35

دەبێت دەنگدەر دەنگ بەكام لیست و كاندید بدات؟

زانا ئەحمەد عەلى

وەك ئەوەی چاوەڕێ دەكرێت ئەم هەڵبژاردنە جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو گەرم و گوڕی و كێشمە كێشمێكی زیاتر بەخۆوە دەبینێت و زیاترلە هەڵبژاردنەكانی تر بانگەشە پڕو توندتر دەبێت هەم بۆ دەنگدەرو هەم بۆ ئەو قەوارە سیاسیانەی كە ئێستا ئاسمان و زەوییان داپۆشیوە بە پۆستەرە رەنگاورەنگەكانیان ،ئەمەش لەبەردووهۆكار:.
یەكەم: دەنگدەری هەرێم تاقەتی چووە لە بەڵین و پەیمانی پێش هەلبژاردن، چونكە بۆ چەندەمین جارە هێزە سیاسیە دەسەڵاتدارەكان بە خەرمانێك پرۆژەو بەڵێنی پێش هەڵبژاردن دەنگدەری هەناسەساردی ئەم مەملەكەتەخێرلەخۆنەدیوە فریو دەدەن و گرەو لەسەر چارەنوسی ڕەشی دەكەن،بەتایبەت ئەو پارتە دەسەڵاتدارانەی كە عەیامێكە دەستیانگرتووە بەسەر ژێرخان و سەرخانی ئەم هەرێمەداو بۆ خێرو بێرەكەی بەشێوەی برا لەنێو خۆیاندا دابەشی دەكەن و بۆ شكست و فەشەلەكانیش بەردەبنه ‌گیانی یەكتر!!! شیرینی گرێبەستە نەوتیەكان و ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بەنمونە.
دووەم :لەبەرئەوەی بەشێكی بەرچاوی هێزە سیاسیەباڵاكان مەحكومن بەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بەڵێنی بریقەداری زۆرو كردارو بەرهەمی كەمیان هەبووە،بۆیە ئاسان نیە بانگەشە بۆیان،بەشێكی زۆریان ئەو غیرەتە بەخۆیان نادەن جارێكی تر خەڵكی لەناو تەپ و تۆزو بەڵێنە ئەرخەوانیەكانیاندا سەرقاڵبكەن،بۆیە زۆركات شەرمنانە ڕووی داواكاریان دەكەنە دەنگدەر و داوای ئەوەیان لێدەكەن متمانەیان پێببەخشن لەبەرامبەریشدا بەشێكی تریان زۆر بێچاووڕوانە بە خەرمانێك بەڵین و پرۆژەوە ڕوی داواكاریان دەكەنە ئەو دەنگدەرەی كە چەند جارێك بۆتە نێچیری بەڵین و پەیمانە درۆینەكانیان!!!.
ئێستا پرسیارە جددی و جەوهەریەكە ئەوەیە دەبێت دەنگدەر دەنگ بەكێ بدات؟ كام هێزو كام گروپ و كاندید شایانی ئەوەن ببنە دەمراست و نوێنەری خەڵكی؟
بەبۆچونی من دەبێت ئەمجارە دەنگدەر زۆر لێزانانە و ئازایانە ئەوپەڕی سەلیقەی خۆی بەكاربهێنێت،بۆئەوەی بتوانێت ئەو هێزو‌ كاندیدانە گوڵبژێربكات كە هەم و غەمیان غەمی گشتی و ژیان و گوزەرانی ‌خەڵكی بەشمەینەت و خێرلەخۆنەدیوی ئەم هەرێمی نەوت و گازەیە نەك گیرفانی تایبەتی خۆیان.
ئاخر كێشەی ئەم میللەتە ماندووەی كورد لەوەدایە چوار ساڵ گوڕدەخواتەوە بۆئەوەی لەسەر سندوقەكانی دەنگدان سزای ئەو كاندیدولایەنانە بدات كەپێشتر بە بەلێنی بێكردار سەرقاڵی كردوون ، بەڵام بەچەند رۆژێك پێش هەلبژاردن كە گوێبیستی سرودێكی نیشتیمانی و گۆرانیەكی تایبەت بەهەڵبژاردن دەبێت بە قودرەتی قادر كێرڤی كوردایەتی و دەماری حزبی وەك ڤیلای مەسئولە سەروسمێڵ رەشەكان بەرز دەبێتەوە وەك ئەوەی نەبای دیبێت و نەبۆران!!!
ئیدی بۆچوار ساڵی تر بەخت و چارەنوس و بەرژەوەندی خۆی تەسلیمی چارەنوسێكی نادیارو ئەو كەسانە دەكات كە بەردەوام سەركۆنەی كردوون لەبەرامبەر جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانیان.
ئاخر گەلی براینە دوای 27ساڵ هێشتا ئێمە شەر لەسەر بەدەستهێنانی مافگەلێك دەكەین كە چەند سەدەیەك پێش ئێستا بۆ خەڵكی تر دەستەبەركراوە!!!
پاش 27ساڵ هێشتا ئێمە گلەیی لە خاك فرۆشی و خەڵك فرۆشی هەندێك هێزدەكەین ،بەڵام لەكاتی دەنگداندا تەواوی گلەیی و گازندەكان نادیدە دەگرین.!!!
لەم هەرێمی نەوت و گازەدا لە گەرمترین رۆژەكانی ساڵدا موچەی ساردترین رۆژەكانی ساڵ وەردەگرین و لەگەرمای تاقەتپروكێنی هاوین دا خەمی نەوتی زستانی ساردمانە و لە زستانی سەرماو سۆڵەشدا خەمی نەبوونی كارەبای رۆژانی گەرمی هاوینمانە!!!
بۆیە هەتا ئێمەی دەنگدەر هێندە خۆش باوەڕو فیكرو زەین لاوازبین و ئاسان ستەم و نادادگاریەكانی ڕابردوو لەیاد بكەین ئەوا ئاسانتر ئەو هێزو لایەنانە تەراتێن بەسەر موقەددەرات و ژین و چارەنوسمانەوە دەكەن و باشتر بۆ ئەوان دەبینە نێچری رۆژانی دەنگدان.

ژ.ك

بابەتی دواتر

31749578_2045198535807465_4642171953992433664_n-660x330

وچانێک لەبەردەم زاراوەی (مبارك) دا

عوسمان حمەکریم زەڵمی   (برك): بنچینەی ئەم وشەیە (البرك) بەکاربراوە بۆچەند شت وەک : چەسپاندنی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *