thumbs_b_c_44d5ed25591010952620b261e1816f43

بە هۆی بایکۆتکی سلێمانی و هەڵەبجەوە نەخۆشخانەکانی هەولێر لۆدی زۆریان لەسەر دروستبووە

هەولێر- AA

یاریدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات، سەید زەمان حەسەن رایگەیاند “لە هەفتەی رابردوو تا ئێستا نزیکەی ٥٠ نەخۆشی سنووری پارێزگای سلێمانی سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵاتیان کردووە و چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە”.

یاریدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات، سەید زەمان حەسەن لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “لە سەرەتای دروستبوونی ئەو قەیرانەی کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە بەردەوامین و بە تەواوی ستافی نەخۆشخانەکەمان ٢٤ کاتژمێر کاردەکەین، بە تایبەت لەم چەند رۆژەی رابردوو کە بایکۆت لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و ئێمەیش وەکو نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات بە بەردەوامی لە خزمەتی ئەو هاونیشتمانییانەدابووین کە پێویستییان بە وەرگرتنی چارەسەر هەبوو لە نەخۆشخانەکەمان”.

سەید زەمان حەسەن گوتیشی: “ئەو بایکۆتکردنەی لە پارێزگای سلێمانی هەیە کاریگەری تەواوی کردووەتە سەر نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک لە میانی هەفتەی رابردوودا، ٤٩ حاڵەتمان لە سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین بۆ هاتووە و لێرە چارەسەری پێویستییان وەرگرتووە کە هەندێکیان لە نەخۆشخانە دەرچوون و هەندێکیان خەوێنراون و ماونەتەوە”.

لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە رۆژانە سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات دەکەن، سەید زەمان حەسەن گوتی: “بە شێوەیەکی ئاسایی رۆژانە ٦٠٠ تا ٧٠٠ هاووڵاتیی سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات دەکەن و بایکۆتکردنەش وایکردووە کە لۆدێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکەمان دروست بێت، جگە لە پێداویستی پزیشکیش کە رۆژانە بەکاردێت بۆ نەخۆشەکان، هەروەها ئەوانەی سەردانی ئێرە دەکەن زیاتر حاڵەتەکانی هەناو، میزەڕۆ و نەشتەرگەرییە، بەم هۆیەوەش بەشێک لە دەرمان و پێداویستییەکانی دیکەی پزیشکی کەمیی کردووە، بەڵام ئێمە بەردەوامین بە هەماهەنگی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی پێداویستییە پزیکشییەکان”.

لە لایەن خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی هەولێر، دکتۆر سامان بەرزنجی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “بە هۆی بایکۆتکردنەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەوە، بە سەدان نەخۆش روویان لە نەخۆشخانەکانی هەولێر کردووە و چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە و ئەمەش وایکردووە کە ستافی نەخۆشخانەکان بەردەوام لە حاڵەتی ئامادەباشی زیاتردابن”.

حاتەم رەسوڵ باوکی سەهەندی تەمەن ١٠ ساڵە لە رانییەوە کوڕەکەی هێناوەتە هەولێر بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “بەرلە دوازدە رۆژ کوڕەکەم نەشتەرگەری ریخۆڵە کوێرەی بۆکرا و بە هۆی بایکۆتکردنەوە هەر زوو لە نەخۆشخانە دەیانکردینە دەرەوە، ئەمشەویش باری تەندروستی تێکچوو، ئیتر چووین بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش (لە رانیە) و بە هۆی بایکۆتکردنەوە کەس سەیری نەکرد و ناچار هێنامان بۆ شاری هەولێر و لێرە چارەسەری پێویست وەردەگرێت”.

ماوەی چەند رۆژێکە بە ھۆی بایکۆتکردنی کارمەندانی کەرتی پزیشکی لە ھەڵەبجە و سلێمانی، کەسانی نەخۆش لەو شوێنانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ھەولێر دەگوازرێنەوە، کەرتی تەندروستی لەو سنوورانە پەکیانکەوتووە و، ئەمەش کاریگەریی خراپیکردووتە سەر نەخۆشەکان.

ژ.ك

بابەتی دواتر

858694cafaf16731aaacc2d1f453f632_XL

بەلاغی لێژنەی هاوبەشی مەڵبەندەكانی هەولێری یەكگرتوو و بزوونتەوەی ئیسلامی

بەلاغی لێژنەی هاوبەشی مەڵبەندەكانی هەولێری یەكگرتوو و بزوونتەوەی ئیسلامی. بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە كاری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *