17532017_56740ff19deb5

بەریتانیا بڕی ١٢ ملیار دۆلار قەرز دەدات بە عێراق

وەزیری دارایی عێراق بە وەکالەت، ڕایگەیاند حکومەتی بەریتانیا رەزامەندی دەربڕێوە لەسەر پێدانی بڕی ١٢ ملیار و ٢٩ ملیۆن دۆلار بە عێراق، بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابوری عێراق بۆ ماوەی ١٠ ساڵ.

 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا عەبدولڕەزاق عیسا وەزیری دارایی عێراق بە وەکالەت ڕایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیا بەریتانییەکان گرێبەستکراوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی کە لەڕێگەی ئەو قەرزانەوە کۆمەک دەکرێن، ئاماژەی بەوەشکرد ڕێژەی سودی ئەو قەرزانەش لەلایەن حکومەتی بەرتیانیاوە دیاریدەکرێت.

وەزیری دارایی عێراق ڕاشیگەیاند، ئامانج لەو قەرزانە کۆمەککردنی پرۆژەکانی ژێرخانی ئابوری عێراقە، وەک پرۆژەکانی ئاوەڕۆ و خزمەتگوزارییەکانی دیکە و بۆ ماوەی ١٠ ساڵیش بەردەوام دەبێت.

پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاندبوو، هەریەکە لە بەریتانیا و عێراق یاداشتێکی لێتێگەیشتنیان ئیمزاکردووە بۆ دابینکردنی کۆمەکی دارایی بۆ چەند پرۆژەیەکی دیاریکراو.

بەریتانیا هاوبەشێکی سەرەکییە لە جەنگی هاوپەیەمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

لە دوای تێپەڕبوونی ١٤ ساڵ بەسەر داگیرکردنی عێراق لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە، تا ئێساش عێراق گیرۆدەی کەمی سەرچاوەی وزەی کارەبا و نەبوونی ئاوی خواردنە و کەمی قوتابخانە و نەخۆشخانەیە.

جگەلەوەش تا ئیستا ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی چەند ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕێژە و دیاردەی گەندەڵی لە عێراقدا بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا عێراق لەڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەی جیهانە، کە دیاردەی گەندەڵی بەڕێژەیەکی بەرچاو تیایدا بڵاوە.

جگە لەوەش شەڕی داعش و نزمبوونەوەی نرخی نەوت، هۆکار بوون بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی داهاتی عێراق و دروستبوونی قەیرانی دارایی.

بابەتی دواتر

03a86a846b8aeaffafbf7f91ba175bad_L

لەسەر فرۆشتنی گۆشتی گوێدرێژ لەسلێمانی ڕونكردنەوە دەدرێت

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت رەدی دەكاتەوە لە شاری سلێمانی گۆشتی گوێدرێژ فرۆشرابێت و رایدەگەیەنێت: دەزگایەكی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *