121232017_mhmamadmala1232017

محەمەدی‌ مەلا كەریم؛ خۆرێك لەئەدەبی‌ كوردی‌ ئاوابوو

دواجار محەمەدی‌ مەلا كەریم رۆژی یەكشەممە لەتەمەنی‌ 86 ساڵیدا چاوەكانی‌ لێكناو پاش خۆی‌ خەرمانێك لە كتێب و شاكاری‌ ئەدەبی‌ بەجێهێشت.
محەمەد مەلا كەریم نوسەرو كەسایەتی‌ دیاری‌ كوردستان بەرەبەیانی یەكشەممە و پاش چەند ساڵێك نەخۆشی‌ لە سلێمانی‌ گیانی لەدەستداو لە گۆڕستانی‌ سەیوان بە خاك سپێردرا.
كوڕێكی‌ محەمەدی‌ مەلا كەریم بەخەندانی‌ راگەیاند، باوكی‌ ماوەی‌ پێنج ساڵە نەخۆش بووەو سێ هەفتەشە هیچ قسەیەكی‌ نەكردووەو دۆخی‌ تەندروستی‌ زۆر خراپ بووە.
محەمەدی مەلا كەریم، كوڕی مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیسە، لە 14ی ئابی 1931 لەناوچەی هەورامان لەدایك بووە. پاش خۆی‌ دوو كوڕو كچی‌ بەجێهێشت.

محەمەدی مەلا كەریم سەرەتای خوێندنی لای باوكی مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس دەستپێكردووە و ماوەی‌ دوو ساڵیش لای مەلای‌ گوندەكەیان خوێندنی ئاینی درێژەپێداوە.
دیار نەجیب عەبدولكەریم مودەریس دوای بەخاكسپاردنی بەناوی بنەماڵەی محەمەد مەلا كەریمەوە وتى:”محەمەد مەلا كەریم تەنها لەئێمە نەڕۆشتووە بەڵكو لەهەموو كورد رۆشتووە، ئەو دەستی لەهەموو بوارەكاندا دیاربوو، هیوادارین لەسەر رێچكەی ئەو بەردەوام بین”.

خوشكێكی‌ محەمەدی‌ مەلا كەریم لەكاتی‌ ناشتنی‌ تەرمەكەدا بە قوڕگی‌ پڕ لە گریانەوە هاواریدەكرد “بەداخێكی‌ سەختەوە كە من تۆ ئاوا دەبینم، شەوان بەهۆی‌ ئێش و ئازارەوە نەدەخەوتی‌، تۆ برا گەورمان بووی‌، لەجێگەی‌ باوكمان بووی‌”.

خوشكێكی‌ محەمەدی‌ مەلا كەریم

محەمەدی‌ مەلا كەریم ماوەی‌ چەند ساڵێك بوو توشی‌ نەخۆشییەكی‌ كوشندە ببوو، پاش چەند ساڵێك مانەوەی‌ لەو دۆخەدا دواجار گیانی‌ سپارد.
مەلا عوزێر حافز كەیەكێكە لەهاوڕێكانی محەمەد مەلا كەریم لەكاتی‌ بەڕێكردنی‌ تەرمەكەی‌ لە مزگەوتەوە بۆ گۆڕستان بەخەندان-ی وت “مامۆستا مەلا محەمەد كەریم گەنجینەیەك بوو لەئەدەب دۆستی و فكری و سیاسی، هەر لەسەرەتای فامكردنی و دوای تەواوكردنی خوێندن لای باوكی”.

مەلا عوزێر پێش چەند مانگێك لە گیان لەدەستدانی‌ سەردانی‌ محەمەدی‌ مەلا كەریمی‌ كردووەو پێكەوە قسەیان كردووە.
“بینیم وەزعی زۆر خراپ بوو، من یەك دوو پرسیارم لێكرد، پێم وت كاك محەمەد لەچی پەشیمانی كەدەبوایە بتكردایەو نەتكردووە، وتی ئەوەیان لێگەڕێ بۆ خۆم با هەر خۆم بیزانم”، مەلا عوزێر وایوت.
رونیشیكردەوە “پێم وت ئەگەر خودا توانات بداتێ و هەڵبسیتەوە چی دەكەیت، وتی ئەمجارە تەفسیرێكی قورئان دەكەم بەشێوەیەكی هاوچەرخ، بەڵام بەداخەوە ئاواتەكەی نەهاتەدی”.
پاش ئەوەی‌ بەخێزانەوە روویانكردووەتە شاری سلێمانی، محەمەدی مەلا كەریم لای باوكی درێژەی بەخوێندن داوە تا گەیشتۆتە پلەی‌ زانای ئایینی. بەهۆی‌ بیری نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری تێكەڵبوونی بەبواری سیاسی، توشی زیندانیكردن بووە.

ساتی ناشتنی محەمەدی مەلا كەریم لەگۆڕستانی سەیوان

مەلا عوزێر دەڵێت “بنەماڵەی محەمەدی مەلا كەریم و بنەماڵەكەی كۆشكی ئەدەب و زانستن، لەدەستدانی مامۆستا خەسارەتێكی گەورەیە لەكوردو ئەدەبی كوردی”.
“لەدواین سەردانیدا پێی وتم ئێوەی مەلا رۆڵتان زۆر كاریگەرە ئەگەر بتانەوێت و پێی هەڵبسن، خەڵك گوێتان لێدەگرێت، ئەتوانن كۆمەڵگە بگۆڕن بەڵام پێویستتان زانست و تەكنەلۆجیای‌  سەردەم هەیەو دەتوانن سودی لێببین لەوتارەكانتاندا”، مەلا عوزێر وایوت.
محەمەدی مەلا كەریم ساڵی 1953 بۆ 1954 یەكێك بووە لە كەسە دیارەكانی‌ جوڵانەوەی‌ ئاشتی، ساڵی 1954 لەلایەن حكومەتی شانشینی عێراقەوە ماوەیەك دەستگیركراوە.
هەروەها یەكێك بووە لەدەستەی‌ دامەزرێنەرانی یەكێتی قوتابیانی ئایینی واتا فەقێ، هەروەها دەستەی‌ دامەزرێنەری گۆڤاری دەنگی فەقێ بووە، كەمانگانە لەشاری سلێمانی بەشێوەی دەستنوس دەردەكرا و چەند كۆپیەكی بۆ شارەكانی كەركوك و هەولێر دەنێردرا، بەپێی ئینسكلۆپیدیای‌ مێژوونامە.
مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم لەساڵی 1949وە دەستی كردووە بەنوسینی بابەتەكانی و لەڕۆژنامەی‌ نەدا لەشاری بەغدا بڵاویكردونەتەوە، هەروەها لەساڵی 1952ەوە لەڕۆژنامەی‌ ژیندا نوسینەكانی بڵاوكردۆتەوە.
لەودەمەوە لەنوسین و وەرگێران و لێكۆلێنەوە قۆناغ بە قۆناغ بەپێی گۆڕانكاری باری ڕامیاری و كۆمەڵایەتی بەردەوام بووە.
محەمەدی مەلا كەریم، ساڵی 1951 یەكەمین كتێبی لەبواری ڕەخنەدا بەچاپ گەیاندوە، تەواوی ژیانی بەنوسین و خویندنەوە بردۆتەسەر، بەدەیەها پەرتوكی بەنرخی لەبوارەكانی ئایینی و ڕامیاری و نەتەوەیی و شیعر و ئەدەبدا پێشكەش بەخوێنەرانی كورد و كتێبخانەكانی كوردستان كردووە.
هاوشانی‌ باوكی‌، چەندین لێكۆڵینەوە و شرۆڤەی‌ بۆ گەورە شاعیرانی‌ كورد لەوانە نالی‌، مەحوی‌، سالم، كوردی‌، وەفایی‌ و چەندین شاعیری‌ دیكەی‌ كورد كردووە.

بابەتی دواتر

24726926_1526712460743606_1942070265_n

تێكشكانی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتناسی لەدیدی ئەنوەر جوندی

شۆرش كەمال ئەنوەر جوندی دەڵێت” ئەوەی وایلێكردم گرنگی بە نووسینەكانم بدەم دوو شتی زۆر گرنگ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *