maxresdefault

د.عبدالدائم معروف: مامه‌ڵه‌كانی كۆمپانیای (كیو نێت) مامه‌ڵه‌یه‌كی حه‌رام و نادرووستن

د.عبدالدائم معروف هه‌ورامانیK مامه‌ڵه‌كانی كۆمپانیای (كیو نێت) مامه‌ڵه‌یه‌كی حه‌رام و نادرووستن،له ڕووه‌ زانستیه‌كه‌ی حه‌رام بوونی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ڕوون بده كاتهوه‌ .. ئه‌مه‌ش ده كيرينه وه بو دوو هو كار.

ده قي نوسراوه كه ى:

مامه‌ڵه‌كانی كۆمپانیای (كیو نێت) مامه‌ڵه‌یه‌كی حه‌رام و نادرووستن

د.عبدالدائم معروف هه‌ورامانی

پێش باس:
پاش ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كم له‌سه‌ر كۆمپانیای كیو نێت و كورته‌ نووسراوێكم له‌سه‌ر كۆمپانیای ناوبراو نووسی هه‌ندێ‌ دۆست كه‌ له‌و كۆمپانیایه‌ به‌شدار بوون و سه‌عات یه‌كی هاتنه‌ لای ماڵمان و ووتیان مامۆستا ئێمه‌ به‌ڵگه‌مان لایه‌ و بۆ نزیكه‌ی دووی شه‌و به‌ڵگه‌كانیان بۆ هێنام و منیش وورد گوێم له‌ هه‌موویان گرت… هه‌ندێكیان هیچ په‌یوه‌ندیان نه‌بوو به‌ كیو نێته‌وه‌ و هه‌ندێكی تریان له‌ بڕێ‌ كۆلكه‌ مه‌لاوه‌ كه‌ له‌ ووڵاتی خۆیان هیچ اعتبارێكی زانستیان نیه‌ ووتراون و هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی شه‌رعیان تێدا نه‌بوو … ته‌نها هه‌ندێ‌ قسه‌ی لاواز كه‌ له‌ كه‌سانی نه‌شاره‌زا له‌ فیقهی ئیسلامی و مه‌قاصیدی شه‌ریعه‌ت و ئابوری ئیسلامی و بێ‌ گوێدانه‌ بنه‌ما نه‌گۆڕه‌كانی مامه‌ڵه‌ی ئیسلامی ووتراون وه‌ هه‌ندێكیان زۆر كۆنن و ئه‌و قسانه‌ هی سه‌ره‌تای ئه‌م كارانه‌یه‌ و هێشتا زۆر به‌ چاكی ئه‌م كۆمپانیایانه‌ خۆیان ده‌رنه‌خستووه‌ و ناواخنیان ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ و هه‌ندێك له‌وانه‌ش كه‌ باسی درووستیان كردووه‌ په‌شیمان بوونه‌ته‌وه‌ و قسه‌ی نوێیان پێیان حه‌رامه‌ ده‌توانن له‌ سایت و په‌یجه‌كانی خۆیان به‌ دواداچوونی بۆ بكه‌ن … لێره‌ مه‌به‌ستم وه‌ڵامدانه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و كورته‌ ڤیدیۆیانه‌ نیه‌ و مه‌به‌ستمه‌ ڕووه‌ زانستیه‌كه‌ی حه‌رام بوونی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ڕوون بكه‌مه‌وه‌ .. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر دوو هۆ:
یه‌كه‌م: ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی نه‌كه‌وتوونه‌ته‌ ناو ئه‌م بازرگانیه‌ ساخته‌یه‌ خۆیان بپارێزن و ئه‌وانه‌ش تێ‌ كه‌وتوون بگه‌ڕێنه‌وه‌ و زه‌ره‌ر له‌ نیوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ قازانجه‌.
دووه‌م: پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هووشیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م حاڵه‌تانه‌ بكه‌ن و زۆرێك له‌م كۆمپانیایانه‌ پاره‌یه‌كی زۆری خه‌یاڵی هه‌رێمی كوردستان به‌ مفتی ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ و ژێرخانی ئابووری ووڵات كاول ده‌كه‌ن … وه‌ك له‌ هه‌ندێ‌ ده‌وڵه‌ت یاساغ كراون یاساغ بكرێن وه‌ك له‌ نووسراوی لیژنه‌ی باڵای فه‌توای هه‌رێمدا هاتووه‌.

 
ناساندنی كیو نێت
كۆمپانیای (كیونێت) یان (كویست نت) كۆمپانیایه‌كی جیهانیه‌ له‌ بازرگانی ئه‌نته‌رنێتی و هه‌ندێ‌ كاڵای هه‌یه‌ بۆ فرۆشتن وه‌ك (فلته‌ری ئاو و سه‌عات و گه‌وهه‌ره‌كان و هتد) هه‌روه‌ها هه‌ندێ‌ خزمه‌تگوزاری وه‌ك سه‌فه‌ر و سیاحه‌تی هه‌ن كه‌ نزیكه‌ی (300) جۆرێك ده‌بێت.
هه‌موو به‌شدارێكی كیونێت كه‌ بیه‌وێت سوود وه‌رگرێت ده‌بێت سێ‌ مه‌رجی تێدا بێت:
1. پێویسته‌ ببێته‌ نوێنه‌رێكی ڕاسته‌قینه‌ی كیو نێت نه‌ك ته‌نها كڕیارێكی ئاسایی .. بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ یه‌كه‌مجار شتێك بكڕێت له‌ كیونێت و دواتر له‌ ڕێی ئه‌نته‌رنێت په‌یوه‌ندی بكاتب ه‌ نووسینگه‌ی كیونێت و ڕسومات (10) دۆلار بدات.. دواتر كیونێت سایتێكی سه‌ربه‌خۆی تایبه‌ت به‌ خۆی ده‌داتێ‌ و له‌ ڕێیه‌وه‌ ده‌توانێت ئاگای له‌ حیسابات و قازانجه‌كانی بێت … ئه‌مه‌ش ساڵانه‌یه‌ و پێویسته‌ تازه‌ بكرێته‌وه‌…
2. پێویسته‌ به‌شدار بوو سایته‌كه‌ی كارا بكات تا بتوانێت قازانج بكات ئه‌ویش به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ كڕیاری نوێ‌ په‌یدا بكاتب ۆ كڕینی كاڵاكانی كیو نێت به‌ مه‌رجێ‌ ئه‌و شتانه‌ بگه‌نه‌ ئه‌و قیمه‌ت و وه‌حده‌یه‌ی كیو نێت دیاری كردوه‌ بۆ كاراكردنی سایته‌كه‌.
3. پێویسته‌ لانی كه‌م دوو كه‌س له‌ ڕێی ئه‌م له‌ كه‌سه‌ بێنه‌ ناو كیونێت و ببنه‌ خاوه‌نی سایتی خۆیان..
هه‌ر كات ئه‌م سێ‌ خاڵه‌ هاته‌ دی ئیتر نوێنه‌ری كیونێت ده‌توانێت له‌ پشكی قازانج به‌شدار بێت به‌و شێوازه‌ وه‌حده‌ییه‌ی كه‌ كیو نێت دیاری كردووه‌…
له‌گه‌ڵ هه‌ندێ‌ وورده‌ یاسای تر كه‌ كیونێت دایناوه‌ له‌سه‌ر كڕیار و به‌شدار بووه‌كانی….

 
حه‌رامیه‌تی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م كۆمپانیایه‌
دوای به‌ دواداچوونم بۆ زۆرێك له‌ ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌ مه‌عریفی و ئه‌كادیمی و فه‌تواییه‌كانی جیهان بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌موویان كۆكن له‌سه‌ر حه‌رامیه‌تی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م كۆمپانیایانه‌ی كه‌ له‌ (100) كۆمپانیای ته‌سویقی شه‌به‌كی تێ‌ ده‌په‌ڕێن و كیو نێت یه‌كێكیانه‌ وه‌ك لیژنه‌ی فه‌توای دائیمه‌ی سعودیه‌ و كۆمكاری فیقهی ئیسلامی و لیژنه‌ی فه‌توای ئه‌زهه‌ر و لیژنه‌ی فه‌توای كوێت و لیژنه‌ی فه‌توای جه‌زائیر و كۆمكاری فیقهی سودان و لیژنه‌ی باڵای فه‌توای هه‌رێم …
كڕین و فرۆشتن له‌ فیقهی ئیسلامیدا یاسا و ڕێسای تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ ئه‌م كڕین و فرۆشتنانه‌ی كۆمپانیای كیو نێت له‌ چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه‌ حه‌رام و ناپه‌سه‌نده‌:
یه‌كه‌م: ئه‌و كاڵایانه‌ی ده‌یفرۆشن نرخه‌كانیان زۆر به‌رزه‌ به‌سه‌ر بازاڕی ئاساییدا له‌م ڕووه‌شه‌وه‌ كڕیار ده‌خه‌ڵه‌تێنرێت و هیچ كات ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ ناكاته‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌.
دووه‌م: پێویسته‌ ئێمه‌ بپرسین بۆ ئه‌م شتانه‌ له‌م كۆمپانیایه‌ نرخیان ئه‌وه‌نده‌ به‌رزه‌ ئه‌مه‌ش به‌ ڕوونی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ نرخی ئه‌و كه‌ڵه‌كه‌ی عمولات و فرۆشیاره‌كان دێته‌ سه‌ر ئه‌م كاڵایه‌ و به‌مه‌ش نرخه‌كه‌ی ده‌ هێنده‌ی بازاڕ زیاتر ده‌بێت … ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌ قومار كه‌ پاره‌ له‌ كڕیار وه‌رده‌گیرێ‌ و ده‌درێت به‌ غه‌یری ئه‌و …
سێهه‌م: مه‌به‌ست له‌م كڕین و فرۆشتنه‌ خودی شته‌كان نیه‌ به‌ڵكو مه‌به‌ست پێی عمووله‌یه‌كه‌ زیاتره‌ كه‌سی وا هه‌یه‌ ته‌نها بیست وه‌ره‌قه‌ی هه‌یه‌ داویه‌تی به‌ سه‌عاتێكی بچووك له‌م كۆمپانیایه‌ .. ئه‌مه‌ به‌ ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت مه‌به‌ست پێی كڕینی سه‌عات نیه‌ به‌ڵكو مه‌به‌ست پێی عمووله‌ وه‌رگرتن و قازانجه‌..
چواره‌م: هه‌ركه‌س له‌م كاره‌ به‌شدار ده‌بێت پێویسته‌ هه‌وڵ بدات لایه‌نی كه‌م دوو كه‌س ببات و ئه‌م كۆمپانیایه‌ی لا جوان بكات و پێی بڵێ‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌ و ئه‌وه‌نده‌ قازانج ده‌كه‌یت تا شت بكڕن و ئه‌وانیش به‌ هه‌مان چه‌شن دڵنیا كه‌س ناچێت له‌م كۆمپانیا سه‌عات بكڕێت یان فلته‌ری ئاو بكڕێت له‌به‌ر باشیه‌كه‌ی به‌ڵكو له‌به‌ر ریبح و قازانج و عمووله‌ ده‌ڕوات، كه‌وابوو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی كڕینی شته‌كان نیه‌ و كڕینی شته‌كان ته‌نها بۆ چاو به‌س كردنه‌…
پێنجه‌م: زۆربه‌ی كات ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م كۆمپانیایانه‌ به‌شدارن تووشی خه‌ڵه‌تاندن ده‌بن له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێك كه‌ ئه‌وانیش خۆیان تووش بوون و كه‌ڵه‌ك و هه‌ڕمێك له‌ فێڵ و خه‌ڵه‌تاندنی تێدایه‌ ..
شه‌شه‌م: پێم خۆشه‌ چه‌ند ده‌قێكی لیژنه‌ی باڵای فه‌توای هه‌رێم بگوێزمه‌وه‌ بۆتان تا زیاتر ئه‌م بابه‌ته‌تان لا ڕۆشن بێته‌وه‌ كه‌ له‌به‌رواری 27/1/2015ز ده‌ركراوه‌و باس له‌ كۆمپانیاكانی ته‌سویقی شه‌به‌كی ده‌كات و تێیدا هاتووه‌:
((له‌ رووی شه‌رعیه‌وه‌ به‌شداری كردن له‌م جۆره‌ كرین و فرۆشتنانه‌ ی كۆمپانیه‌كان له‌ ژێر هه‌ر ناوێك بێت ئه‌وا لێژنه‌ی باڵای فه‌توای هه‌رێمی كوردستان به‌ حه‌رام و ناشه‌رعی ده‌زانێت و رێگه‌ی پێ‌ نادرێت، چونكه‌:
1-ئه‌م جۆره‌ كرین و فرۆشتانه‌ جۆرێك له‌ (غرر – فریودان) ی تێدایه‌،و سه‌رچاوه‌كانی حه‌دیس ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌: ( نهی رسول الله صلی الله علیه‌ و سلم عن الغرر)، وه‌ پێشه‌وا (ره‌مه‌لی) له‌ نهایه‌ المحتاج فه‌رموویه‌تی: (الغرر هو ما إحتمل أمرین أغلبهما أخوفهما).
2-جۆرێكه‌ له‌ خواردنی مالی یه‌كتر به‌ نابه‌جێ‌ یی ،خوای گه‌وره‌ش فه‌رموویه‌تی: یأیها الژین أمنوا لا تأكلوا أموالكم بینكم بالباطل.
3-خه‌لتاندن و جۆرێك له‌ قومار و فێلی تێدایه‌،و پێغه‌مبه‌ری ئیسلام محمد(درووی خوای لێ‌ بێت): من غشنا فلیس منا، هه‌رووها فه‌رموویه‌تی: لا ضرر ولا ضرار.
4-زیان به‌ ئابووری ولات ده‌گه‌ینێت، چونكه‌ سالانه‌ به‌ مه‌لایین دۆلاری ئه‌م ولاته‌ ره‌وانه‌ی ئه‌م ولاته‌ ده‌كرێت كه‌ حیسابی بانكی كۆمپانیاكه‌ی لێ‌ یه‌،به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی كه‌مترین خزمه‌ت به‌ ولاتی به‌شدار بووه‌كه‌ بكرێت، و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سێك زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ولاتێك ده‌كه‌وێت.
له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌یان پێ‌ دراوه‌، لێژنه‌ی بالای فه‌توای هه‌رێمی كوردستان بریاری دا كه‌:
له‌ رووی شه‌رعیه‌وه‌ به‌شداری كردن له‌م جۆره‌ كرین و فرۆشتنانه‌ ی كۆمپانیه‌كان له‌ ژێر هه‌ر ناوێك بێت ئه‌وا لێژنه‌ی بالای فه‌توای هه‌رێمی كوردستان به‌ حه‌رام و ناشه‌رعی ده‌زانێت و رێگه‌ی پێ‌ نادرێت، و پێویسته‌ هاولاتیانی كوردستان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆیان له‌م جۆره‌ كرین و فرۆشتنانه‌ خۆیان دوور بخه‌نه‌وه‌)).

له‌ كۆتاییدا
عه‌زیزانم چ ئه‌وانه‌ی گیرۆده‌ بوون به‌م كۆمپانیایه‌وه‌ و چوونه‌ته‌ ناو كاره‌كان چ ئه‌وانه‌ی نه‌چوون خۆتان بپارێزن و بگه‌ڕێنه‌ دواوه‌ زه‌ره‌ر بكه‌ن باشتره‌ له‌وه‌ی تووشی حه‌رام بن و دڵنیابن حه‌رام خۆری عاقبه‌تی سه‌رشۆڕی دنیا و دواڕۆژ ده‌بێت .. پێویسته‌ ئێمه‌ی موسڵمان هووشیارانه‌ و موسڵمانانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ین له‌ بازاڕدا و پێویسته‌ كه‌سی موسڵمان له‌سه‌ر چاوڕۆشنی و پڕ به‌ فیقه‌ و شاره‌زایی بچێته‌ بازاڕ و مامه‌ڵه‌ بكات … پشت به‌ خودا و به‌ پێی كات سه‌رجه‌م ئه‌و مامه‌ڵانه‌ی له‌ بازاڕدا هه‌ن و نا درووستن ڕوونیان ده‌كه‌مه‌وه‌ وه‌ك به‌ناو ڕه‌هنی ئه‌م زه‌مانه‌ و مامه‌ڵه‌كانی بانكی سیقه‌ و نووسین و عه‌قده‌كان و …

ش.ك

 

Qnet

بابەتی دواتر

1280x960

حکومەت دەیەوێت بە یاسای چاکسازیی و دەرماڵەکان دەستکراوەبێت بۆ بڕینی دەرماڵە یاسایی و نایاساییەکان

ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆ له‌ پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، “حکومەت دەیەوێت بەپەسەندکردنی یاسای چاکسازیی و بابەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *