download

هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاپۆرتێك لەسەر توندوتیژیەكان بەرامبەر خۆپیشاندەران بڵاودەكاتەوە

باسك نێت

ڕێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ “هیومان ڕایتس ۆوچ” ڕاپۆرتێكی لەسەر خۆپیشاندانەكانی مانگی سێی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند: هێزە ئەمنیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتای مانگی سێدا هەستاون بە دەستگیركردنی لانی كەم لە 84 خۆپیشاندەرو چوار ڕۆژنامەنووس.

ڕێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ “هیومان ڕایتس ۆوچ” لەڕاپۆرتێكیدا كە بەزمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لەماڵپەڕەكەی بڵاوی كردۆتەوە، ڕایگەیاند: بەهۆی داواكردنی مافەكانیان كەپێدانی موچەبووە، لەلایەن هێزە ئەمینەكانی هەرێمی كوردستانەوە لە كۆتای مانگی سێدا 84 خۆپیشاندەر كە مامۆستابون و چوار رۆژنامەنوس دەستگیركراون.

دەقی ڕاپۆتەكەی هیومان ڕایتس ۆوچ:

هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتەكەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، هێزە ئەمنیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانلە كۆتای مانگی مارس هەستاون بە دەستگیركردنی لانی كەم لە ٨٤ خۆپیشاندەرو ٤ ڕۆژنامەنووس. دەردەكەوێ زۆرێك لە دەستگیركردنەكان هەڕەمەكی بووبن، لەبەرەوەی یان دەستگیركراون پیادەی مافەكانیان كردووە لە ئازادی گردبوونەوەی ئاشتیانە یان مافەكانیان بەپێی یاسای عێراقی كە دەبێت لەماوەی ٢٤ كاتژمێردا دەستگیركراو بهێنرێنە بەردەم دادوەر پشگوێ خراوە. دوانزە شاهێدحاڵ ووتیان، هێزە ئەمنیەكان لەكاتی هەوڵی دەستگیركردنی خۆپیشاندەران لەكاتی خۆپیشاندانەكان لەشارەكانی ئاكرێ و دهۆك و هەولێر لە ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەریان داوە. هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاپۆرتی دەستگیركردنی لە شارەكانی تری وەك شیلەدزێ و سۆران و زاخۆش بەدەست گەیشتووە.

هێزە ئەمنیەكان زەبرو زۆری نایاسایی وهەڕەشەیان بەكارهێناوە بۆ ناچاركردنی خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان لە كردنەوەی تەلەفۆنەكانیان و ئاشكراكردنی پاسۆردی فەیسبووكەكانیان، و دەستگیركردنی هەموویان بەبێ هیچ تۆمەتێك، جگە لە یەكێكیان نەبێت، بۆ ماوەی تا دوو ڕۆژ. هەندێكیان بە زۆرەملێ ناچاركراون بە واژووكردنی دۆكیومێنتی بەڵێندان لە بەشداری نەكردن لە ”خۆپیشاندانی نایاسای”. ڕۆژنامەنووسێك ووتی كە هێزە ئەمنیەكان پێیان گووتوە چیتر مافی وێنەگرتنی خۆپیشاندانەكانی نیە. ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕەتی دەكاتەوە‌ واژووی دۆكیومێنتێكی لەو جۆرە بكات.

لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری هیومان ڕایتس ۆوچ بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ووتی، ”دەردەكەوێ تاكتیكی سەركوتكاری هێزە ئەمنیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی خۆپیشاندانە ئاشتیانەكان بۆ بێدەنگ كردنی ناڕەزاییەكان بێت، ئەمە سەرەڕایی بانگەشە فەرمیەكانیان لە ڕێزگرتن لە ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە. ئەوە نیشانەی سەركوتكاریە كاتێك دەسەڵاتداران هەوڵدەدەن بە زۆر خەڵكی ناچار بكەن لە واژووكردنی وازهێنان لە مافە بنەڕەتیەكانیان لە خۆپیشاندان كردن.”

لە ٢٥ی مارسی ٢٠١٨، بەهۆی نەدانی مووچەكانیان فەرمانبەران كە زۆربەیان مامۆستاو كارمەندی تەندروستی بوون هەستان بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستانی عێراق بۆماوەی چەند ڕۆژێك. وەك ڕێوشوێنێك بۆ كەمكردنەوەی خەرجی بەهۆی قەیرانی دارایی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵە پێدانی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی كەمكردۆتەوەو چەند مانگ جارێك مووچەی فەرمانبەران دەدات. مامۆستایەك بە هیومان ڕایتس ۆوچی ووت،‌ ئەوە ماوەی چوار ساڵە نیوەی مووچەكەی وەردەگرێت بەو بڕە پارەیە ناتوانێ بژێوی خێزانەكەیی و سێ كچەكەی دابین بكات.

دیندار زێباری، ڕێكخەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ داكۆكی نێودەوڵەتی، لە ٢٧ی مارس ووتی، ”ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیركراون. ئەو خۆپیشاندەرانە تۆمەتباركراون بە هاندانی تووندوتیژی و ڕادەستی دادگا كراون”. ئاماژەشی بەوەكرد كە خۆپیشاندانەكان مۆڵەتی یاساییان نەبووە. زێباری ووتیشی لایەنە سیاسیەكان خۆپیشاندانەكانیان وەك هەلێك قۆزتوەتەوەو‌ هەوڵی هاندانی تووندوتیژیان داوە. ئەو ووتیشی كە هیچ سكاڵایەكی یاسایی لەدژی هێزە ئەمنیەكان پێشكەش نەكراوەو خۆپیشاندەرانی بە هێرش كردنە سەر ئەندامێكی ئاسایش تۆمەتبار كرد.”

دوانزە شاهێدحاڵ كه لە نێوان ٢٥ بۆ ٢٨ی مارس ‌ئامادەی خۆپیشاندانەكانی ئاكرێ و دهۆك و هەولێر بوون، ئەو لێدوانەیان ڕەتكردەوەو ووتیان كە خۆپیشاندەران چەكیان پێنەبووەو هێرشیان نەكردۆتە سەر هیچ ئەفسەرێكی ئاسایش. دەردەكەوێ گرتە ڤیدیۆییەكان پشت ڕاستكەرەوەی ووتەی شاهێدحاڵەكان بێت. كلیپی ڤیدیۆیی خۆپیشاندانەكانی ٢٥ی مارسی هەولێر نیشانی دەدەن كە هێزە ئەمنیەكان بە گازی فرمێسك ڕێژ هێرش دەكەنەسەر گردبوونەوەیەكی هێمنانە. لە گرتەیەكی تری ڤیدیۆیی هەمان خۆپیشانداندەردكەوێ‌ ئەفسەرێك لە لە خۆپیشاندەرێكی ئافرەت دەدات لەكاتی وێنەگرتندا. ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە خۆپیشاندانەكانی ٢٦ی مارسی دهۆكو ٢٨ی مارسی هەولێرلەلایەن خۆپیشاندەرانەوە گیراون نیشانی دەدەن كە ئەفسەران بە جل و بەرگی ئاسایشەوە بە تووندی پاڵ بە خۆپیشاندەرانەوە دەنێن و ڕایان دەكێشن، بەڵام لە ڤیدیۆكاندا چەك وهێرشكردنە سەر خۆپیشاندەران دەرناكەوێ.

هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێك كرد كە وێنەی خۆپیشاندانەكەی ٢٧ی مارسی ئاكرێی بۆ كەناڵێكی ناوخۆیی گرتبوو. ئەو ووتی لە دەوروبەر كاتژمێر ١٠:٣٠ خولەكی بەیانی ئەفسەرانی ئاسایش ڕوبەڕوی دەبنەوەو دەیبەن بۆ بنكەیەكی ئاسایش و لەوێ لەگەڵ ١٤ خۆپیشاندەری تر دەستگیری دەكەن. ئەو ووتی، فەرمانیان پێكردم تەلەفۆنەكەم بكەمەوەو تەماشای گرتە ڤیدیۆییەكانیان كرد كە گرتبووم و هەموویان سڕیەوە. ”پێیان گووتم كە ڕێگەم پێنادرێ وێنەی خۆپیشاندەران بگرم و هۆشیاریان پێدام ”ئەگەر دووبارە ئەوە بكەم، باش نابێت بۆم.” ئەو بە هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، پاشان داوایان لێكردم كاغەزێك واژوو بكەم و بەڵێن بدەم چیتر وێنەی هیچ خۆپیشاندانێك نەگرم، بەڵام ڕەتم كردەوە واژووی بكەم. پاش چوار كاتژمێر بەبێ هیچ تۆمەتێك لەدژی ئازاد دەكرێ.

ڕۆژنامەنووسی دووەم ووتی، كاتێك لە ٢٧ی مارس دەگاتە خۆپیشاندانەكەی ئاكرێ، ئەفسەرانی ئاسایش باجی ڕۆژنامەوانیەكەی پشتگوێ دەخەن و پێی دەڵێن ناتوانێ وێنە بگرێ. ئەو ووتی، لە كاتژمێر ١١:٣٠ خولەكی بەیانی سێ ئەندامی پەرلەمان دەگەنە شوێنەكەو هانی دەدەن‌ وێنەی خۆپیشاندانەكە بگرێ و گوێ بە قسەی ئاسایشەكان نەدا. لە ناكاو ١٠ ئەفسەری ئاسایش دەست بە لێدانی دەكەن و دەیبەن بۆ بنكەی ئاسایشەكەیان و لەوێ بەڕێوەبەرەكە پرسیار دەكات بۆچی خوێنی لێدێ.

”پێم گووت، پیاوەكانت ئەمەیان كردووە، بەڵام ئەوەی پشتگوێ خست، پێم گووت بمبەنە نەخۆشخانە و پاش كاتژمێرێك بردیانم بۆ نەخۆشخانە،” ئەو بە هیومان ڕایتس ۆوچی ووت. ”پزیشكەكە پێی گووتم لووتم شكاوەو دەبێت نەشتەرگەریم بۆ بكەن.”

هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی سێیەم كرد كە لەهەمان خۆپیشاندان لەگەڵ دوو ڕۆژنامەنووسی تر لە كاتژمێر ١٠:٣٠ خولەكی بەیانی دەستگیركرابوو، بەڵام كاتژمێر ١ی نیوەڕۆ ئازادكرابوو بەبێ ئەوەی ناچار بكرێ بە واژووكردنی هیچ شتێك یان پێی بگوترێ وێنەی خۆپیشاندانەكە نەگرێ.

بەپێی ووتەی كۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان، لەكاتی ڕوماڵكردنی خۆپیشاندانەكان لانی كەم لە١٥ ڕۆژنامەنووس دراوە، لەلایەكی ترەوە حەوتیش دەستگیركراوە.

هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكەوتنی لەگەڵ ٩ خۆپیشاندەر كرد كە هەموویان گووتیان، لەكاتی دەستگیركردنیان هێزەكانی ئاسایش لێیان داون. دوانیان هەڵدێن و دوانی تریان دوای ٢ كاتژمێر ئازاد دەكرێن. پێنج خۆپیشاندەرەكەی تر لە ماوەی ١٢ كاتژمێرەوە بۆ دوو ڕۆژ دەستگیر دەكرێن. سیانیان ووتیان كە ڕێگەیان پێنەدراوە پەیوەندی بە خێزانەكانیانەوە یان پارێزەر بكەن. ئەفسەران فەرمانیان كردووە بە دوانیان بە ئاشكراكردنی پاسۆردی تەلەفونەكانیان و پاسۆردی فەیسبووكەكانیان و هەوڵیانداوە تەلەفۆنی یەكێكی تر بكەنەوە. پێنجیان ووتیان، لەكاتی ئازادكردنیان بەبێ هیچ تۆمەتێك، ئاسایش پێیان گووتون بەڵێن بدەن لە بەشداری نەكردنی هیچ ”خۆپیشاندانێكی بێ مۆڵەت”. سێ لە خۆپیشاندەرەكان بەڵێن دەدەن، بەڵام دوانیان ڕەتی دەكەنەوە دۆكیومێنتەكە واژوو بكەن. هەموویان نكۆڵیان كرد لەوەی هیچ هێزو تووندوتیژیەكیان لە دژی ئەندامانی هێزە ئەمنیەكان بەكارهێنابێ.

ئەم وەڵامە سەركوتكارانە هاوشێوەی وەڵامدانەوەی خۆپیشاندانەكانی كانوونی دووەمی ٢٠١٧ی ناوەوەو دەوروبەری سلێمانیە كە تێیدا هێزەكانی ئاسایش هەستان بە دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران بۆ ماوەیەكی زۆر بەبێ هیچ تۆمەتێك و بۆ ئازادكردنیان هەندێكیان ناچاركردن بە بەڵێندان بە بەشداری نەكردنی خۆپیشاندانەكان.

هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، لەسەر هێزە ئەمنیەكانە پارێزگاری لە مافەكانی ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە بكەن. هەرچەندە، دەردەكەوێ كە ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكان هەوڵی بەدەستهێنانی مۆڵەتیان نەداوە وەك لە یاسای ناوخۆییدا هاتووە، یاسا نێودەوڵەتیەكان پارێزگاری لەمافی گردبوونەوەی هێمنانە دەكەن و تەنها لە چەند حاڵەتێكی زۆر كەمدا ڕێگە بەسنوورداركردنی خۆپیشاندان دەدەن.

لە یاسای سزادانی عێراقی (ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٧١) دا هاتووە دەبێت هەموو دەستگیركراوێك لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری دەستگیركردنیدا بهێنرێتە بەردەم دادوەری لێكۆڵەر.

بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەكان دەستگیركردن بە هەڕەمەكی لەقەڵەم دەدرێ ئەگەر یاسایی ناوخۆیی بە ڕوونی ڕێگەی پێنەدابێ یان خەڵك دەستگیر بكرێ بەهۆی پیادەكردنی مافە بنەڕەتیەكانیان وەك ئازادی گردبوونەوە، یان پێشێلكردنی بنەما بنچینەیەكانە وەك مافی هێنانی دەستگیركراو بۆ بەردەم دادوەر بە زووترین كات.

فەقیە ووتی، ”خەڵكی كوردستان مافی خۆیانە ناڕەزاییەكانیان بە شێوەیەكی ئاشتیانە لەبەرامبەر قەیرانی ئابووری دەربڕن. نابێت وەڵامدانەوەی حكومەت بە سنوورداركردنی خۆپیشاندان و میدیا بێت، ئەوە لێگەڕێ لە لێدان و هەڕەشەو ڕەشبگیری و پشكنینی نایاسایی ئەو خۆپیشاندەرانەی داوای ماف و مووچەی خۆیان دەكەن.”

هەولێر

٢٦ی مارس

هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكەوتنی لەگەڵ سێ خۆپیشاندەر كرد كە لەلایەن ئاسایشەوە لە ٢٦ی مارس لە نزیك پاركی شانەدەری هەولێر دەستگیركرابوون.

یەكێكیان بە ناوی ”جەمال”ی تەمەن ٦٨ ساڵ ووتی، لەكاتێكدا هوتافم دەگوتەوە لە كاتژمێر ١٠ی بەیانی، گوێم لە ئەفسەرێكی ئاسایش بوو فەرمانی كرد، ”لێی دەن”، لەدوای ئەو فەرمانە سێ ئەفسەری تر بۆماوەی چەند چركەیەك بەدار دەستیان بە لێدانم كرد. جەمال بە هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، ”شان و قۆڵی ڕاستم دەستی بە هەڵئاوسان و ئازار كرد.” ”پاشان لە لێدانم وەستان و پۆلیسێكی خۆپیشاندان هات و بردمیە ئەولاوەو پرسیاری لێكردم بۆچی خەڵك دەوروژێنم بۆ خۆپیشاندان كردن.”

ووتیشی، پۆلیسەكە دەیبات بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێر؛ دەوروبەر كاتژمێر ١:٣٠ خولەكی پاشنیوەڕۆ ئەفسەرەكان دەیبەنە بەردەم بەرپرسێكی باڵاتری پۆلیس كە تۆمەتباری دەكات به هێنانی‌ چەقۆو چەك بۆ خۆپیشاندانەكان، بەڵام ئەو نكۆڵی لەوە كرد. لە كاتژمێر ٦ی ئێوارە، ئەفسەرێكی تر لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكات و تۆمەتباری دەكات بە ”دروستكردنی كێشە” لەكاتێكدا كە حكومەت ناتوانێ مووچەی زیاتر بدات. لە دەوروبەر كاتژمێر ٧ی ئێوارە ئەفسەرەكان دەیبەنە بەردەم دادوەرو دادوەر پرسیاری لێدەكات بۆچی خۆپیشاندان دەكات و ئایا خۆپیشاندانەكە مۆڵەتی هەبووە (مۆڵەتی نەبووە). لە كاتژمێر ٨ی ئێوارە، وەك خۆی دەڵێ داوای دادوەر ڕەت دەكاتەوە لە بەڵێندان لە بەشداری نەكردنی هیچ خۆپیشاندانێكی ترو دواتر ئازاد دەكرێ بەبێ هیچ تۆمەتێك لە دژی.

پیاوێكی تر بەناوی ”پشتیوان” ووتی،‌ لە دەوروبەری كاتژمێر ١٠:٣٠ی خولەكی بەیانی ئەفسەرێك بە جل و بەرگی ئاسایشەوە تەلەفونەكەی دەبات لەكاتی گرتنی وێنەی خۆپیشاندانەكان. بەدوای ئەفسەرەكە دەكەوێت بۆ وەرگرتنەوەی تەلەفۆنەكەی. ئەفسەرەكەو سیانی تر دەیگرن و بەزۆرەملێ دەیخەنە ناو ئۆتۆمبێلێك و دەیبەن بۆ بنكەی ئاسایشی گشتی. ئەو ووتی، لەوێ ئەفسەرەكان زانیارەكانی لەسەر دەنووسن و تاوانباری دەكەن بەوەی دەیەوێت ”عەرەب حوكمان بكات”. فەرمانی پێدەكەن بە ئاشكراكردنی پاسكۆدی تەلەفۆنەكەیی و پاسۆردی فەیسبووكەكەی و تەماشای ڤیدیۆكانی ناو تەلەفۆنەكەیی و پۆستەكانی فەیسبووكەكەی دەكەن. كاتژمێر ٤ی ئێوارە، پشتیوان دەبەنە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێرو پاش ئەوەی پەنجەمۆری دۆكیومێنتێكی پێدەكەن كە پێی دەڵێن نەیخوێنێتەوه لە كاتژمێر ٨ی ئێوارە ئازادی دەكەن‌. پشتیوان دەگەڕێتەوە بۆ خۆپیشاندانەكان و لە ٢٨ی مارس لەكاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانێك لەلایەن ٢٥ كەسەوە لە نزیك پەرلەمان دەستگیر دەكرێت. دووبارە ئاسایش داوای پاسكۆدی تەلەفۆنەكەی دەكەن و لەگەڵ ١٦ خۆپیشاندەری تر دەیبەن بۆ بارەگای ئاسایش و پاشان لەوێوە بۆ بەندیخانەی محگە ی وەزارەتی ناوخۆ. بۆ ڕۆژی داهاتوو دەیانبەنەوە بۆ بنكەی پۆلیس، پشتیوان ووتی، لەوێ پاش واژۆكردنی دۆكیومێنتێك كە هیچ كەسیان نەیانخوێندۆتەوە ئازاد دەكرێن.

لە كاتژمێر ١١ی بەیانی نزیكەی ١٥٠ خۆپیشاندەر كۆدەبنەوە، ”ڕەوا” بە هیومان ڕایتس ۆوچی ووت. پاش كەمێك لە گەیشتنی ئەو بە شوێنەكە، سێ ئەفسەر بە جلوبەرگی ئاسایشەوە هێرش دەكەنە سەری و لەسەرو پشتی دەدەن، ئەو ووتی. چەندجارێك بە شەق لێی دەدەن بەرلەوەی لەگەڵ ٨ خۆپیشاندەری تر بیخەنە ژورێكەوە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێر. ئەو گووتیشی، هەر نۆیان لە دەوروبەر كاتژمێر ٧:٣٠ خۆلەكی ئێوارە ئازاد دەكرێن بەبێ هیچ تۆمەتێك لەدژیان. ڕەوا ووتی، ئەفسەرەكانی پۆلیس ناچاریان كرد بە واژووكردنی دۆكیومێنتێك لە بەڵێندان بەوەی بەشداری هیچ خۆپیشاندانێكی نایاسایی تر نەكات.

٢٧ی مارس

سێ خۆپیشاندەر كە لە ٢٧ی مارس لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر دەكرێن بە هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت، نزیكەی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ مامۆستا لە پاركی شانەدەری كۆبوونەوە، دەست بەجێ بەهەمان ژمارە لە پۆلیسی خۆپیشاندەرو ئەفسەری ئاسایش دەورەدران و خۆپیشاندانەكەیان بە یەك ئاراستە برد. كامەران ووتی، لە دەوروبەر كاتژمێر ١١:٤٠ خولەكی بەیانی لەكاتی گرتنی وێنەی خۆپیشاندانەكە كەسێك بە جل و بەرگی مەدەنیەوە تەلەفۆنەكەیی دەبات و پێی دەڵێ كە دوای كەوێ. چەند مەترێكی كەم لەو شوێنەوە، پیاوەكە پرسیار لە كامەران دەكات بۆچی وێنەی خۆپیشاندانەكە دەگرێت و ووتی دەبێت تەماشای گرتە ڤیدیۆییەكانی ناو تەلەفۆنەكەی بكات و پێشی دەڵێ كە بینیوویەتی كامەران ئامادەی خۆپیشاندانی پێشووتر بووە.

كامەران ووتی، پیاوەكە دەیباتە بنكەیەكی ئاسایشی ئەو نزیكانەو لەوێ تەماشای لاپەڕەی فەیسبووكەكەی دەكات و تاوانباری دەكات بە ئەندامی گۆڕان كە پارتێكی ئۆپۆسیزیۆنە. ئەفسەرەكان كامەران و دوو مامۆستای تر دەبەن بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێر؛ گرووپەكە بۆ ١٧ دەستگیركراو زیاد دەكات ، بەڵام چوار لە خۆپیشاندەرەكان لە نیوەی شەو ئازاد دەكرێن، ئەوان ووتیان.

ڕێبەر ووتی، ئەفسەرەكان ئەویشیان لە خۆپیشاندانەكە دەستگیر كرد، دوای ئەوەی ١٠ پیاو كە شەشیان جلو بەرگی ئاسایشیان لەبەربوو بەبەردەوامی لێیانداوەو بە پاڵ خستویانەتە سەر زەویەكەو هۆشیاریان پێداوە لەوەی هەڵنەسێتەوە. ”ئەفسەرێك پاندانەكەم و تەلەفۆنەكەم و عەینەكەكەی بردم. پاشان جزدانەكەی بردم، پارەكەی ناوی دەرهێناو بۆی فڕێدام و جزدانەكەی برد،” ئەو بە هیومان ڕایتس ۆوچی ووت. ”پاشان هەڵیان ساندمەوەو خستیانمە ناو ئۆتۆمبێلێك و یەكەم جار بردیانم بۆ بارەگای ئاسایش و پاشان بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس.” ڕێبەر ووتی، ئەفسەرێك بەردەوام تاوانباری دەكردم بە ئەندامی گۆڕان، بەڵام نكۆڵی لەوە كردو ووتی تەنها بۆ مووچەكەی خۆپیشاندانی كردووە.

هەرسێ خۆپیشاندەرەكە كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كرا ووتیان، یەكێك لە ١٧ دەستگیركراوەكە بە خەستی خوێنی لێدەچوو لەبەرەوەی بە خەنجەر بۆكس لەسەری درابوو، ئەو ووتی.

سیانەكە ووتیان، باقی ١٣ خۆپیشاندەرەكەی تر بردران بۆ زیندانی محگە و لەوێ وێنەیان گیرا. ڕێبەر ووتی، یەكێك لە ئەفسەرەكان لەسەر فۆڕمەكەی نووسی بەپێی بڕگەی سفر لە یاسای سزادان دەستگیر كراوه، بەڵام‌ ئەم بڕگەیە بوونی نیە. كاتێك پرسیاری لێدەكرێت مانای ئەوە چیە، ئەفسەرەكە بە ڕێبەر دەڵێ ئەوە بۆ پارێزگاری خۆیەتی و گوومانی هیچ تاوانێكی دیاریكراوی لێناكرێت.

بەیانی ٢٨ی مارس سێ خۆپیشاندەری تر دەگەنە شوێنەكە، ئەوان ووتیان. دوانیان بریندار دەبێت، یەكێكیان خوێن لەسەرو پشتی دەچێ و ئەویتریان برین بە دەموچاویەوە دەبێت. هەردوكیان ووتیان،‌ لەكاتی دەستگیركردنیان لێیان دراوە. لە نیوەڕۆی ٢٨ی مارس، زیندانەكە باقی دەستگیركراوەكان ئازاد دەكات. كامەران ووتی كە بە زۆرەملێ ناچار كراوە دۆكیومێنتێك واژوو بكات كە نەیخوێندۆتەوە، بەڵام پێی گوتراوە ناوەڕۆكەكەی بەڵێنامەیە لە دووبارە بەشداری نەكردن لە خۆپیشاندان.

كاتێك ڕێبەر بەندیخانە جێدێڵێ و تەلەفۆنەكەی وەردەگرێتەوە، دەڵێ زانیوویەتی چەند هەوڵێك دراوە بۆ كردنەوەی تەلەفۆنەكەی. ئەو نیشانی هیومان ڕایتس ۆوچی دا كە چۆن ئەفسەرێك وێنەی خۆی گرتووە لەكاتی هەوڵدانی كردنەوەی تەلەفۆنەكەی. ڕێبەر ووتی لەدوای ئەوە ژمارەیەك ئیمەڵی لە فەیسبووكەوە پێگەیشتووە لەسەر هەوڵی چوونە ناو ئەكاونتەكەی.

دهۆك

٢٥ی مارس

حەكیم ووتی لە ٢٥ی مارس و لە دەوروبەری كاتژمێر ٩:٣٠ خولەكی سەرلەبەیانی دەگاتە خۆپیشاندانەكەی‌ دەرەوەی لقی پەروەردەی دهۆك. ئەفسەرێكی ئاسایش بەرەوڕووی دێت و پێی دەڵێ گرووپەكە مۆڵەتی خۆپیشاندانیان نیە. ”پێم گووت پێویستمان بە مۆڵەت نیە بۆ ئەم خۆپیشاندانە، مافەكانمان دەوێت و ئەگەر داوای مۆڵەتیش بكەین پارێزگار مۆڵەتمان پێنادات،” حەكیم بە هیومان ڕایتس ۆوچی ووت. ”پاشان ئەفسەرەكە بە پۆلیسێكی ئەو نزیكانە دەڵێ، ”ئەركی سەرشانی تۆیە مامەڵە لەگەڵ ئەمە بكەی.”

ئەو ووتی، نزیكەی ١٥ پۆلیس دەوری دەدەن و بەزۆر دەیخەنە ناو ئۆتۆمبێلێك. بۆ ڕۆژی داهاتوو لە كاتژمێر ٢ی سەرلەبەیانی ئازاد دەكرێ و فەرمانی پێدەكرێ لە ٢٧ی مارس لە دادگا ئامادەبێ كە لەوێ تۆمەتبار دەكرێ بە هێرشكردنە سەر فەرمانگەی حكومی—لقی پەروەردە. ئەو ووتیشی، لێكۆڵینەوەكان ئێستا بەردەوامەو ئەوەندەی ئەو بزانێ خۆپیشاندەران بیناكەیان وێران نەكردووە.

٢٧ی مارس

عەلی ئامادەی خۆپیشاندانەكەی بەردەم بینای فەرمانگەی پەروەردەی دهۆك دەبێت لە ٢٧ی مارس. ئەو ووتی لەكاتی هەوڵی دەستگیركردنیدا دوو ئەفسەر چەند جارێك بە بۆكز لێیانداوەو ڕایانكێشاوەتە ناو ئۆتۆمبێلێك، بەڵام خۆپیشاندەرەكان ڕایانكێشاوەتەوە دەرەوە. ئەو بینیوویەتی كە ئەفسەرەكان تەلەفۆنی كەسێكیان بردووە كە وێنەی ڕاكێش ڕاكێشەكەی گرتووەو هەموو وێنەو گرتە ڤیدیۆییەكانیان تێدا سڕیوەتەوە.

پێشینەی یاسایی

یاسا كوردیەكانی پەیوەست بەو بابەتەوەدەڵێن هەموو خۆپیشاندانێك پێویستی بە مۆڵەتی پێشوەخت هەیە لە وەزارەتی ناوخۆو بەرپرسانی ناوخۆیی تر. بڕگەی ٢١ لە پەیمانامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسیەكان كە عێراق بووەتە ئەندام تێیدا لە ساڵی ١٩٧١، دەڵێ، ”دەبێت مافی گردبوونەوەی هێمنانە دانی پێدابنرێ،” ئەم بڕگەیە ڕێگە بە سنوورداركردنێكی زۆر كەمیخۆپیشاندان دەدات.

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكانلەسەر مافەكانی ئازادی گردبوونەوەی هێمنانه و‌ بابەتی پەیوەندیدار لەم بارەیەوە دەڵێ، دەبێت ئازادی یاسا بێ و سنوورداركردن دەگمەن بێت. هەروەها دەشڵێت ، نابێت لەسەر ڕێكخەرانی خۆپیشاندان پێویست بكرێ لە بەدەستهێنانی مۆڵەتی فەرمی، ئەوەی ئەوپەڕی لەسەریان پێویست بێت ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە، ئەمەش بەمەرجێك یاساكان ڕوون و پێویست بن لە بەرقەراركردنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەلامەتی گشتی وڕێگریكردن له نانەوەی‌ پێشووی و پارێزگاریكردن لە تەندروستی و وورەی گشتی، یان ماف و ئازادی كەسانی تر.

یاسای سزادانی عێراقی (ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٧١) دەڵێ، دەبێت هەموو دەستگیركراوێك لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری دەستگیركردنیدا بهێنرێتە بەردەم دادوەری لێكۆڵەر.

ب.هـ

بابەتی دواتر

AL_NAJAF_AL_ASHRAF_INT.AIRPORT_-_panoramio

شەفەق نیوز بڵاویكردەوە، كۆمپانیای فڕۆكەوانی پادشای ئەردەنی لە بڕیارێكدا بەهۆی پەرەسەندنی خۆپیشاندانەكانی باشووری عێراق و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *