لۆگۆى پارتى ديموكراتى كوردستان
لۆگۆى پارتى ديموكراتى كوردستان

‌راگه‌یاندراوێك له‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌

ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە ئامادەبوونی ئەندامانی، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و، چەند بابەتێكی گرنگ و هەنوكەیی خستە بەر باس و گفتوگۆكردن.
سەركردایەتی پارتی لە راگەیەندراوی خۆیدا سێ خاڵی وەكو دەرەنجامی كۆبوونەوەكە بڵاوكردۆتەوە..
یەكەم/ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان: بەگوێرەی یاسای بەركار لە هەرێمی كوردستان دەبوایە لە بەهاری رابردوو هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرابایە، بەڵام ئەوكات لەسەر داوای چەند لایەنێك، سەرەڕای ئەوەی پارتی كاتەكەی بە گونجاو دەزانی، لە پێناو یەكڕیزی و تەبایی نێوخۆی كوردستان، تەمەنی خولی چوارەمی پەرلەمان درێژكرایەوە بۆ دوو دەورەی تەشریعی، كە لە خیلالی ئەو ماوەیەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی كە یاسا پێیداوە، رۆژی هەڵبژاردن دیاریبكات. بۆیە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دوای راوێژكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەرگرتنی رای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان، رۆژی 30ی ئەیلولی 2018ی دیاریكرد و هەموو ئامادەكارییەكی پێویستیش بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە لەلایەن كۆمسیۆن و دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە كراون، ئێستا زەمینەی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە لەبارە و هیچ پاساوێكی یاسایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەكنیكی بۆ دواخستن و ئەنجامنەدانی لە ئارادانییە، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان جیالەوەی كە سورین لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، داواش لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین كە ئامادەكاری پێویست ئەنجامبدەن بۆ هەڵبژاردن، لە پێناو رەواندنەوەی رەخنە و نارەزایەتیەكان و دامەزراندنی كابینەیەكی نوێی پاڵپشتكراوی زیاتری سیاسی و كۆمەڵاتی.
دووەم/ پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵی: دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەرچوونی بڕیار و یاساكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و دادگای فیدراڵی و پەسەندكردنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن، هەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەكانی پر‌وسەكە، كەوتوونەتە گفتوگۆ بۆ خۆشكردنی زەمینەی پێكهێنانی گەورەترین كوتلە، ئێمەش لە چوارچێوەی باوەڕ و بڕیارەكانی كە لەو بارەوە هەمانە، پرۆگرامی چۆنیەتی گفتوگۆكردنمان داڕشت و بانگهێشتی هەموو لایەنە كوردستانیەكانمان كرد بۆ یەكڕیزی و پێكەوەیی لە بەغدا، لەم روانگەیەشەوە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كەوتینە گفتوگۆ و، رێككەوتین كە هەردوولامان پێكەوە و بە پرۆژەیەكی هابەش لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی عێراقی گفتوگۆ و دانوستان بكەین و هاوكات دەرگاشمان بەكراوەیی هێشتۆتەوە بۆ بەشداری تەواوی لایەنە كوردستانییەكان. پرۆژەی هاوبەشی نێوانمان لەسەر پرنسیپە بنەڕەتیەكانی شەراكەت و تەوافق و تەوازن دارێژراوە، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەكێتی، لە بەغدا و لە هەولێر لەگەڵ هەردوو نەواتی كوتلەكانی كە خەریكە دروستدەبن، گفتوگۆی بەرهەمداری كردوە و ئێستاش بەردەوامە، هەوڵ و كۆششمان لە پێناو پاراستن و دابینكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتمانی و چاككردنی باروگوزەران و ژیانی خەڵكی كوردستان و زیاتر بوژانەوە و باشتركردنی باری ئابووری و خزمەتگوزارییە لە هەموو رویەكەوە.
سێیەم/ ئەو هەنگاوانەی ئێستا دەهاوێژرێن بۆ ئاشتەوایی و رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانی، كۆبوونەوە پاڵپشتییان دەكات وەكو زەرورەتێك بۆ بەرگەگرتن و روبەڕوبوونەوەی ئەگەرە نێوخۆییەكان و تەحەددیاتە دەرەكیەكان كە بەرامبەر كوردستان هەن.
ئەنجوومەنی سەركردایەتی
پارتی دیموكراتی كوردستان

بابەتی دواتر

FB_IMG_1552290786598

كۆنفڕانسی حەوتەمی بزووتنەوەی ئیسلامی بەڕێوەدەچێت.

كۆنفڕانس دوای خوێندنی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز و مارشی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستی بەكارەكانی كرد. …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *