7EFF5695-6808-4A91-A785-F9C00522F0D6_cx8_cy4_cw93_w1023_r1_s

شێخ جه‌عفه‌ر: بۆچی به‌شه‌ودا ئه‌و كۆگایانه‌ ئاگر ده‌گرن؟

شێخه‌ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا لێپرسراوی هێزه‌كانی حه‌فتای پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له‌باره‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌كۆگاكانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌نێویشیاندا ئاگره‌كه‌ی كۆگاكه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هێزه‌كانی(٧٠) ده‌ڵێت” هێشتا پێویستی به‌لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ پرسیاری منیشه‌، له‌دڵی خۆمدا ئه‌و پرسیاره‌م كرد بۆچی به‌ڕۆژدا پله‌ی گه‌رما به‌رزه‌ له‌شه‌ودا پله‌ی گه‌رما نزمتره‌ كه‌چی له‌شه‌ودا كۆگاكان ئاگرد ده‌گرن؟!

شێخه‌ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا به‌رپرسی هێزه‌كانی حه‌فتای پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكاى راگەیاند، به‌ڕاستی ڕووداوه‌كه‌ پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردی له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام به‌بڕوای خۆم هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌كاری گێره‌شێوێنیه‌وه‌ نیه‌، كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی نه‌ك له‌كوردستان له‌وڵاتانی زۆر پێشكه‌توو كه‌ ئیمكانیه‌تی باشیان هه‌یه‌ هه‌ر ئاگر ده‌گرێت جا ئه‌نجامی شۆرتی كاره‌بایه‌ یا به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمایه‌ یا شتێكی تر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ من خۆم ئه‌وه‌ی لێتگه‌یشتووم دوره‌ له‌كاری گێره‌شێوێنی و ده‌ستێك، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و پله‌ گه‌رمیه‌ به‌رزه‌ی كه‌ ڕۆژی پێشوتر زیاتربوو له‌(٤٢) پله‌ی سه‌دی.”

ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌و ڕه‌خنه‌ و گومانانه‌ی به‌شێك له‌خه‌ڵكی وتی” منیش ئه‌و پرسیاره‌م له‌دڵی خۆمدا كرد، بۆ ئه‌و كۆگایانه‌ به‌شه‌و ده‌ته‌قنه‌وه‌؟ له‌كاتێكدا له‌ڕۆژدا پله‌ی گه‌رمی به‌رزه‌! ئه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ و ئه‌و شتانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت بێگومان هه‌رچیه‌ك بێت ئاگاداری هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین.”

وتيشي، به‌جدی ئه‌وه‌ لای من پرسیارێكه‌ هه‌ر ئێستا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكدا كه‌ له‌گه‌ڵم دانیشتبوون پرسیاری ئه‌وه‌م كرد بۆچی به‌شه‌ودا ئه‌م ڕووداوانه‌ ده‌بێت؟! كه‌ ئه‌مه‌ چواره‌م ڕووداوه‌! به‌ڵام ئه‌نجامی ئه‌وه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت چۆنه‌ یاخود چۆن نیه‌؟ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ پاسه‌وانیان ده‌كات ؟ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش هێزێكن له‌لایه‌ن هیچ شتێكه‌وه‌ خه‌رق نه‌كراون ڕۆڵه‌ی دڵسۆزن ڕۆڵه‌ی میله‌ته‌كه‌یانن، بۆیه‌ مرۆڤ زیاتر گومانی بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت كێشه‌ی ته‌كنیكی هه‌بێت نه‌ك كاری تێكده‌رانه‌ بێت، جا یا له‌ لایه‌نی خه‌زن كردنێتی یا شۆرتی كاره‌با یاخود پله‌ی گه‌رمایه‌، هه‌ندێكجار له‌ناو ئه‌و ته‌قه‌مه‌نی و سوته‌مه‌نیانه‌دا ته‌قه‌مه‌نی خراپی تێده‌كرێت ڕه‌نگه‌ ته‌حه‌مولی پله‌ی گه‌رمای به‌رز نه‌كات و ده‌ته‌قێته‌وه‌.”

له‌باره‌ی بڕ و جۆری ئه‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ی له‌ كۆگاكه‌ی هێزه‌كانی(70) دا سوتان ؟ لێپرسراوی هێزه‌كانی حه‌فتای پێشمه‌رگه‌ ڕایگه‌یاند” هه‌موو جۆره‌ ته‌قه‌مه‌نیه‌كی تێدابوو به‌ڵام ژماره‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ زۆر نیه‌ چونكه‌ كۆگایه‌كی بچوك بوو كه‌ ته‌قیه‌وه‌.”

له‌ئێستادا كه‌ ده‌نگۆی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له‌ ئارادایه‌ ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌م كۆگایانه‌ چه‌نده‌ زیانیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ ڕووبه‌ڕووی داعش بوه‌وه‌؟شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی به‌م جۆره‌ دایه‌وه‌ ” ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و كۆگایانه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ دروست ده‌كات چونكه‌ ئه‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ هه‌ڵگیرابوون كه‌ مه‌ترسی ڕوبه‌ڕووی وڵاته‌كه‌مان بوه‌وه‌ بیپارێزین له‌ تیرۆریستان به‌شێك له‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ كه‌ له‌ناو چوون بێگومان كێشه‌ی گه‌وره‌مان بۆ دروست ده‌كات ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌وانه‌ هه‌مووی چاره‌سه‌ر بكرێت.”

ڕاشیگه‌یاند” هه‌وڵ ده‌ده‌ین خه‌ڵكی شاره‌زا بهێنین سه‌ردانی ئه‌و كۆگایانه‌ بكه‌ن تا بزانین گرفته‌كه‌ له‌كوێدایه‌ تا چاره‌سه‌ری بكه‌ین.”

هه‌روه‌ها له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و كۆگایانه‌ تاچه‌ند زیانی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وڵاتانی هاوپه‌یمانان ئیتر خۆیان بپارێزن له‌هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان به‌چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی؟ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا وتی” بڕۆ له‌هاوپه‌یمانان خۆیان بپرسه‌ بزانه‌ ده‌وڵه‌تیان هه‌یه‌ كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیان نه‌ته‌قیبێته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی كێشه‌یه‌كی كاره‌با یا هه‌ڵه‌یه‌كی هه‌ڵگرتن له‌به‌ر ئه‌وه‌ من پێم وانیه‌ هیچ ڕۆڵ و كاریگه‌ریه‌كی هه‌بێت ئه‌وان خۆیان باش له‌و ڕاستیانه‌ ده‌زانن ئه‌وه‌ باروت و تیئێنتیه‌، به‌ ئاسانترین شت ته‌قینه‌وه‌ ڕوده‌دات له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌وڵاته‌كانی خۆشیاندا هه‌موو ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ بووه‌ هه‌ر لێره‌ نه‌بووه‌.”

بابەتی دواتر

AL_NAJAF_AL_ASHRAF_INT.AIRPORT_-_panoramio

شەفەق نیوز بڵاویكردەوە، كۆمپانیای فڕۆكەوانی پادشای ئەردەنی لە بڕیارێكدا بەهۆی پەرەسەندنی خۆپیشاندانەكانی باشووری عێراق و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *