31749578_2045198535807465_4642171953992433664_n

پێوەرەکانی بەربژێری سەرکەوتوو

عوسمان حمەکریم زەڵمی

لەدونیای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی ئەمڕۆو دوێنێى مرۆڤایەتی ؛ لەھەر گۆشەیەکی پانتایی ئەم زەمینە ، دەگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە پێوەرە زانستی و ئەقڵی و جێگیرەکانی پەیامی بەختەوەرکردنی مرۆڤ ، کە لەھەر سەردەمێکدا پێویست بووبێت خوای بەخشندە لەڕێی نێراوی ھەڵبژێراوی خۆیەوە پێی بەخشیون ، وە ھۆکاری سەرەکی پێشکەوتنی وڵاتانی ئەمڕۆش گەواھیەکی ڕوونە .
ھەموان دەزانین چەمکی دیاریکردن و ھەڵبژاردن پێویستی بە دوو لایەنە ، یەکەمیان ھاوڵاتی بەربژێرە ، کە مافی ئەوەی ھەیە کەسێک دەست نیشان بکات و ئەرک و وەزیفەیەکی پێ بسپێرێ لە دامەزراوەکانی نیشتمان و وڵاتدا .
لایەنی دووەم ئەو کەسەیە کەخۆی دەپاڵێوێ (کاندیدكردن) بۆ وەرگرتنی پلەو پۆست و ئەرک و وەزیفەیەک . جا ئەو کەسانە پێویستە شایستەیی بۆ ئەو ئەرکە ھەبێت ، بەدروستی خاوەنی ئەو سیفەتانە بێت کە ئەھلیەتی پێ دەبەخشن . ھەروەک کەسی ھەڵبژێرو دەنگدەر ئەرکیەتی ئاشنایی تەواوی ھەبێت لەدیاریکردن و ھەڵبژرادنی پاڵێوراواندا .
بۆ ئەو مەبەستە مەزنە ، گرنگە بزانێت کەوا پێوەرەکان پەیوەستن بە کەسەکان خۆیان نەوەک شتی دیکە . کە لە مەزترین پەرتوکی خوا کە قورئانە، وە فەرموودەی نێراوەکەیدا ، پێوەر جێگیر کراوە بۆ ھەڵبژاردن و دەستنیشان کردنی کەسی پاڵێوراو ، لەبەر ئەوەیە کە وتراوەو دەوترێت دەنگدان شایەتی دانە . بەم شێوەیە :
یەکەم : پاراستن و پارێزگاری (الحفظ). ئەو کەسەی ئەرکی ھاوڵاتیانی پێ دەسپێرێ گرنگە خاوەنی ئەم خەسڵەتە مانادارە بێت ، دروست بتوانێ ئەمانەداری بکات ، ئەو بەرپرسیاریە لە گەردنی دەکرێ بەتەواوی مانا پارێزگاری لێ بکات و زایەی نەکات . کەواتە دەبێت دەنگدەر دڵنیابێت لە ئەمینی و پاکی ئەو کەسەی ھەڵی دەبژێرێ .
دووەم : زانست و زانیارییە دەربارەی ئەرک و بەرپرسیاریەکەی . ئاگاداربوونە لە ڕۆژگار و بارودۆخ و دەورو بەری ، شارەزابوونە بەخواستی ڕەواو دەستوری دەنگدەرانی ، کاندید ھەروا پێویستە پارێزگارو پارێزەری ئەرکەکەی بێت ، ھەرواش گرنگە و ئەرکە دەبێت بزانێت چۆن بە دروستی کارەکانی بەڕێوە دەبات . بە بەڵگەی :(اجْعَلْنِي عَلَى خَزَائِنِ الأرْضِ إِنِّي حَفِيظٌ عَلِيمٌ) .
سێیەم : بەھێزی و بوێری و تواناداری (القوة) . كانديد ئەرکیەتی دروست و بەھێز لەئاست تەحەدیەکاندا بووەستێت ، نە بە تەماع بخەڵەتێ و لەخشتە ببرێ ، وە نە بەھەڕەشە و فشارو ترساندن و چاولێ سوور کردنەوە ، بتۆقێ و ببەزێ و بکەوێ و کەنار بگرێ .
چوارەم : دەستپاکی و ئەمەکداری و ئەمانەداری (الأمانة) . پاڵێوراو پێویستە ھەمیشە ئەو ڕاستیە بزانێت کە ئەم کارو ئەرکە موڵکی خەڵکەو ، ئەو کراوە بە شوان و لەئەستۆی نراوە ، ئەرکیەتی لەئاستیدا پاک و ئەمین بێت ، ئەمانەداریەکەی بەدروستی بگەیەنێتە جێی خۆی . (إِنَّ خَيْرَ مَنِ اسْتَأْجَرْتَ الْقَوِيُّ الأمِينُ).
پێنجەم : شیاوی و شایانی و شایستەیی و پێ ڕەوابینین (الأھلیة) . ئەرکەو پێویستە کەسی کاندیک شیاوی ئەو ئەرکە بێت ، دەنگدەر لێی ڕاببینێ کە شایستەی ئەو کارو سپاردەی ھەیە کەپێی دەسپێرێ . چونکە گەر بە حەق و ڕەوایی وەری نەگرێ ، ناتوانێ بەدروستی بەجێی بێنێ ، ئەوکات ئەدای لاواز دەبێت و زایەی دەکات و لەدەستی دەدات . دەی زایە کردنی سپاردە پەشیمانی و گرفتاری بەدواوە دێت . (وإنها أمانة . وإنها يوم القيامة ، خزي وندامة) .
شەشەم : شارەزایی وردو پسپۆڕی (التخصص). کەسی پاڵێوراو دەبێت شارەزایی دروست و وردی بوارێک بێت و پسپۆڕی تیایدا ھەبێت ، تا بتوانێت کارو ئەرکی سەرشانی بەجوانی ڕاپەڕێنێ ، خۆی نەبوێرێ لە ئیش و ، ڕانەکات لەکارو خواستی ڕەوای ھاوڵاتی و دەنگدەران . (وَلَا يُنَبِّئُكَ مِثْلُ خَبِيرٍ) .
حەوتەم : چاکترین (أصلح) بەرترینە . کاتێک بەربژێرەکان نزیکن لەیەکەوە ، ئەوکات ئەرکی دەنگدەرە پێداگری بکات لەسەر چاکترینە کەیان ، ویژدانی ئاسوودە کات بەوەی باشترینەکەیان ھەڵبژێرێت . (هُوَ أَفْصَحُ مِنِّي لِسَانًا) .
لێرەوە داواێکی دڵسۆزانە لە دەنگدەرانی نیشتمانەکەم دەکەم و دەڵێم : بەڕێزان ، ئەمە ئەرکە و لە گەردنی خۆمانە ، بەدیار کێوە جێی بێڵین ؟! کێى تر لە خۆت بەدڵسۆزتر دەزانی ؟! دەی با لەم وێستگەوە دەست پێ بکەین ـ زووترو چاکتر ـ ئەم پێوەرانەی باسمان کردن بکەینە بنەما بۆ ھەڵبژاردنی لیست و کاندیدەکانى ئەم ھەڵبژاردنەی ڕۆژی ( ١٢ / ٥ / ٢٠١٨ ) .

ش.ك

بابەتی دواتر

29216823_1919107028130852_6277528803319642233_n

له‌ سۆشیال میدیایه‌كى درۆینه‌وه‌، به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى دواكه‌وتوی سێكسخوازی…

له‌سه‌ره‌تاى دروست بونى ژیانه‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌مرۆ، زۆرینه‌ى مرۆڤه‌كان دوو رووى تایبه‌تیان هه‌بوه‌،به‌ڵام له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنى تۆڕه‌ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *