thumbs_b_c_f6d47e3e528db1e7fae228c8c7441928 (1)

رابه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی: له‌تاران به‌یه‌كێتی وترا ده‌بێت 60%ی فه‌رمانبه‌ران بزووتنه‌وه‌ بن

ره‌خنه‌ی له‌هێزه‌ ئیسلامییه‌كان هه‌یه‌

 

 

له‌دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری بزاڤ، عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز رابه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌تارانی پایته‌ختی ئێران به‌یه‌كێتی وترا ده‌بێت 60%ی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت له‌سنووری شاره‌زوور بزووتنه‌وه‌ بن، به‌لام یه‌كێتی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌، ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ یه‌كێتی هیچ قه‌ره‌بوویه‌كی زیانه‌كانی نه‌كردوونه‌ته‌وه‌و هیچ زانیارییه‌كیشیان له‌باره‌ی ئه‌ندامه‌ گیراوه‌كانیانه‌وه‌ پێناده‌ن.
هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ش له‌ئیسلامییه‌كان ده‌گرێت‌و پێیوایه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌نگده‌ری ئیسلامی كه‌مبووه‌و متمانه‌ی خه‌ڵكیان له‌ده‌ستداوه‌.

بزاڤ پرێس: پاش27 ساڵ له‌خه‌بات، بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ له‌ چ قۆناغێكدایه‌، شكست یان گه‌شه‌؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان، ئێمه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ كۆمه‌ڵێك ڕێگر هه‌بوون له‌وه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ گه‌شه‌ بكات، بۆئه‌وه‌ی‌ نه‌بێته‌ هێزێكی‌ كاریگه‌ر له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ش هه‌م ده‌ره‌كی‌ بوون، هه‌م ناوه‌كی‌ له‌ ڕێكخستنی‌ خۆمان، به‌لاَم سوپاس بۆ خوا ئه‌و قه‌یرانانه‌ی‌ هاتوون ئه‌مڕۆ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ هه‌یه‌ ئینشائه‌ڵا ورده‌ ورده‌ بتوانین له‌و قه‌یرانانه‌ی‌ تێپه‌ڕێنێ، به‌رنامه‌یه‌كی‌ ستراتیژی‌‌و له‌ گۆڕه‌پانی‌ كوردستان خۆی‌ بنوێنێ‌.

بزاڤ پرێس: په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌ چ ئاستێكدایه‌؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هیچ پارت‌و لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ چ له‌ كودرستانی‌ باشوورو چ له‌ كوردستانی‌ گه‌وره‌ كێشه‌مان نیه‌و ئاساییه‌.

بزاڤ پرێس: ئه‌ی‌ وه‌ك كۆمه‌ڵی ئیسلامیی‌؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: به‌ڵێ‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیش سوپاس بۆ خوا په‌یوه‌ندییه‌كانمان باشه‌و له‌و كاته‌ی‌ من بووم به‌ ڕابه‌ر،هه‌م مامۆستا شێخ موحه‌مه‌د به‌رزنجی‌‌و هه‌م مامۆستا عه‌لی‌ باپیر ته‌شریفیان هێناوه‌و هیچ كێشه‌یه‌كیشمان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا نیه‌.

بزاڤ پرێس: ئه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌، ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا داوای‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و زیانانه‌تان كردبوو كه‌ له‌ئاكامی كێشه‌كاندا به‌رتان كه‌وتبوو؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز:به‌ڵی‌ نه‌ك هه‌ر بابه‌تی‌ بودجه‌، ئێمه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر ئه‌و دوو هێزه‌ له‌ سنووری‌ سلێمانی‌ هێزمان هه‌بووه‌و قورساییمان بووه‌، دیاره‌ كێشه‌ هه‌بووه‌ له‌نێوانمانداو خوێنێكی‌ زۆریش له‌ نێوانماندا ڕژاوه‌، به‌ڵام له‌ دوای‌ 2003 یه‌كێتی‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێكی‌ زۆری باره‌گاكانمان گرت، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ هه‌ڵه‌بجه‌مان به‌جێهێشت، تا ئێستا قه‌ره‌بووی‌ كه‌سی‌ نه‌كردۆته‌وه‌ له‌ ئه‌ندامانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌، چه‌ندین ماڵی‌ ئه‌ندامانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ تالاَن كراوه‌ به‌ ده‌ستی‌ ئه‌وان، قه‌ره‌بووی‌ هیچ ئه‌ندامێكی‌ ئێمه‌یان نه‌كردۆته‌وه‌.

بزاڤ پرێس: واته‌ به‌ گشتی‌ قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه‌؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: قه‌تعه‌ن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قه‌ره‌بوو نه‌كراوینه‌ته‌وه‌.

بزاڤ پرێس: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ پارتی‌ چۆنه‌؟ ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا ئه‌میری كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ باسی له‌وه‌ كرد بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی سه‌ربه‌ پارتییه‌، ئایا بزووتنه‌وه‌ به‌و راده‌یه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه‌؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: به‌ڵێ‌، ئێمه‌ چه‌ندین جار ئه‌وه‌مان ڕوونكردۆته‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی جگه‌له‌ خوا سه‌ر به‌هیچ كه‌سێكی‌ تر نیه‌، كه‌ له‌و پێناوه‌دا خوێنمان داوه‌، به‌لاَم زۆرجار ئه‌و قسانه‌ ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ی‌ ته‌شویش له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ دروست بكرێت، كه‌ وه‌ك خۆمان ڕوونمان كردۆته‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ئاسایی‌ بووه‌ له‌ ساڵی‌ 1992 هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان كرا هێزه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان قه‌یران كه‌وته‌ نێوانیان به‌ تایبه‌ت پارتی‌‌و یه‌كێتی‌، دواتر ئه‌وه‌ درێژبوویه‌وه‌ بۆ بزووتنه‌وه‌ له‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ 1993 شه‌ڕ به‌رۆكی‌ ئێمه‌ی گرت، ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ كه‌ ڕووبه‌ڕوومان بۆوه‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بوو، كه‌ پارتی‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ شوێنه‌كانمان له‌یه‌كتر دووربوو له‌گه‌ڵ پارتی‌ شه‌ڕمان نه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ كه‌ شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ پارتی‌ نه‌بووه‌ ناكرێت خه‌ڵك وا ته‌فسیری‌ بكات كه‌ ئه‌مانه‌ سه‌ر به‌پارتین، نه‌خێر كاتێك لایه‌نێك شه‌ڕت له‌گه‌ڵدا نه‌كات خۆ ئێمه‌ ناچین شه‌ڕی‌ له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتی‌ به‌و ئاساییه‌ ماوه‌ته‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، كه‌ له‌گه‌لً یه‌كێتی‌ زۆرجار ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ تێكچووه‌و شه‌ڕ دروستبووه‌، ئاشتیش بووینه‌ته‌وه‌.

بزاڤ پرێس: په‌یوه‌ندییتان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان چۆنه‌؟ كۆمێنتان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ گۆڕان‌و پارتی‌ چیه‌؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كاندا په‌وه‌ندیمان زۆر ئاساییه‌، له‌گه‌ڵ گۆڕانیش به‌ هه‌مان شێوه‌، سه‌ردان له‌نێوانماندا هه‌یه‌، سه‌باره‌ت به‌ پارتی‌‌و گۆڕانیش ده‌بێت له‌ خۆیان بپرسیت، ئه‌وه‌ په‌وه‌ندی‌ به‌ ئێمه‌وه‌نیه‌، ئێمه‌ حه‌ز ده‌كه‌ین هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌نێوان یه‌كتریدا په‌یوه‌نییان باش بێت.

بزاڤ پرێس: له‌ ئێستادا ڕابوونی‌ ئێسلامی له‌ چ ئاستێكدایه‌؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: ڕابوونی‌ ئیسلامی‌ له‌ كوردستاندا زۆر باشه‌، له‌ جیهانیشدا زۆرباشه‌و قۆناغێكی‌ زۆر باشی‌ بڕیووه‌به‌ ده‌یان هه‌زار گه‌نج ڕوو له‌ مزگه‌وته‌كان ده‌كه‌ن، دوای‌ ئه‌وه‌ش ئێستا ڕێژه‌ی‌ هۆشیاری‌ خه‌ڵك زۆر باشه‌، ئه‌وه‌تا چه‌ندین ده‌زگای‌ ڕاگه‌یاندن هه‌یه‌ كه‌ فیكرو ڕۆشنبیری‌ ئیسلامیی‌ بلاَو ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ هه‌مووی‌ ده‌چێته‌ ئه‌و قاڵبه‌ی‌ ڕابوونی‌ ئیسلامیی‌ رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌و پێش ده‌چێت.

بزاڤ پرێس: ئه‌و هۆكارانه‌ چین كه‌ بونه‌ته‌ هۆی‌ شكست یاخود پاشه‌كشه‌ له‌كاری‌ ئیسلامی له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: راِبوونی‌ ئیسلامیی‌‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك به‌ره‌و ئیسلام جیایه‌، ده‌نگ نه‌هێنانی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان جیایه‌، هێزه‌ سیاسییه‌كان ڕه‌فتاری‌ سیاسیی‌ خۆیان وا ده‌كات كه‌ تا ئاستێك بێمتمانه‌ بێت به‌رامبه‌ریان‌و ده‌نگیان پێنه‌دات، نه‌ك ڕابوونی‌ ئیسلامی‌ له‌ پاشه‌ كشه‌دابێت، به‌ڵكو ڕابوون له‌ پاشه‌ كشه‌دانیه‌، به‌لاَم هێزه‌ سیاسیه‌ ئیسلامیه‌كان ڕه‌فتاری‌ سیاسییان له‌وانه‌یه‌ به‌دڵی‌ خه‌ڵكه‌ موسڵمانه‌كه‌ش نه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ موسڵمانه‌ دڵگه‌رم نیه‌ بچێته‌ سه‌ر سندوقی‌ ده‌نگدان، چونكه‌ ئه‌و هێزه‌ سیاسیه‌ ئیسلامییانه‌ نه‌یانتوانیوه‌ یه‌ك لیست دروست بكه‌ن، یه‌ك خیتابی‌ سیاسییان هه‌بێت، تا ئاستێك ده‌نگده‌ره‌ ئسلامییه‌كه‌یان نا ئومێد كردووه‌.

بزاڤ پرێس: باست له‌ ڕۆڵی‌ دڵگه‌رمی‌ تاكی‌ موسڵمان كرد، ئایا بیرتان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ لیستێكی‌ ئیسلامی‌ دروست بكه‌ن؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز:ئێمه‌ هه‌موو جارێك نامه‌مان بۆ هێزه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كان ناردووه‌، ئێستاش هه‌ر ماوه‌، بفه‌رمون با یه‌ك ده‌نگ بین بۆ كه‌سایه‌تیه‌ ئیسلامیه‌كان، بۆ هه‌موو هێزێك قوڕسایی‌ هه‌بێت له‌ هه‌رێمی‌ كودستان، بۆئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ موسڵمانی‌ كوردستان دڵگه‌رم بێت، به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ نه‌هاتوون به‌ده‌ممانه‌وه‌.

بزاڤ پرێس: كه‌واته‌ كێ ڕێگره‌ له‌ دروست كردنی‌ لیستی‌ ئیسلامیی‌؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: به‌ڵێ‌ ئێمه‌ نامه‌مان ناردووه‌ وه‌ختێك خه‌ڵك به‌ده‌ممانه‌وه‌ نه‌یه‌ت ده‌بێت پرسیار له‌وان بكه‌یت.

بزاڤ پرێس :بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ تا ئێستا 6 ڕابه‌ری‌ گۆڕیووه‌، بۆچی‌ تا ئێستا هیچ ده‌ستكه‌وتێكی‌ نه‌بووه‌، پێت وانیه‌ گۆڕانكارییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی‌ بنه‌ماڵه‌ییدابووه‌؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: له‌ ڕاستیدا ئه‌سڵی‌ گۆڕانكارییه‌كه‌ باشه‌، گۆڕانكاریی‌ شتێكی‌ باشه‌ له‌ ناو بازنه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌دا بكرێت، بۆیه‌كه‌مین جار له‌ مێژووی‌ بزووتنه‌وه‌دا له‌ كۆنگره‌ی‌ ده‌یه‌مدا بڕیارماندا خولی‌ ڕابه‌رایه‌تی‌ دیاری بكرێت، هیچ ڕابه‌رێك بۆی‌ نه‌بێت له‌ دوو خول خۆی‌ هه‌ڵبژێرێته‌وه‌، كه‌ سوپاس بۆ خوای‌ گه‌وره‌ ئه‌وه‌ش گۆڕانكارییه‌كان زیاتر ده‌كات، ئه‌سڵی‌ گۆڕانكارییه‌كه‌مان لا شتێكی‌ باشه‌، هیچ كه‌سیش له‌ بزووتنه‌وه‌دا ڕێگرنه‌بووه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ هیچ كه‌سێك خۆی‌ بۆ ڕابه‌رایه‌تی‌ نه‌پاڵێوێت، ئه‌مجاره‌ 4 كه‌س خۆیان بۆ ڕابه‌رایه‌تی‌ كاندیدكرد له‌ناو هه‌ر حزبێكدا هه‌روا ده‌بێت كێبڕكێیه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشتیانه‌ بووه‌و قازی‌ شایه‌دی‌ داوه‌، به‌لاَم كاتێك كه‌سێك ده‌رده‌چێت كه‌سێكی‌ تر ده‌رناچێت ئیتر چی بكه‌ین، كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌ندامانی‌ كۆنگره‌ ده‌نگی‌ پێده‌ده‌ن.

بزاڤ پرێس: تائێستا چه‌ندین لێپرسراو و كادیری‌ بالاَی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ تۆراون‌و دانیشتوون، چی‌ كراوه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و سه‌ركرده‌و كادیرانه‌؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: ڕاسته‌ ئێمه‌ له‌ دوای‌ سالاَنی‌ 2000 و 2001 دا خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌ كادیری‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ به‌هۆی‌ ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌ی‌ به‌سه‌رماندا هات، بێتاقه‌ت بوون‌و چوونه‌وه‌ ماڵ، به‌لاَم هه‌ڵوێستیان هه‌رباشه‌ دڵیان هه‌ر بۆ بزووتنه‌وه‌ ده‌سوتێت، وه‌ دواتریش له‌ كۆنگره‌كاندا چه‌ندێك ئه‌رێنی‌ بێت ئه‌وه‌نده‌ش نه‌رێنی‌ هه‌ر ده‌بێت، خه‌ڵكێك هه‌ر بێزار ده‌بێت، به‌لاَم ئه‌مڕۆ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ هه‌وڵێكی‌ باشی‌ داوه‌و لێژنه‌ی‌ دروستكردووه‌ به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكانه‌دا ده‌گه‌رێت كه‌ بێتاقه‌ت بوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاشتیان بكاته‌وه‌، ئێستا كۆمه‌ڵێك له‌و كادیرانه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و هیچ كێشه‌یان نه‌ماوه‌و له‌ مه‌ڵبه‌نده‌كاندا ده‌ست به‌كاربوون.

بزاڤ پرێس: ئه‌و لیژنه‌یه‌ی‌ تۆ باسی‌ ده‌كه‌یت تا ئێستا به‌چی‌ گه‌یشتووه‌؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: هه‌ندێكیان ئاشتبوونه‌وه‌و ده‌ستیان به‌كاربوونه‌وه‌، هه‌ندێكیشیان ماون‌و ئاستیان به‌رزه‌ هی‌ ئه‌وه‌نین ئیشیان پێ‌ بسپێردرێت، ده‌كرێت له‌كاری‌ حكومیی‌ له‌ ده‌زگای‌ بالاَدا كاریان پێ‌ بسپێردرێت بۆیه‌ ده‌بێت وزه‌كانیان دابه‌شبكرێت.

بزاڤ پرێس: دوایین زانیاری چییه‌ سه‌باره‌ت به‌بێ سه‌رو شوێنه‌كانتان؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: ئه‌وه‌ی‌ له‌ تواناماندا بووبێت درێغیمان نه‌كردووه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی‌ لای‌ یه‌كێتی‌ گیراون، له‌گه‌ڵیاندا قسه‌كراوه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ شه‌خسی‌ جه‌لال تاَڵه‌بانی‌، پێش ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ به‌سه‌ردابێت، له‌گه‌ڵ هه‌موو مه‌كته‌ب سیاسییه‌كاندا قسه‌كراوه‌، كۆتا جاریش مامۆستا ئه‌حمه‌د وه‌رتی‌ بۆ لای‌ كوڕه‌كانی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ چووه‌و له‌گه‌ڵیان دانیشتووه‌و باسی‌ ئه‌و بارو دۆخ‌و ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی‌ كردووه‌، ئێمه‌ هه‌ر به‌رده‌وامین‌و نه‌وه‌ستاوین.

بزاڤ پرێس: هیچ ئه‌نجامێكتان به‌ ده‌ست گه‌یشتووه‌؟ ئایا گیراوه‌كان ماون یان مردوون؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: تا ئێستا هیچ ئه‌نجامێك نه‌بووه‌؟

بزاڤ پرێس: پێشتر راتگه‌یاندبوو سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌ ناكه‌یته‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ی هێزو تواناو ده‌سه‌ڵات بۆ بزووتنه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌ی رابردوودا سه‌ردانی ئه‌و شاره‌ت كرد.

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: له‌ساڵی‌ 2002 دا كێشه‌یه‌ك له‌ ده‌ڤه‌ری‌ شاره‌زوور په‌یدا بوو، ئێمه‌ خۆشه‌ویستیمان بۆ خه‌ڵكی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌موو موسڵمانانی‌ كوردستان به‌ تایبه‌تیش ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ كه‌ تێیدا ده‌ژییاین‌و هێزی‌ چه‌كداریمان له‌ وێ‌ هه‌بوو، بۆئه‌وه‌ی‌ منداڵێك تووشی‌ زیان نه‌بێت‌و خوێنی‌ له‌ لوت نه‌ڕژێت، خۆمان ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان چۆڵكرد، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ شه‌ڕ نه‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌بجه‌، به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌له‌ی‌ قۆسته‌وه‌و كردیه‌ هه‌رایه‌كی‌ گه‌وره‌ كه‌ تیرۆریستان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ركراون، به‌ڕاستی‌ هه‌ڵسوكه‌وتێكی‌ زۆر ناشیرینیان به‌رامبه‌ر كردین، ئێمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو كه‌من نه‌چوومه‌ته‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌تا پار له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی خۆمان زۆر داوایان كرد له‌كاتی‌ هه‌ڵبژاردن بوو، له‌سه‌ر داوای‌ خه‌ڵكی‌ خۆمان سه‌ردانێكی‌ هه‌ڵه‌بجه‌مان كرد، به‌لاَم به‌ڕاستی‌ شه‌رمه‌زارییان كردین ئه‌وه‌نده‌ ڕێزییان لێگرتین هه‌ر له‌ سه‌ید سادقه‌وه‌ تا هه‌ڵه‌بجه‌ له‌سه‌ر جاده‌ وه‌ستابوون، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه‌ خه‌ڵك چه‌ندێك بزووتنه‌وه‌ی خۆش ده‌وێت، چه‌ندێك تامه‌زرۆیه‌.

بزاڤ پرێس: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ مێژوویه‌كی درێژی هه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ك پێویست له‌حكومه‌ت به‌شی نییه‌، هۆی ئه‌مه‌ چییه‌؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز:ئه‌وه‌ سته‌مێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ ده‌كرێت، بۆنموونه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ شاره‌وانی‌ به‌ هه‌ڵبژاردن كراوه‌و بزووتنه‌وه‌ بردوویه‌تیه‌وه‌، به‌لاَم به‌ چ مافێك لاده‌برێت، كه‌ كه‌سێكی‌ تر هێنراوه‌و به‌ده‌نگی‌ خه‌ڵك نه‌بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ زوڵم له‌بزووتنه‌وه‌ كراوه‌، له‌ ڕێكه‌وتنی‌ تارانی‌ نێوان بزووتنه‌وه‌ یه‌كێتیدا بڕیاربوو له‌ 60% ی‌ هه‌موو كارمه‌ندانی‌ ئه‌و سنووره‌ بزووتنه‌وه‌ بن، به‌لاَم ئه‌ویش زوڵم كراو یه‌ك دانه‌ش ته‌عین نه‌كران.

بزاڤ پرێس: ڕێككه‌وتنی‌ تاران وه‌ك خۆی‌ جێ به‌جێكرا؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: به‌شێكی‌ جێ به‌جێكردو نیوه‌كه‌ی‌ تریشی‌ جێ به‌جێنه‌كرد.

بزاڤ پرێس: له‌باره‌ی قه‌یرانه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌، راتان چۆن بووه‌؟ پێتانوایه‌ كام له‌و دوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ كه‌مته‌رخه‌من؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: ئێمه‌ له‌باره‌ی‌ هه‌ر حزبێكه‌وه‌ خۆی‌ ئازاده‌ چ هه‌ڵوێستێك ده‌رده‌بڕێت، به‌لاَم ئێمه‌ وه‌ك كیانێكی‌ سیاسیی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا حه‌ق وابوو ئه‌وانه‌ به‌ دامه‌زراوی‌ بكرێت، وه‌ك كورد هه‌ڵوێستی‌ هه‌بێت نه‌ك وه‌ك حزب.
ده‌بوایه‌ ئه‌و سسته‌مه‌ی‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌ سسته‌مێكی‌ ناته‌ندروسته‌و توندوتۆڵ نیه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كاندا شله‌، ئه‌وه‌ سسته‌مێكه‌ ڕه‌نگه‌ زۆر به‌رگه‌ی‌ قه‌یرانه‌ گه‌وره‌كان نه‌گرێت، ئینجا به‌ داخه‌وه‌ چه‌ند ساڵه‌ مالیكی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ دیجله‌ی‌ هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌و كێشه‌ی‌ دیجله‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرا، قسه‌ی‌ مالیكی‌ چووه‌ سه‌ر ته‌راجوعێك هه‌بوو له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا له‌به‌رامبه‌ر دیجله‌، ئه‌وه‌تا ئێستاش مه‌سه‌له‌ی‌ دیجله‌ی‌ هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، مالیكی‌ ده‌یه‌وێت ئه‌م هه‌رێم‌و كیانه‌ سیاسییه‌ نه‌توانێت له‌سه‌ر قاچی‌ خۆی‌ بوه‌ستێت.

بزاڤ پرێس: كێ‌ به‌رپرسیاره‌ له‌سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسییانه‌ی‌ ڕووبه‌ڕووی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بێته‌وه‌؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: ئه‌وه‌ی‌ ئیسَتا ده‌سه‌لاَتی‌ كوردی‌ به‌ ده‌سته‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌پرسه‌ له‌و قه‌یرانانه‌.

بزاڤ پرێس: پشكی بزووتنه‌وه‌ چییه‌ له‌حكومه‌ت؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: ئێمه‌ به‌ سه‌رۆكی‌ ڕاسپێردراوی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێممان وت (ئێمه‌ ته‌مه‌ننای‌ خێرتان بۆ ده‌كه‌ین) ڕێگرنابین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ دروستبوونی‌ كابینه‌ی‌ هه‌شت، وه‌ حه‌ز ده‌كه‌ین ئه‌و پێنج لایه‌نه‌ی‌ براوه‌ن بڕۆن كابینه‌ ته‌شكیل بكه‌ن، ئێمه‌ش دوعای‌ خێرتان بۆ ده‌كه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ بابه‌تی‌ دروستبوونی‌ حكومه‌ت ستانداردی‌ خۆی‌ تێپه‌ڕاندووه‌، خه‌ڵكی‌ زۆر نیگه‌ڕان كردووه‌، ئه‌و پێنج لایه‌نه‌ كه‌ به‌ حیساب حزبی‌ براوه‌ن ده‌بوایه‌ ته‌شكیلی حكومه‌تیان بكردایه‌، به‌لاَم تا ئێستا ته‌شكیل نه‌كراوه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش كه‌م‌و كوڕییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ هه‌رپێنج حزبه‌كه‌، ئێمه‌ وه‌ك بزووتنه‌وه‌ جارێ‌ سه‌یر ده‌كه‌ین، قسه‌مان له‌گه‌ڵدا كراوه‌و وتومانه‌ له‌ وه‌زیر كه‌متر به‌شداری‌ ناكه‌ین، مانای‌ وانیه‌ ئێمی‌ مه‌رج دابنێین، به‌ڵكو هه‌ركه‌سه‌و بۆچوونی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ بۆچوونی‌ بزووتنه‌وه‌یه‌، له‌وه‌زیرێك كه‌متر له‌ هه‌یبه‌تمان ناگونجێت، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ بنكه‌ فراوان پێكهات بزووتنه‌وه‌ش به‌ وه‌زیر به‌شدرابوو ئه‌وا به‌شداری‌ تێدا ده‌كه‌ین.

بزاڤ پرێس: له‌ زۆربه‌ی‌ دانوستانه‌كاندا باس له‌ پێنج حزبی‌ براوه‌ ده‌كرێت، ئایا بزووتنه‌وه‌ براوه‌ نیه‌؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: نا، مه‌سه‌له‌ی براوه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان پێنج لایه‌نن به‌ڕێژه‌ كورسییه‌كانیان زۆرن، ئه‌گینا كۆمه‌ڵێك لیستی‌ براوه‌ هه‌ن، به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان هه‌ر ده‌ڵێن پێنج لیسته‌كه‌، بزووتنه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و حزبانه‌ی‌ به‌ مافی‌ خۆی‌ چۆته‌ په‌رله‌مان، كه‌س خێری‌ پێ نه‌كردووه‌، ده‌نگیشمان زیاتر بووه‌ به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ بۆ ڕاگه‌یاندنه‌كان ته‌نها باسی‌ پێنج لیست ده‌كه‌ن، ئیتر نازانین بۆ چ مه‌به‌ستێكه‌؟ به‌هه‌رحاڵ ئێمه‌ هه‌رچییه‌كمان هه‌بێت به‌لاوازی‌ به‌شداری‌ ناكه‌ین، وتوومانه‌ ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تمان پێ بدرێت به‌شدار ده‌بین، ئگه‌ر نا به‌شدار نابین، ئیتر ئه‌وه‌ شتێكه‌ كۆتایی‌ پێهاتووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویست به‌ دانوستان ناكات، ئێمه‌ بۆچونی‌ خۆمان وتووه‌.

بزاڤ پرێس: هه‌ڵویستی‌ بزووتنه‌وه‌ ده‌رباره‌ی‌ دۆخی‌ سوریا چۆنه‌؟

عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز: مه‌سه‌له‌ی‌ سوریا به‌شێك بوو له‌و به‌هاره‌ به‌ناو عه‌ره‌بیه‌ی‌ سه‌ریهه‌ڵدا له‌جیهانی‌ ئیسلامیدا، به‌تایبه‌تی‌ له‌ ڕۆژهه‌لاَتی‌ ناوه‌ڕستدا، به‌داخه‌وه‌ بینیمان چۆن هێزێكی‌ هه‌واڵگریی‌ به‌هه‌موو هێزی‌ خۆی‌ هه‌وڵیدا ئه‌و به‌هاره‌ ئیسلامیه‌ بخنكێنێت، ڕای‌ خه‌ڵك فه‌رامۆش بكرێت، ئه‌وه‌تا له‌ میسر به‌ كۆده‌تای‌ سه‌ربازی‌ كرا، نه‌یانهێشت ئه‌و به‌هاره‌ ئیسلامیه‌ له‌وێ‌ سه‌ر بگرێت، له‌تونس به‌ هه‌مان شێوه‌، له‌ سوریاش به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موو كه‌س ده‌زانێت ده‌ستێكی‌ بێگانه‌ هه‌وڵیدا ئه‌و به‌هاره‌ ئیسلامیه‌ له‌ سوریا شكست بێنێ‌، شكستیشی‌ هێنا، شكستی‌ سوریا جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ شكستی‌ میسر، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ سوریا ڕووداوه‌كان به‌ره‌و تائیفه‌گه‌ریی‌ برد بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌هاره‌ی‌ پێ‌ بشكێنن، ئه‌مرۆش هه‌ر ئه‌و هێزه‌ هه‌واڵگرییانه‌ن كه‌ گروپێكیان دروستكردووه‌ به‌ناوی‌ داعش، كه‌ ئه‌م گروپه‌ یه‌كه‌مجار ده‌یوت به‌شێكن له‌ ڕێكخراوی‌ قاعیده‌، به‌لاَم قاعیده‌ش ئینكاریی‌ ده‌كات كه‌ شتێكی‌ وا هه‌بێت به‌ناوی‌ ئه‌وه‌وه‌، ئه‌بو قه‌تاده‌و ئه‌بو به‌سیرو ئه‌بو موحه‌مه‌دی‌ مه‌قدیسی‌ هه‌موویان به‌ خه‌واریجیان ده‌زانن، واته‌ ئه‌م گروپه‌ ئاوا به‌مشێوازه‌و به‌م بۆچوونه‌ هاتونه‌ته‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێمه‌ زۆر شتێكی‌ ئاساییه‌ كه‌ بوترێت ئه‌مانه‌ كاریگه‌ری‌ ته‌كفیریی‌و خه‌واریجیان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌تا زۆر خوێنی‌ ئه‌هلی‌ ئیسلامییان به‌لاوه‌ حه‌لاَڵه‌، ئه‌وه‌تا موسڵمانان ده‌كوژن، كه‌ چه‌ندێك به‌شار ئه‌سه‌د زیانی‌ به‌به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ گه‌یاندووه‌، دوو ئه‌ونده‌ش داعش زیانی‌ گه‌یاندووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت موسڵمانان زۆر وریابن له‌وه‌ی‌ هه‌واڵگری‌ جیهانی‌ هه‌وڵ ده‌دات هه‌میشه‌ بۆ ناشرین كردنی‌ كه‌سایه‌تی‌ ئه‌هلی‌ ئیسلام‌و جیهاد له‌ جیهانداو ئه‌و جۆره‌ گروپانه‌ دروست ده‌كات، به‌ڵگه‌ش هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ گروپانه‌ له‌و لایه‌نانه‌وه‌ دروست ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ جیهاد ناشیرین بكرێت له‌به‌رچاوی‌ جیهان بۆ ئه‌وه‌ی‌ جیهاد بكرێته‌ هاوشێوه‌ی‌ خوێڕشتن‌و بڕین‌و كوشتن، هه‌ر كاتێك ناوی‌ جیهاد هێنرا واته‌ ئه‌وه‌ مه‌به‌ستیانه‌.

بابەتی دواتر

5555544444

رابەری گشتی: حكومەتی رزگاری نیشتمانی بە ساوایی لەبار دەچێت
چوار ساڵ لەمەوپێش بە لایەنەكانم راگەیاند با ئێمە ریفراندۆم بكەین بۆ كۆنفیدراڵی نەك بۆ سەربەخۆیی

باسك نێت رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكومەتی رزگاری نیشتمانی هەر بە ساوایی لەباردەچێت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *