29597672_1884193504926300_8962687556991741466_n

كاری هاوبه‌شی ئیسلامیه‌كان ، پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانیه‌ نه‌ك ئایدۆلۆژی

هادى عەلى

گومان له‌وه‌دانیه‌ ئیسلامیه‌كانی كوردستان له‌ئێستادا به‌جیاوازی ڕاوبۆچون و ئینتیمای حیزبیانه‌وه‌، هه‌مو پێكه‌وه‌ ڕه‌وتێكی كاریگه‌ر و به‌شێكی زیندو و چالاك له‌پێكهاته‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی پێكده‌هێنن…ئه‌وه‌ش ڕاسته‌ كه‌له‌ڕابوردودا به‌شێكی سه‌ره‌كی ئه‌م ڕه‌وته‌ جگه‌ له‌ یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان، ڕێبازی جیهادی گرتبووه‌ به‌ر و بڕوای ته‌واوی به ‌موماره‌سه‌كردنی ‌كاری سیاسی له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی دیموكراسی و یاسا پێڕه‌و كراوه‌كاندا نه‌بوو. به‌ڵكو زیاتر له‌وه‌ش به‌شێك له‌ باڵه‌ جیهادیه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك ڕاوبۆچونی ته‌كفیریان هه‌ڵگرتبوو كه‌دواتر له‌شێوه‌ی چه‌ند گروپێكی توندڕه‌ودا بۆماوه‌یه‌ك ناوچه‌ی هه‌ورامان و ده‌ڤه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زوریان دووچاری گێژاوێكی دژواركرد. هه‌رئه‌و هۆكاره‌ له‌ڕابوردودا ڕێگری سه‌ره‌كی بوو له‌به‌رده‌م كاری هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌یی ئیسلامیه‌كان له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌كدا بۆئه‌نجامدانی كاروچالاكی ئیسلامی به‌گشتی و سیاسی به‌تایبه‌تی.
به‌ڵام له‌دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس و ئه‌وڕوداو و گۆڕانكاریه‌ دراماتیكیانه‌ی ڕووبه‌ڕووی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بوویه‌وه‌‌‌، ئاراسته‌ جیهادیه‌كه‌ی ئیسلامیه‌كانی كوردستان گۆڕانكاری بونیادی و گه‌وره‌یان به‌سه‌رداهات و توانیان له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی گۆڕانكاریه‌كان و خواسته‌كانی قۆناغه‌كه‌دا بوێرانه‌ خۆیان بگونجێنن و بوونه‌ به‌شێكی كارا له‌پرۆسه‌ی سایسی و دیموكراسی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌گشتی.
دیاره‌ ئاراسته‌ توندڕه‌وو توندو تیژه‌كه‌ش له‌ژێركاریگه‌ری ڕووداوه‌كان و گۆڕانكاریه‌كاندا به‌ته‌واوه‌تی لاواز بوو، به‌شێوه‌یه‌ك كه ‌ده‌توانین بڵێین له‌ناو حاڵه‌ته‌ ئیسلامیه‌ گشتیه‌كه‌دا جێگایه‌كی بۆ نابینیته‌وه‌.
ئه‌وده‌ره‌نجامه‌ ئیجابی و پێشكه‌وتووه‌ی له‌ڕوی فیكری و سیاسیه‌وه‌ ڕوویكرده‌ حاڵه‌ته‌ ئیسلامیه‌كه‌ی كوردستان، هۆكارو پاڵنه‌رێكی به‌هێز بوو بۆئه‌وه‌ی له‌چه‌ند ساڵی ڕابوردوودا، كاری هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌یی له‌نێوان ئیسلامیه‌كاندا تاده‌گاته‌ یه‌كگرتن به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان، بوبه‌خواست و داواكاری زۆرێك له‌ئیسلامیه‌كانی كوردستان، چ ئه‌وانه‌ی كه‌ڕاسته‌وخۆ سه‌ربه‌یه‌كێك له‌سێ لایه‌نه‌ سیاسیه‌ ئیسلامیه‌كه‌ن یان له‌چوارچێوه‌ی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا وه‌ یان وه‌ك كه‌سایه‌تی و زانای ئاینی كارو چالاكی خۆیان ئه‌نجام ئه‌ده‌ن. له‌وبواره‌دا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، چه‌ندین پرۆژه‌و پێشنیازو بیرۆكه‌ به‌شێوازی جیاجیا ئاراسته‌ی حاڵه‌ته‌ ئیسلامیه‌كه‌ كرا به‌تایبه‌تی سه‌ركردایه‌تی سێ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كه‌.
هه‌رله‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ بوو كه ‌یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌دوای كۆنگره‌ی حه‌وته‌میه‌وه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی 2016 به‌دواوه‌، پرۆژه‌ی یه‌كخستنی ناوماڵی ئیسلامیه‌كانی كوردستانی وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانی و پێویستیه‌كی قۆناغه‌كه‌ بۆخودی حاڵه‌ته‌ ئیسلامیه‌كه‌و ساحه‌ی سیاسی كوردستان به ‌شێوه‌یه‌كی ستراتیژی ته‌به‌نیكرد و داوایكرد كه‌ سه‌رجه‌م ئیسلامیه‌كانی كوردستان به‌ سێ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كه‌و ڕێكخراوه‌كان و زانایان و كه‌سایه‌تیه‌كانه‌وه‌ هه‌موپێكه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شدا خۆیان ڕێكبخه‌نه‌وه‌.
دوابه‌دوای ئه‌وه‌ بۆهێنانه‌ دی ئه‌و ئامانجه‌ ستراتیژیه‌ چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌ش و دیداری فراوان له‌هه‌ولێر و سلێمانی سازكرا، به‌ڵام مه‌خابن هه‌وڵه‌كان و كۆبونه‌وه‌هاوبه‌شه‌كان ده‌ره‌نجامی پێویست و چاوه‌ڕوانكراویان لێنه‌هاته‌دی. دیاره‌ هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دروست نه‌بونی دیدو تێڕوانینی هاوبه‌ش بۆچۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خودی حاڵه ‌ئیسلامیه‌كه‌و پرسه‌ سیاسیه‌كاندا به‌گشتی.
لێره‌دا گرنگه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستیه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌پرۆژه‌ی یه‌كخستنی ئیسلامیه‌كانی كوردستان پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانیه‌ و پێویستیه‌كی بنه‌ڕه‌تی خودی حاڵه‌ته‌‌ ئیسلامیه‌كه‌و ساحه‌ سیاسیه‌كه‌ی كوردستانه‌ له‌به‌ر ئه‌م چه‌ند هۆكار و ئامانجانه‌ی خواره‌وه‌:
1-پێویستی خودی حاڵه‌ته‌‌ ئیسلامیه‌كه‌ به‌یه‌كڕیزی و كاری هاوبه‌ش و به‌رنامه‌ بۆكراو به‌ مه‌به‌ستی رێگرتن له‌په‌رته‌وازه‌بونی هه‌وڵ و تواناكان و ئه‌گه‌ری به‌لاڕێدا بردن، له‌لایه‌كیتره‌وه ‌پێویستی سێ لایه‌نه‌كه‌ بۆ به‌خۆداچونه‌وه‌و ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری و چاكسازی ناوخۆیی ڕیشه‌یی و به‌دامه‌زراوه‌یی كردنی هه‌ردوو بواری بانگه‌واز و سیاسه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی هاوچه‌رخ و پێشكه‌وتوو.
2-گرتنه‌به‌ری ڕێبازی ئیصلاحخوازی و پله‌به‌ندی بۆمامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌و ده‌سه‌ڵات و بره‌ودان به‌هزری میانڕه‌وی و پارێزگاریكردن له‌شوناسی ئیسلامی و ئاینی ڕه‌سه‌نی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری و رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دیات و مه‌ترسیه‌كان له‌و بواره‌دا.
3-به‌شداریكردنی كارا له‌ پێناو جێگیركردنی بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری و حوكمی ڕه‌شید و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و سته‌مكاری سیاسی و یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته‌ سیاسیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ و سه‌ربه‌خۆ دوور له‌هه‌ر جۆره‌ پاشكۆیه‌تی و لاساییكردنه‌وه‌یه‌ك..
له‌كۆتایدا ماوه‌ته‌وه‌ بڵیین ‌پێكهێنانی لیستی هاوبه‌ش له‌لایه‌ن ئیسلامیه‌كانی كوردستانه‌وه،‌ هه‌نگاوێكی گرنگ و پێویسته‌ له‌سه‌ر ڕێگای سه‌رخستنی پرۆژه‌ی یه‌كخستنی ناوماڵی ئیسلامیه‌كانی كوردستان و به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌وئامانجانه‌‌ی سه‌ره‌وه‌.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ پێكهێنانی لیستێكی هاوبه‌ش له‌م قۆناغه‌دا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕه‌هه‌ندی ئایدۆلۆژی نیه‌ و دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگه‌ نیه‌ له‌نێوان ئیسلامی و عه‌لمانیدا، چونكه‌ لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان هاوشێوه‌ی لایه‌نه‌ عه‌لمانیه‌كان هه‌مو پێكه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی دیموكراسیدا موماره‌سه‌ی كاری سیاسی ده‌كه‌ن.
له‌لایه‌كیتریشه‌وه پرۆژه‌ی كاری هاوبه‌ش و‌ پێكهێنانی لیستی هاوبه‌ش له‌لایه‌ن ئیسلامیه‌كانه‌وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگر نابێت له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی كه‌ ئیسلامیه‌كان هه‌موپێكه‌وه‌ ببنه‌ به‌شێك له‌هاوپه‌یمانێتیه‌كی نیشتمانی فراوان و كاریگه‌ر بۆئه‌نجامدانی چاكسازی سیاسی ڕاسته‌قینه‌و ڕووبه‌ڕوو بونه‌‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و سته‌مكاری سیاسی.
بۆیه‌ ڕاشكاوانه‌ ڕای ده‌گه‌یه‌نین كه پرۆژه‌ی یه‌كخستن و ‌پێكهێنانی لیستی هاوبه‌ش له‌لایه‌ن تێكڕای ئیسلامیه‌كانه‌وه‌ له‌م قۆناغه‌دا، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پرۆژه‌یه‌كی ئایدۆلۆژی نیه‌ به‌ڵكو پرۆژه‌یه‌كی ته‌واو نیشتمانیه‌.

ژ.ك

بابەتی دواتر

1534780847whatsapp-image-2018-08-20-at-19.36.10

ئه‌مریکا حکومه‌تێکی لاوازی ده‌وێت تاكو له‌ عێراق بمێنێته‌وه‌

وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی نۆجه‌با وتی که‌ ئه‌مریکا حکومه‌تێکی لاوازی له‌ عێراق ده‌وێت تا هیزه‌ سه‌ربازییه‌کانی له‌م …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *