chk_jschl-1

په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ئاسانكاری بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیر و سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كات

چه‌ند بڕگه‌ و مادده‌یه‌كی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌موار كرایه‌وه‌ و به‌و پێیه‌ش له‌مه‌ودوا، به‌واژووی (یه‌ك له‌سه‌ر پێنج)ی په‌رله‌مانتاران، ده‌توانرێت سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بانگهێشتی هۆڵی په‌رله‌مان بكرێت.

عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی، بڕیارده‌ری فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی بڵاویكرده‌وه‌، له‌ دانیشتنی دوێنێی په‌رله‌مان چه‌ند بڕگه‌ و مادده‌یه‌كی په‌یڕه‌وی ناوخۆ هه‌مواركران كه‌ گرنگییان بۆ لێپرسینه‌وه‌ و چاودێریكردنی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ده‌بێت.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ “له‌مه‌ودوا له‌پڕۆسه‌ی پرساندندا وه‌زیر له‌نێو هۆڵی په‌رله‌مان ئاماده‌بێت یان نا پڕۆسه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، واته‌ بیانووی نه‌هاتنی وه‌زیر بۆ په‌رله‌مان هیچ به‌هایه‌كی نابێت”.

به‌وته‌ی عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی، به‌واژووی (یه‌ك له‌سه‌ر پێنج)ی په‌رله‌مانتاران، ده‌توانرێت سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بانگهێشتی هۆڵی په‌رله‌مان بكرێت و به‌واژووی (یه‌ك له‌سه‌ر شه‌ش)یش بانگهێشتی وه‌زیر بكرێت،  له‌ كاتێكدا پێشتر ده‌بوایه‌ سه‌رۆك وه‌زیر به‌واژووی (یه‌ك له‌سه‌ر سێ) و وه‌زیریش به‌واژووی (یه‌ك له‌سه‌ر چوار)ی ئه‌ندامان بانگهێشتی په‌رله‌مان بكرانایه‌.

بڕیارده‌ری فراكسیۆنی گۆڕان رووونیكرده‌وه‌، به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ده‌بوایه‌ بۆ سه‌ندنه‌وه‌ و وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرانی كابینه‌كه‌ش پێویستی به‌ ده‌نگی (دوو له‌سه‌ر سێ)ی په‌رله‌مانتاران هه‌بووه‌ تا پڕۆسه‌كه‌ جێبه‌جێ بكرایه‌، به‌ڵام له‌هه‌مواره‌ نوێیه‌كه‌دا له‌مه‌ودوا ته‌نها سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌سه‌رۆك وه‌زیران پێویستی به‌ ده‌نگی (دوو له‌سه‌ر سێ)ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌بێت، چونكه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌سه‌رۆك وه‌زیران واته‌ متمانه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌كۆی كابینه‌كه‌.

هه‌روه‌ها وتیشی: “به‌ڵام بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌وه‌زیرانی كابینه‌ی حكومه‌ت كه‌ ئه‌مه‌ش پێشتر هه‌ر پێویستی به‌ ده‌نگی(دوو له‌سه‌ر سێ)ی ئه‌ندامان هه‌بوو،  له‌هه‌مواره‌كه‌ گۆڕدراوه‌ و له‌مه‌ودوا ده‌توانرێت له‌نێو هۆڵی په‌رله‌ماندا به‌ده‌نگی زۆرینه‌ی ڕه‌ها (نیوه‌+۱) متمانه‌ له‌وه‌زیر وه‌ربگیرێته‌وه‌”.

بابەتی دواتر

AL_NAJAF_AL_ASHRAF_INT.AIRPORT_-_panoramio

شەفەق نیوز بڵاویكردەوە، كۆمپانیای فڕۆكەوانی پادشای ئەردەنی لە بڕیارێكدا بەهۆی پەرەسەندنی خۆپیشاندانەكانی باشووری عێراق و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *