :  یاسای 30حوزه‌یران ئاوا هاتوه‌ ، كاتی خۆی زۆرینه‌ ئه‌م یاسایه‌یان تێپه‌ڕاندوه‌ ،

باسك نێت: ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه‌ بێته‌ به‌رده‌ستی ئێوه‌ وه‌ك فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ده‌نگ ئه‌ده‌ن به‌درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی : ئێمه‌ له‌شورای ناوه‌ندی بڕیارمانداوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت .

باسك نێت: واته‌ ئه‌گه‌ر مه‌سعود به‌رزانی كه‌ئێستا سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ له‌په‌رله‌ماندا دوباره‌ خرایه‌وه‌ ده‌نگدان له‌په‌رله‌مانی كوردستان فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی تاكه‌ ئه‌ندامه‌كه‌ی ده‌نگی پێئه‌دات ؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی :  ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ڕوبدات ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی شورا قسه‌بكه‌ین و بگه‌ینه‌ بڕیاری كۆتایی ، ئێمه‌ ده‌نگمان نه‌داوه‌ته‌ حكومه‌ته‌كه‌ به‌سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌جێگره‌كه‌ی به‌زۆرێك له‌وه‌زیره‌كانی .

باسك نێت:گره‌نتی چیه‌ له‌و‌ماوه‌یه‌ی بۆی دیاری كراوه‌ ده‌ستور سازانی له‌سه‌ر بكرێت ؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی:  گرێ كوێره‌ی زۆری له‌به‌رده‌ستداهه‌یه‌ به‌ڵام من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوم هه‌رچۆنێكه‌ ئه‌م لیژنه‌ ده‌ست به‌كاربێت ، قسه‌شمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌فراكسیۆنه‌كان كه‌ هه‌رچۆنیكبێت ئێمه‌ ببینه‌ خاوه‌نی ده‌ستوری خۆمان ئه‌گه‌ر هه‌ندێك كه‌م و كوڕیشی هه‌بێت باشتره‌له‌وه‌ی كه‌ ئێستا ئێمه‌ له‌بۆشایی ده‌ستوریدا بمێنینه‌وه‌ .

باسك نێت: به‌ده‌ر له‌ده‌ستور ئایا هه‌ر به‌ڕاست و دروستی قه‌یرانی دارایی له‌كوردستاندا بونی هه‌یه‌؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی:  قه‌یرانی دارایی بۆلایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان نیه‌ ، به‌ڵام بۆخه‌ڵك هه‌یه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی جاران ده‌هاته‌ وه‌زاره‌تی دارایی و دابه‌شی ده‌كرد ئێستا ئه‌و پاره‌یه‌ نیه‌ ، له‌به‌غداده‌وه‌نایه‌ت ، به‌ڵام داهاتێكی زۆری نادریار هه‌یه‌ داهاتی خاڵه‌ سنوریه‌كان داهاتی فڕۆكه‌ خانه‌كان باجی ناوخۆیی ، ڕۆشتنی نه‌وت به‌ته‌نكه‌ر ، ئه‌مانه‌ هه‌مویشی نادیاره‌ ، ئه‌م قه‌یرانه‌ ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر حیزبه‌ده‌سه‌ڵات داره‌كان ، ئه‌وه‌تا بزووتنه‌وه‌ی ئیسلام كه‌ناڵ داده‌خات ئه‌وانیش كه‌ناڵی ئاسمانی (عیملاق )ده‌كه‌نه‌وه‌.

باسك نێت: كۆتا پرسیار داهاتی ئه‌ونه‌وته‌ی له‌ڕێگه‌ی سۆمۆوه‌ ڕه‌وانه‌ده‌كرێت داهاته‌كه‌ی تاڕاده‌یه‌ك ڕونه‌ ! ئه‌ی داهاتی ته‌نكه‌ره‌نه‌وته‌كان كه‌له‌ڕێگه‌ی خاڵه‌سنوریه‌كانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ده‌كرێت؟ئه‌ی باجه‌كان ؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی: به‌نمونه‌ داهاتی خاڵه‌ سنوریه‌كان پێویسته‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆحكومه‌تی مه‌ركه‌زی و وه‌زاره‌تی دارایی عیراق  ئه‌مه‌ یاسایه‌ ، به‌ڵام ڕه‌وانه‌ نه‌كراوه‌ ته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وێت هه‌رێمێكی فیدراڵیبین ئه‌مه‌ یاساكه‌یه‌تی ، من پرسیارم له‌وه‌زیری دارایی كرد داهاته‌كانی ناوخۆی هه‌رێم لێی ئاگاداریت ؟ وتی نه‌خێر من ئاگاداری ئه‌و داهاتانه‌ نیم نه‌هی خاڵه‌ سنوریه‌كان نه‌هی ته‌نكه‌ره‌ نه‌وته‌كان نه‌هی باجه‌كان.

باسك نێت: دوباره‌ ئه‌پرسمه‌وه‌ ، ئایا قه‌یرانی دارایی به‌واقیعی له‌كوردستاندا بونی هه‌یه‌ ؟

د.شوان قه‌ڵادزه‌یی: قه‌یرانی دارایی بۆهاوڵاتی هه‌یه‌ ، بۆفه‌رمانبه‌ران هه‌یه‌ ، بۆپیشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ ، بۆحكومه‌ت به‌تێكڕایی نه‌هاتنی به‌شه‌بوجه‌ی %17ی هه‌رێم قه‌یرانی دارایی له‌هه‌رێمی كوردستاندا جێگیر كردوه‌ ، لایه‌نه‌كانی تریش كه‌ خاوه‌نی كۆمپانیا و پرۆژه‌كانی بیابان و نۆكان و كوێ و كوێن پاره‌ی خۆیان ناخه‌نه‌ خزمه‌ت هاوڵاتیانی كوردستانه‌وه‌ .

باسك نێت: سوپاس بۆئه‌و كاته‌ كه‌پێمنات به‌خشی ماندومان كردیت

دكتۆر شوان قه‌ڵادزه‌یی سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌په‌رله‌مانی كوردستان : دوباره‌ سوپاس و ده‌ستخۆشی و ماندونه‌بونیم هه‌یه‌ بۆ هه‌مولایه‌كتان سه‌ركه‌وتوبن…

بابەتی دواتر

thumbs_b_c_f6d47e3e528db1e7fae228c8c7441928 (1)

رابه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی: له‌تاران به‌یه‌كێتی وترا ده‌بێت 60%ی فه‌رمانبه‌ران بزووتنه‌وه‌ بن

ره‌خنه‌ی له‌هێزه‌ ئیسلامییه‌كان هه‌یه‌     له‌دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری بزاڤ، عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز رابه‌ری گشتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *