1176398_506190679466267_1283150664_n

کورد لە هاوکێشەی سیاسی عێراقدا

محەمەد خۆشناو
ئەگەر سەیری مێژووی دروستبوونی عێراق بکەین دەبینین کورد تا جارێک وەک دۆست سەیری کراوە، دەیانجار وەک دوژمن مامەڵەی لە گەڵ کراوە. لەو کاتانەی بەغداد پێویستی بە خۆ ڕێکخستنەوە هەبووە، لایەنە عێراقییەکان نەرم و نیان بوون لە گەڵ کورد. لەو کاتانەش کە ناوماڵی خۆیان بە هاوکاریی کورد ڕێکخستووەتەوە پێویستیان بە دۆستایەتی کورد نەماوە و بە سوپاوە هاتوونەتەوە سەری و کوردستانیان کاول کردووە و، ئەو برایەتییەیان ڕەت کردووەتەوە کە هەر خۆیان بانگەشەیان بۆ کردووە.
با سەیری پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەمرۆی عێراق بکەین. ئێستا دوو کوتلەی شیعە گەڵاڵە بووە و، هەردووکیان هەوڵی پەراوێزکردن و بێ بودجەیی کوردستانیان داوە و کاریان لەسەر کردووە، بەڵام دەبینین دەرگای بەغداد لەسەر کورد واڵا دەکەن و حەز بە دۆستایەتی و بگرە بە ڕۆڵی کورد دەکەن.
کورد چاری نییە و دوورەپەرێزییش لە ىەغداد چارەسەری هیچ کێشەیەک ناکات. نزیکبوونەوە لێشی خۆی لە خۆیدا کێشە دروست دەکات، چونکە کورد لە هاوکێشەی سیاسی عێراقدا کەمینەیە و، وەک پارسەنگێک بۆ یەکلا کردنەوەی ناکۆکییەکانی بەغداد یان بۆ دروست کردنەوەی بەکار دەهینرێت.
ئەوەی کورد دەباتە پێشەوە و سەنگێکی بۆ دروست دەکات، تەبایی و یەکڕیزییە. هەوڵێک هەیە بەم نزیکانە شاندێکی هاوبەش لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بچێتە بەغداد بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر پێکهێنانی حکومەت. بەربەستەکانی بەردەم ئەو شاندە زۆرن و لەسەر ئاستی کوردستان و عێراقن. لەسەر ئاستی کوردستان هەموو لایەنەکان سیاسییەکان تەبا نین. ئەوەش پێگەی کورد لە بەغداد لاوازتر دەکات لە کاتێکدا هەلێکی باش ڕەخساوە کە کورد پێگەی خۆی دوای ڕیفراندۆم و دەرەنجامە قورسەکەی دروست بکاتەوە.
لەسەر ئاستی عێراقییش ئێستا دوو هاوپەیماێتی دروست بووە. یەکێکیان لە نێوان حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر و عەممار الحکیمدایە، ئەوی تریان لە نێوان نور المالکی و هادی العامرییدایە. ئەمریکا و ئێرانیش ململانێیەکی گەورەیان هەیە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق. ئەمریکا پێی باشە حەیدەر عەبادی ببێتەوە بە سەرۆکی حکومەت. ئێرانیش دەیەوێت هادی العامری بێت. ئەمریکا هانی کورد دەدات کە بچنەوە بەغداد و پێگەی خۆیان دروست بکەنەوە و، ببنە قورساییەک بۆ هاویەیمانێتی حەیدەر عەبادی و موقتەدا و حەکیم.
حەیدەر عەبادی لە ژێر فشاری شیعەکاندایە لەسەر مەسەلەی کەرکوک و ڕایگەیاندووە کە موساوەمە لەسەر کەرکوک لە گەڵ کورد ناکات و ئەوەشی بە نێچیروان بارزانی ڕاگەیاندووە. ئەوەش خۆی لە خۆیدا بەربەستێکە دەبێ زەمینە سازیی بۆ بکرێت.
بەهەرحاڵ، ئەمڕۆ ململانێیەکی گەورە لە ناوچەکەدا لە نیوان ئەمریکا و ئێران هەیە. ئەمریکا دەیەوێت سایەی بەسەر عێراقەوە بمێنێت و ئێرانییش نایەوێت عێراقی لەدەست دەربچێت. کوردیش وەک لە مێژووی عێراقدا هاتووە هەر ناوکۆییە و پارسەنگی هاوکێشە سیاسییەکەی عێراقە. لەبەر ئەوە دەبێ لایەنەکانی کورد بزانن بەرژوەندی کورد لە گەڵ کێیە و لە کوێ دایە.
بەڕای من ئەمجارە کورد مامەڵە ناخۆش و فشارەکانی حەیدەر عەبادی وەلابنێت و حکومەتی داهاتووی عێراق لە گەڵ ئەودا پێک بهێنێت.

بابەتی دواتر

1016778_486779041403625_1221301673_n

کۆنگرەى میانەرەِوى سەرکردە”سەللاحەدینى ئەیوبی” و چەند سەرنجێک

کۆنگرەى میانەرەِوى سەرکردە”سەللاحەدینى ئەیوبی” و چەند سەرنجێک ن. شۆرش کەمال پەیامى کۆنگرەى میانەڕوى سەرکردە سەللاحەدینى …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *