31749578_2045198535807465_4642171953992433664_n

سەبرو خۆڕاگری لەدیوە ڕوونەکەیەوە

 

عوسمان حمەکریم زەڵمی

پوختەی  زاراوەی سەبر سێ مانا دەگرێتە خۆی ، کە بریتین لە : بەندکردن ، بڵندڕاگرتن ، مەحکەمکردن .

یەکەم : خۆ بەندکردن و بارھێنانی نەفس لەسەر ئەوەی ئەقڵ و شەرع لێی دەخوازن و ملکەچ کردن بۆی .

دووەم : خۆڕاگریەک کە نە بێزاری تیادەربڕێ ، وەنە گلەیی و سکاڵای تیا بکرێ ، پێیشی دەوترێ (صَبْرٌ جَمِيلٌ) .

سێیەم : خۆکۆکردنەوە و تۆکمەبوون بەپێی خواستی قۆناغی تەمەن ، وە بێباکی لە شڵەژان و زەندەق چوون .

جا ئەرک و تەکلیف لە دوو بواردا ڕوو بەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە : خێرو خۆشی ، کە پێویستی بە سوپاسگوزاری و زیادەڕۆیی نەکردنە ، وە شەڕو ناخۆشی ، کە پێویستی بە خۆڕاگری و بێزاری دەرنەبڕینە .

لەبەر گرنگی سەبرو خۆڕاگری بۆ ئاوەزداران ، دەبینین لەقورئانی موبارەکدا زیاتر لە (٩٠) جێگا باسی ھاتووەو ، پەیوەست کراوە بەکارو کردەوەی چاک و، پەیڕەوی ڕەواو حەق و ، ئاکارو خەسڵەتی مەزن و بەرزو شیرینەوە .

لێرەدا گرنگە جیاوازی بکەین لەنێوان دەستەواژەی (الصبر، والتصبر، والاصطبار، والمصابرة، والاحتمال). بەپێی حاڵی کەسێک لەگەڵ غەیری خۆیدا ، بەم شێوەیە .

ـ گەر کەسێک نەفسی گرت و ڕێگری لێکرد لەشتێك کە ئەو حەزی پێ دەکات ، لەبەر ئەوەی ڕەوا نیە بۆی ؛ ئەوە ناو دەھێنرێ بە سەبرو ئارامی (الصبر) .

ـ بەڵام گەر زۆری لەخۆ کردو ناڕەحەت بوو ، تاڵی چەشت لەو خۆڕاگرتنەيدا ، ئەوە ناو دەبرێ بە (تصبر) . وەک چۆن کەسێک تەکلیف لەخۆی دەکات تاکو نەرم و نیان و بوێرو ڕێزگرو بەرگەگر بێت و ، ئەمانە ببنە خوو خەسڵەتی .

جا ھەرکات مرۆڤ لەھەر بوارەدا زۆری لەخۆکردو خۆی ماندوو کرد ، ئەوا خودا یارمەتی دەدات تاکو ببێتە خاوەنی ئەو تایبەتمەندیە کە بۆی کۆشاوە (… ومن يتَصبَّر يُصبِّرهُ اللَّهُ وما أعطى اللَّهُ أحدًا من عطاءٍ أوسعَ منَ الصَّبرِ . (الألباني : 1644 ، صحيح) .

ـ ھەرچی (الاصطبار) بانترە لە (التصبر) : چونکە ئەو لە بابی (افتعال)ە و بە پلەی (الاكتساب)ه ، وە (التصبر) سەرەتایە بۆ بەدەستھێنانی (الاصطبار) ، ھەروەک چۆن (التکسب) پێشەکیە بۆ (الاكتساب) . بەردەوام خۆی ڕادەگرێ تاکو خۆڕاگری بەدەست دەھێنێ .

ـ بەڵام (المصابرة) بریتیە لە وەستانەوەو بەرھەڵستی کردن لەڕوی نەیارو دوژمن ، لەمەیدانی سەبردا  .

چونکە لەبابی (مفاعلة)یە و ، لەنێوان دوو کەس یان دوو دەستەو بەرە ڕوودەدات ، وەک لەیەکتر خوێندن و یەکتر كوتان و .. تاد ، بە بەڵگەی :

(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ اصْبِرُواْ وَصَابِرُواْ وَرَابِطُواْ وَاتَّقُواْ اللّهَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ/ آل عمران: ٢٠٠) . دەبینین فرمانیان پێدەکات بە خۆڕاگری (الصبر) ، ئەوە حاڵی خۆڕاگرە (الصابر) لە ناخیدا ، وە بە پێشەنگ بوون لە خۆڕاگریدا (المصابرة) کە ئەمەیان حاڵەتی خۆڕاگرتنە لەگەڵ نەیاردا ، وە دەبێت لەو زیاترو چاکتر خۆڕاگری بنوێنێ .

بەدوای ئەوەشدا کەمتەرخەمی نەنواندن لە بەھێز ڕاگرتنی ڕیزی ناوخۆ، تاکو شەیتان دزە نەکاتە ناویانەوە ، وە مەحکەم کردنی مەتەرێزو خاڵی تەماس ، نەوەک نەیارو دوژمن لێوەی خۆیان بخزێننە ناويان .

لێرەوە دەتوانین دروست بە ماناکانی سەبرو خۆڕاگری ئاشنا ببین بەپێی دۆخ و شوێنی ، بەم شێوەیە :

گەر گرتنی نەفس و بەندکردنی بوو لە بەرانبەر ئازارو موسیبەتێک ، ئەوە بە مانای خۆڕاگریە (الصبر) ، گەر لە حاڵەتی وەستانەوە بوو بەرانبەر نەیار ، ئەوە بە واتای ئازایەتیە (الشجاعة) ، گەر خۆگرتن بوو لە نەدرکاندنی سپاردە ، ئەوە بەمانای  نھێنی پارێزیە (کتمان) ، گەر خۆ بواردن بوو لە زیادەڕۆیی و خەرج ، ئەوە بەمانای نەویستن و خۆپەرێزیە (زھد) ، گەر دووری گرتن بوو لە ئارەزوبازی ، ئەوە بەمانای پاکداوێنیە (عفة)، گەر زاڵبوون بوو بەسەر ڕق و تووڕەییدا ، ئەوە بە واتای نەرم و نیانیە (حلم) .

ناوی کۆکەرەوە بۆ ئەمانە ھەمووی بریتیە لە (الصبر) ، ئەوەيە کە دەوترێ مەقاماتی دین ھەموویان پەیوەستن بە سەبرو خۆڕاگرییەوە (الصبر) . ئەو مەرتەبانەش ئەمانەن :  (صابر ، مصطبر ، متصبّر ، صبور ، صبّار ) . ڕەمەزانيش دەرفەتی  گرنگە بۆ خۆ بارھێنان لەسەر سەبرو خۆڕاگرى .

 

ش.ك

 

 

بابەتی دواتر

43828097_333644830741913_3554331152519004160_n

راگه‌یانراوو به‌یاننامه‌ تاتييه تیەكان و سه‌رنجێكی سه‌رپێیانه‌

راگه‌یانراوه و به‌یاننامه‌ تاتييه تیەكان و سه‌رنجێكی سه‌رپێیانه‌ ن. عه لی حاجی زەلمی به ئاشكرا شه‌رمی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *