Doc-P-134054-636492263015393363

هەڤاڵ ئەبوبەكر لە نامەیەكی خێرا دا : داوای لێكۆڵینەوەی خێراو ڕوون و یاساییانە ده كات

باسك-

هەڤاڵ ئەبوبەكر ، پارێزگاری سلێمانی لە نامەیەكی خێرا دا بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئەركی یاسایی بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئەستۆی ئێوەدا بێت، ئەوا ئەركی پاراستنی هاووڵاتیان و ئاسایش و ئارامیی و ژیان و شكۆو ماف و دەنگ و زەمینەی بەشداریكردنیان لە ئەستۆی ئێمەدایە، لەم ڕوانگەیەوە كەمتەرخەمیی و خەمساردیی و بێباكیی هەندێك لە كەسانی ناو كۆمسیۆن لەهەندێك شوێن،دۆخێكی مەترسیداریی نەخوازراویان هێناوەتەكایەوە.

 

دەشڵێت:”بۆ ڕەواندنەوەی هەموو ئەمانە داوای لێكۆڵینەوەی خێراو ڕوون و یاساییانە لە ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و لە ئەنجامەكانی دەنگدان دەكەین ، بە پێچەوانەوە مانایەك بۆ دەنگی ڕەوای خەڵك و بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و بۆ سیستمی دیموكراسیی و بۆ سەروەریی یاسا نامێنێتەوە”.
ڕاشیگەیاندووە، پێویستە كۆمسیۆن بەخێرایی كۆتایی بە گەمەی دەنگەكان بهێنێت، یان بەدەست ئەژماریانبكاتەوە، یان كۆپیی وێنەی دەنگی دەنگدەران بداتە قەوارە بەشداربووەكان، بۆیە هەر لێكەوتەیەكی خراپ و نەخوازراو لەم پرۆسەیە بكەوێتەوە، بەر لەهەر لایەنێكی گلاو لەم لادانانە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەرپرسیارە ليى.

ده قى نامه كه:

 

نامەیەكی خێرا بۆ؛
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق
بەناوی خودای مەزنی میهرەبان
– هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق..
– نوێنەرایەتیی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا..
– ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان..
– سەرجەم باڵیۆزخانەو كونسڵخانەكانی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا..
ئێمە لە پارێزگای سلێمانی، بێلایەنانە و یاساییانە و ئیدارییانە و بەرپرسانە و دەوڵەتییانە، چاوەڕوانی بەڵێن و لێدوانە ڕەسمییەكانتان بووین دەرهەق بەو هەموو گومان و كەمتەرخەمیی و ساختەكارییانەی لە ئەنجامی دەنگی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەكانی ڕۆژی 12/5/2018كرابوون، بەڵام بەنیگەرانییەكی زۆرەوە سوربوونی خۆتان لەسەر ڕاگەیاندنی ئەنجامەبەراییەكان و گوێنەدان بە نووسراوە ڕەسمیی و تانەو سكاڵاكان دووپاتكردەوە، لە بری ڕەواندنەوەی گومانەكان، پانتایی گومانەكانتان زیاتركرد.

 

لەم بارەیەوە بەڕونیی و ڕاشكاویی پێتان ڕادەگەیەنین، كە ئەگەر ئەركی یاسایی بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئەستۆی ئێوەدا بێت، ئەوا ئەركی پاراستنی هاووڵاتیان و ئاسایش و ئارامیی و ژیان و شكۆو ماف و دەنگ و زەمینەی بەشداریكردنیان لە ئەستۆی ئێمەدایە، لەم ڕوانگەیەوە كەمتەرخەمیی و خەمساردیی و بێباكیی هەندێك لە كەسانی ناو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق و ئۆفیسەكانی كۆمسیۆن لەهەندێك شوێن، دۆخێكی مەترسیداریی نەخوازراویان هێناوەتەكایەوە.

 

بۆ ڕەواندنەوەی هەموو ئەمانە؛ داوای لێكۆڵینەوەی خێراو ڕوون و یاساییانە لە ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و لە ئەنجامەكانی دەنگدان دەكەین و داوا دەكەین سكاڵای لایەنەكان بەهێند وەربگیرێن، بە پێچەوانەوە مانایەك بۆ دەنگی ڕەوای خەڵك و بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و بۆ سیستمی دیموكراسیی و بۆ سەروەریی یاسا نامێنێتەوەو ئەم ناوچەیە ڕوبەڕوی قەیرانگەلێكی سەخت و دژوارو ئاڵۆزتر دەبێتەوە، متمانەی خەڵك بە دامەزراوە دەستوریی و دەوڵەتییەكان نامێنێت، زەمینەی بەریەككەوتنی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی دەهێنێتەكایەوە.

 

گۆڕینی دەنگی ڕەوای خەڵك و قەبارەی قەوارەكان و نوێنەرایەتیی كاندیداكان، گۆڕینی شادیی هاووڵاتیان بەشین، سەركەوتن بە كەوتن، ئاشتیی بە شەڕ، ڕاستیی بە ساختە، تاوانگەلێكی گەورەن، ڕێ بۆ دوبارەبونەوەی هاوشێوەی پەلاماردانە ناڕەواكان بۆ سەر بارەگای سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنە ناڕازییەكانی تر، خۆشدەكەن.

 

بۆیە پێویستە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق؛ بەخێرایی كۆتایی بە گەمەی دەنگەكان بهێنێت، یان بەدەست ئەژماریانبكاتەوە، یان كۆپیی وێنەی دەنگی دەنگدەران بداتە قەوارە بەشداربووەكان.

 

هەر لێكەوتەیەكی خراپ و نەخوازراو لەم پرۆسەیە بكەوێتەوە، بەر لەهەر لایەنێكی گلاو لەم لادانانە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەرپرسیارە.

 

لەگەڵ ڕێزدا..
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
17/5/2018

 

 

ش.ك

بابەتی دواتر

AL_NAJAF_AL_ASHRAF_INT.AIRPORT_-_panoramio

شەفەق نیوز بڵاویكردەوە، كۆمپانیای فڕۆكەوانی پادشای ئەردەنی لە بڕیارێكدا بەهۆی پەرەسەندنی خۆپیشاندانەكانی باشووری عێراق و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *