بەرنامەی كارى لیستی «بەرەو ئیصلاح» بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 2018

بەرنامەی لیستی «بەرەو ئیصلاح» بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 2018

بەرنامەی كارى لیستی «بەرەو ئیصلاح» بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 2018 لیستی «بەرەو ئیصلاح» لە پێناو بەدیهێنانی سیستەمێكی سیاسی دادپەروەرو گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ تاكی كوردو بەها بۆ دامەزراوە دەستوری یەكان، نەهێشتنی گەندەڵی، دەستەبەر كردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان، چەسپاندنی سەروەری یاسا، نەهێشتنی هەژاری، پاراستنی ناسنامەی ئیسلامی زۆرینەی خەلكی كوردستان و سوود وەرگرتن لە بەها باڵاكانی ئیسلام ، بەشداری هەڵبژاردنەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات. لیستی بەرەو ئیصلاح بەڵێن دەدات لە كاتی بەدستهێنانی متمانەی خەڵكی كوردستان كار بكات بە پێی توانا بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە كە دەیخاتە بەردەست ئێوەی دەنگدەران.
تەوەرەكانی بەرنامەی هەڵبژاردن:- حوكمڕانی رەشید. – دژایەتی كردنی گەندەڵی . – پێگەی هەرێمی كوردستان. – گەشەپێدانی ئابووری. – خزمەتگوزاری یە گشتیەكان. – ئاسایش و ئاشتی كۆمەڵایەتی . – رۆشنبیری و هونەرو وەرزش. – رۆڵ و پێگەی ئافرەتان. – رۆڵ و پێگەی گەنجان. – پاراستنی ژینگە.
●حوكمرانی رەشید: – هێنانە كایەی سیستمێكی سیاسی دیموكراسی لە سەر بنەمای سەروەری یاساو دادپەروەری كۆمەڵایەتی. – چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستان – بە مەرجەع كردنی دەستور و گەرانەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ پرسە چارەنووسسازەكان. – پارێزگاریكردن و پەرەپێدانی فرەیی سیاسی و نەتەوەیی و ئاینی لە هەرێمی كوردستان. – دروستكردنی حكومەتی تەكنۆكرات و رەخساندنی هەلی یەكسانی بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاكان لە سەر بنەمای توانست و لێهاتوویی. -هەوڵدان بۆ بە دەستووری كردنی ژیانی سیاسی و سیستمێكی حوكمڕانی پەرلەمانی دادپەوەر لە هەرێمی
كوردستانداو دەستەبەركردنی سیستمی كارگێری لامەركەزیی. – رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی و فراوانكردنی بازنەی ئازادیە سیایسیەكان و میدیایی یەكان و بەهێزكردنی رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی. – دوورخستنەوەی دەستی حیزب لە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم و بە نیشتمانی كردنی دامەزراوەكان .
●دژایەتی كردنی گەندەڵی:- چاكسازی لە تەواوی سیستەمەكانی هەیكەلی ئیداری حكومەت و بەهێزكردن و سەر لە نوێ رێكخستنەوەی دامەزراوەكانی داواكاری گشتی و ، دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەسپاكی بە جۆرێك بتوانن كاراو كاریگەر بن لە رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی. – بەرەنگاربوونەوەی هەموو شێوازێكی ستەم و خۆسەپاندن و قۆرخكاری. – بە سزا گەیاندنی گەندەڵكاران لە رێگەی دادگاكانەوە، لە هەر پلەو پۆستێكی حیزبی و حكومیدا بن. -بڵاوكردنەوەو بە میللی كردنی پرۆسەی دژایەتی كردنی گەندەڵی و ناساندنی وەك نەخۆشیەكی مەترسیدار كە ڕووبەڕووی دامەزراوەو دەستكەوتەكانمان بۆتەوە. – هەماهەنگی كردن لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیەكان كە لە بواری دژایەتی گەندەڵی كار دەكەن بە مەبەستی خێراتر كردن و زانستیانە كردنی پرۆسەی بنەبڕكردنی گەندەڵی لە هەرێم. – دەستەبەركردنی شەفافیەت لە كۆی داهات و خەرجیەكانی حكومەتی هەرێم. – كاراكردنی رۆڵی چاودێری پەرلەمان و داواكاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەسپاكی، بە مەبەستی چاكسازی بنەڕەتی هەمەلایەنەو قەلاچۆكردنی دیاردەی گەندەڵی.
●پێگەی هەرێمی كوردستان:-پتەوكردنی پەیوەندی نێوان نەتەوەكان و پێكهاتەكانی عیراق و رێكخستنەوەی پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا لە سەر بنەمای رێزگرتن لە مافە دەستووریە دانپیانراوەكان. – دروستكردنی دامەزراوەیەكی سەربەخۆی نیشتمانی كە ئەركی سەرپەرشتی كردنی گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئەستۆ بگرێت. -بەهێزكردن و بە نیشتمانی كردنی پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتان لە رێگەی رێكخستنەوەو بە دامەزراوەیی كردنی نوێنەرایەتیەكانی ئێستای هەرێم لە وڵاتان و كردنەوەی نوێنەرایەتی هەرێم لە نێو باڵوێزخانەكانی عێراق هەروەك لە دەستووری عێراقدا هاتووە. – بەشداری كردن لە كۆڕو كۆربەندە جیهانی یە گرنگەكان. -بەشداری لە پرۆسەی گێڕانەوەو چەسپاندنی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ سەر هەرێمی كوردستان و دیاریكردنی سنوری هەرێمی كوردستان. -دامەزراندنی پەیوەندیەكی هاوسەنگ لە نێوان گەلی كوردستان و گەلانی دراوسێ و ناوچەكە، بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری سیاسی نێوانمان و دۆزینەوەی فۆرمی نوێی پێكەوە ژیان لە سەر بنەمای ڕێزو بەرژەوەندی هاوبەش. – پشتگیری كردنی دۆزی ڕەوای كوردو مافە نەتەوەییەكانی گەلی كورد لە بەشەكانی دیكەی كوردستان، لە پێناو بەدەستهێنانی مافەكانیان بە رێكاری ئاشتی و دیموكراسی. -گرنگی دان بە رەوەندی كوردی لە هەندەران و پاراستنی كولتوری رەسەنیان و بەهێزكردنی ئینتمای نیشتمانیان
و كاركردن بۆ بەهرەمەندبوون لە تواناكانیان، لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلەكەماندا. – چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان و گێرانەوەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ماددەی (140)ی دەستوری هەمیشەیی عیراق.
●گەشەپێدانی ئابووری یەكەم/ كەرتی گشتی:-نوێكردنەوەو بە ئەلكیترۆنی كردنی سیستمی كارگێریی و ئیداری لە هەرێم بە جۆرێك لە توانایدا بێت لە زووترین كات باشترین خزمەت پێشكەش بە هاووڵاتیان بكات. – هەڵگرتنی سیستمی پاشەكەوتی مووچەو گێڕانەوەی سەرجەم شایستە داراییەكانی فەرمانبەران. – پێداچوونەوە بە سیستمی مووچە بە جۆرێك دادپەروەری دەستەبەر بكات لە نێوان مووچەی پلە باڵاكان و مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی. – رێكخستنەوەی مووچەی خانەنشینان بە جۆرێك فەرمانبەر دوای خانەنشین بوونی بتوانێت بە ژیانێكی شكۆمەند بژیت. – سەر لە نوێ دابەشكردنەوی دەستی كار لە نێو فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم بە جۆرێك دیاردەی فەرمانبەری بندیوار نەهێلێت و یەكسانی لە ئەرك و خزمەت لە نێوان فەرمانبەران بهێنێتە دی. – رێكخستنەوەی پرۆسەی دامەزراندن و میلاكات بە جۆرێك هەلی دامەزراندن لە كەرتی گشتی بە شێوەیەكی یەكسان و لە سەر بنەمای كەفائەت و پێویستی بێت و دوور بێت لە دەستێوەردانی حیزبی و خزم خزمێنە. – رێكخستنەوەی باج و رسومات بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بە جۆرێك باری سەرشانی هاووڵاتیان قورس نەكات لە هەمان كاتیش كۆمپانیاو بازرگانە دەسترۆیشتووەكان نەبوێردرێن لە دانی باج بە هەر هۆیەكەوە بێت. – بەدیهێنانی دادپەروەری سیاسی و كۆمەڵایەتی لە دابەشكردنەوەی دەسەڵات و ساماندا وە شەفافیەت لە پرسی نەوت و گازو گشت داهاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستاندا. – داڕشتنی سیاسەتێكی ئابووری نیشتمانی و نەتەوەیی ڕوون و ، پتەوكردنی ژێرخانی ئابووری و بەرهەمهێنان و فرەیی سەرچاوەكانی داهات و برەودان بە كەرتەكانی كشتوكالی و ئاژەڵداری و پیشەسازی و گەشتیاری و بوارەكانی دیكە و پارێزگاری كردن لە بەرهەمە خۆماڵیەكان و كۆتایی هێنان بە پاوانخوازی و لابردنی كۆت و بەندەكانی سەر كەرتی تایبەت و پاراستنی مافەكانی كرێكاران و بەكاربەران و توێژە كەمدەستەكان و سەرمایەی ناوخۆیی و گرنگی دان بە گوندەكان.
دووەم/ كەرتی كشتوكاڵ:- دامەزراندنی بانكی كشتوكالی لە كەرتی تایبەت و پێدانی قەرزی كشتوكالی بە جوتیاران. – هەوڵدان بۆ گێرانەوەی پارەی گەنمی جوتیاران كە لای حكومەتی ناوەندی یە. – دروستكردنی ژمارەیەك بەنداوی گەورە و بچووك كە هەم پارێزگاری لە سەرچاوەی ئاوی هەرێم بكات و هەم دەرفەتی گەشتیاری و سامانی ماسی لە هەرێم زیاد بكات. – رەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچووانی بەشە كشتوكالیەكان لە پەیمانگاكان و كۆلێژەكان بۆ سوود وەرگرتن لە زانست و توانستیەكان لە پێشخستننی كەرتی كشتوكالی لە هەرێم. -پاڵپشتی كردنی بەرهەمی خۆماڵی بە جۆرێك توانای كێبركێ ی هەبێت لەگەڵ بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ و
بیانی. – دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوەی هەرێم بۆ بەرهەمە كشتوكالیەكان. – پارێزگاریكردن لە زەویە كشتوكالیەكان و نەهێشتنی زیادەڕەوی بەرپرسان لە سەریان. – دامەزراندنی كارگەكانی قوتوبەندی بۆ سوود وەرگرتن لە بەرهەمە كشتوكالیە خۆماڵیەكان . – بەدەمەوە چوونی پێویستی جوتیاران بۆ دەرمانی قەڵاچوكردنی ئافاتە كشتوكاڵیەكان. – گرنگیدان بە بواری ئاژەڵداری لە رێگەی دابینركردنی سیستمی چاودێری تەندروستی و پێدانی ئالیك و خۆراك و پێدانی قەرز بە ئاژەڵداران.
سێیەم/ كەرتی پیشەسازی:- پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت گاز و سوود لێ وەرگرتنیان لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان. – پەرپێدانی پرۆسەكانی دۆزینەوەو دەرهێنان و فرۆشتن و بە بازاركردنی نەوت و گاز و كانزاكان لە هەرێم. – شەفاف كردنی گرێبەستەكانی تایبەت بە سامانی نەوت و گاز لە هەرێم و توند كردنی چاودێری لە سەر چۆنیەتی فرۆشتن و بە بازاركردنیان. – دامەزراندنی صندوقی داهاتی نەوتی و گازیەكان تاوەكو هاووڵاتیان بە شێوەیەكی یەكسان سوود لە داهاتەكانیان وەرگرن. – بەكارهێنانەوەی داهاتی نەوت و گاز لە پەرەپێدانی كەرتەكانی دیكەی ئابووری هەرێمی كوردستان. -دروستكردنی پاڵاوگەی تازەو مۆدێرن كە بتوانێت كێشەی گرانی و كەمی بەنزین و نەوتی سپی ماڵان چارەسەر بكات. – گەیاندنی گازی سروشتی بە ماڵان و شوێنە گشتی یەكان. – دروستكردنی كۆمەڵگەی پیشەسازی لە شارو شارۆچكەكان بە مەبەستی رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان و لاوان. – دروستكردنی وێستگەی جۆراجۆری كارەبایی بە جۆرێك كە لە توانایدابێت دەستەبەری كارەبای پێویست بكات بۆ هاوڵاتیان بە شێوەیەكی بەردەوام و بە نرخێكی هەرزان. – گەیاندنی تۆری كارەبای نیشتمانی بۆ گەرەكە نوێیەكان و گوندو لادێ دوورە دەستەكان
چوارەم/ كەرتی گەشتیاری:- رێكخستنەوەی شوێنە گەشتیاریەكان بە جۆرێك لە توانای دابێت گەشتیارە ناوخۆیی و دەرەكیەكان كەمەند كێش بكات. – دروستكردنی كۆمەڵگەی گەشتیاری لەو شوێنانەی لە ڕووی سروشتی گەشتیاریەوە گونجاون. – ناساندن و رێكلام كردن بۆ كەرتی گەشتیاری لە رێگەی ئەنجامدانی كۆنفرانس و كۆنگرەی گەشتیاری لە هەرێم و بەشداری كردن لە كۆڕو كۆبوونەوە گەشتیاریەكان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی. – گرنگیدان و نۆژەنكردنەوی شوێنەوارە دێرین و مێژوویەكان و كردنیان بە شوێنی گەشتیاری. پێنجەم/ كەرتی گواستنەوەو گەیاندن:- چاككردنی رێگاو بانەكانی هەرێم و بە دوو ساید كردنی رێگە دەرەكیە سەرەكیەكان كە شارەكان بە یەكتری دەبەستێتەوە. – دورستكردنی تونێل و پرد بۆ رێگا سەختەكان بە مەبەستی نزیكردنەوەی ماوەی رێگاكان و سەلامەتی هاووڵاتیان. – هەوڵدان بۆ راكێشانی هێلی شەمەندەفەر لە نێوان شارەكاندا.
– هەڵگرتنی قۆرخكاری و رەخساندنی ژینگەی كێبركرێ لە نێوان هێلەكانی گەیاندن (مۆبایل و ئینتەرنێت) بە جۆرێك بە باشترین كوالێتی و بە هەرزانترین نرخ خزمەتگوزاری گەیاندن پێشكەش بە هاووڵاتیان بكات.
●خزمەتگوزاریە گشتیەكان یەكەم/ خوێندن:-دروستكردنی ژماریەكی زیاتر قوتابخانە بە جۆرێك دیاردەی چەند دەوامی و قەرەباڵغی پۆلەكان چارەسەر بكات. -دابین كردنی پێداویستی یەكانی دیكەی خوێندن و هۆكارە سەردەمیەكانی خوێندن بۆ قوتابخانەكان. – پێشخستنی و توانست و لێهاتوویی مامۆستایان لە رێگەی كردنەوەی خول و شاندكردنیان بۆ دەرەوەی وڵات و بەشداریكردنیان لە كۆڕو كۆربەندەكانی تایبەت بە خوێندن و پەروەردە و زانست. – دروستكردنی كەمپی زانكۆكان لە شارو شارۆچكەكان و كردنەوەی بەش و كۆڵێژە گرنگ و پێویستیەكان بۆ پێشخستنی كۆمەڵگەی كوردستانی. – دروستكردنی كەمپی نیشتەجێی قوتابیان بە جۆرێك ژینگەیەكی ئارام بۆ قوتابیان دەستەبەر بكات تا درێژە بە پرۆسەی خوێندن بدەن. – گرنگدیان بە پرۆسەی توێژینەوەی زانستی و بەشداری پێكردنی زانكۆكان لە چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگەو سوود وەرگرتن لێیان. – رێكخستنەوەو كاراكردنی پرۆسەی نەهێشتنی نەخوێندەواری، بە جۆرێك رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێم كەم بكاتەوە. – پەروەردەكردن و پێگەیاندنی تاكی پەیامدارو خێزانی بەختەوەرو بونیاتنانی كۆمەڵگەیەكی گەشەسەندوو. – چاكسازی پەروەردەیی لە دامو دەزگا پەروەدەییەكانی هەرێم و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی سەرجەم ئاستەكانی خوێندن و خوێندنی بالاو توێژینەوەی زانستی و ئاستی پەروەردەیی و زانستیی قوتابیان بەرز راگرتنی پیشەی مامۆستایەتی.
دووەم/ بواری تەندروستی:- دروستكردنی كۆمەڵگەی پزیشكی لە شارو شارۆچكەكان و دابین كردنی سەرجەم خزمەتگوزرایە تەندروستیەكان بۆ هاووڵاتیان. – دابینكردنی دەرمان و پێداویستی تەندروستی بە كوالێتی بەرز بۆ نەخۆشخانەكان. – بەرزكرردنەوەی ئاستی زانستی و پیشەیی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی لە رێگەی بەشداری خول و كۆنفرانسە نێوخۆیی و جیهانیەكان. – رێكخستنەوەو كەمكردنەوەی نرخی خزمەتگوزاریە تەندروستیەكان بە جۆرێك گونجاو بێت لەگەڵ داهاتی هاووڵاتیان. – هاندانی دامەزراندنی كۆمپانیای تایبەت بە بیمەی تەندروستی. – ئەنجامدانی هەڵمەتی هۆشیاری تەندروستی و بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیری خۆپارێزی. – چاكسازی كردن لە سیستمی تەندروستی هەرێم و پارێزگاری كردن لە ژینگەی كوردستان و پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو. سێیەم/ بواری نیشتەجێكردن:- دروستكردنی كۆمەڵگەی نێشەجێكردن بۆ هەژاران و كرێچیان بە نرخێكی هەرزان و بە قەرزی درێژ خایەن.
– رێكخستنەوەی دۆسیەی گەرەك و خانووە عەشواییەكان بە جۆرێك لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بێت ، بە تاپۆ كردن بێت یان پێدانی قەرەبوویەكی شایستە. – دابینركردنی خزمەتگوزرایە سەرەتاییەكانی وەك قوتابخانەو بنكەی تەندروستی و ئاوو كارەباو مزگەوت و رێگەو بان بۆ گەرەكە تازە دروستكراوەكان.
● ئاسایش و ئاشتی كۆمە ڵایەتی:- بەردەوام بوون لە هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. – بڵاوكردنەوەی رۆشبیری پێكەوە ژیان و رێز گرتن لە پێكاتە و فرەیی كۆمەڵگەی كوردستان. – دارشتنەوەی سیاسەتی بەرگری و ئاسایش لە سەر بنەمایەكی زانستی و نیشتمانیانە. – بە دامەزراوەیی كردن و بە نیشتمانی كردنی هێزە چەكدارەكانی هەرێم و دوورخستنەوەی دەستی حزب لە سەریان. – دابین كردنی كەل و پەل و ئامێری پێویست بۆ هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ. – بەرزكردنەوەی ئاستی توانست و لێهاتوویی هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس. – دامەزراندن لە سلكی سەربازی و هێزەكانی ناوخۆ لە سەر بنەمای هاووڵاتی بون و توانست و لێهاتوویی بێت. – سەرلە نوێ رێكخستنەوەی مۆرالی سەربازی لە هەرێم بە جۆررێك جگە لە پارێزگاریكردن لە خاكی هەرێمی كوردستان و پاراستنی هاووڵاتیان، هێزە سەربازیەكانی هەرێم ئەركێكی دیكەیان نەبێت.
● رۆشنبیری و هونەرو وەرزش:- گرنگیدان بە هونەری رەسەنی نەتەوەكانی كوردستان وهاوكاری كردنی هونەرمەندان. – خستنەڕوی دابونەریت و بەها كۆمەڵایەتیە جوانەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی لە رێگەی چالاكیە هونەریە جۆراوجۆرەكانەوە لە چوارچێوەی بەها و رەوشتەكانی كۆمەڵگەی كوردەواریدا. – دروستكردنی كۆمەڵگەی رۆشنبیری و هونەری لە شارو شارۆچكەكان. – هاندانی نوسەران و پاڵپشتی كردنی پرۆسەی لە چاپدانی بەرهەمەكانیان. – ئەنجامدانی ڤیستڤالی ساڵانەی تایبەت بە ناوداران و بۆنەو بابەتە كۆمەڵایەتیەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی. – دروستكردنی یاریگاو كۆمەڵگەی وەرزشی لە شارو شارۆچكەكان. – رێكخستنی خولی ساڵانەی وەرزشی بۆ سەرجەم یاریە وەرزشیەكان. – هاوكاریكردنی یانەو تیپە میللیەكان. – رەخساندنی دەرفەت تا یاریزانان بگەن بە ئاستی پیشەگەر و بەشداری خولە نێودەوڵەتیەكان بكەن.
● چاودێری كۆمەڵایەتی: – باشكردنی بارو گوزەرانی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان و دابینكردنی پێداویستیەكانی ژیانیان. – تەرخانكردنی رێژەیەك لە دامەزراندن لە هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتی بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان. – بەهێزكردنی سیستەمی چاودێری كۆمەڵایەتی لە رێگەی دابین كردنی هاوكاری مانگانەی ئەو خێزانانەی هەژارن. – دابینكردنی شوێنی حەوانەوە و مووچە بۆ بەساڵاچوان و مندالانی بێ سەرپەرشتیار.
– كردنەوەی خانەی چاودێری بە ساڵاچوان و خانەی چاودێری نەوجەوانان لە شارو شارۆچكەكان. – گرنگیدان بە زیندانیەكان و دووبارە شیاندنەوەیان تاوەكو سەر لە نوێ بێنەوە ناو كۆمەڵگا. – تەرخانكردنی رێژەیەك لە دامەزراندن لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان. – پاراستنی مافەكانی منداڵان و قەدەغەكردنی كاركردن و توند و تیژی بەرامبەریان. – بەرگریكردن لە مافی توێژە هەژارو كەمدەستەكانی كۆمەڵگەو خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان لە دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆیان.
●رۆڵ و پێگەی ئافرەتان:- زیادكردنی رێژەی بەشداریكردنی ئافرەتان لە ژیانی گشتی دا. – رەچاوكردنی هاوسەنگی رەگەزی لە دامەزراندن لە فەرمانگە حكومیەكان و كەرتی تایبەت. – بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن و رۆشنبیری ئافرەتان بە رەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ درێژەدان بە پرۆسەی خوێندن. – بەهێزكردنی بەشداری ئافرەتان لە كەرتی تایبەت و بەرزكردنەوەی رێژەیان . – پارێزگاری كردن لە مافی ئافرەتان و بنبڕكردنی ئەو پێشێلكاریانەی دژی ئافرەتان ئەنجام دەدرێن.
●رۆڵ و پێگەی گەنجان و لاوان:- دانانی صندوقی قەرزی بچوك بۆ هاوكاری كردنی لاوان و دۆزینەوەی هەلی كار بۆیان. – بەرزكردنەوی ئاستی خوێندن و رۆشنبیری لاوان. – پارێزگاری كردنی گەنجان و لاوان لە لادان و توشبوون بە ماددە هۆشبەرەكان. – یارمەتی دانی سەنتەرەكانی تایبەت بە خزمەتكردنی لاوان. – بارهێنان و شیاندنی لاوان و گەنجان بۆ بەشداری كردن لە ژیانی گشتی و گرتنە ئەستۆی بەرپرسیاریەتی. – رەخساندنی هەلی بەشداری كردن لە كۆڕو كۆبوونەوەو كۆنفرانسە جیهانیەكانی تایبەت بە لاوان. – دۆزینەوەی هەلی كار بۆ لاوان بە گشتی و دەرچووانی كۆڵێژو پەیمانگاكان بە تایبەتی. – پەروەردەكردن و رۆشنبیركردنی گەنجان لەسەر رەوشتە بەرزەكان و پاراستنیان لە هەموو جۆرە لادانێك.
●پاراستنی ژینگە: – زیادكردنی رێژەی سەزوایی لە شارو شارۆچكەكان. – قەدەغەكردنی بڕینی دار و ڕاوی ئاژەلە كێویەكان و بە سزا گەیاندنی سەرپێچی كاران لە هەر پلە و پایەك دابن. – پابەندكردنی كارگەو دامەزراوە پیشەسازیەكان بە رەچاو كردنی مەرجەكان ژینگەپارێزی لە هەرێمی كوردستان. – هاوكاریكردنی رێكخراوەكانی تایبەت بە پاراستنی ژینگە. – كۆنترۆڵكردنی پاڵاوگە و پیشەسازیە نەوتی و گازیەكان بەشێوەیەك كە نەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی ووڵات.

ش.ك

بابەتی دواتر

دادگای باڵای عێراق بڕیاری ئازادكردنی بۆ 2626 خۆپیشاندەر دەركرد

دادگای باڵای عێراق بڕیاری ئازادكردنی بۆ دوو هەزار و ٦٢٦ خۆپیشاندەر كە لەخۆپیشانانەكاندا دەستگیركرابوون، دەركرد. …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *